– ئەوە چ باڵندەیەك بوو؟
– كونەپەپوو
– ئەی ئەوەیتر چ باڵندەیەك بوو؟
– كونەپەپوویەكیتر
– نە، بابە، وا نییە، زۆر بچووكتر و چوستتربوو لە كونەپەپوو.
– ئەی چی بوو؟
– كونەپەپوویەكی بچووك و چوست
– شەوێك، لەشانزە ساڵیمدا، بەدەم لێخوڕینەوە لەگەڵ خۆشەویستەكەم لە بەرازاییەكانی “Little falls flat”ەوە رەت دەبویین. بینیم لە بەرامبەریاندا شابوویەك لە پانزەمەتریماندا، خۆی گڤ كردبوو و هێرشی دەكردە سەرمان، راستەخۆ بەرەو جامی پێشەوەی سەیارەكە دەهات. زۆر گەورە بوو، بەئەندازەی كۆریكۆدیلە باڵدارەكانی چاخی ژۆراسیك، خۆشەویستەكەم قیژاندی و… ئێ… ئەوی راستی بێت، منیش قیژاندم، لەبەر ئەوەی ئەو گیاندارە راستەخۆ هێرشی بۆ دەكردین.
– بەڵام ئەزانی چیم كرد؟ پێم نابەسەر كلێتەری بەنزینەكەدا و بەرەو كونەپەپووەكە خێراییەكەم زیاتركرد. ئەزانی بۆ ئەمكارەم كرد.
– دەتویست بیترسێنی؟
– بەڵێ.
– ئەی چی بوو؟
– ئەكرێ بڵێم تەنها چركەیەكی مابوو لێمان بدات، كونەپەپووەكە كوتوپڕ جووڵەی خستە باڵەكانی. هەڵبەت بەشێوەیەكی هەست پێنەكراو. نازانم چ وشەیەك بەكار ببەم لە “خستنەجووڵە” گونجاوتر بێت؟ چ وشەیەك كە نەرمتر لە “جووڵاندن”بێت. بەڵام هەمان مانا بدات.
– “لاركردنەوە” چۆنە؟
– ئەرێ، ئەمەیە، زۆریش گونجاوە، ئێ، وەك وتم، رێك ئەو كاتەی لەوەدابوو كونەپەپووكە بدات لە جامی پێشەوەی سەیارەكە، باڵی لاركردەوەو رێگاكەی بەرەو سەرەوە، لەتاریكیدا، گۆڕی. نازانی چەند سەرنجڕاكێش بوو ئەوكارەی. تەنها ئەوە لەدەست دەهات ستۆپ بكەم. سەیارەكە خزا و خەریكبوو بكەوینە چاڵێكەوە. لەوێ لە تاریكیدا لەگەڵ خۆشەویستەكەم دانیشتبووین، تك، تك، تك، دەنگی چركە چركی مەكینەی سەیارەكە دەهات، وەك جۆرێ بۆمب. بەڵام بۆمبێكی ژیانبەخش، وەك ئەوەی بۆمبەكە خەریكبوو پووچییە ناكۆتاكەی دەپێواو لە ژیانی ئێمەی دادەبڕی، لەبەر ئەوەی ئەو كوندەپەپووە تا سنوورەكانی جەستەو رۆحی ئێمە هاتبووە پێش و دواتر كوتوپڕ ون بوو. دواتر من “شتێكی سەیر روویدا” و ئەزانی خۆشەویستەكەم چی وت؟
– رەنگە وتبێتی لێت جیادەبمەوە.
– خودا بڵێم چیت لێبكات، هەروای وت. من پرسیم:”بۆچی؟” ئەزانی چی وت؟
– وتی:” ئیتر تۆم ناوێت لەبەر ئەوەی تۆ ناتوانی ببیت بە كونەپەپوو.”
– بەڵێ، وابوو… بەڵێ… بەڵێ….ئەی شتێك ئەزانی؟ لەوكاتەوە هەمیشە لەیادی دام. بیستوحەوت ساڵ گوزەراوە، بەڵام من هێشتا لەیادی دام و بیری دەكەم. بۆ ئەبێ وابێت؟
– برام، تۆ بیری ئەوناكەیت. بیری كونەپەپوو دەكەیت.