وتاری وەرگێڕان

بۆچی بە تاوان زانینی دەستدرێژی سێکسی لە پەیوەندی هاوسەرێتیدا دژوارە؟

ن: نەنسی لێڤیت، رابێرت ڤێرچێک

نەنسی لێڤیت، رابێرت ڤێرچێک

لە فارسییەوە: مستەفا زاهیدی

 

لە ئەمریکای باکوور وەک بەشێکی زۆر لە وڵاتانی دونیا تا ساڵانێکی زۆر خودی ژنەکان بە تاوانبار دەزانران ئەگەر دەستدرێژی سێکسی ئەکرایە سەریان و ئارگۆمێنتە باوەکەش ئەوە دەی ئەوە ژنەکە بە نازکردن و جۆری هەڵسووکەوتی بووە بە هۆی رووژوان و هەڵخڕاندنی هەستی پیاوەکە و دەستدرێژی کردۆتە سەری. بەلام ئەم روانگەیە سەرەنجام گۆڕا، دەستدرێژی سێکسی وەک تاوان ناسرا و دەستدرێژیکەر لە لایەن یاساوە لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کرا و سزای بۆ بڕایەوە.

لە کۆمەڵگایەکدا کە بە شێوەی نەریتی ژنی وەک ” هەڵخەڵەتێنەر” ناو دەبرد، چی ڕوویدا کە بوو بە هۆی ئەوەی دەستدرێژی سێکسی وەک تاوان بناسریت؟ ئەم رەوتی بە تاوان ناسینە چ پەیوەندییەکی هەیە لەگەڵ باوەڕە زاڵەکانی کۆمەڵگا؟ ئاخۆ ئەکرێ هیوادار بین بەوەی دانان و جێگیرکردنی ئەم یاسایانە بۆ سزادانی دەستدرێژیکەرەکان ببێت بە هۆی گۆڕانی باوەڕە باوە دژە ژنەکان دەربارەی پرسی دەستدرێژی سێکسی؟

نانسی لێڤیت (Nancy Levit) مامۆستای بەشی یاسای زانکۆی میزۆری (Missouri University ) و رۆبیرت ڤێرچیک (Robert   RM Verchick مامۆستای بەشی یاسای زانکۆی لۆیۆلا (Loyola University) لە کالیفۆڕنیا، لە بەشێک لە کتێبی تیۆری یاسایی فێمنیستی (Feminist legal theory )  پەرژانەتە سەر بابەتی گۆڕینی یاساکانی ئەمریکا دەربارەی توندووتیژی و بە تایبەت دەستدرێژی سێکسی.

لەم چەند دەیەی دواییدا ئازاردانی سێکسی بەتاوان ناسێندرا و وەک تاوان باسی لێکرا، بەڵام لێڤیت و ڤێرچیک باس لەوە ئەکەن تەنانەت لە وڵاتانێکی وەک ئەمریکا باکوور کە بانگەشەی ئەوە ئەکەن پارێزگاری لە ژنان ئەکەن لە بەرامبەر دەستدرێژی سێکسیدا، هێشتا کەلێن و شەقڵێکی گەورە هەیە لە نێوان توندووتیژی و ئەو سزایەی کە بۆی دیاری کراوە و لە راستییدا ئەو سزایەی دیاریکراوە لە چاو ئەو سزایە زۆر کەمە. ئەم دوو لێکۆڵەرە بە تاوتوێکردنی ڕەوتی گۆڕانی یاساکانی تایبەت بە ئازاری سێکسی ئەوە ئەخەنەڕوو کە گۆڕان و چاکسازی لە یاساکانی تاوانەکاندا پەیوەندییەکی نزیکی هەیە لەگەڵ کەلتووری زاڵ و بیروباوەڕە باوەکانی خەڵک.

 

 

بیروباوەڕە باوی سێکسیتی لەپەیوەند لەگەڵ دەستدرێژی سێکسی

هەموومان ئەو باوەڕ و تێڕوانینە باو و نادروستانەی دەربارەی دەستدرێژی سێکسی هەن دەناسین و ئاشنان بۆمان. ئەو پیاوانەی ئاگاداری ئامۆژە گشتییەکانی فێمنیسم نین و فێری نەبوون، هێشتا لەوە تێنەگەیشتوون ” نا، واتە نا” و ” نا” وتنی ژنان بە هەند وەرناگرن. هەندێک هێشتا لەسەر ئەو باوەڕەن ئەو دەمەی ژنێک ئەڵێت “نا” مەبەستی ” بەڵێ”یە و رازییە.

