ئەلبێر کامۆ
و: مستەفا زاهیدی
بۆچی سەرقاڵی شانۆ دەبم؟ زۆر جار ئەم پرسیارەم لە خۆم پرسیوە و تەنها وەڵامێک کە بۆ ئەم پرسیارە هەمبوە ئەوەندە سواو و کۆنە کە تووشی سەرسووڕمانتان دەکات. بۆیە سەرقاڵی شانۆم لە بەر ئەوەی جیهانی شانۆ و سەر سێنی شانۆ شوێنێکە کە من تێیدا هەست بە بەختەوەری دەکەم. ، بەڵام ئەگەر بە ویژدانەوە بڕوانین ئەم بیرکردنەوە ئەوەندەش کە دیارە کۆن و سواو نییە. هۆی ئەوەی کە دەیانهەوێ نکۆڵی لە بەختەوەر بوون بکەن بە رواڵەت ئەوەیە کە لەودا جۆرێک فێڵ و تەڵە دەبینن کە جێگای شەرمە. لەم بارەوە هەمووان هاوڕا و کۆکن! هەندێ جار هەندێ نووسراوە لە نووسینی کۆمەڵێک نووسەر دەبینین کە باس لەوە دەکەن کەسانێک وازیان لە هەموو چالاکییەکی کۆمەڵایەتی هێناوەو پەنایان بردۆتە ژیانی تایبەتی خۆیان. ئەگەر لە هەڵەدا نەبم لەم “واز هێنان” و “پەنابردن”ەدا جۆرێ سووکایەتی شاراوەیە. سووکایەتی کردنی و بە گەوج زانین، لە بەرئەوەی ئەم دوو شتە تەواوکەری یەکترن. بەڵام من زۆر کەس دەناسم کە بۆ هەڵاتن لە ژیانی تایبەتی و تاکەکەس پەنا دەبەنە بەر ژیانی کۆمەڵایەتی. کالیگۆلاکان بە زۆری کەسانێکن کە تووشی شکست هاتوون: ئەمە بەو مانایە کە ئەوانە لە سۆز و خۆشەویستی بێبەرین. لە کوێ بووم؟ بەڵێ دەربارەی بەختەوەری قسەم دەکرد. زۆر باشە. ئەمڕۆکە، وەک چۆن نابێت دان بە تاوانی کەسەکاندا بنرێت، نابێ دان بە بەختەوەریشدا بنرێت. گەمژانە، هەر لە خۆڕا، بێئەوەی لە ئەنجامی کارەکە بترسن، لە خۆڕا مەڵێن”من بەختەوەرم.” لە گەڵ ئەوەی ئەم شتەتان درکاند لە سەر لێوی بە بزەی کەسانی دەورووبەری خۆتان ، مەحکووم بوونی خۆتان دەبینن. پێت دەڵێن :” بەڕێز تۆ بەختەوەریت، بەڵام بفەرموون چی بکەین لە هەتیووەکانی کەشمیر و ئەو گولە پەراوێز خراوانەی کە بەختەوەر نین؟” بەڵێ، بەڕات دەبێ چی بکەین؟ وەک چۆن هاوڕێمان ئۆژن یۆنسکۆ دەڵێت:” چۆن دەکرێ لە شەڕی ئەم چەشنە ژیانە رزگارمان بێت؟” بێگومان دەستبەجێ خەم داتان دەگرێ.
بە هەموو ئەمانەوە من لە سەر ئەو باوەڕم دەبێت بە هێز و بەختەوەر بین بۆ ئەوەی بتوانین یارمەتی چارەڕەشەکان بدەین. ئەو چارەڕەشەی کە لە ژێر باری ژیانی خۆیدا چۆکیداداوە ناتوانێت یارمەتی کەس بدات. بە پێچەوانەوە ئەو کەسەی کە بە سەر خۆی و ژیانی خۆیدا زاڵە دەتوانێ بە تەواوی یارمەتیدەر بێت و بەڕاست یارمەتی ئەوانیتر بکات. پیاوێک دەناسم ژنەکەی خۆش نەدەویست ، لەم رووەوە زۆر نیگەران بوو. سەرەنجام رۆژێک بڕیاریدا لە رووی بەزەییەوە، ژیانیخۆی تەرخانی ژنەکەی بکات. بەڵام لەو رۆژە بەدواوە ژیان بە لای ژنەکەیەوە بوو بە شتێکی تاقەت پڕووکین و جەهەنەمی. تێدەگەن لەخۆبڕدوویی پیاوەکە بە شێوەیەکی تەواو نەبووە. ئەمڕِۆکە کەسانێکی زۆری لەم چەشنە هەن کە ژیانی خۆیان تەرخان دەکەن بۆ ئەو مرۆڤایەتییەی کە زۆر خۆشیان ناوێت. ئەم عاشقە رەزیلانە، ژیانی هاوسەرێتییان بۆ رۆژانی تاریکی ژیانە نەک رۆژە روون و هەتاوییەکان. کە وایە بە سەر سووڕمانەوە دەبینین جیهان رووخسارێکی جوانی نییە و دژوارە لەم جیهانەدا بوترێت بەختەوەرم، بەتایبەت بۆ کەسێک نووسەر بێت. بەمەشەوە من خۆم ناهێڵم بکەومە ژێر کاریگەری ئەم دۆخەوە، رێز لە بەختەوەری و بەختەوەرەکان دەگرم و هەموو کات هەوڵ دەدەم بۆ پاراستنی تەندرووستی دەروونی خۆم هەوڵ بدەم لە شوێنێک بم کە ژوانگەی بەختەوەرییە، واتە شانۆ.
