سپێنسێر هۆڵست:نووسەر وچیرۆكنووس و شێوەكاری ئەمریكایی ساڵی 1926 لە دایكبوو، ساڵی 2001 ماڵئاوایی لە ژیان كرد.
بەشێك لە كتێبەكانی ئەم نووسەرە ئەمانەن:
On Demons (chapbook) (1970)
The Language of Cats and Other Stories (1971)
Spencer Holst Stories (1976)
Something to Read to Someone/16 Drawings (with Beate Wheeler) (1980)
The Zebra Storyteller (1993)
Brilliant Silence (2000)
دوو ورچی سپی ئالاسكاییان هێنایە سیركێكی بچووك كە لەو سیركەدا ئەو دوو ورچە ڤارگۆنێكی سەرداپۆشراویان رادەكێشا. فێریان كردبوون تەقلە لێ بدەن،لە سەر سەریان بوەستن و هەستنە سەرپێ و دەست بكەن بە ناو دەستی یەكتردا و پێ بە پێی یەك سەما بكەن و نمایشیكی سەرنجڕاكیش پێشكەش بە تماشاچییەكان بكەن. ورچە سەماكەرەكان لە ژێر نووری تیژی پرۆجۆكتەرەكاندا بوون بە ئەستێرەی خۆشەویستی خەڵك. سیركەكە بە دوو ورچی نێر و مێەوە لە كەنارەكانی رۆژئاواوە سەفەرەكەی خۆی دەست پێكرد و لە كەنەداوە رۆشتە كالیفۆڕنیاو لەوێوە بۆ مەكزیك. پانامای بەجێ هێشت و چووە ئەمریكای باشوور، كێوەكانی ئاندی بەجێ هێشت و بە گوزەر لە شیلییەوە گەیشتنە خوارترین دوورگەكانی تیرادل فۆئەگۆ. لە دوورگەكەدا یۆزپلەنگێك بازی دایە سەر سێحربازی سیركەكە و دواتر هێرشی كردە سەر راهێنەری ئاژەڵەكان و لەت وپەتی كرد. خەڵك شڵەژان و هەموو شتێكیان شێواند. لەو بشێوییەدا ورچەكان لە سیركەكە چوونە دەرەوەو رۆشتن. بە بێ راهێنەر و چاودێر لە بیابانە سارد و رووتەڵەكانی دوورگەكانی نزیك بە جەمسەری باشووردا ئاوارە بوون. بە تەواوەتی بە دوور لە خەڵك و لە دوورگەیەكی چۆڵ و دووردا لە هەوایەكی خۆشدا دەستیان كرد بە زاو و زێ و یەك دوو وەچ دواتر هەموو دوورگەكەیان پڕ كرد. دوای ماوەیەك وەچەكانیان چوونە دوورگەكانیتر و حەفتا ساڵ دواتر زاناكان دۆزیاننەوەو لە هەڵسووكەوتیان ورد بوونەوە زانیان سەرجەم ورچەكان یارییەكانی سیرك بە باشی ئەزانن.
شەوانە كە مانگی چواردە هەڵدەهات لە ئاسمانی سافدا، كۆدەبوونەوەو سەمایان دەكرد. ئەوان بەچكە ورچەكانیان كۆدەكردەوەو گەنجەكان لە دەوریان حەڵقەیان دەبەست. لە شوێنێك كۆدەبوونەوە كە با نەیدەگرت، لە چاڵێكدا كە بە هۆی كەوتنە خوارەوەی نەیزەكەوە ببوو بە كانی گەچ. بنی چاڵەكە پڕبوو لە لمی سپی و ئاوی تێدا نەبوو. هیچ گیایەكی لێدا نەدەڕوا. كە مانگ هەڵدەهات، رووناكیی دەدایەوەو چاڵەكە تەواو رووناك دەبۆوەو دەبوو بە رووناكترین شوێنی ئەو ناوچەیە. زاناكان تێگەیشتن مانگی چواردە ورچەكان دەخاتەوە یادی پڕۆجۆكتەرەكان، بۆیە سەما دەكەن. ئێستە ئەم پرسیارە دەهاتە پێش ئەم ورچانە بە چ سازێك سەمایان دەكرد؟
دەست لە ناودەستی یەكتر بە هەنگاوی رێك و پێكەوە… چ ئاوازێك لە دەروونیان دەنگی دەدایەوە كە لە ژێر رووناكی درەوشاوەی مانگی چواردەدا لە هیلالی باشوور و بێدەنگدی درەوشاوەدا دەكەوتنە سەما؟