 

 

زۆرن ئەوانەی هێشتا لایان وایە ئەگەر ژنەکان جلێکی وا بکەنە بەریان کە جەستەیان دەربکەویت، بچنە باڕەکان و نادییە شەوانەکان، یان ئەگەر تەنها لە سەر شەقامێک پیاسە بکەن، ئەمە بەو مانایە حەز ئەکەن پەیوەندی سێکسیان ببێت لەگەڵ هەر کەسێکدا کە دەست بدات و کێشەیەک نییە دەستیان بۆ ببریت. هەندێ لەسەر ئەو باوەڕەن ئەگەر هاتوو ژنێک بۆ دیدار چووە ماڵی پیاوێک، دەیهەوێت پەیوەندی سێکسی لەگەڵی هەبێت.

هەن کەسانێک کە وا بیر ئەکەنەوە ئەگەر ژنێک جارێک پەیوەندی سێکسی لەگەڵیان هەبوو، بۆ ئەوەی دووبارە بێتەوە پێویست ناکات پیاوەکە رەزامەندی ژنە وەربگرێت. تەنانەت هەن کەسانێک زۆر زیاتر لەوانە بیر ئەکەنەوەو لایان وایە ئەگەر ژنێک بوو بە هۆی بزواندنی هەستی پیاوێک، بۆ ئەوە دەشێ دەستدرێژی بکرێتە سەر. ئەمانە ژمارەیەکن لەو باوەڕە نادروست و هەڵە و دژە ژنانەی کە لە پرسی پەیوەندیدار بە دەستدرێژی سێکسدا بوونیان هەیە.

کۆمەڵێک کەس بە پشت بەستن بەم باوەڕە نادروست و هەڵانە پاساو بۆ دەستدرێژی سێکسی دەهێننەوەو هەندێکیتر گرینگی بابەتی دەستدرێژی سێکسی لە بنەڕەتەوە ئەبەنە ژێر پرسیارەوەو ئەوە رەت ئەکەنەوە تووندووتیژییەک لە دەستدرێژی سێکسیدا بوونی ببێت. دەربارەی چییەتی و پێناسەی دەستدرێژیش قسە زۆرە بۆ وتن، بەلای زۆر کەسەوە ئەوە پێوەر نییە ژن خۆی ڕازی نەبووە بە پەیوەندی سێکسی بۆ ئەوەی ئەو تێکەڵبوونە بە ” دەستدرێژی “پێناسە بکەن.

هەرچەند ئەمجۆرە باوەڕانە قووڵ و بەربڵاون، بەڵام بەڵگە ئەزموونکراوەکان ئەو جۆرە باوەڕانە رەت ئەکەنەوەو بە نادروستی ئەزانن. بۆ وێنە؛ ئامار و زانیارییەکان ئەوە ئەخەنەڕوو نزیک بە ٨٠ لەسەدی ئەو ژنانەی دەستدرێژی سێکسی کراوەتە سەریان، ئەو ژنانەبوون کە بە پێی ئەم باوەڕ باو و نەریتیانە بە “ژنانی خۆشناو” ناویان دەرکردبوو.  هەندێ لێکۆڵینەوەیتر ئەوە ئەخەنەڕوو تەنها ٤ لەسەدی ئەو کەسانەی دەستدرێژی سێکسی کراوەتە سەریان، بەهۆی ئەوەوە بووە کە جۆری ئاکار و رەفتاریان بەرامبەریان ورووژاندووە، ئەو ئاکارەش تەنها جۆرێک ” ژێست” یان ” دەرکەوتنێکی سادە” بووە و شتێکی ئەوتۆ نەبووە.

کاریگەری باوەڕە دژە ژنەکان تەنها سنووردار ناکرێتەوە بە پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و کەلتوورییەکانەوە. یاسای وڵاتەکان دەرکەوتەی کەلتوور و مێژووەکەیانە و لە بەشێکی زۆر لە وڵاتان بەشێکی زۆر لەم باوەڕانە لە کەلتوور و مێژووەوە، گوازراونەتەوە بۆ ناو یاسا و یاسای تاوانەکان کە پەیوەندییان بە دەستدرێژی سێکسییەوە هەیە لەسەر ئەم بنەمایە داڕێژراون. لەوانە ئەکرێت  بە تاوان زانینی( رەوتی بەتاوان زانینی دەستدرێژی و بە تاونبار ناسینی کەسی دەستدرێژیکەر) دەستدرێژی سێکسی لە ئەمریکای باکوور وەک نموونە بهێنینەوە.

