بیرکردنەوەی فێمێنیسمی رەش پێستەکان، دەرخەری هێزێکی نوێی ژنانی رەش پێست وەک بکەرانی دانایی[1]. بە بەوێنا کێشانی ژنانی ئەفریقایی – ئەمریکایی (African-American) وەک تاک کە خۆ- پێناسەکەر و پشت بە خۆ بەستووە خۆیان نیستان داوە ، بۆ ئەوەی دژی چەوسانەوەی رەگەزی، جێندەری، چینایەتی بوەستنەوە و فێمنیستە ئەفرۆتەوەرکان[2] لایان وایە دانایی دەورێکی گرینگ دەگێڕێت لە بەهێزکردنی خەڵکانی چەوساوە (empowering oppressed people) . ئەو شتەی کە بیرکردنەوەی رەش پێستەکان جیا دەکاتەوە، جەخت کردنەوەیانە لە سەر ئەوەی کە گۆڕانی کۆمەڵگا بەندە بە گۆڕان لە وشیاری تاکدا و هەروەها گۆڕان لە بونیادە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان. لە هەردوو بواردا زانستی نوێ گرینگییەکی تایبەتی هەیە.
دانایی[3] بەشێکی گرینگ و ژینەکییە لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی دەسەڵاتی زاڵ و بەرگری و وەستانەوەدا.لە ڕێگای بە ئۆبژەکردنی ژنانی ئەفریقایی- ئەمریکاییەوەو سەرلەنوێ داڕشتنەوەی ئەزموونەکانمان بۆ ئەوەی بخرێنە خزمەتی پیاوانی هەڵکەوتەی سپی پێستەوە، بەشی زۆری دونیابینی پیاوسالارانەی ئەورپا، بیری لەوە دەکردەوە ژنانی رەش پێست بکات بە کۆیلە و بندەستی خۆی. بەڵام دانانی ئەزموونی ژنانی رەش پێست لە ناوەندی لێکدانەوە، دەبێتە هۆێ هێنانە ئارای تێڕوانینێک نوێ لە سەر چەمک و پارادایم و مەعریفە ناسییە بەربەستەکانی ئەم جیهان بینییە و رەخنەی فێمنیستی ئەفرۆ تەوەر. بینینی دونیا لە لێنزی چەمکیانەی هەم ئەم و هەم ئەوی (Both/And)، کە چەوسانەوەی رەگەزی ، چینایەتی و جێندەری بە شێوەی هاوکات وەردەگرێت، پێویستی بە دیدێکی مرۆڤانە هەیە لە کۆمەڵگا، دەرفەتی نوێ دەخولقێنیت بۆ بەهێزکردنی ژنانی فێمنیستی ئەفرۆتەوەر لە باری داناییەوە. ژمارەیەکی زۆر لە رۆشنبیرە رەشپێستەکان لەمێژە بەم شێوەیە بیر لە دونیا دەکەنەوە، لەبەر ئەوەی ئەمە تەنها رێگایەکە بۆ ئەوەی کە ئێمە ئەزموونی دونیا بکەین.
بیرکردنەوەی فێمنیستی ئەفرۆتەوەر بە دوو شێوە دەورێکی گرینگ دەگێڕێت لە بەرزکردنەوەی ئاستی تێگەیشتنی ئێمە لە گرینگی پەیوەندی نێوان گرینگی نێوان دانایی و وشیاری و سیاسەتی بەهێزکردندا. یەکەم ئەوەی کە بیرکردنەوەی فێمنیستی رەش پەرە دەدات بە گۆڕانێکی پاڕادایمی بونیادی(Fundamental Paradigmatic shift) لە چۆنییەتی بیرکردنەوەی ئێمە دەربارەی چەوسانەوە. بیرکردنەوەی فێمنیستی رەش کە هەڵگری پاڕادایمی رەگەزە، جێندەر و چین وەک دوو سیستەمی لێک هەڵپێکراو (interlocking systems)ی چەوسانەوە، پەیوەندی کۆمەڵایەتی نێوان دەسەڵات و بەرگری کردن دووبارە دادەڕێژنەوە (reconceptualizes). دووهەم ئەوەی کە بیرکردنەوەی فێمنیسمی رەش پێستەکان، ئاماژە دەکات بە دیبەیتە باوەکانی مەعریفەناسی، لە تیۆری فێمنیستی و کۆمەڵناسی داناییدا وەک شێوە دیارەکانی هەڵسەنگاندنی “حەقیقەت”. داناییەکی نوێ دەخاتە بەردەم تاقمەکانی بندەست، داناییەک دەربارەی کە ئەزموونی خۆیان کە دەتوانێت ببیت بە هەوێنی بەهێزکردنیان. بەڵام ئاشکراکردنی رێگا نوێکانی زانین (Knowing) دەرفەتی ئەوە دەڕەخسێنێت گرووپە بندەستەکان واقعی خۆیان وەک دەرئەنجامی زۆر زیاتری دەبێت، پێناسە بکەنەوە.
دووبارە وێناکردنەوەی رەگەز، چین و جێندەر وەک سیستەمە لێک هەڵپێکراوەکانی ستەم
باربارا سمیت (Barbara Smith) لەم بارەوە دەڵێت: ” ئەو شتەی بەڕاستی هەست بە رادیکاڵ بوونی دەکەم، هەوڵدانە بۆ یەکگرتن لە گەڵ ئەو خەڵکانەی جیاوازن لێت، سمیت هەروەها بەردەوام دەبێت :”هەست دەکەم ئەمە شتێکی رادیکاڵە کە هاوکات باس لە رەگەز، جێندەر و چین و ناسنامە سێکسییەکان (sexual identity) بکرێت. لام وایە بە راستی رادیکاڵە، لەبەر ئەوەی پێشتر نەکراوە. بیرکردنەوەی فێمنیستی رەش پێستەکان، پەرە بە وەرچەرخانیکی پاڕادایمی فۆندەمێنتاڵ دەدات، کە هەرچەشنە تێڕوانینێکی زیادە (additive approaches) بۆ چەوسانەوە ڕەت دەکاتەوە. لە بری ئەوەی لە رەگەزەوە دەست پێ بکات و دواتر بگۆڕەکانیتری (other variables)وەک تەمەن، تێڕوانینی سێکسی، رەگەز و چینی کۆمەڵایەتی و ئایینی پێ زیاد بکات، بینینی ژنانی رەش پێست بۆ پەیوەندییەکانی دەسەڵات لە هەر کۆنتێکسێکی کۆمەڵ مێژوویی (socialhistorical)دیاریکراودا وەک ئەوەی بە سیستەمی لێک هەڵپێکراوی چەوسانەوەی رەگەزی، چینایەتی و جێندەری بونیاد نرابن، گرینگی زیاتر دەدات بە جەخت کردنەوە لە سەر پەیوەندییە دەروونییەکانی سیستەمەکان. بەم شێوەیە دیدی لێکدانەوەکانی خۆی لەوە بەربڵاوتر دەکاتەوە کە تەنها وەسفی جیاوازی و وێکچوونەکانی ئەم سیستەمی چەوسانەوانە بکات و جیاوازی دا بنێت لە نێوانیاندا، زیاتر فۆکۆس دەکات لە سەر پەیوەندی دەروونی ئەم سیستەمانە. بیر لەوە بکەنەوە هەر سیستەمێک پێویستی بەویترە بۆ ئەوەی لە ئاکامدا هەڵوێستی تیۆری جیاواز بخولقێنێ کە وا دەکات بە چەمکە بونیادییەکانی زانستی کۆمەڵایەتییدا بچینەوەو دووبارە بیریان لێ بکەینەوە.
سەرنجەکانی (notions) فێمنیستی ئەفرۆتەوەر لە سەر بنەماڵە دەرخەری هەمان رەوتی دووبارە وێناکردنەوەیە. ئەزموونی ژنانی رەش پێست وەک دایکانی خوێنی، دایەنەکان (Othermothers)[4] و کۆمەڵەی دایەنەکان، ئەم راستییە ئاشکرا دەکەن کە نۆرمی ئەفسانەی ژن و مێردی هێترۆسێکشوال [5](Heterosexual) بنەماڵەیەکی ناوەکی (Nuclear Family) کە تێیدا ژنەکە بێ ئیشە و مێرد ” نان هێنەر” (Family Wage) ی بنەماڵەیە، لەگەڵ رەوتی سروشتی، یۆنیڤێرسال و بەسەرترزانین (Preferred)دا ناگونجێت و زۆر دوورە لێی. بە پێچەوانەوە بە شێوەیەکی قووڵ بەستراوەتەوە بە دەستەبەندییە چینایەتی و رەگەزییەکانەوە. دانانی ژنانی ئەفریقایی- ئەمریکایی بە چەقی لێکۆڵینەوە، جگە لەوەی کۆمەلیک زانیاری زۆر گرینگ و پێویست دەربارەی ئەزموونی ژنانی رەش پێست دەخاتە ڕوو، بەڵکوو جۆری روانینی پیاوانەی یۆرۆ-تەوەر( Eurocentric) دەربارەی بنەماڵە دەباتە ژێر پرسیارەوە.
ئەزموونی ژنانی رەش پێست و بیرکردنەوەی فێمنیستی ئەفرۆتەوەر دەبێت بە هۆی دووبارە داڕشتنەوەیان (ReArticulating) وهەروەها پێناسە باوەکان بۆ کۆمەڵگا دەباتە ژێر پرسیارەوە. چالاکییەکانی ژنانی رەش پێست لە خەباتکردن یان هەوڵدان بۆ مانەوەی گرووپ، وێنایەک لە کۆمەڵگا ئەدات بە دەستەوە کە دژی مۆدێلی باوی کۆمەڵایەتی و کەلتووری (کۆمەڵگا) دەوەستێتەوە. ئەو پێناسەیە لە کۆمەڵگا کە لە مۆدێلی بازاڕدا بە شێوەیەکی زاڵمانە (Arbitrary) و لەرزۆک (fragile) ئەبینرێ، بە شێوەیەکی فۆندەمێنتاڵی لە سەر بنەمای ململانێ و دەسەڵاتداری دامەزراوە. لە بەرامبەردا، مۆدێلی (پێشنیارکراو)ی ئەفرۆتەوەر بۆ کۆمەڵگا، جەخت لە سەر پەیوەندییەکان (Connections) ، چاودێری کردن (Caring) و خۆ بە بەرپرس زانینی تاکەکەسی (personal accountability) دەکاتەوە. وەک کرێکارانی کەلتووری (cultural workers) ژنانی ئەفریقایی- ئەمریکایی، بۆ پاراستنی چەمکسازی ئەفریقا تەوەر لە کۆمەڵگا (conserve Afrocentric conceptualizations of community) ئایدۆلۆژیای گشتگیری دەسەڵات ، ئەو ئایدۆلۆژیاییەی کە تاقمە دەسەڵاتدارەکان پێشیان خستووە، رەت دەکەنەوە. لە بەر ئەوەی دەست پێڕاگەیشتن بە سەکۆ (podium)یان – بە مەبەستی دەربڕینی بیروڕای خۆیان- رەت دەکردەوە، ژنە رەش پێستەکان نەیانتوانی کات دابنێن بۆ ئەوەی تیۆریزەی ئەڵتەرناتیڤی چەمک سازی کۆمەڵایەتی (conceptualizations of community) بکەن. لە بری ئەوە لە رێگای کرداری رۆژانەوە ژنە ئەفریقی- ئەمریکییەکان، ئەڵتەرناتیڤی کۆمەڵایەتییان داهێنا کە بەهێزکردنە.