بەمەشەوە بە پێچەوانەی بەختەوەرییەکانیتر، ئەمەیان ئەوە بۆ زیاتر لە 20 ساڵە لە ژیانی مندا ماوەتەوەو تەنانەت ئەگەر بشمهەوێ، ناتوانم وازی لێ بێنم. ساڵی 1936 گرووپێکی بچووکم ساز کرد و لە هوڵێکی بچووک لە شاری ئەلجەزیرەدا چەن شانۆنامەیەکم بردە سەر سێن ، لە کارەکانی مالرۆ، دۆستۆیۆفسکی و ئاشیل و هتاد. 23 ساڵ دواتر لە هۆڵی ئانتوانی پاریس توانیم شانۆنامەیەک ببەمە سەر تەختەی شانۆ کە بە پێی رۆمانی “جنۆکە لێدراوەکان”ی دۆستۆیۆفسکی دامڕشتبوو.
لەو رووەوە کە خۆشم سەرم سووڕ دەمێنێت بەم هەمووە وەفادار مانەوەم بە شانۆ، زۆر جار هۆی ئەم شتەم لە خۆم پرسییوە کە دەکرێ وەک گەورێتییەک یان وەک نوقسانییەک تەماشای بکرێت. هۆکارەکە دەکرێ بگەڕێتەوە بۆ دوو شت، یەکەمیان خوو و خەدەی خۆم و ئەوی تریان تایبەتمەندی شانۆ.
یەکەم هۆ کە زۆر بەرچاو نییە، ئەوەیە کە من بە سەرقاڵ بووم بە شانۆ لە جیهانی ماندووکەری نووسین دوور دەکەومەوەو لەو جیهانە هەڵدێم. بەر لە هەر شتێک لە نووسیندا لە شتێک هەڵدێم کە پێی دەڵێم “سەرئێشە گەمژانەکان”. گریمان ئێوە ناوتان فێرناندل یان بریژیت باردۆ یان عەلی خان یان لانیکەم پۆل ڤالێرییە. لە هەموو ئەم نموونانەدا ناوی خۆتان لە رۆژنامەکاندا دەبینن و هەر کە ناوتان بڵاو بۆوە سەرئێشەکان دەست پێدەکەن. بانگهێشت کردنی پەیتا پەیتا. دەبێ وەڵام بدەیتەوە. بەشێکی زۆر لە ژیانی ئێوە تەرخان دەبێت بەوەی کە بەر بە هەدەر چوونی کاتتان بگرن. بەم شێوە نیوەیەک لە ژیانی ئێوە تەرخان دەبێت بۆ “نا” وتن دەبێت بە شێوەی جۆراوجۆر. ئەمە کارێکی گەمژانە نییە؟ بەدڵنیایەوە گەمژانەیە. بەم شێوەیە ئێمە بە هۆی غوروورەوە لە لایەن خودی غوروور و لە خۆ رازی بوونەوە تەمبێ دەکرێین. بەمەشەوە من بەوە گەیشتووم هەمووان رێز لە کاری شانۆ دەگرن، تەنانەت ئەگەر کارێکیش بێت کە لە خۆ رازی بوون و غورووری تێدا بێت. تەنها بەسە بڵێی خەریکی پرۆڤەم، ئیتر هەموو شت بە کەیفی ئێوە دەبێت، ئەگەر هات و فێڵیشتان کرد-وەک چۆن من فێڵ دەکەم- و وتتان بە درێژایی رۆژ و بە شێک لە شەو خەریکی راهێنان و پرۆڤەم، ئەوکات خۆتان لە بەهەشتدا دەبیننەوە. لەم رووەوە شانۆ و هۆڵی شانۆ عیبادەتگەو پەرەستگەی منە. لە تەنیشت دیوارەکانی هۆڵی شانۆدا بێدەنگی و ئارامش دەبیندرێ، بێدەنگییەک جیاواز لە جیهانی توورەی دەرەوە. لە ناو ئەم پەرەستگەدا، گرووپێک لە کرێکارەکان، کە کارەکەیان کارێکی مەعنەوی و مینۆکییە، لە سەرقاڵییەکانی ئەم سەدە دابڕاون، خۆیان تەرخانی بیرکردنەوە دەکەن، ئەوان ئامانجێکیان هەیە و خۆیان بۆ رێ و رەسمێکی مەعنەوی ئامادە دەکەین کە دەبێت شەوێ بۆ یەکەم جاری ئەم رێ و رەسمە بەڕێوە بچێت.