یاساکانی تاوانی ئەمریکا رەگیان لە کەلتووری ئانگلۆ- ئەمریکایی دا هەیە، کە کەلتووری خەڵکی ئینگلیزی زمانی ئەمریکایە و رەگەکانی ئەم کەلتوورە ئەگەڕێتەوە بۆ ئینگلتەرا. لە کەلتووری ئەنگلۆ- ئەمریکاییدا، بە شێوەی نەریتی و مێژوویی، ژن سەرەتا وەک سەرمایەی باوک و دواتر وەک سەرمایەی مێرد و هاوسەر دەناسرێت. لەم ڕووەوە، دەستدرێژی سێکسی لەبری ئەوەی وەک ئەوە بناسرێت کە مافە تاکەکەسییەکانی ژن پێشێل ئەکرێت، وەک دەستدرێژی بۆ مافی خاوەندارێتی پیاو دێتە ئەژمار.

 

بە پێی باوەڕە نەریتییەکانی ئانگلۆ- ئەمریکایی، ئەگەر ژنێک پێش ئەوەی مێرد بکات دەستدرێژی سێکسی بکرێتە سەری، ئەو دەرفەتە لە دەست ئەدات بەوەی ژیانی هاوسەرێتی پێک بهێنێت، لەبەر ئەوەی ئیتر ئەو هەلە لە دەستچووە کە بچێتە بازنەی خاوەندارێتی پیاوێکەوەو پیاوێک ئەو بخوازێت.

ئەتوانین بیر لەوە بکەینەوە بە وەها بیرکردنەوەیەکە، ئەگەر ژنێک لە لایەن مێردەکەیەوە دەستدرێژی سێکسی دەکرایە سەری، نەیدەتوانی سکاڵای لەسەر تۆمار بکات، لەبەر ئەوەی لەڕاستیدا دەستدرێژی سێکسی لە پەیوەندی ژن و مێردایەتی بە  دەستدرێژی نەدەزانرا و لای یاسا مانایەکی نەبوو. ژن وەک بەشێک لە سەرمایەی پیاو هەموو کات ئەبی ئامادە بێت ملکەچ بێت بە حەزە سێکسییەکانی پیاوەکەی و نیازەکەی دابین بکات.

ئەوەی کە ژن وەک بەشێک لە مڵکی پیاوەکانی دەورووبەری خۆی بزانرێت و لە لایەن پیاوەوە خاوەندارێتی بکرێت، کاریگەری زۆری بووە لە سەر یاساکانی ئەمریکا، بەڵام کێشەی ئەمریکای باکوور تەنها لە کەلتووری ئانگلۆ- ئەمریکاییەوە سەرچاوە ناگرێت. کەلتوورەکانیتریش کاریگەرییان بووە لە سەر رەوتی بەتاوان زانینی دەستدرێژی سێکسی لە ئەمریکا.

بۆ وێنە لە دۆسیەیەکی دادگای کالیفۆڕنیادا، پیاوێکی همۆنگ ( یەکێک لە خێڵە رەسەنەکانی باکووری رۆژهەڵاتی ئاسیا) کە تاوانبار کرابوو بە دەستدرێژی، باسی لەوە کرد دەستدرێژی نەکردووە، لەبەر ئەوەی ئەو ژنەی دەستدرێژی کرابووە سەری هەڵسووکەوت و ئاکارەکانی هاوشێوەی ” ئاکار و هەڵسووکەوتی ژنان بووە لە کاتی جێبەجێکردنی نەریتەکانی هاوسەرگیریدا” و تۆمەتبار تەنها بەو شێوەی لە نەریتی ئەواندا هەیە لە ژنە نزیک بۆتەوەو پەیوەندییەکی نەریتیانەی بووە لەگەڵی.

لە دۆسیەیەکیتردا، پیاوێکی کۆچبەری بە رەگەز چینی لە دادگا دانی بەوەدا نا لەبەر ئەوەی گومانی کردووە ژنەکەی خیانەتی لێ ئەکات بە چەکوش لێیداوەو برینداری کردووە، بەڵام لە کاتی بەرگریکردن لە خۆی باسی لەوە کرد، لە راستییدا بە نەرمی لەگەڵ ژنەکە هەڵسووکەوتی کردووەو بەزەیی پێیدا هاتۆتەوە، لەبەر ئەوەی لە گوندەکەی ئەوان سزای خیانەتکردن مەرگە.