ئەو وێنایە لە کۆمەڵگا، کە بە هەوڵی ژنانی ئەفریقایی- ئەمریکایی و بە هاوکاری پیاوانی ئەفریقایی- ئەمریکایی پارێزراوە، پرسە گەورەترەکەی دووبارە وێناکردنەوەی هێز دەخاتە رۆژەڤەوە. ئەم جۆرە لە هێزی ژنانی رەش پێست کە لێرەدا باسی دەکرێت، هاوشێوەی تیۆرییە فێمنیستییەکانی هێزە کە جەخت لە سەر وزە و کۆمەڵگا دەکاتەوە. بەمەبەشەوە لە بەرامبەر کۆی ئەدەبدا کە رێزگرتن لە هێز و دەسەڵاتی ژنان، بە زۆری بە مانای لەبەرچاو نەگرتنی گرینگی هێز وەک دەسەڵات لێک دەداتەوە، ئەزموونی ژنانی رەش پێست وەک دایک، دایەنی کۆمەڵایەتی (community othermothers) ، مامۆستا، لیدری کڵێسە، ژنانی ئەندامی یەکیەتییە کرێکارییەکان و رێبەری کۆمەڵایەتی، هەڵگری ئەم خالەیە کە هێز بە مانای وزە، کاتێک گەشە دەکات کە کردە یان ئەکتی داهێنەرانەی بەرگری کردنی لەگەڵ بێت.
ئەو پانتای کاریگەری دانانەی کە لە لایەن ژنانی ئەفریقایی- ئەمریکاییەوە پارێزراوە، تەنها بەو مەبەستە نییە کە خۆیان لە دۆخە چەوسێنەرانە بپارێزن یان لە کاریگەرییەکانی ئەم دۆخانە خۆیان دوور بگرن. بەڵکوو ئەم پانتایی کاریگەری دانانەی کە ژنانی رەش پێست دایان مەرزاندوە، مەکۆیەکی پارێزراوی هێزەکی دادەمەزرێنی کە شوێنێکە تاک بە تاکی ژنان و پیاوانی رەش پێست تێیدا تەیار ئەکرێن بۆ ئەوەی بەرەنگاری دامەزراوە کۆمەڵایەتییە چەوسێنەرەکان ببنەوە. هێز لەم ڕوانگەوە هێزێکی داهێنەرە کە لە بەرژەوەندی کۆمەڵگادا بەکار دەبرێت، بە بێ لەبەرچاو گرتنی ئەوەی کە ئەو کۆمەڵگایە لە چوارچێوەی بنەماڵەی تاکەکەسی، کۆمەڵی کڵێسە، یان مناڵانی جیلی داهاتووی کۆمەڵگادا پێناسە کرابێت . لەگەڵ بەهێزترکردنی کۆمەڵگا، ژنانی ئەفریقایی- ئەمریکایی بەهێزتر دەبن و هەر ئەم کۆمەڵگایە دەتوانێت کاتی ڕووبەڕوو بوونەوەی ژنانی رەش پێست لەگەڵ چەوسانەوەی رەگەزی، جێندەری و چینایەتی، بکەوێتە خزمەتیانەوەو ببێت بە سەرچاوەی یارمەتی دانیان.
ئەو تێڕوانینانەی کە رەگەز، جێندەر و چین، لە گرێدراوێتی دەروونیاندا لەبەرچاوی دەگرن، تیڕوانینگەلێکی پراکتیکین کە راستەوخۆ پەیوەندیان بەیەکەوە هەیە. بۆ وێنە ژنانی ئەفریقایی – ئەمریکایی لە ئێستاشدا لە لایەن ماددەی ٧ (VII) ی مافی مەدەنی پەسەند کراوی ساڵی ١٩٦٤ەوە دەپارێزرێن . مەبەستی سەرەکی ئەم پەسەند کراو و یاسایە نەهێشتن و لەناوبردنی سەرجەم لایەنەکانی هەڵاواردنە. بەڵام بەدواداچوونی یاسایی و دادوەری بۆ سکاڵاکانی ژنانی رەش پێست پەیوەست بە هەڵاواردن لە کاتی کارکردندا، وایکردووە کە ژنانی رەش پێست بەو ئاراستەیەدا هان بدات کە رەگەز یان جێندەر بە هۆکاری سەرەکی هەڵاوادن بزانن. سکاربۆرۆگ (Scarborough) پێشنیاری ئەوە دەکات کە :” بۆ چارەسەری ئەو ناعەداڵەتی و نایەکسانیانەی کە ژنانی رەش پێست رووبەڕووی دەبنەوە، دادگاکان سەرەتا دەبیت ئەوان وەک “ژنی رەش پێست” وەک چینێکی جیاواز کە لە لایەن مادەی ٧ەوە پشتیوانی دەکرێن، بە دروستی پێناسە بکات. وەها گۆڕانێک، لە پاراستنی کاتاگۆرییەکان پشتیوانی کردنی چینگەلێک لە خەلک کە سکاڵا یاساییەکانیان بە پێی ماددەی ٧ رەنگە زیاتر لە دوو جۆرە هەڵاواردن بگرێتەوە، دەبێت کار بکات بۆ گۆڕانی هەمە لە سەرجەم ئەو بونیادانەدا کە هەوڵ دەدەن بۆ نەهێشتنی هەڵاواردنێک کە ئێستا هەیە.
بۆ دووبارە پێناسەکردنەوەی دیاردەگەلێکی وەک گەشەی خێرای ئەو بنەماڵانەی کە لە لایەن ژنانەوە بەڕیوە دەبرێن، لە کۆمەڵگا ئەفریقایی ئەمریکاییەکاندا، دەکرێت کەڵک لە شیکاری و لێکدانەوەی گشتگیر بۆ رەگەز، چین و جێندر وەربگیردرێت. لە کاتی تاوتوێ کردن و خوێندنەوەی کەیسەکانی تایبەت بە ژنانی رەش پێستی بەخێوکەری بنەماڵەدا دەبێت گرینگی بدرێت بە پۆلێن بەندییە رەگەزییەکانی بازاڕی لۆکاڵی کار و سەرچەشنە کۆمەڵایەتییەکان (community patterns)، بەگۆڕانە ئابووری سیاسی لۆکاڵییەکانی تایبەت بە هەر شار یان ناوچەیەکی دیاریکراو ، و هەروەها ئەو ئایدۆلۆژیا رەگەزی و جێندەریانەی کە تایبەت بە شوێنێکی دیاریکراون و جێ کەوتوون، بەهەند وەربگیردرێن. ئەم تێڕوانینە تا ئەو ئاستە دەڕواتە پێش کە شیکارییە یۆرۆتەوەر و پیاوانەکان تێک دەشکێنێت کە بە شێوەیەکی شاراوەیی پشت دەبەستیت بە کۆنتڕۆڵکردنی ئەو وێنایانەی کە دایک سالاری (matriarch) ، یان دایکانی خۆشگوزەران (welfare mother)[6] وەک چەمکگەڵێکی رێ نیشاندەر و یارمەتیدەر لە بەرچاو دەگرن…. بیرکردنەوەی ژنانی رەش پێست، کە ئەزموونگەلێکی هاوشێوە دادەڕێژێتەوە (rearticulates) ، پەرە دەدات بر بیرکردنەوەیەکی تیۆری پێشکەوتووی لەم جۆرە کە رەگەز، چین و جێندەر، ببن بە بەشگەلێک لەو سیستەمەی کە بە درێژایی مێژوو دروست بووە.
ماتریکسی دەسەڵات The Matrix of Domination
مۆدێلە زیادکراوەکان (Additive models) ی چەوسانەوە بە شێوەیەکی تۆکمە رەگیان لەم بیرکردنەوە دوانەیەی (یان ئەمەیان یان ئەویان)(Either /Or) یۆرۆتەور و پیاوانەدا داکوتاوە. لەم جۆرە بیرکردنەوەیەدا ئینسانەکان ناچارن یان رەش بن یان سپی، ئەو کەسانەی کە ناسنامەیەکی ناڕوونی رەگەزی و ئیتنیکیان هەیە، بەردەوام پرسیارێکی لەم چەشنە ” سەرەنجام تۆ چیت؟” یەخەیان دەگرێت. وەها جەخت کردنەوەیەک لە سەر چەندایەتی و پۆلێن بەندی کردنی بە ناچار هاوکات ئەم دابەشکردنەی (ئەم یان ئەوی)ەی لەگەڵە. گەڕان بۆ دڵنیا بوون لەم جۆرە پلەبەندی دروستکردنە پێویستی بەوەیە کە یەکێک لەم دوانە بە سەرتر بزانین و ئەویتر پەراوێز بخرێت. سەرتر بوون لە پەیوەند لەگەڵ (ئەویتر) پێناسە دەکرێت.
دانانی مۆدێلە زیادکراوەکانی چەوسانەوە بە جێگەی مۆدێلی لێک هەڵپێکراو، ئەگەری دروستکردنی پاڕادایمە نوێکان دەخولقێنیت. گرینگی بینینی رەگەز، چین و جێندەر، وەک سیستەمەکانی لێک هەڵپێکراوی چەوسانەوە، بەو مانایە کە وەها تێڕوانینێک پەرەدەدات بە وەرچەرخانێکی پاڕادایمی کە بە شێوەیەکی گشتگیر بیر لە (مۆدێلەکانیتری چەوسانەوە) وەک تەمەن، تێڕوانینی سێکسی سێکسی، ئایین و نەتەوە دەکاتەوە. رەگەز، چین و جێندەر نوێنەرایەتی سێ سیستەمی چەوسانەوە دەکەن کە قورسترین کاریگەرییان لە سەر ژنانی ئەفرۆ-ئەمریکی هەیە. بەڵام ئەم سیستەمانە و دۆخی ئابووری، سیاسی و ئایدۆلۆژیا، کە ساپۆرتی ئەو سێ سیستەمە دەکەن، رەنگە بونیادترین جۆرەکانی جەوسانەوە نەبن و بە دڵنیاییەوە ( ئەم سیستەمی چەوسانەوانە ) جگە لە ژنانی رەش پێست، کاریگەری لە سەر زۆر گرووپ و تاقمیتر هەیە. خەڵکانیتر وەک رەنگین پێستەکان، جووکان، ژنانی سپی پێستی هەژار، گەی و لێزبینەکان، لە بەردەم دادوەری کردنێکی ئایدۆلۆژیکی هاوشێوەدان کە وا دەکات بچەوسێنەوە. سەرجەم ئەو مرۆڤانەی کە دەستەبەندی دەکرێن و نیشانی (ئەویتریان) لێ دەدرێت ، لەگەڵ یەکتر ، ئاژەڵەکان و سروشت بە یەکسان دەبیندرێن .
دانانی ژنانی ئەفرۆ – ئەمریکایی و ئەو گرووپە مافخوارەوەکانیتر، لە ناوەندی لێکۆڵینەوەدا ، ئەگەرێک بۆ جێگیربوونی چەمکیانەی (conceptual stance) هەم ئەم و هەم ئەو دەخولقێنیت و دەرفەتی دەرکەوتنی پێ دەدات. جێگیربوون و مانەوەیەک کە لەودا سەرجەم گرووپەکان بە رادەیەکی جیاواز سزادان و ئیمتیاز پێ بەخشین دەیانگرێتەوە، لە ناو سیستەمێکدا کە بە درێژایی مێژوو خولقاوە، دەیانگرێتەوە. بۆ وێنە لەم سیستەمەدا ژنانی سپی پێست بە هۆی جێندەریانەوە سزا دەدرێن، بەڵام بە هۆی رەگەزیانەوە ئیمتیازیان پێ دەدرێت. هەر کەسەو و بە پێێ پێگەکەی خۆی، دەتوانێت چەوسێنەر، ئەندامی گرووپی بندەست و چەوساوە یان هاوکات گرووپی چەوسێنەر و چەوساوە بێت.