زۆر باشە، با باس لەم پاسەوانانی مەعنەوییەتە بکەین، واتە ئەو کەسانەی کە سەرقاڵی شانۆن. پێتان سەیر نییە پێیان دەڵێم پاسەوانانی مەعنەوییەت؟ رەنگە چەند گۆڤاریکی تایبەت و پرۆفێشناڵ، نازانم کامەیان، یارمەتییتان بدەن لەم روانگەدا کە ئەو کەسانەی کاری شانۆ دەکەن کەسانێکن کە درەنگ دەخەون و زوو لە ژنەکەیان جیا دەبنەوە. بە دڵنیاییەوە بە وتنی ئەم وتەیە بێ هیواتان دەکەم ،لە بەر ئەوەی لە شانۆدا جیابوونەوە کەمترە لە رستن و چنین و کشت و کاڵ و رۆژنامە نووسی. بەڵام ئەو کاتەی لە ناو هونەرمەندەکاندا روو دەدات زۆرتر باسی لێوە دەکرێت. یانی خەڵک زیاتر دەیانهەوێ ئاگاداری ژیانی “سارا بێڕنارد” ی هونەرمەند بن ، نەک فڵانە دەوڵەمەند و خاوەن کۆمپانیا. دەکرێ لەم شتە بگەین. بەڵام شانۆ پێویستی بە جۆرێ بە هێزی جەستە و خۆڕاگرتنی دەروونی هەیە. ئەمە پیشەیەکە کە لەودا، لەش زۆر گرینگە، نە لە بەر ئەوەی کە بە شێوەیەکی شێتانە بە کاری دەبەن، یان زیاتر لە شوێنەکانیتر شێتێتییان تێدا دەبیندرێ، بەڵکوو ناچارن لەش لە چوارچێوەکەی خۆیدا راگرن، واتە رێز لە لەش بگرن. شانۆکارەکان کەسانێکن کە گەورێتییان تێدا دەبیندرێ، رەنگە بووبێت بە بەشێکی جیانەکراوەی ئەوان. ئەوەی دەمهەوێ بیڵێم ئەوەیە من گرووپێکی شانۆم زۆر زیاتر لە رووناکبیرەکان، کە هاوڕێکانی منن خۆش دەوێ، جا ئەم گرووپە گەورێتی تێدا بێت یان نە. ئەمە لە بەر ئەوە نییە کە رووناکبیران، کە خۆشویستینیان دژوارە، زۆر کەم یەکتریان خۆش دەوێ. بەڵکوو من لە ناو رووناکبیرەکاندا نازانم بۆ، وەک ئەوەی یەکێک لە یاساکانی خێڵکەم شکاندبێت، هەموو دەم جۆرێک دوورکەوتنەوە دەبینم. بە پێچەوانەوە لە شانۆدا هەموو کات هەست دەکەم کەسێکی سرووشتیم، یان بە واتایەکیتری هەست بە سرووشتی بوون یان سرووشتی نەبوون ناکەم، خۆشی و ناخۆشییەکان کارێکی هاوبەشە لە گەڵ هاوکارەکان، ئەمە بە لای منەوە یانی واتە هاوڕێیەتی و دۆستایەتی کە هەموو کات یەکێک بووە لە خۆشییەکانی ژیانی من.
کاتێک ئەم خۆشییەم لە دەست دا کە بە هاوکاری چەن هاوڕێیەک گرووپێکمان ساز کرد و رۆژنامەیەکمان دامەزران و ئەو کاتە بە دەستم هێناوە کە پەرژامە سەر شانۆ و دەستم کرد بە کاری شانۆ.
