وتاری وەرگێڕان

بێدەنگی؛ دڕندەکان دڕندەتر ئەکات

وەرگێڕان و ئامادەکردنی : مستەفا زاهیدی

 

 

 

ساڵی ١٩٧٤، مارینا ئابرامۆڤیچ، هونەرمەند و شانۆکاری خەڵکی یووگۆسڵاڤیا رایگەیاند کە لە نمایش و پێرفۆرمانسێکی هونەریدا ٦ کاتژمێر بێ جووڵە دەبێت. ئەم پێرفۆرمانسە ناوی ” ریتمی سفر” بوو. لە سەر مێزەکەی بەردەمی ٧٢ کەرەسە و شتی جیاواز دانرابوون و نووسراوەیەک هەبوو کە نووسرابوو:” ٧٢ کەرەسە و ئامرازی جیاواز لە سەر مێزەکەیە، بە هەر شێوەیەک پێتان خۆشە دەتوانن لە سەر من بەکاری بهێنن. من بەڵێن دەدەم بۆ ماوەی ٦ کاتژمێر تەنها ئۆبژەیەک دەبم و بەرپرسایەتی هەموو شت دەگرمە ئەستۆ. لە سەر مێزەکەش شتگەلێکی وەک، پەڕ، دەسماڵی ئاورێشمی، قوڕ، ئاو و هەروەها کەرەسەی ئەشکەنجەدانی وەک چەقۆ، گوێزان، زنجیر، وایەر و تەنانەت چەکیشی لێ بوو.

سەرەتا هەموان شەرمیان دەکرد، تا ئەوەی کەسیک نزیک بۆوە و بە گوڵ رازاندیەوە و گوڵ بارانیان کرد.  دواتر کەسێکتر بە وایەرەکان ئەوی بەست بە شتێکەوە، کەسێکیتر ختیلکی دا، دەستیان بۆ شوێنە هەستیارەکانی جەستەی دەبرد. بەرزیان کردەوەو جێگاکەیان گۆڕی، دواتر زنجیرەکانیان بەکار هێنا، ئاویان کرد بە سەریا و کە زانیان هیچ ناکات رەفتارەکانیان توندتر و هێرشبەرانەتر بۆوە. تۆماس مەک ئۆیلی، رەخنەگری هونەری، کە بەشداری ئەم پێرفۆرمانسە بوو باس لەوە دەکات کە تا دەهات رەفتار و هەڵسووکەوتی خەڵک توندتر و توندووتیژانەتر دەبوو.

پیاوێک هاتە پێشەوەو بە گوێزانێک گەردنی ئەوی بریندار کرد، پیاوێکیتر دڕکی گوڵەکانی بەسەر سکی ئابرامۆڤیچدا هێنا. کوت و پڕ پیاوێک چەکەکەی گرت بە دەستییەوەو قامکی ئەوی خستە سەر پەلەپیتکەی چەکەکە و چەکەکەی لە سەر گەردنی دانا کە تەقە بکات، بەڵام کەسێکیتر نەیهێشت و بەری پێگرت.

بەم پێرفۆرمانسە ئابرامۆڤیچ ئەوەمان پێدەڵیت ئەگەر هەل بۆ ئەوانەی کە حەزیان لە توندووتیژییە بڕەخسێت، چەند ئاسان و بە چ خێراییەک توندووتیژی دەنوێنن.

دوای ٦ کاتژمێرەکە، ئابرامۆڤیچ لە هۆڵەکەدا کەوتە ڕی، بە بەردەم ئەوانەیدا کە لە پێرفۆرمانسەکە ئامادەبوون و ئازاریان دابوو گوزەری کرد. هەموان خۆیان لەوە دەبوارد کە تەماشای روخسار و دەم و چاوی بکەن. سەردانیکەرانی گەلەریەکەش وەها ئاسایی هەڵسووکەوت و رەفتاریان کرد وەک ئەوەی لەو توندووتیژییەی کە چەند چرکە لەوە پێش ئەنجامیانداوەو هەروەها ئەوەی کە چەند چێژیان بردووە لە ئازاردان و هێرشکردنە سەر ئەو کەسە هیچیان لەبیر نەمابێت.

ئەم بەرهەمە هونەرییە خاڵێکی ترسناکی دەروونی مرۆڤەکان ئەخاتەڕوو ئەگەر بەستێنەکەی ئامادە بێت، زۆربەی کەسە بە ڕواڵەت ” نۆرماڵ”ەکانی کۆمەڵگا ئەتوانن لە چاوترووکانیكدا ببن بە بوونەوەرێکی دڕندەو ترسناک.

 

مارینا ئابرامۆڤیچ و پێرفۆرمانسی ” ریتمی سفر” فێرمان دەکەن ئەگەر پەسیڤ و دەستەوەستان بین هەم خۆمان لەناو دەچین و هەم ئەوەیە ئەبین بە هۆی زیندووبوونەوەی ئەو بەشە لە دەروونی مرۆڤەکان کە حەزێکی گەورەیان هەیە بۆ لەناوبردن و رووخان.

کە بێدەنگ و دەستەوەستان بووی هەموو کەس رێز لە ئەخلاق و شکۆی مرۆیی تۆ ناگرێت و ئەو حەز و گرێ دەروونیانەی کە لە دەروونی مرۆڤەکاندا هەیە خۆی دەرئەخات.

ئابرامۆڤیچ دەربارەی ئەم نمایشە ئەڵێت:” کاتژمێر ٢ی نیوەشەوبوو پێرفۆرمانسەکەم تەواو کرد. رێک لەو کاتەی کە دەبوایە تەواو بایەت، دوای ٦ کاتژمێر. لە شوێنەکەم هەستام و بە ناو ئامادەبواندا کەوتمەڕێ. هەموان هەڵدەهاتن و خۆیان ئەشاردەوە. ترسابوون و تەنانەت کەس نەیدەتوانی چاو لە چاوم بکات. من جارێکیتر ببوومەوە بە مرۆڤ”.

ئابرامۆڤیچ بەم ئۆبژەبوون و بێدەنگبوونەی خۆی ئەوەمان دێنێتەوە بیر کە بێدەنگەکردن لە بەرامبەر توندووتیژیدا، ڕێگەچارە نییە و توندووتیژی زیاتری لێ ئەکەوێتەوە. ئابرامۆڤیچ جەستەی خۆی کرد بە سیمبۆلی جەستەی هەموو ژنەکان بۆ ئەوەی ئەوە بخاتەڕوو ، پێویستە بەرامبەر بە توندووتیژی بوەستیتەوەو بێدەنگ نەبیت.

ئابرامۆڤیچ هەروەها ئەڵێت:

دوای نمایشەکە گەڕامەوە بۆ هۆتێل. هەموو جەستەم ئەلەرزی. سەرەڕای ئەوەی بیرم لە هەموو ئەگەرەکان کردبۆوە، بەڵام هێشتا شۆک بووم. لەوە تێگەیشتبووم ئەگەر ئیزن بە ئەویتر بدەی بە دڵی خۆی هەڵسووکەوت بکات و ئازاد بێت لە هەڵسووکەوتیدا، رەنگە ئەم ئازادییە رەهایەی ئەو، ئەم بێدەنگییەی تۆ مەرگی تۆی لێ بکەوێتەوە. چوومە بەردەم ئاوێنەکە و تەماشام کرد چەپکێ لە قژم سپی بووە”.

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button