باوەڕ بە جێگیربوونی چەمکیانەی هەم ئەم و هەم ئەو، بەو مانایە نییە کە چەوسانەوە رەگەزی، چینایەتی و جێندەرییەکان، جێگای یەکتر بگرنەوە. بۆ وێنە، لە حاڵێکدا چەوسانەوەی رەگەزی، چینایەتی و جێندەری لە بونیادی کۆمەڵگادا بوونی هەیە و جێبەجێ دەکریت، وا دەردەکەوێت چەوسانەوەی جێندەری باشتر دەتوانێت دەربڕی هێزی بناغەیی ئەمری ئیرۆتیک بێت و دەست وەربدات لە پەیوەندییە کەسییەکانەوە لە رێگای داینامیکی بنەماڵە و وشیاری تاکەوە. ئەمە رەنگە بەو هۆیە بێت کە چەوسانەوەی رەگەزی پەرەپێدەری( ئەو جۆرە) کۆمەڵگایانەیە لە ناو کۆمەڵی ئەفریقایی- ئەمریکاییەکاندا و گرووپە رەگەزی/ ئێتنیکییەکانیتردا کە لە باری مێژووییەوە بابەتیانە و کۆنکرێتن.
ئەم کۆمەڵانە کەلتووری بەرگری کردنیان هانداوە. لە حاڵێکدا کە ئەم کۆمەڵگایانە رەش پێستەکان لە سپی پێستەکان جیا دەکەنەوە، هاوکات بەربەستگەلێکی دژە – دامەزراوەیی (counter-institutional) ئامادە دەکەن. بەربەستگەلێک کە گرووپە بندەستەکانی وەک ئەفریقایی- ئەمریکاییەکان، لە بەرامبەر ئایدیا و دامەزراوەکانی گرووپە چەسێنەرەکاندا کەڵکیان لی وەردەگرن . چینە کۆمەڵایەتییەکانیش رەنگە بە هەمان شیوە بونیاد نرابێتن. (لەبری بەکار هێنانی ) چەمکسازی نەریتی وەک پەیوەندی نێوان تاک بە تاکی کارمەندەکان و خاوەنکارەکان، چینی کۆمەڵایەتی ، رەنگە باشتر وابێت (ئەم پەیوەندییە) وەک پەیوەندی نێوان کۆمەڵگاکان و ئابووری سیاسی بۆرژوازی ببینین. بەدەر لەمە، هاوبەشییەکی گرینگ (significant overlap ) هەیە لە نێوان چەوسانەوەی رەگەزی و چەوسانەوەی چینایەتیدا کاتێک بە لێنزی گشتگیر و کۆلێکتڤی بنەماڵەیی و کۆمەڵایەتی چاو لەم دوو جۆرە چەوسانەوەیە دەکەین. بونیادی ئەو کۆمەڵگایانەی کە هەن، هەر لەسەرەتاوە دژی چەوسانەوەی رەگەزی و چینایەتین. بەڵام جێندەر، لە بەر ئەوەی دژی ئەم بونیادانەیە، بناغەی دامەزراوەیی کەمتری لە بەردەستدایە بۆ پەروەردەکردنی بەرخۆدان و وەستانەوە.
وەرگرتنی جێگیربوونی چەمکیانەی هەم ئەم و هەم ئەو، وامان لێ دەکات سیستەمە پی زیادکراوەکان (Additive systems)و سیستەمە جیاوازەکان (separate systems ) ی چەوسانەوە تێپەڕینین و بەرەو شتێک (هەنگاو بنێین) کە من ئێستا وەک پرسە گرینگ و سەرەکییەکانیتری پەیوەندی کۆمەڵایەتی دەسەڵات دەیبینم. رەگەز، چین و جێندەر تەوەرە سەرەکییەکانی دەسەڵاتدارییەک پێک دەهێنن، کە تایبەتمەندی و کارەکتەری ئەزموونەکانی ژنانی رەش پێست لە ناو ماتریکسێکی گەورەتری دەسەڵاتداریدا دەیخەنەڕوو. گرووپگەلێکیتر رەنگە لەگەڵ لایەنگەلێکیتر ماتریکسی دەسەڵات، وەک حەزە سێکسییەکان، ئایین و تەمەن ڕووبەڕوون، بەڵام پەیوەندی زاڵ – لە ناو گرووپە کۆمەڵایەتییەکاندا – پەیوەندییەکە کە دەرئەنجامی دەسەڵات و هەموو جۆرەکانی وەستانەوەیە دژی ئەو دەسەڵاتەیە.
بیل هووکس (Bell Hooks ) ئەم ماتریکسە وەک “سیاسەتی دەسەڵات” ناوزەد دەبات و هەروەها وەسفی کارکردی ئەم ماتریکسە دەکات بە درێژایی تەوەرە لێک هەڵپێکراوەکانی چەوسانەوەی رەگەزی، چینایەتی و جێندەری. ئەمە سیاسەتی دەسەڵاتە.
:”دەگەڕێتەوە بۆ ئەو بەستێنە هاوبەسە ئایدۆلۆژیایەی دەسەڵات کە باوەڕ کردنە بە دەسەڵاتدارێتی و هەروەها بڕواکردنە بە چەمکەکانی باڵادەست و بندەست کە پاژە (components)پێکهێنەرەکانی سەرجەم ئەو سیستەمەن. بەلای منەوە ئەمە وەک خانوو وایە، کە بەشە جیاوازەکانیان لە سەر بناغەی هاوبەش دامەزراون، بەڵام بناغەی ئەو باوەڕە ئایدۆلۆژیکیانەیە کە چەمکەکانی دەسەڵاتی لە سەر دامەزراوە. ”
یۆن نێلا باتلێر(Johnella Butler) باس لەوە دەکات کە مێتۆدۆلۆژی نوێ کە لە ناو ئەم پاڕادایمە نوێیەدا گەشەدەکات، میتۆدۆلۆژییەکە کە هیراکلی نابێت، خۆی لەوە بەدوور دەگرێت کە رەگەز ، چین، جێندەر یان ئێتنیک بخاتە پێش و گرینگی زیاتریان پێ بدات، بە پێچەوانەوە خوازیاری ناسینی کاریگەری دانانی ماتریکس ئاسای ئەوانە. رەگەز، چین و جێندەر، رەنگە بونیادیترین یان گرینگترین سیستەمەکانی چەوسانەوە نەبن، بەڵام بە قووڵترین (شێوە) کاریگەرییان لەسەر ژنانی ئەفریقایی- ئەمریکایی داناوە. رەهەندێکی گرینگی بیرکردنەوەی فێمنیستە رەش پێستەکان، ئەوەیە کە ئەم بیرکردنەوەیە لە خۆیدا توانای ئەوەی هەیە کە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی دەسەڵات ئاشکرا بکات کە بە درێژایی تەوەرەکانیتری وەک مەزهەب، ئێنتنیک، تێروانینی سێکسی و تەمەن رێکخراون. لەم ڕووەوە لێکدانەوەی ئەزموونە تایبەتەکانی ژنانی رەش پێست، هیوای ئەوە دەدات کە زیاتر روونکردنەوە بدات لە سەر پرۆسەی یۆنیڤێرساڵی دەسەڵات.
ئاستە جۆراوجۆرەکانی دەسەڵاتدارێتی (Multiple Levels of Domination)
ماتریکسی دەسەڵات جگە لەوەی بەدرێژایی تەوەرگەلێکی وەک رەگەز، جێندەر و چینی کۆمەڵایەتی بونیاد دەنرێت،کە لەسەر کۆمەڵێک ئاستی جۆراوجۆریش بونیاد نراوە . (لەم ماتریکسەدا) خەڵک لە سێ ئاستدا ئەزموونی سەرکوتکردن دەکەن و لە سێ ئاستدا لە بەرامبەریدا دەوەستنەوە: ئاستی ژیانی تاکەکەسی، ئاستی گرووپ یان کۆمەڵگا کە بەستێنی کەلتووری کە بە رەگەز، چین و جێندەرەوە دروست دەکرێ و ئاستی سیستماتیکی دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکان. بیرکردنەوەی فێمنیستی رەش پێستەکان، لە هەر سێ ئاستەکەدا جەخت دەکرێتەوە لە سەر شوێنگەکانی دەسەڵات (sites of domination) و شوێنگەکانی هێزەکی وەستانەوە (potential sites of resistance.).
هەر تاکەو ژیاننامەیەکی تاکەکەسی تایبەت بە خۆی هەیە کە لە کۆمەڵێک ئەزموون، بەها، هاندەر و هەستی بابەتیانە بونیاد نراوە. هیچکات دوو کەس شوێنگەیەکی کۆمەڵایەتی یەکسان داگیر ناکەن; هەربۆیە هیچکات دوو ژیاننامە نابینین کە بەتەواوەتی وەک یەک بن. پەیوەندییە مرۆییەکەن دەتوانن ئازاد و بەهێزمان بکەن، وەک چۆن لە پەیوەندییە عاشقانە هێترۆسێکشواڵەکانی (heterosexual ) ژنانی رەش پێست، یان هێزی دایکایەتی لە بنەماڵەکان و کۆمەڵە ئەفریقایی – ئەمریکییەکاندا دەتوانێت ئازادی هێنەر بێت و ببێت بە هۆی بەهێزبوون. لەهەمانکاتدا پەیوەندییە مرۆییەکان ئەتوانن سنووردارمان بکەنەوە یان ببن بە هۆی سەرکوتکردنمان. دۆخەکانی توندووتیژی خێزانی (Situations of domestic violence) هەروەها رەفتاری خراپ یان ئەو نموونەو کەیسانەی کە لە خۆیاندا پەرەپێدەری وەها ئایدیایەکن کە چەوسانەوەی ژنانی رەش پێست دەروونی بکەنەوە، دەرخەری دەسەڵاتە لە ئاستی تاکەکەسیدا. (لەم رووەوە) دۆخی یەکسان دەتوانێت بە پێی وشیاری ئەو کەسەی کە ئەو دۆخە تەفسیر دەکات، بەتەواوەتی جیاواز ببیندرێت.