ئەمە لە بەرچاو بگرن: کاری نووسەر لە تەنهاییدایە، دادوەری کردنیش دەربارەی لە تەنهاییدایە. بە تایبەت نووسەر لە تەنهاییدا دەربارەی خۆی قەزاوەت و دادوەری دەکات و ئەمە شتێکی باش نییە، کارێکی باش نییە. ئەگەر نووسەر بە شێوەی سرووشتی گەشە بکات ، ساتێک دێتە پێش بۆی کە پێویستی بو مرۆڤەکان و کۆمەڵی مرۆڤەکان هەیە. ئەم دەربڕینە، مانای ئەوە دەدات کە نووسەر دەبێت زیاتر پێبەند بێت بە کۆمەڵێک شت. ژیانی هاوسەرێتی، کۆڕ و کۆمەڵەکان و سیاسەت. ئەم شتانەش هیچ شتێک ناگۆڕێت. دەتوانین بڵێین بەم کارانە تەنهایی ناڕەوێتەوە، چەنکە نیگەرانی نەبوونی تەنهایین. دەیانهەوێ بەشداری کۆڕ و کۆمەڵەکان بکەن و کۆنسێرڤاتیش نەبن، بە روو هێنانە سیاسەت دەیانهەوێ کاریگەر بن و کەساتی تر لە بر ئەوان بڕۆنە بەرەکانی جەنگ، بەو مەرجەی ئەو مافە بۆ نووسەران بە رەوا بزانرێت کە باش نییە ئەوان بچنە جەنگ. لێم وەرگرن ئەمڕۆکە کاری هونەرمەندەکان کارێکی ئاسان نییە.
بە هەر حاڵ، سەرجەم ئەو هاوکاری کردنانەی من پێویستم پێیەتی، هەموو ئەو پێویستی و بەرتەسکییانەی کە هەر مرۆڤێک و هەر دڵێک پێویستی پێیەتی، لە شانۆدا دەبینم. لە تەنهاییدا، هونەرمەند دەسەڵاتدارە بەڵام لە سەر کورسی خاڵی. لە شانۆدا هونەرمەند ناتوانێت دەسەڵاتدار بێت. ئەوەی دەیهەوێ ئەنجامی بدات گرێدراوەتەوە بە ئەوانیترەوە. دەرهێنەر پێویستی بە شانۆکار هەیە و شانۆکار و هونەرمەند پێویستی بە دەرهێنەر. ئەم پێویستی و هاوکاری کردنە ئەگەر بە شێوەیەکی بێ فیزانەو دوور لە غروورەوە بێت، دەبێت بە هۆی بونیاتنانی هاوڕێتییەکی رۆژانە. لێرەدا(لە سەر شانۆ) هەموومان گرێدراوینەتەوە بە یەکترەوە، بێ ئەوەی ئازادی و سەربەخۆیی خۆمان لە دەست بدەین. ئاخۆ ئەمە گەڵاڵەیەک نییە بۆ کۆمەڵگایەکی دڵخواز لە داهاتوودا؟
زۆر دوور نەکەوینەوە، هونەرمەندەکان، وەک هەر تاکێک لە هەر کۆمەڵگایەکی مرۆڤایەتی، لەوانە کرێکارەکان، هەندێ لایەنیان هەیە کە نیگەران کەرە. بەتایبەت ئەگەر هات و خەڵک زۆریان خوش بوێن. بەڵام ئەگەر ئەم لایەنە بێ هیواکەر ئەگەر بوونی ببێت، بە زۆری دوای تەواو بوونی شانۆکە روو دەدات، بە هەمان ئەو باوەڕەوە دەڵێن کە شکەست، گرووپەکانی شانۆ لە ناو دەبات و سەرکەوتن بەرزیان دەکاتەوە. هەر چەن ئەمە شتێکی راست و درووست نییە. ئەوەی دەبێ بە هۆی لە ناو چوونی گرووپەکان کۆتایی هاتن بەو هیوایە کە لە کاتی پرۆڤەدا کۆیان دەکاتەوە. لە بەر ئەوەی گرووپێکی شانۆ پێکەوە کۆ دەکاتەوە نزیک بوونی ئامانجەکانە و ئەوەی کە هەر کەسێکی گرووپەکە ئامادەیە لە خۆبردوویی بکات. حیزب و بزووتنەوەو کۆمەڵە ئاینییەکانیش کەسەکان کۆ دەکاتەوە، بەڵام ئاماندی ئەمانە لە شەوی دواتردا تەواو دەبێت و لە ناو دەچێت. بە پێچەوانەوە لە شانۆدا، بەرهەمی کار، تاڵ یان شیرین، لە شەوێکدا دەچنرێتەوە و کۆ دەکرێتەوە، کە زۆر پێشتر دیاری کراوە، کار کردنی هەر رۆژێکیش ئەو شەوە نزیک دەکاتەوە. رووداوێکی هاوبەش، مەترسی کردنێک کە هەمووان دەیزانن و کۆمەڵێک ژن و پیاو دەخولقێنێت کە هەمووان لە یەک ئامانج دەگەن و هیچ شتێک نییە لەو شەوە جوانتر بیت کە هەمووان چاوەڕێی بوون و سەرەنجام ئەو کاتە دیاری کراو و بەڵێندراوە دەگات.