پرسیاری سەرەکی ئەمەیە لە وڵاتێکی فرەکەلتووری وەک ئەمریکا، ئاخۆ دادگا ئەبێ یاسای کەلتوورە جیاوازەکان لەبەرچاو بگرێت؟ ئاخۆ لەبەرچاو گرتنی رەگە کەلتووری و داب و نەریتییەکانی توندووتیژی لە بەختی قوربانییەکاندایە؟ ئاخۆ لەبەرچاو گرتنی ئەم شتانە زیانی زیاتری بۆ قوربانییەکانی دەستدرێژی و ئازاری سێکسی لێ ناکەوێتەوە؟

 

 

 

 

 

 

دەستدرێژی سێکسی لە ژینگەی پارێزراودا

جگە لەوەی یاساکانی تایبەت بە سزادانی کەسی دەستدرێژیکار رەگێکی قووڵیان هەیە لە باوەڕە کەلتووری و نەریتییەکاندا، بەشێکی زۆر لەم یاسایانە لە بەرامبەر دەستدرێژی کردنی کەسانی نەناسراودا کاریان پێ دەکرێت و بەکار دەبرێن، لە حاڵێکدا لە هەر ١٠ کەس کە دەستدرێژی ئەکرێتە سەریان، ٨ کەسیان لە لایەن کەسانی نزیک، دۆست، ئاشنا و یان خزمەکانەوە دەستدرێژی ئەکرێتە سەریان. هەڵبەت بە پێی یاسا ئەگەر ناسراوێک دەستدرێژی بکات کارەکەی بە دەستدرێژی کردن دەناسرێت، بەڵام لێکۆڵێنەوەکان ئەوە ئەخەنە روو ئەگەر ئەوەی کەسی نەناسراو سزا بدرێت لە لایەن دادگاوە چوار بەرامبەری کەسانیترە.

لە سەدەی ١٩ بەم لاوە، فێمنیستەکان هەموو هەوڵیان ئەوەیە یاسای پەیوەندیدار بە دەستدرێژی و ئازاری سێکسی بگۆڕن، بەڵام هەوڵەکانیان بۆ بەتاوان زانینی دەستدرێژی سێکسی لە لایەن کەسانی نزیک و ناسراوەکانەوە رووبەڕووی ئاستەنگی زۆر زیاتر بۆتەوە. جگە لەمە، یەکێک لە کێشەکان ئەوە بووە کاتێک دەستدرێژیکار کەسی نزیک بێت،  ئەو ژنەی دەستدرێژی کراوەتە سەری زۆر کەمتر سکاڵا ئەکات.

ئەم بابەتە لە پەیوەند لەگەڵ دەستدرێژی سێکسی لە داخلی و شوێنی مانەوەی خوێندکاران لە زانکۆکانیشدا هەر بەو شێوەیە. بە پێی ئامارەکان زۆرن ئەوانەی لە لایەن هاوڕێ و هاوپۆلە نزیکەکانیانەوە لە داخلی و شوێنی مانەوەدا دەستدرێژی ئەکرێتە سەریان، بەڵام ژمارەیەکی کەم لەوانەی دەستدرێژی ئەکرێتە سەریان پۆلیس ئاگادار ئەکەنەوە.

 

 توندووتیژی سێکسی لە پەیوەندی سۆزداریدا

یەکێکیتر لە شتانەی لە دەستدرێژی و توندووتیژی سێکسیدا بۆ دادگاکان قورسە بڕیاری لە سەر بدەن و کێشە دروست ئەکات و زۆرجار بێ لایەنانەو دادپەروەرانە بڕیاری لە سەر نادەن، دەستدرێژی سێکسییە لە لایەن ئەو کەسەوەی کە هاوژین و خۆشەویستی ژنەکەیە. جۆرێک بیرکردنەوەی هەڵە بوونی هەیە بەوەی کە پەیوەندی سۆزداری لەگەڵ هاوبەشی سێکسیدا هەمووکات ڕەزامەندی دوو لایەنی لەسەرە. لە حاڵێکدا پەیوەندی سۆزداری و سێکسی لەگەڵ هاوبەشی سۆزداریش ئەکرێت ئازاری سێکسی و دەستدرێژی سێکسی لێ بکەوێتەوە. لێرەشدا خاڵی گرینگ ئەوەیە کە زۆربەی جارەکان ئازار و توندووتیژی سیکسی هاوبەشی سۆزداری ناگاتە بنکەکانی پۆلیس و دادگاو بێدەنگەی لەسەر ئەکرێت.