ئەم ئاستە لە وشیاری تاکەکەسی، پانتایەکی بونیادییە کە لەو پانتایەدا دانایی نوێ دەتوانێت گۆڕان دروست بکات. بەراوردکارییە نەریتییەکان ئەو گریمانە دێننە پێشەوە کە جۆری هێز بە مانای دەسەڵات، لە سەرەوە بۆ خوارەوە کار دەکات بە مەبەستی کونتڕۆڵکردن و ناچارکردنی ئەو قوربانیانەی کە نایانهەوێت ملکەچی ئیرادەی (هێزە) باڵادەست و بەهێزترەکان بن. بەڵام ئەم بەراوردکارییانە وەڵامێکیان بۆ پرسیاری لەم جۆرە نییە کە بۆ وێنە بۆچی ئەو ژنانەی کە لە لایەن پیاوەکانەوە خراپ هەڵسووکەوتیان لەگەڵ دەکرێت،دەمێننەوە سەرەڕای ئەوەی دەرفەتی جیابوونەوەیان هەیە، یان بۆچی زۆر کەم روو دەدات کۆیلەکان خاوەن کۆیلەکان بکوژن. (لێرەدا) ئەوە لە بەرچاو ناگیردرێت کە قوربانی ئەو حەزەی تێدا دروست دەبێت کە هاوکاری جەلاد بکات لە پرۆسەی بە قوربانی بووندا. ئەو جۆرە بەراوردکارییە (بەراوردکاری نەریتی) هەروەها خۆی لەوە بەدوور دەگریت وەڵامێکی دروست بە دەستەوە بۆ وەستانەوەی بەردەوام و جێگیری قوربانییەکان، تەنانەت ئەو کاتەش بەختی سەرکەوتن بە دوور دەزانرێت. بە جەختکردنەوە لە هێزی خۆ پێناسەکردن (self-definition ) پێوستی زەینی ئازاد، بیرکردنەوەی فێمنیستی رەش پێستەکان ئەو باسە دێنێتە پێش کە بیرمەندانی ژنی ئەفریقایی- ئەمریکایی تا چەند وشیاری وەک پانتای ئازادی (sphere of freedom) بەلایانەوە جێی بایەخە. ژنانی رووناکبیری رەش پێست لەوە تێگەیشتوون کە دەسەڵات تەنها لە نەک رێگای داسەپاندنی هێز لە سەرەوە بۆ خوارەوە، بەڵکوو هاوکات لە رێگای دەست گرتن بە سەر هێزی وەک وزەی ئەو کەسانەش کە لە خوارەوە دەیانهەوێت بە ئامانجەکانی خۆیان بگەن، کار دەکات. – دەیهەوێت دەست بە سەر هێزی ئەو کەسانەشدا بگرێت کە لە خوارەوەن و دەیانهەوێت وزەی خۆیان بخەنە گەڕ بە مەبەستی گەیشتن بە ئامانجەکانیان – .
لە هەوڵەکانیاندا بۆ داڕشتنەوەی روانینی ژنانی ئەفریقایی- ئەمریکایی وەک گرووپێک، بیرمەندانی فێمنیستی رەش پێست کەرەستە چەمکییەکان بۆ وەستانەوە دژی چەوسانەوە دەخەنە بەردەستی تاک بە تاکی ژنانی ئەفریقایی- ئەمریکایی.
بەستێنی کەلتووری ، کە لە ڕێگای ئەو ئەزموون و ئایدیایانەی کە ئەندامانی ئەم گرووپ یان کۆمەڵ لەگەڵ یەکتر هاوبەشی دەکەن و شکڵ دەگرێت، مانا بە ژیاننامەی تاک بە تاکی ئەو کەسانە دەبەخشێت و هەڵگری ئاستی دووهەمە کە تێیدا دەسەڵات ئەزموون دەکریت و دژی دەوەستنەوە. ژیاننامەی هەر تاکێک رەگی لە کۆمەڵێک بەستێنی هاوبەشدا هەیە، بۆ وێنە گرووپەکان بە رەگەز، چینی کۆمەڵایەتی، تەمەن، جێندەر، ئایین و تێڕوانینی سێکسی پێناسە کراون. پاژە کەلتوورییەکان پێکهێنەری هەموو ئەو پێداویستیە چەمکیانەن لە بیرکردنەوەو کرداردا بەکار دێن، پەسن کردنی تەفسیری تاکەکەسی بۆ چەمکەکان لە لایەن گرووپێکەوە، مۆدێلی بیرکردنەوەی بەکارهاتوو بۆ وەدەستهێنای دانایی و پێوەرە ستاندارەدەکانی بەکار هاتوو بۆ هەڵسەنگاندنی رەفتار و بیرکردنەوە پێک دێت. تۆکمەترین بەستێنە کەلتوورییەکان ئەوانەن کە مێژوو ، شوێنگەی جوگرافیایی و دامەزراوەیی کۆمەڵایەتی دیاریکراویان هەیە. بۆ ژنانی رەش پێست کۆمەڵگە ئەفریقایی- ئەمریکاییەکان شوێنگەیەک بۆ دروستبوونی بەرگە گرتنی تێڕوانینی گرووپی ئەفریقا تەوەر دەخولقێنیت.
دانایی بندەستەکان , وەک کەلتووری بەرخۆدانی ژنانی رەش پێست لەو بەستێنە کەلتووریانەدا پەرە دەستێنن کە لە لایەن گرووپە چەوساوەکانەوە دەستیان بەسەردا گیراوەو کۆنتڕۆڵ کراون. ئامانجی گرووپە زاڵەکان ئەوەیە کە بیرکردنەوەی تایبەتی خۆیان بە جێگەی (دانایی بندەستەکان) جێ بخەن . لەبەر ئەوەی ئەوان لەوە تێ گەیشتوون لە ڕێگای کۆنتڕۆڵکردن و دەست بە سەردا گرتنی ئەم رەهەندە لە ژیانی گرووپە بندەستەکان، ئاسانتر دەتوانن کۆنتڕۆڵیان بکەن. رەنگە تا رادەیەک سەرکەوتوو بن بەوەی کاریگەری دانێن لە سەر ئەم لایەنە لە ئەزموونی گرووپە بندەستەکان، بەڵام کۆنتڕۆڵکردنی ئەم ئاستە لە ژیان زۆر دژوارتر لەوەیە کە گرووپە زاڵەکان دەیانهەوێت پێمان بقەبڵێنن. بۆ وێنە پێبەند بوون بە ستانداردەکانی جوانی کە لە دەرەوە داسەپاون (لە لایەن گرووپە زاڵەکانەوە) بووە بە هۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆر لە ژنانی ئەفریقایی لە رەنگی پێستی خۆیان یان جۆری قژیان بێزار بن. بە هەمانشێوە، دەروونی کردنەوەی (internalizing) ئایدۆلۆژیای جێندەری یۆرۆ- تەوەر بووە بە هۆی رەفتاری خراپی ژمارەیەک لە پیاوانی رەش پێست لەگەڵ ژنانی رەش پێست. ئەمان نموونەگەلێکەن (دەری دەخەن) کە بیرکردنەوەی گرووپە زاڵەکان چۆن رەنگدانەوەی دەبێت لە ناو بەستێنی کەلتووری رۆژانەی ئەفریقایی- ئەمریکاییەکاندا. بەڵام لەبەر ئەوەی کەلتووری وەستانەوەی ژنانی رەش پێست مێژوویەکی کۆنی هەیە، وەک چۆن پەیوەندی ژنانی رەش پێست لەگەڵ یەکتر، نەریتی بلووزی ژنانی رەش پێست (the Black women’s blues tradition) و دەنگی نووسەرانی ژنی ئەفریقایی – ئەمریکایی هاوچەرخی لێکەوتەوە، ئەمە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی ناتوانریت ئەو بەستێنە کەلتوورییە لەناو ببرێت کە شوێنێکی بونیادی هەیە لە وەستانەوەو بەرخۆداندا.
دەسەڵات لە ئاستی سێهەمی دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکاندا ئەزموون دەکرێت لە لایەن گرووپە دەسەڵاتدارەکانەوە: لەوانە، قوتابخانە، کڵێسە، میدیا و رێکخراوە کۆمەڵایەتییەکانی ترەوە و وەستانەوەش دژ بەم ئاستە لە دەسەڵات ئەزموون دەکرێت. ئەم دامەزراوانە تاکەکان دەخەنە بەردەم کۆمەڵێک بیرکردنەوەی تایبەت و بەسەریاندا دایدەسەپێنن، کە نوێنەرایەتی جۆری روانینی بەرژەوەندی گرووپە زاڵەکان دەکات. هەرچەند ئەمجۆرە دامەزراوانە مزگێنی ئەوە دەدەن کە (فێری)خوێندەواری و تواناکانیترمان دەکەن، کە بەکەڵکن و بەکار دێن بۆ بەهێزکردنی تاکەکەس و هەروەها بۆ گۆڕانە کۆمەڵایەتییەکان، بەڵام هاوکات دەیانهەوێت ملکەچ و پەسیڤ بین. وەها دامەزراوەگەلێک دەیانهەوێت ئەمەمان بەسەردا داسەپێنن و باوەڕ بەمە بکەین کە ئەو شتەی لە لایەن ئێلیتەوە تیۆریزە دەکرێت هەڵگری کۆی تیۆرییە. ئەو ژنە بیرمەندە ئەفریقایی- ئەمریکاییانەش کە هەن، لەوانە ماریا ستوێرت (Maria Stewart )، سۆجۆرنێر ترۆس (Sojourner Truth )، زۆرا نیەل هۆرستۆن (Zora Neale Hurston ) و فەننی لۆ هەمێر (Fannie Lou Hamer )، سەرەڕای ئەوەی کە لە لایەن ئەم چەشنە دامەزراوانەوە پەراوێز خراون، بەڵام درێژەیان دا بەوەی کە تیۆری بخولقێنن. بوونی وەها بیرمەندانێک وەستانەوەیەکی کاریگەر و بەرچاوە دژ بە هێژەمۆنی ئەم دامەزراوانە. جگە لەمە هەستانەوەی ئەم دواییانەی بزووتنەوەی فێمنیستی رەش پێستەکان لە ناو ئەم دامەزراوانەدا، هەڵچوون و یاخی بوونی بیرکردنەوەی هاوچەرخی ژنانی رەش پێشت لە مێژوو و ئەدەبدا، بەشێوەی راستەوخۆ بیرکردنەوەی باوی پیاوانەی ئەورووپا تەوەر دەباتە ژێر پرسیارەوە.
وەستانەوە لە بەرامبەر ماتریکسی دەسەڵاتدا (Resisting the Matrix of Domination)
دەسەڵات لە رێگای فریودان، گوشارهێنان و یان ناچار کردنی ژنانی ئەفریقایی- ئەمریکایی و ئەندامەکانی تری گرووپە بندەستەکانەوە، هەوڵ دەدات بەوەی کە ئایدیا و بیرکردنەوەی گرووپە تایبەتە زالەکان جێ بخات و بیانکات بە جێگرەوەی رێکارە تاکەکەسی و کەلتوورییەکانی دانایی. هەربۆیە وەک چۆن ئاودری لۆرد (Audre Lorde) دەڵێت:” بايەخى ڕاستى گۆڕانى شۆڕشگێڕانە هیچکات تەنها بارودۆخى زۆردارانە نيە كە ئێمە لێی هەڵدێین، بەڵکوو ئەوەی پێویستە گرینگی پێ بدرێت و بگۆڕدرێت ئەو بەشە لە ستەمکارەکە کە بە قووڵی لە دەروونی ئێمە دا دەچێنرێت .” یان وەک چون تۆنی کادی بامبارا (Toni Cade Bambara ) بە کورتی دەیڵێت:” شۆڕش لە خۆوەو لە ناو خودی کەسەکەوە دەست پێ دەکات.”