گرووپی ئەو بیناساز و شێوەکارانەی کە لە سەردەمی رێنسانسدا بە کۆمەڵ کاریان دەکرد، دەبێت خۆشی و ئەو کەسانەیان ناسیبێت کە خەریکی کاری شانۆن. بەڵام دەبێ ئەوە بڵێین کە بیناکان دەمێننەوە، لە حاڵێکدا شانۆ شتێکێە زوو تەواو دەبێت، لەم روەوە خۆشەویست بوونی دەرهێنەر دەمێنێتەوە کە ئەویش دەبێت رۆژێک بمرێت.
من تەنها لە وەرزشە بە کۆمەڵەکان، لە سەردەمی گەنجیدا، ئەم هەستی هیز و هیوایەم بینییوە کە لە کاتی پرۆڤەدا هەیە. ئەوەی راستی بێت ئەو خوو و خەدەی کە من هەمە لە کاتی یاری دووگۆڵی و لە کاتی پرۆڤەی شانۆدا کە لە راستییدا دوو زانکۆی گەورەن بۆ من کە زۆر شتیان لێ فێر بووم.
بەڵام لە بەر ئەوەی دەمهەوێ باس لە ئەزموونی تاکەکەسی خۆم بکەم دەبێ ، دەبێ ئەوەش بڵێم کە شانۆ بوو بە هۆی ئەوەی لە کۆمەڵگا دوور نەکەومەوە کە زۆر جار وەک مەترسییەک رێ بە نووسەرەکان دەگرێت. وەک چۆن لە کاتی رۆژنامەنووسیدا ، کاری چنینی لاپەڕەکان لە چاپخانەم پێ باشتر بوو لە نووسینی ئەو ئامۆژگارییانەی پێ دەڵێن سەروتار، لە شانۆشدا حەز دەکەم بەرهەم لە ناو کۆمەڵێ شپرزی دیکۆر و شتەکاندا رەگ داکوتیت. نازانم کێ وتوویەتی دەرهێنەر باش ئەو کەسە کێشی دیکۆرەکانی بە دەستی خۆی تاقی کردبێتەوە. ئەمە یاسایەکی گرنگە لە هونەردا. من پیشەیەکم خۆش دەوێت کە لە گەڵ ناسینی زەینی مرۆڤەکانی شانۆکەدا، جێگای فڵانە چرا و فڵانە گوڵدان، زبر بوونی فڵانە قوماش و قورسی فیسارە سندووق تاقی کەمەوە. ئەو کاتەی “جنۆکە لێدراوەکان”ی دۆستۆیۆفسکیم پیشان دەدات، لە گەڵ دیکۆراتۆرەکەدا رێکەوتین کە دەبێ دیکۆری راستەقینە درووست بکرێت بۆ ئەوەی شانۆکە هێدی هێدی بەرەو قوناغێکی سەرتر بڕوات کە زۆر کەمتر رەگی لە ماددەدا هەیەو دیکۆرەکە دەبێت سووک بێت. بەم شێوەیە شانۆکە بە شێوەیەکی ناواقعی بوون و ناڕاست بوون کۆتایی دەهات کە خۆی بەشێک بوو لە واقع. ئاخۆ ئەمە پێناسەی هونەر نییە؟ نەک واقعی تەواو، نە خەیاڵ و فەنتازیای تەواو، بەڵکوو فەنتازیایەک لە سەر بنەمای واقع.
ئەمانە ئەو هۆکارانەن کە وا دەکەن روو بهێنمە شانۆ و لەو میوانیانە خۆم دوور بگرم کە دەبن بە هۆی هەدەر چوونی کاتم. ئەمانە هۆکارەکانی منن وەک تاکێک لە مرۆڤایەتی. بەڵام وەک هونەرمەند کۆمەڵێک هۆکاری ترەم هەیە کە جیاوازن لەم هۆکارانە.