جگە لەوەی دەستدرێژی سێکسی لە لایەن هاوژین و کەسانی ئاشناوە بێدەنگەی لێدەکرێت، دادوەرەکان دەستەی سوێندخۆرانیش تێگەیشتنی دروستیان نییە بۆ دۆسییەکانی تایبەت بە دەستدرێژی خێزانی ئەوەی کە بۆچی ئەگەر ژنێک لە لایەن کەسانی نزیکەوە دەستدرێژی سێکسی ئەکرێتە سەری، دەستبەرداری ئەو پەیوەندییە نابن و بەجێی ناهێڵن. ئەم دادوەرانە لایان وایە ئەگەر ژنێک لەم پەیوەندییەدا ماوەتەوە رەنگە بۆ ئەوە بێت حەزی لێ بووە، کەوایە خۆی بەرپرسی دەرئەنجامەکەیەتی.

ژمارەیەکی زۆر لە ژنەکان دەتوانن لە هاوبەش یان هاوسەرە دەستدرێژکارەکانیان جیا ببنەوەو دوای سکاڵا کردن لە سەر ئەوەی دەستدرێژی کراوەتە سەریان ، داوای پەناگە بکەن و بە تۆمارکردنی سکاڵا، چاوەڕێی سزای یاسایی بن. بەڵام هەر ئەم ژنانە زۆرجار دوای ماوەیەک زۆر سکاڵا ئەکەن لەسەر ئەوەی توندووتیژی کراوە بەرامبەریان و زۆرجار ئەم سکاڵا کردنەش دوای ئەوە دێت کە ساڵانێکی زۆر بەرگەی ئاکار و هەڵسووکەوتی تونووتیژی بەرامبەرەکەیان بوون.

زۆرن ئەو هۆکارانەی وا ئەکەن ئەو ژنەی ئازار ئەدرێت و توندووتیژی ئەکەن بەرامبەری لە پەیوەندیدا بمێنێتەوە لەگەڵ ئەوکەسەی توندووتیژە بەرامبەری. ژمارەیەکی زۆر لە ژنەکان لەبەر ئەوەی پیشەیەکی بەردەوام، پەناگە و شوێنی ژیان یان پشتیوانی ماڵی و ئابوورییان نییە، لەو پەیوەندییەدا ئەمێننەوە. ئەم ژنانە شوێنێکیتریان نییە بۆ مانەوە، لە نێوان ژیان لە شەڵتەرەکانی پارێزەری ژنان و مانەوە لەو جۆرە ژیانەی کە بەردەوام ئازاریان ئەدات، بڕیاری ئەدەن دووهەمییەکە هەڵبژێرن.

هەندێ لە ژنەکان لەبەر ئەوەی بە درێژایی ساڵانێکی زۆر ئازار دراون، لە باری دەروونی و سۆزدارییەوە توانای بڕیاردانیان نییە بەوەی جیا ببنەوە. هەندێ لە ژنەکان بە هۆی باوەڕە نەریتییەکان و تابۆ بوونی جیابوونەوەو تەڵاقەوە، هەندێکیتر لە بەر ئەوەی مناڵیان هەیە جیا نابنەوەو دەستبەرداری ئەو پەیوەندییە نابن کە تێیدا لە باری سێکسییەوە ئازار دەبینن و دەستدرێژی ئەکرێتە سەریان. توانایی خۆ گونجاندن لەگەڵ ئەو ژینگەیەی کە توندووتیژی تێدا ئەکرێت و خوو گرتن بەوەی وەک قوربانی دەربکەوێت یەکێکیتر لە هۆکارەکانە بەوەی ژنان دەستبەرداری ئەو پەیوەندییەیان نەبن و لەو پەیوەندییەدا بمێننەوە. بەڵام گرینگتر لە هەموان، رەوتی سەلماندنی پەیوەندی تووندووتیژئامێز لە لایەن هاوژین و شەریکی ژیانەوەیە و زۆرجار لە باری سۆزداری، دەروونی و کۆمەڵایەتییەوە رەوتێکی قورس وماندووکەرە.