گریمانەکانی لۆرد و بامبارا شتێکی گرینگ دەخاتەوە بیری رۆشنبیرانی فێمنیستی رەش پێست و سەرجەم ئەو زانا و چالاکانەی کە کار دەکەن بۆ گۆڕانی کۆمەڵگا. گریمانەکەیان ئەوەیە هەرچەند زۆربەی کەسەکان کێشەیەکی ئەوتۆیان نییە بۆ ناسینی قوربانی بوونی خۆیان لە سیستەمێکی گەورەی چەوسانەوەدا- جا ئەم چەسانەوەیە هۆکاری رەگەزی، چینایەتی، ئایینی، توانای جەستەیی، تێروانینی سێکسی، نەتەوەیی ، تەمەن یان جێندەر بیت- بەڵام ئەوان لەوە ناگەن و نازانن چۆن بیرکردنەوەکانی خۆیان و کردەکانی خۆیان بووە بە هۆی ئەوەی زیاتر چەوساوە بن. هەربۆیە فێمنیستە رەش پێستەکان بەردەوام جەخت لەوە دەکەنەوە کە وەک ژن دەچەسێنەوە، بەڵام نایانهەوێ ئەوە ببینن کە پێستی سپیان تا چەند لە بەرژەوەندیاندا بووەو پلە و جێگەی پێ بەخشیون. هەروەها ئەو ئەفریقایی- ئەمریکاییانەی کە لێکدانەوەی روون و ئاشکرایان هەیە لە سەر راسیسم، زۆربەی کات سوورن لە سەر ئەوەی کە دەبێت ژنانی سپی هەژار، وەک رەمزی هێزی سپی ببینن. چەپی رادیکاڵیش دۆخەکەی لەمە باشتر نییە. ئارگۆمێنتی ئەوان ئەوەیە :” ئەگەر پێست رەنگینەکان و ژنەکان دەیانتوانی بەرژەوەدییە راستەقینەکانی چینایەتی خۆیان بناسن، ئەو کات دەیانتوانی بەیەکەوەو بە هاوکاری یەکتر، (چەوسانەوەی) چینایەتی و رەگەزی و سێکسیزم لە ناو ببەن. لە راستییدا هەر دەستە و گرووپێک ئەو جۆرە لە چەوسانەوە بە چەوسانەوەی بونیادی و فۆندەمێنتاڵ دەناسێت کە ئاسوودەترە لەگەڵی و سەرجەم جۆرەکانیتری چەوسانەوە لە پلەیەکی خوارترەوە پۆلێنبەندی دەکات. چەوساندنەوە پڕە لەم جۆرە پاڕادۆکسانە، لەبەر ئەوەی ئەو جۆرە روانینەی کە لە سەرەوە باسی کرا لەوە ناگەن کە ماتریکسێکی دەسەڵات لەخۆیدا هەڵگری ژمارەیەک قوربانی یان سەرکوتگەری تۆخە، هەر کەسەو هەڵگری ئاستێکی جیاوازە لەو ئیمتیاز وسزایانەی کە دەرئەنجامی سیستەمە چەند لایەنەکانی سەرکوت و چەوسانەوەیە، ئەو سەرکوت و چەوسانەوەیەی کە بیچمێکی تایبەت دەبەخشێت بە ژیانی هەموان.
جەخت کردنەوەیەکی بەربڵاوتر چڕ دەبێتەوە لە سەر لێک هەڵپێکرانی سروشتی چەوسانەوە کە لە لە چەند ئاستدا بونیادنراون، لە ئاستی تاکەکەسییەوە بگرە تا بونیادی کۆمەڵایەتی، هەموویان دەبن بە بەشێک لە ماتریکسێکی گەورەتری دەسەڵاتدارێتی. پێبەند بوون بەم مۆدێلە گشت گیرە بۆشاییەکی چەمکی دەخولقێنیت، کە هەر کەسەو بۆ بینینی ئەو بۆشاییە چەمکییە، پێویستی بەوەیە ئەوە ببینێت کە ئەو کەسە چ ژن یان پیاو، هاوکات ئەندامی گرووپە باڵادەستە چەند لایەنەکانەو هەر وەها ئەندامی گرووپە چەندلایەنە بندەستەکان. گۆڕینی (ئاستی) شیکردنەوە بۆ لێکۆڵینەوە (لەسەر) چۆنیەتی شکڵ گرتنی دەسەڵات، لە ناو چەند تەوەری دیاریکراوی وەک —رەگەز، جێندەر و چین و کە بوون بە تەوەرەکانی لێکۆڵینەوە بۆ ژنانی ئەفریقایی- ئەمریکایی—ئەوە روون دەکاتەوە کە سیستەمە جیاوازەکانی سەرکوتکاری و چەوساندنەوە چۆن دەکرێت بە ئاستی جیاواز پشت بە مێکانیزمەکانی سیستەمی دەسەڵات یان مێکانیزمەکانی سیستەمی نێوان کەسێتی (interpersonal) دەسەڵات ببەستێت.
بەهێزکردن بریتییە لە رەت کردنەوەی چەند رەهەندێک لە دانایی، جا تاکەکەسی، کەلتووری یان دامەزراویی بێت، کە رەوتی بە ئۆبژە کردن و لە مرۆڤایەتی خستن دەکات بە هەمیشەیی. ژنە ئەفریقایی- ئەمریکاییەکان و تاکەکانیتری سەر بە گرووپە بندەستەکان، کاتێک ب هێز دەبن کە ئێمە رەهەندی تاکەکەسی، گرووپیەکان و ڕێگاکانی پرەنسیپی زانین کە ئینسان بوون وەک سووژەیەکی تەواو ئینسانی پەروەردە دەکەن بناسین و بەکاریان بهێنین. بابەتەکە ئەمەیە کە ئێمەی ژنانی رەش پێست رێز لە خۆپێناسەکردنمان (self-definitions) بگرین ، بەشداری بکەین لە نەریتی ژنە رەش پێستە چالاکڤانەکاندا، مەعریفەناسی فێمینیستی ئافرۆسێنتریک (ئەفریقا ناوەند) وەک چەقی بیرکرنەوەمان ناوزەد بکەین، ئەو کارامەییانەی کە لە خوێندنگەکان فێری دەبین وەک بەشێک لە پەروەردەی جەخت لێکراومان بۆ گەشەکردنی کۆمەڵگای رەش پێستەکان ببینین. سی. رایت مێلز (C. Wright Mills) ئەم مەعریفە ناسییە گشتگیرە وەک “وێنای کۆمەڵناسانە” پێناسە دەکات و ئەرک و بەڵینیەکەی لەوەدا دەبینێتەوە کە رێگایەکە بۆ زانین، کە وا دەکات کەسەکان لە پەیوەندییەکانی نێوان مێژوو و بایۆگرافی تێبگەن لە ناو کۆمەڵگادا. کەڵک وەرگرتن لە بۆچوونەکانی تاک بەمەبەستی تێکەڵکردن بە وێنا کۆمەڵایەتییەکان، دەبێت بە هۆی بەهێزبوونی تاک. تەنها ئەو کاتە کۆی هێزەکانی خۆم لە بەردەستمدا دەبێت، کە سەرجەم بەشەکانی بوونی خۆم یەک بخەم و بەو هێزەی کە لە سەرچاوەیەکی دیاریکراوی ژیانمەوە دێت، ئیزن بدم لە کۆت و بەندی پێناسە داسەپاوەکانی دەرەوە رزگاری ببێت، لە ناو خودە جیاوازەکانمدا لە گەڕاندا بێت.
ژنانی رەش پێست وەک بکەرانی دانایی
Black Women as Agents of Knowledge
ژیانکردن وەک ژنێکی ئەفریقایی- ئەمریکایی لە پێشدا پێویستی بە بەرهەمهێنانی بیرکردنەوەی فێمنیستی رەش هەیە لەبەر ئەوەی لە ناو دڵی کۆمەڵی ژنانی رەشدا و بە گەڕانەوە بۆ کۆمەڵێک دۆخی تایبەتی مێژوویی، مادی و مەعریفەناسانە بەرهەم هاتوون و بەهایان پەیدا کردووە. ژنانی ئەفریقایی- ئەمریکایی لە سەر ئەو باوەڕەن ئەو باسانەی پەیوەندی بە ژنانی رەش پێستەوە هەیە، دەبێت لە لایەن هەستەکانی ژنانی رەش پێست و ئەزموونەکانی خۆمانەوە پشتڕاست بکرێتەوەو ئەوانەی بانگەشەی ئەوە دەکەن کە داناییەکەمان پشت بەستووە بە مەعریفەناسی فێمنیستی ئەفریقا تەوەر، نەریتیکی دەوڵەمەندیان لە بیرکردنەوەی فێمنیستی رەش بەرهەم هێناوە.
بە شێوەیەکی نەریتی وەها ژنگەلێک لە ناو گۆرانیبێژانی بلووز، شاعیرەکان، ئۆتۆبایۆگراف نووسەکان، حیکایەت بێژەکان و ئەو وتاردەرانەدا بوون کە دان بە رەوا بوونیاندا نراوە لە لایەن ژنانی رەش پێستی ئاساییەوە، وەک کارناسانی بۆچوونی ژنانی رەش پێست. تەنها ژمارەیەک کەم لە زانایانی نائاسایی ئەفریقایی- ئەمریکایی توانیویانە بەرەنگاری مەعریفەناسی پیاوانەی ئەورووپا تەوەر ببنەوەو بە شێوەی ئاشکرا مەعریفەناسییەکی ئەفریقا تەوەر وەربگرن. تەماشا کەن کە چۆن ئالیس واکێر (Alice Walker’s) وەسفی زۆرا نیل هۆرستۆن (Zora Neal Hurston) دەکات:
لە زەینی مندا زۆرا نیل هۆرستۆن، بیلی هالیدەی (Billie Holiday) و بێسی سمیت، جۆرێک سیانەی ناپیرۆز ( unholy trinity ) پێک دەهێنن، زۆرا زیاتر سەر بە نەریتی ژنە رەش پێستە گۆرانیبێژەکانە نەک ” چینی رۆشنبیر”…. بە هەمان شێوەی بێلی و بێسی، ئەو رێگای خۆی گرتۆتە بەر، باوەڕەی بە خواداکانی خۆی هەبوو، بە دوای خەونەکانی خۆی دەکەوت و خۆی لەوە دەبوارد خۆی لە خەڵکی “ئاسایی” جیا بکاتەوە.
زۆرا نیل هۆرستۆن تا بەر لە دەیەی ١٩٥٠ (کەسێکی) ڕیزپەڕ بوو، ژمارەیەکی کەم لە ژنانی ئەفریقایی- ئەمریکایی خوێندنی باڵایان تەواو دەکرد و زۆربەیان خۆیان لەگەڵ مەعریفەناسی پیاوانەی ئەورووپا- تەوەر دەگونجاند. هەرچەند ژنان بە نوێنەرایەتی لە بەرژەوەندییەکانی ژنانی رەش پێست کاریان دەکرد، بەڵام ئەم چالاکیانە لە ناو سنووردار کردنێکی تەشەنەکردووی چەوسانەوەی رەگەزی، جێندەریدا ئەنجام دەدرێن. لێکۆڵەرانی رەش پێست لە پێگەیەکدا بوون کە ئەوە ببینن کە ژنانی ئەفریقایی- ئەمریکایی لە دیسکۆرسی زاڵی زانستیدا دوور خراونەتەوە و لە ناوەرۆکی بەرهەمەکانیاندا بەزۆی ئەوە دەبیندرێت کە حەز دەکەن ئەزموونی ژنە رەش پێستەکان لە بەرهەمەکانیاندا رەنگ بداتەوە. بەهەموو ئەمانەشوە، پێگەی لەرزۆکیان لە دامەزراوە ئاکادێمیکییەکاندا ناچاری دەکرد کە پێبەند بنەوە بە مەعریفەناسیی پیاوانەی یۆرۆ-تەوەر بۆ ئەوەی بەرهەمەکانیان وەک بەرهەمی زانستی وەر بگیردرێت. هەربۆیە ، ئەوان سەرەڕای ئەوەی کە هەوڵیان ئەوە بوو کە بیرکردنەوەی فێمنیستی رەش بەرهەم بهێنن، بەڵام ئەو ژنە ئەفریقایی- ئەمریکاییەی کە هەوڵیان ئەوە بوو پێگەیەکی ئاکادێمی و زانستیانە بە دەست بهێنن، بە زۆری کەمترین دەرفەتیان لە بەردەمدا بوو بۆ بەرهەمهێنانی بیرکردنەوەی فێمنیستی رەش کە لە مەعریفە ناسی فێمنیستی ئەفریقا تەوەر کەڵکی وەر بگرێت.
ژنانی رەش پێست لە گرژییەکی بەردەوامدان وەک بکەرانی زانست، گرژییەک کە رەگەکەی دەگەڕێتەوە بۆ خواستە ئەفریقا تەوەر و فێمنیستییەکان کە هەندێجار ناکۆک دەردەکەوێت. ئەو ژنە رەش پێستانەی کە فێمنیستن، رەخنەیان هەیە لە دەور و نەخشی کەلتووری رەش پێستەکان و بەشێکی زۆر لە داب و نەریتەکان کە هۆکاری چەوسانەوەی ژنانن. بۆ وێنە، رەخنەیان هەیە لەوەی زۆر رژدن لە سەر ئەو باوەڕەیان کە دەبێت مناڵ خستنەوە ببێت لە کۆمەڵگا ئەفریقایی- ئەمریکاییەکاندا و ئەمە وا دەکات کچانی تازەلاو زۆر زوو ببن بە دایک، ناکارامە بن لە خۆ پێگەیاندن (self-actualization) کە دەکرێت هەڵگری کۆمەڵێک بابەت بێت وەک کارکردن لە دوو تایم لە رۆژدا، کارکردن بە مووچەوەو کارکردنی بێ مووچە لە ماڵەوە، کەڵک ئاوەژۆ(abuse)ی هەستی و فیزیکی کە رەنگە ژنانی رەش پێست لە لایەن باوک، خۆشەویستەکانیان و مێردەکانیانەوە ئەزموونی بکەن ، هەموویان رەنگدانەوەی ئەو کردارە دژیەکانەن کە ژنان بەرامبەری وەستاونەتەوە، بەڵام رەنگە هەر ئەم ژنانە لە پێگەی ئەندامێک لە گرووپێکدا کە لە رووی رەگەزییەوە دەچەوسێنەوە، بە شێوەی هاوتەریب ئەو تێروانینەیان ببێت کە ئەو کەلتوور و نەریتانە پەسەند بکەن. کەوایە، دایکانی رەش پێستی بەهێز لە ئەدەبیاتی ژنانی رەش پێستدا دەردەکەون، ژنانی رەش پێست ستایش دەکرێن بەوەی یارمەتیدەری ئابووری بنەماڵەن، بە شێوەی سەیر بیدەنگە دەکرێت بەرامبەر بە هەڵسووکەوتی خراپی ناو بنەماڵەکان بەرامبەر بە ژنە رەش پێستەکان.
بە چ رادەیەک ژنانی ئەفریقایی- ئەمریکایی بە پلەی باڵای زانستی بگەن، مەودای زانستی فێمنیستی رەش پێستەکان بەربڵاوتر دەبێت. ژمارەیەکی زۆرتر لە لێکۆڵەرانی ژنی ئەمریکایی- ئەفریقایی بە شێوەی ئاشکرا ئەزموونەکانی ژنانی رەش پێست وەک بواری کاری خۆیان بۆ لێکۆڵینەوە هەڵدەبژیرن و بەم کارەیان پەیوەست دەبن بە مەعریفە ناسی فێمنیستی ئەفریقا تەوەرەوە. ئەم ژنانە لەبری ئەوەی لە دۆخێکی پەراوێزکراویاندا (هەم ئەم و هەم ئەو) (by their both/and status of marginality) دا قەتیس بمێننەوە، بە شێوەیەکی داهێنەرانە لە دۆخی دەرەکی /ناوەکی (outsider-within) کەڵک وەردەگرن و بیرکردنەوەیەکی نوێی فێمنیستی ئەفریقا تەوەر دادەهێنن. ئەو کێشانەی کە ئەم ژنانە لەگەڵی رووبەڕوون، بەرلەوەی هەوڵ بێت بۆ سەلماندنی زاڵبوونیان بە سەر مەعریفەناسی پیاوانی سپیدا، بەرهەمی هەوڵەکانیانە لە بەرامبەر سروشتی هێژمۆنیکی ئەم مۆدێلە لە بیرکردنەوە (مەعریفەناسی پیاوانی سپی) لە ئاراستەی تێگەیشتن، نرخاندن و کەڵک وەرگرتن لەو ڕێگایانی دانایی کە وەک ئەڵتەرناتیڤ بوونیان هەیە و فێمنیسمی ئەفریقا تەوەر دەیانخاتە ڕوو.
بە مەبەستی سەلماندن و رەوایی بەخشین بە وتە زانستییەکانیان، ژنە لێکۆڵەرە رەش پێستەکان، ئەوانەی کە دەیانهەوێت پەرە بدەن بە بیرکردنەوەی فێمنیستی ئەفریقا تەوەر، رەنگە زۆرجاران لەگەڵ ستانداردەکانی زۆرجار لەگەڵ یەک ناتەبای سێ گرووپی سەرەکی ڕووبەڕوو ببنەوە. یەکەم، بیرکردنەوەی فێمنیستی رەش دەبێت لە لایەن ژنانی ئاسایی ئەفریقایی- ئەمریکاییەوە بەهایان پێ بدرێت و بە هەند وەربگیردرێن، ژنانێک کە هانا نێلسۆن (Hannah Nelson ) وتەنی :” لەو دونیایەیدا کە تا عاقڵتر بیت، بە شێتترت دەزانن” گەشە دەکەن و ژنانە بوونی خۆیان دەدۆزنەوە. بۆ ئەوەی لای ئەم تاقمە وەربگیردرێت و بڕوات پێ بکەن، ژنە لێکۆڵەرەکان دەبێت خۆیان ببن بە بانگەشەکەری بەرهەمەکانیان، وەڵامدەرەوە بن لە بەرامبەر ئەنجامەکانی کارەکانیاندا، بە شێوەیەک لە شێوەکان لەگەڵ بەرهەمەکانیان بژین و ئەزموونیان بکەن و خوازیاری ئەوە بن کە دەربارەی دەستکەوتەکانیان لەگەڵ خەلکانی ئاسایی بکەونە گفتوگۆوە. دووهەم ئەوەی کە بیرکردنەوەی فێمنیستی رەش پێستەکان دەبێت لە لایەن کۆمەڵی لێکۆڵەری رەش پێستیشەوە وەربگیردرێت. ئەم لێکۆڵەرانە گرینگییەکی تایبەت دەدەن بە دووبارە شکل بەخشین و داڕشتنەوەی بیرکردنەوەی ژنانی رەش پێست بە کەڵک وەرگرتن لە مەعریفەناسی فێمنیستی ئەفریقا تەوەر. سێهەم ئەوەی کە بیرکردنەوەی فێمنیستی ئەفریقا تەوەر لە ناوەندە ئاکادێمییەکاندا، دەبێت خۆی ئامادە بکات بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی سیاسەتی پیاوانەی یۆرۆ-تەوەر و پێویستییە مەعریفییە ناسییەکانیان.
گرفتێک کە ژنە لێکۆڵەرە رەش پێستەکان بۆ خولقاندنی بیرکردنەوەی فێمنیستی رەش پێست لەگەڵیدا رووبەڕوو دەبنەوە، ئەوەیە باسکردن لە داناییەک کە پێوەرەکانی شایستەیی گرووپێکی بە دەست هێناوە، هەر بەم پێیە حوکم دەدرێت کە قسەکانیان لە باری زانستییەوە پەسەند کراوە، رەنگە نەکرێت بۆ سەر زاراوەی گرووپە جیاوازەکان وەربگێڕدرێت. (واتە ئەوەی بە لای گرووپێکەوە وەردەگیردرێت و پەسەندکراوە رەنگە لای گرووپ و دەستە جیاوازەکانیتری پەسەندکراو نەبێت و لەگەڵ دونیای بیرکردنەوەی ئەوان جیاواز بێت. و-کوردی). بە کەڵک وەرگرتنی لە زمانی ئینگلیزی رەش پێشتەکان، جوونی جۆردەن (June Jordan) دژواری جووڵەکردن لە نێوان مەعریفە ناسییەکانی خستۆتە ڕوو:
:” تۆ ناتوانیت نموونەگەلێک لە ئینگلیزی ستاندارد کە خۆی بەستۆتەوە بە ئابستتراکتەوە، یان تایبەت نییە بە کەس/ شتێکی زیندوو، وەربگێڕێتەوە سەر ئینگلیزی رەش پێستەکان. وەها کارێک زمان بەرەو جۆرێک بەکاربردن بەلارێدا دەربات، کە لەگەڵ جۆری روانینی رێنوێنیکەری کۆمەڵگەی بەکاربەر ناکۆکە. لە بەرامبەردا تۆ دەبێت سەرەتا خودی ئەو رستە ستانداردە ئینگلیزیانە بە شێوەیەک بگۆڕێت کە لەگەڵ وێنا و جۆری روانین و گریمانە تاک- تەوەرییەکانی ئینگلیزی رەش پێستەکاندا بگونجێت. ”
هەرچەند هەر دوو دونیابینی کۆمەڵێک وشەی هاوبەش بەکار دەبەن، بەڵام خودی ئایدیاکان، وەها خۆیان بەدەستەوە نادەن کە بە شێوەی راستەوخۆ وەربگێڕدرێن.
بۆ ئەو ژنانەی کە بکەری دانایین، کەوتنە پەراویزەوە وێڕای دۆخی دەرەکی/ ناوەوەیی (outsider-within status) دەتوانێت هەم سەرچاوەیەک بۆ دەستەوەستانبوون (frustration) و هەم سەرچاوەیەک بێت بۆ داهێنان. بۆ هەوڵدان بە گەیشتن بە کەمکردنەوەی جیاوازییەکان لە نێوان کۆنتێکسە کەلتوورییەکانی کۆمەڵی ئەفریقایی- ئەمریکایی، (هەروەها کەمکردنەوەی) چاوەڕوانییەکانی دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکان، ژمارەیەک لە ژنان رەفتارەکانی خۆیان دوو کەرت (dichotomize)دەکەن، لەگەڵ تێپەڕبوونی کات، ئەم دوو کەرت بوونە دەکرێت گوشارێکی زۆر دروست بکات.
ئەوانیتر پشت لە بەستێنە کەلتوورییەکانی خۆیان دەکان و دژایەتیکردنی گرینگیترین بەرژەوەندییەکانی خۆیان و (کاردەکەن بۆ) سەپاندنی بیرکردنەوەیەک کە بیرکردنەوەی تایبەتی گرووپی دەسەڵاتدارە. بەمەشەوە، هێشتا هەن کەسانێک کە دەتوانن لە هەر دوو بەستێنی کەلتوریدا بژین، بەڵام ئەم کارە بە شێوەی رەخنەگرانە و بەکەڵک وەرگرتن لە روانگەی دەرەوەیی/ ناوەوەیی (outsider-within perspectives) وەک سەرچاوەی تێگەیشتن بیرکردنەوە ئەنجام دەدەن.