بەداخەوە بیروباوەڕە باوەکانی ناوخەڵک، باوەڕە کەلتوور و ئایینیەکان کە لە یاسادا جێکراونتەوەو بۆ وەستانەوەو نەهێشتنی دەستدرێژی کاریگەری خەراپیان بەجێ هێشتووە. بۆ وێنە؛ بە پێی باوەڕی باو، ئەو کەسانەی بوون دەستدرێژی کراوەتە سەریان و قوربانین متمانەیان پێ ناکرێت و پیاوەکان هەڵئەخڵەتێنن و فریوان ئەدەن. ئەم باوەڕە نەنووسراوانە، لە سیستەمی دادوەریشدا زاڵە و دادگاکان ناچار دەکات داوای هەندێ لە بەڵگەی تایبەت بکەن بۆ سەلماندنی ئەوەی دەستدرێژی سێکسی کراوەتە سەریان و بۆ سەلماندنی تاوانەکە.

هەروەها دادوەرە گشتییەکان تێگەیشتنی دروستیان لە چوارچێوەو ئەو دۆخەی کە دەستدرێژی تێدا کراوە نییە. بۆ وێنە چاوەڕوانی ئەوەیان هەیە قوربانی شاهیدێک بهێنێتە دادگا ( لە حاڵێکدا لە پرسی تایبەت بە دەستدرێژی سێکسیدا بە دەگمەن روو ئەدات کە شاهید بوونی ببیت) یان ئەوەی بەڵگەیەک بخەنە ڕوو بەوەی کە دەستدرێژی کراوەتە سەریان. لە دەیەی ١٩٩٠ بە دواوە لەو دادگایانەی کە پرسی تایبەت بە دەستدرێژی سێکسی تاوتوێ ئەکەن، ئیتر هێنانی شاهید وەک پێویستییەک نازانن. بەڵام لە زۆربەی زۆری ویلایەتەکانی ئەمریکا، دادوەرەکان بۆیان هەیە دەستەی سوێندخۆران ئاگادار بکەنەوە کە لە بڕیارەکانیاندا وریا بن و بە پارێزەوە بڕیار بدەن؛ لەبەر ئەوەی دەستدرێژی تۆمەتێکە زۆر ئاسان دێتەگۆڕ بەڵام سەلماندنی دژوار و قورسە.

هەروەها بیروباوەڕ، ئایین و نەریت کاریگەرییان هەیە لەسەر ئەو یاسایانەی تایبەت بە بنەماڵە دەرئەکرێن. لە حاڵێکدا ژمارەیەکی زۆر لە چالاکانی مافی ژنان هەوڵیان هەیە نۆرمە باوە کۆمەڵایەتییەکان بگۆڕن و یاسا و رێکارە یاساییەکان ببەنە ژێر پرسیارەوەو رەخنەیان لێبگرن، بەڵام هێشتا سەرکەوتوو نەبوون لە نەهێشتنی ئەو یاسایانەی کێشەیان لێ ئەکەوێتەوەوه هەر بەم بۆنەوە نەیانتوانیوە ئەو ئاکار و هەڵسووکەوتانە نەهێڵن یان کەمیان بکەنەوە کە دەبن بە هۆی توندووتیژی بەرامبەر بە ژنان.

ئەم چالاکانە هەوڵیان ئەوەیە لانیکەمی پەروەردەی پێویست بخەنە بەردەست ئەو ژن و پیاوانەی کە دەبنە قوربانی پەیوەندی ئازاردەر و توندووتیژ. فێمنیستەکان زۆر گرینگی بە پەروەردە ئەدەن و هۆکاری بەشیکی زۆر لە ئاکارە توندووتیژ و ئازاردەرەکان بۆ نەبوونی پەروەردە و زانیاری ئەگەڕێننەوە؛ وەک ئەو پیاوە همۆنگی یان چینییەی کە ئاکار و هەڵسووکەوتیان لە کەلتووری خێڵەکەی خۆیاندا پەسەندکراوە بەڵام لە راستییدا ئاکارێکی توندووتیژەو دەستدرێژی سێکسییە.

 

 

ئەم بابەتە کورتکراوەی راپۆرتێکە لەم سەرچاوەوە وەرگیراوە:

Levit, Nancy, and Robert RM Verchick. “Sex and Violence”, in Feminist Legal Theory: A Primer. New York University Press, 2016.

 

سەرچاوە:

https://www.aasoo.org/fa/articles/4757

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button