بەهەرحاڵ ، لەم حاڵەدا دۆخی دەروەیی/ ناوەوەیی بوون دەتوانێت تێچوویەکی زۆری کەسی هەبێت. لۆرەین هانسبیری (Lorraine Hansberry) لەم بارەوە دەڵێت:” ئەوەی کە تۆ دەکات بە کەسێکی جیاواز، ئەگەر هەر لە بنەڕەتدا کەسێکی جیاواز بێت، بەناچار وات لێ دەکات کە تەنها بیت. ”
کە لێکۆڵەرێکی فێمنیستی رەش پێستەکان ڕووبەڕووی ئەم گریمانەیە دەبێتەوە کە لە هەندێ رووەوە بەتایبەت لە روانگەی ژنانی رەش پێستەوە، رەنگە هەوڵدان بۆ وەرگێڕانی ئایدیاگەلێک لە مەعریفەناسی فێمنیستی ئەفریقاتەوەر، بۆ چوارچیوەی کاری پیاوانەیی ئەورووپا تەوەر کارێکی بێ کەلک بێت، ئەوکات بژاردەیتر دەکەوێتە بەردەم. لەبری هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی بانگەشەیەکی یۆنیڤێرساڵی دانایی، کە بەرگەی ئەوە دەگرێت مەعریفەناسییەک وەربگێڕدرێت بۆ سەر ئەویتر (لانیکەم لە سەرەتادا) ئەم ئەگەرە بوونی هەیە کە رووناکبیرانی رەش پێستی ژن، دووبارە داڕشتنەوەی روانینی ژنانی رەش بە شتێکی بەكەڵک و بەسوود بزانن. دووبارە داڕشتنەوەی تێڕوانینی ژنانی رەش پێست ئەمری کۆنکرێت و بابەتیانە دەگۆڕێت و رەهەندی مرۆیی و یۆنیڤێرسالی ژیانی رۆژانەی ژنانی رەش پێست ئاشکرا دەکات. نیکی جیڤانی (Nikki Giovanni) لەم بارەوە نووسیویەتی:” من ڕێکەوتی نووسینی سەرجەم بەرهەمەکانم دیاری دەکەم، لەبەر ئەوەی من لام وایە شیعر یان هەر نووسینێکیتر، تەنها رەنگدانەوەی چرکەساتەکانە و بەس، ئەمری یۆنیڤێرساڵ (universal ) لە ئەمری تایبەت (particular ) دروست دەبێت. بێل هۆکس (Bell Hooks) لەم بارەوە دەڵێت:” ئامانجم وەک بیرمەندێکی فێمنیست و بیردۆزێک ئەوەیە کە دەرهەست (abstraction ) وەربگرم و بە زمانێک کە بکریت لێی تێ بگەن بیهێنمە باس کردن- ئەمە بەو مانایە نییە لە ئاڵۆزییەکان و وردبینییەکانی کەم بکەمەوە- بە شێوەیەک کە دەست پێڕاگەیشتن بەو باباتە و تێگەیشتن لێی ئاسانتر بێت.” ئاڵۆزییەک بوونی هەیە و تەفسیر و راڤە کردنی ئەم ئاڵۆزییە وەک ئالەنگارییەکی بەدی نەهاتوو (unfulfilled challenge) لە بەردەم رووناکبیرانی ژنی رەش پێستدا دەمێنێتەوە.
زانستی بە دۆخکراو، زانستی ژێردەستەکراو، تێڕوانینی پاژبینیانە
Situated Knowledge, Subjugated Knowledge, and Partial Perspectives
جۆنی جۆردەن (June Jordan) دەڵێت :وا دەردەکەوێت ژیانی من (بریتیییە لە ) دەرخستنی بەردەوامی کاریگەرییە ئاشناکانی جەنگێکی یۆنیڤێرساڵ.
ئێوە لەگەڵ بنەماڵە و مناڵانی گەڕەک دەست پێدەکەن، دواتر چاوتان بەرەو رووی ئەوانە دەکەنەوە کە پێی دەڵێن “خەڵکەکانتان”، ئەمە ئێوە بەرەو رێفۆرمی زەراعی ، بە دەربڕینی ئینگلیزی رەشەکان، بەرەو ئانگۆلا (Angola) رادەکێشێت، دەتانگەڕێنێتەوە بۆ سەر تەختی خەوەکەتان، ئەو شوێنەی کە بە تەنهایی راکشاون، بیر لەوە دەکەنەوە ئاخۆ شایستەیی ئەوەی لە ئاشتی و ئارامیدا بژین، متمانەتان پێ بکرێت، خۆشیان بوێی یان ئەوەی ئازادانە بە دوای خواستە راستەقینەکانی دلت بکەویت. پێوەرەکە بچووک دەبێتەوە بۆ بەکارهێنانی کاسەی سەر. قەفەسی دەروونتان.
لۆرێن هانسبێری بیرۆکەیەکی هاوشێوە دەخاتە روو:” لە سەر ئەو باوەڕەم یەکێک لە دیارترین بیرۆکەکان لە نووسینی درامادا ئەوەیە کە تۆ بۆ خولقاندنی (بابەتێکی) یۆنیڤیرساڵ، دەبێت زۆر گرینگی بە بابەتە تایبەتەکان بدەی. من لام وایە یۆنیڤێرساڵ لە دڵی ناسنامەی راستەقینەی ئەو شتەی کە هەیە دێتە دەرەوە. جۆردن و هانسبیریە لە سەر ئەو باوەڕەن نەبەرد و راستی ، رەنگە دەمامکێکی پاژ بینانە و خۆمانە (intimate ) بپۆشن، بەڵام هەڵویستێکی مەعریفەناسانەی نوێ دەربارەی چۆنایەتی ئاڵوگۆڕی ئەو وتە و بانگەشانەی دانایی کە لە ململانێدان دەخەنە ڕوو و جەخت دەکەنەوە لەسەر ناسینی “راستی” لە لایەن ئێمەوە .
ئەو بەستێنەی کە بیرکردنەوەکانی ژنانی فێمنیستی تێدا پەروەردە دەکرێن یان سەرکەوت دەکرێن زۆر گرینگە. بۆ تێگەیشتن لە ناوەرۆک و مەعریفەناسی بیرکردنەوەی فێمنیستی رەش پێستەکان وەک زانستێکی تایبەت کراو، پێویستیە باس لەو بەستێنە بکەین کەو ئەو بیرکردنەوە سەرچاوەی لێ وەردەگرێت. بیرکردنەوەی فێمنیستی رەش هەرچەند دروستکراوی تاکەکانە، بەڵام وەک “دانایی بەدۆخکراو” (situated knowledge) لە کۆمەڵگاکاندا جێ کەوتووە، کە ئێمە ژنانی ئەفریقایی- ئەمریکایی خۆمانی تێدا دەبینینەوە.
جۆری روانینی ژنانی رەش پێشت و گرووپە چەوساوەکانیتر، تەنها لە یەک کۆنتێکسدا جێ نەخراوە، بەڵکوو جگە لەوە لە دۆخێکدایە کە بە دەسەڵاتەوە دەناسرێتەوە. لەو رووەوە کە بیرکردنەوەکانی ژنانی رەش پێشت سەرکوت کراوە، ئەم سەرکوتە ژنانی ئەفریقایی- ئەمریکایی هان دەدات بەوەی داناییەک بخولقێنن کە خەڵک بەهێز بکات بۆ وەستانەوە بەرامبەر بە دەسەڵات. کەوایە بیرکردنەوەی فێمنیستی ئەفریقا تەوەر نوێنەرایەتی بیرکردنەوەی “دانایی ژێردەستە کراو” (subjugated knowledge) دەکات. جۆری روانینی ژنانی رەش پێست دەتوانێت هەڵوێستی پەسەندکراو (preferred stance) بخاتە بەردەست بۆ بینینی ماتریکسی دەسەڵات، لەبەر ئەوەی ، لە بنەمادا، بیرکردنەوەی فێمنیستی رەش، وەک بیرکردنەوەیەکی تایبەتکراو (specialized thought) بە بەراورد لەگەڵ دانایی تایبەتکراو (specialized knowledge) کە لە لایەن گرووپە زاڵەکانەوە بەرهەم هاتووە، کەمتر پەیوەیندی نێوان بیرکردنەوەکان و ئەو بەرژەوەندیانەی لە پشت خولقانی ئەو بیرکرد نەوەن رەت دەکاتەوە. بەمەشەوە بیرکردنەوەی فێمنیستی رەش وەک داناییەکی ژیردەستەکراو، بێبەری نییە لە لێکدانەوەی رەخنەگرانە، لەبەر ئەوەی ژێردەستەبوون، ناتوانێت بنەمایەک بێت بۆ مەعریفە ناسی.
سەرەڕای هێزی شاراوەی ژنانی ئەفریقایی- ئەمریکایی، بۆ دەرخستنی تێگەیشتنێکی نوێ دەرباری ماتریکسی دەسەڵات، روانگەی ژنانی رەش تەنها گۆشە نیگایەکە. کەوایە بیرکردنەوەی فێمنیستی رەش دەرخەری تێڕوانینێکی ناتەواوە.ماتریکسی گشتگیری دەسەڵات گرووپە چەند لایەنەکانی لەخۆیدا جێ کردۆتەوە، هەرکام لەم گرووپانە بە لە بەرچاوگرتنی ئەزموونی جیاوازیان بە هۆی ئەو ئیمتیازانەی پێیان دراوە یان ئەو شتانەی لێی بێبەری بوون، جۆرە روانینێکی ناکامڵ تایبەت بەو ئەزموون و دانایی بەدۆخکراو بەرهەم دەهێنیت، ئەو تاقم و گرووپە ژێردەستانەی کە بە ئاشکرا دەناسرێنەوە، داناییەکی ژێردەستەکراو بەرهەم دەهێنن. هیچکام لەم گرووپانە (بەجیا) خاوەنی گۆشەنیگایەکی کامڵ و روون نین. هیچکام لەم گرووپانە بە تەنها تیۆری و میتۆدۆلۆژییەکی لە بەردەستدا نییە کە دەرفەتی دۆزینەوەی “راستی” رەهای پێ بدات، یان خراپتر لەوە، هیچ گرووپێک بە تەنها ناتوانێت بە دڵنیایی و بە شانازییەوە بانگەشەی ئەوە بکات کە خاوەنی میتۆدۆلۆژی و تیۆرییەکە کە دەتوانێت وەک نۆرمێکی یۆنیڤێرسال ئەزموونی گرووپە جیاوازەکان هەڵسەنگێنێت. بە لەبەرچاوگرتنی ئەم راستییە کە گرووپەکان هێزی نایەکسانیان هەیە بۆ ئەوەی گوێیان لێ بگیردرێت و گرووپە زاڵەکان بەرژەوەندییان لەوەدایە کە زانستی بەرهەم هاتووی گرووپە چەوساوەکان سەرکوت بکەن یان بینرخێنن، هەروەها بە لەبەرچاو گرتنی زانستی جیاوازەکان کە لە پێشبڕکێدان لەگەڵ یەکتر کە هەرکامەیان خۆی بە هەڵگری راستی دەزانیت و لە لایەن گرووپەکانەوە بە تێڕوانینی ناکامڵەوە بەرهەم هاتوون، کامە روانگە مەعریفەناسی زیاتر مزگینیدەر و هیوابەخشترە؟
دیالۆگ و هاوسۆزی Dialogue and Empathy
بیرکردنەوەی کۆمەڵایەتی و سیاسی رۆژئاوا، هەڵگری دوو روانگەن بۆ سەلماندنی راستی کە هەرکامەیان ئەڵتەرناتیڤی ئەویتریانن، روانگەی یەکەم کە لە زانستە پۆزەتیڤیستەکاندا رەنگی داوەتەوە، هەڵگری ئەم وتە کۆنەیە کە بروای بە بوونی حەقیقەتی رەها هەیە و لای وایە ئەرکی سەر شانی زانایانی ئاکادێمی ئەوەیە پەرە بدەن بە ئامانجەکان و کەرەستە بێ لایەنەکانی زانست بۆ هەڵسەنگاندنی ئەم راستیانە. . . . ڕێژەیی گەرایی (Relativism)، روانینی دووهەمە کە وەک ئانتی تێز و دەرئەنجامی ئاشکرای رەت کردنەوەی زانستە پۆزەتیڤیستییەکان باسی لێ دەکرێت. بە روانینێکی رێژەیی گەرایانە هەر گرووپە و بیرکردنەوەی تایبەتکراوی خۆی بەرهەم دەهێنیت و بیرکردنەوەی هەر گرووپێک بە هەمان ئەندازەی بیرکردنەوەی گرووپەکانیتر بەهای خۆی هەیە. هیچ گرووپ ناتوانێت بانگەشەی ئەوە بکات تەفسیر و راڤەیەکی باشتری لە راستی لە بەردەستە بە بەراورد لەگەڵ گرووپەکانیتر. بەم مانایە، رێژەییگەرایی جۆرە روانینێک دەخاتە روو کە دژی ئایدۆلۆژیای زانستی ئۆبژەکتیڤیسمە. چ رێژەیی گەرایی و چ زانستە پۆزەتیڤیستەکان وەک هەڵوێستی مەعریفەناسانە (epistemological stances)، هەم ئەوەیە گرینگی بوونی دۆخی تایبەت بۆ کاریگەری دانان لە سەر بانگەشی دانایی گرووپەکان کەم دەکەنەوە و هەم ئەوەیە نایەکسانی نێوان گرووپەکانی داهێنەری دانایی بندەستەکان و خاڵی بەهێز و سنووردارییەکانی روانگەیەکی ناتەواو (limitations of partial perspective) دەگەیەنێتە کەمترین ئاست.
بیرکردنەوەی فێمنیستی رەش ئەڵتەرناتیڤیکیتر لە بەرامبەر نۆرمە بەڕواڵەت دەرهەستەکانی زانست و ئەو وتە ڕێژەییگەراییانەی کە گرووپە پێشبڕکێ کارەکانی دانایی لە سەری دەم لە یەکسانی ئەدەن دەخاتە ڕوو. . . وەها تێڕوانینیک بۆ بیرکردنەوەی فێمنیستی ئەفریقا تەوەر ئەو ئیزنە بە ژنانی ئەفریقایی- ئەمریکایی دەدات بۆ ئەوەی بۆچوونی ژنێکی رەش پێست رابکێشنە ناو دیالۆگێکی مەعریفەناسی گەورەتروە کە کەڵکەڵەی ماتریکسی دەسەڵاتی هەیە. سەرەنجام ، وەها دیالۆگ و گفتووگۆگەلێک رەنگە بە خاڵێکمان بگەیەنێت کە لەوێدا “ئێلسا بارکلی براون” (Elsa Barkley Brown) وتەنی :” هەموو خەڵک فیربنن کە چۆن دەکرێت ئەزموونی کەسانیتر ببرێتە ناوەند، هەڵی سەنگێنن و بە پێی ئەزموونەکانی خۆیان دادوەری بکەن لە سەری، لە حاڵێکدا ستانداردەکانی خودی ئەو ئەزموونە بەکار دەهێنن، بێ ئەوەی پێویستیان بە بەراورد کردن یان گۆڕینی چوارچێوەی کاری خۆیان هەبیت.” لە وەها گفتووگۆ و دیالۆگێکدا، :” ئیتر پێویست ناکات کەس بخەینە پەراوێزەوە بۆ ئەوەی کەسێکیتر بخرێتە سەنتەرەوە، بەڵکوو دەبیت بە شێوەی بەردەوام و شیاو ناوەند بگۆڕین.
ئەو بیرکردنەوەنای کە وەک راستی لای ژنانی ئەفریقایی – ئەمریکایی، پیاوانی ئەفریقایی- ئەمریکایی، ژنانی هێمۆسێکسواڵی لاتین، ژنانی ئاسیایی- ئەمریکایی، پیاوانی پۆرتۆریکۆیی (Puerto Rican men ) و گرووپەکانیتر بە بۆچوونی جیاوازەوە پەسەند کراون، دەبنە “دەرهەست”ترین راستییەکان، لەبەر ئەوەی هەر گرووپەو کەڵک لە تێڕوانینێکی مەعریفەناسانە وەردەگرێت کە لە روانگەیەکی یەکەوە بەدەست هاتووە. بەڵام لەبەر ئەوەی هەر گرووپەی راستی خۆی وەک راستییەکی یەک لایەنە وەردەگرێت و لێیان تێ دەگات، وەها داناییەک ناتەواوە. هەرکات هەر گرووپ و دەستەیەک وازی لەوە هێنا کە بۆچوونی خۆی وەک بۆچوونێکی تاقانە ببینێت، یان ئەوەی واز لەوە بهێنێت کە بۆچوونی کەسانیتر بچەوسێنێتەوە، ئەو کات باشتر دەتوانێت بۆچوون و روانگەی کەسانیتر هەڵسەنگێنێت و لەبارەیەوە قسە بکات. ئالیس واکێر (Alice Walker) لەم بارەوە دەڵێت:” بۆ ئەوەی بەردەوام رێز لە هونەر و ژیان بگرین، پیویستە روانگەیەکی کراوەترمان هەبێت . کاتێک پەیوەندی دروست دەبیت، یان ئەوەی هەوڵ دەدرێت بۆ دروستکردنی پەیوەندی، کە تاک بە وردبوونەوەی لە دونیای جیاوازییەکان، بە شوێن تاڵە هاوبەشەکانەوەیە، بە دوای تێمێکی یەکەبەخشەوە (unifying theme) لە رێگای جیاوازییە فرەجەشنەکانەوە.” ناتەواو بوون و یۆنیڤێرساڵ نەبوون (Partiality and not universality) مەرجە بۆ ئەوەی گوێت لێ بگرن، ئەو کەس و گرووپانەی کە دەم لە زانستێک ئەدەن بێ ئەوەی خاوەن هەڵوێستی تایبەت بە خۆیان بن، بەهایەکی کەمتریان دەبێت.
دیالۆگ و گفتگوگۆ دەورێکی گرینگ و ژینەکی دەگێڕێت لە سەرکەوتنی ئەم روانگە مەعریفەناسانەدا، جۆرێک لە دیالۆگ کە پێشینەیەکی کۆنی هەیە لە نەریتی ئەفریقا تەوەری گفتوگۆدا، نەریتێک کە هێزی داینامیک تێیدا لە جووڵەدایە. هەرکەسەو دەرفەتێکی هەیە بۆ قسەکردن، لەگەڵ ئەوەش دەبێت گوێ بگرێت و وەڵامی قسەی کەسانیتر بداتەوە بۆ ئەوەی دەرفەتی مانەوەی پێ بدرێت لە کۆمەڵگا. بوونی ئامانجێکی هاوبەش پەرەپێدەری دیالۆگە و گرووپەکان هان دەدات کە بەرەوە بڕۆن کە جیاوازییەکانیان بێنە لاوە.
ژنانی ئەفریقایی- ئەمریکایی لە رێگای چەوسانەوەی رەگەزی، جێندەری و چینایەتییەوە بوون بە قوربانی. بەڵام بە وێنە کێشانی (portraying) ژنیکی رەش پێست تەنها وەک کەسانێکی بێ کردە و چارە رەش، کە لەبەردەم رەفتاری خراپی رەگەزی و جێندەریدایە ئەم وێنەیە لەناو دەبات کە ئەو ژنە ڕەش پێستە دەتوانێت بە شێوەیەکی چالاک دۆخی ئێمە بگۆڕیت و ببێت بە سەرچاوەی گۆڕان لە ژیانماندا. هەر بەم شێوەیە، بە وێناکێشانی ژنای ئەفریقایی- ئەمریکایی تەنها وەک قارەمانێک کە لە هەر بەرەیەکدا زۆر بە ئاسانی دژی هەر جۆرە چەوسانەوەیەک دەوەستێتەوە، ئەو تێچووە زۆرەی سەرکوت بۆ کەمترین ئاست دادەبەزێنێت و دەکرێت بەمجۆرە لێکدانەوەی بۆ بکرێت کە ژنانی رەش پێست پێویستیان بە یارمەتی نییە لەبەر ئەوەی ” ئێمە دەتوانین کاری خۆمان ئەنجام بدەین.”
ئەوەی کە بیرکردنەوەی ژنانی رەش پێست بەردەوام جەخت لە کاریگەری لەسەر یەکتر دانانی چەوسانەوەی ژنانی رەش پێست و چالاکی ژنانی رەش پێست دەکاتەوە، وا دەکات ماتریکسی دەسەڵات کاریگەری لە هێزی ئینسانی وەر بگرێت. وەها بیرکردنەوەی دونیا بە شوێنێکی دینامیک و جووڵەدار دەبینێت کە لەوێدا ئامانج تەنها مانەوە، خۆگونجاندن لەگەڵ دۆخ یان سازان لەگەڵ کێشەکان نییە. بەڵکوو دەبێت بە شوێنێک کە لەودا ئەو هەست بە بەرپرس بوون و خاوەندار بوون بکەین. بوونی بیرکردنەوەی فێمنیستی ئەفریقا تەوەر، بەو مانایەیە کە بەردەوام بژاردەیەک لە بەردەستدایە، بە هەر رادەیەکیش دۆخەکە سارد و تاریک دەرکەوێت، هێشتا هێزێک هەیە بۆ کارکردن. هەرچەند بەهێزکردنی تاک لەم بیرکردنەوەیەدا جێگایەکی تایبەت و گرینگی هەیە، بەڵام تەنها کاری بە کۆمەل دەتوانێت گۆڕانێکی کۆمەڵایەتی بەردەوام دروست بکات کە گۆڕانی دامەزراوە سیاسی و ئابوورییەکانی لێ بکەوێتەوە.
From Patricia Hill Collins, Black Feminist Thought: Knowledge, Consciousness, and the Politics of Empowerment (Boston: Unwin Hyman, 1990), pp. 221–238
[1] – لەم وەرگێڕانەدا بەرامبەر بە وشەی Knowledge لە زمانی کوردیدا (دانایی)مان هێناوە و بەرامبەر بە وشەی Science (زانست)مان هەڵبژاردووە.(و- کوردی)
[2] – لێرەدا وەک چەمک Afro کورتکراوەی (African ) ە و بەرامبەر بە Afrocentric ئەفرۆ-تەوەرمان داناوە. کە هەمان کورتکراوەی ئەفریقا تەوەرە.
[3] – لەم وەرگێڕنەدا بەرامبەر بە Knowledge وشەی (دانایی) و بەرامبەر بە Knowing وشەی (زانین) و بەرامبەر بە Science وشەی (زانست)مان بەکار هێناوە. (و- کوردی)
[4] – Other Mothers : ئەو ژنانەن کە وەک دایک دەبیندرێن، دەگیردرێن بۆ ئەوەی مناڵەکە بەخێو بکەن، ئەوان لە باری بایۆلۆجیکییەوە دایکی مناڵەکە نیین. ئەزموونێکی باوە لە ناو ژنانی ئەفرۆ- ئەمریکادا و لەو کۆمەڵگایانەدا کە پێشتر کۆیلەداری تێیاندا باو بووەو بە رەچەڵەک ئەفریقین.
[5] – Heterosexual : ئەو کەسانەی کە تەنها حەو ز و ویستیان بۆ جێندەری بەرامبەر هەیە.
[6] – مەبەست ئەو دایکانەیە کە لە لایەن دەوڵەت و حکوومەتەوە پشتگیری دەکرێن بۆ ئەوەی بتوانن بژیوی ژیانیان دابین بکەن. (و-کوردی)
بۆچوون ۲