چیرۆکی وەرگێڕان

بۆرخس و من

خورخە لۆئیس بۆرخس

ئەوەی روو ئەدا بۆ ئەوپیاوەی تر، بۆ بۆرخس ، روو ئەدا. لە شەقامەكانی بۆئینس ئایرێس دا پیاسە دەكەم، هەندێ‌ جار – رەنگە لە رووی عادەتەوە بێ- دەوستم و چاو لە سەر تاقی دەرگایەكی كۆن یان دەرگایەكی ئاسنین دەكەم، لە رێگەی نامەكانەوە ئاگاداری حاڵی بۆرخس و ناوی لە خشتەی لێژنەی  مامۆستاكانی زانكۆ یان لە ژیاننامەی شاعیراندا دەبینم. زۆرم حەز لە سەعاتە كۆنە لمییەكان، نەخشەی جوگرافیا، كتێبە كۆنەكانی سەدەی هەژدە، رەگی وشەكان، بۆنی قاوەو نەسری ستڤێنسە، ئەوەی پیاوەی تر ، شەریكە لەم حەزانەدا. بەڵام بە شێوەیەكی فریوكارانە وەك ئاكارێكی رواڵەتی تەماشایان دەكات. ئەگەر بڵێم پێكەوە ناكۆكین زێدە رۆییم كردووە، دەژیم و دەهێڵم بژێت بۆ ئەوەی بۆرخس شیعر و ئەفسانەكانی بهۆنێتەوە، ئەم شیعرو ئەفسانانە هۆی بوونی منن.  بەلامەوە دژوار نییە كە بڵێم ئەو (بۆرخس) توانیویەتی چەند لاپەڕەیەكی بەهادار بنووسێت، بەڵام ئەم لاپەڕانە ناتوانن رزگارم كەن. رەنگە لە بەر ئەوەی كە ئەوەی چاكە ئیتر مڵكی تاكێك نییە- تەنانەت هی ئەو پیاوەی تریش نییە- بەڵكوو پەیوەستە بە زمان  و نەریتەوە. بە هەرحاڵ چارەنووسی من ئەوەیە كوت و پڕ و بۆ هەمیشە لە ناو بچم و تەنها چەند ساتێك لە من لەو پیاوەدا زیندوو بمێنێتەوە. وردە وردە هەموو شتێكم پێ سپاردووە، هەر چەند چەند بەڵگەیەكم بە دەستەوەیە ئەو خووی بەوە گرتووە زێدە ڕۆیی و ساختەكاری بكات. سپینۆزا لە سەر ئەو باوەڕەیە بەرەو ئاراستەی خۆ بوون دەچن، بەرد دەیەوێ‌ ببێ بە بەرد و پڵنگ دەیەوێ‌ پڵنگ بێت . من لە بۆرخس دا دەمێنمەوە نەك لە خۆمدا(ئەگەر كەسێك بم) ، بەڵام زیاتر خۆم لە كتێبەكانی مناڵان یان كۆك كردنی دژواری گیتارێكدا دەبینمەوە نەك لە كتێبەكانی ئەودا. ساڵانێك لەمەو بەر خۆمی لێ رزگار كەم. لە ئوستوورەی گەڕەكە هەژار نشینەكانی خوارەوەی شارەوە رووم هێنامە كایە لە گەڵ كات و ئەبەدیەت. بەڵام ئەو یاریانە ئێستا بەشێكن لە بوونی بۆرخس و من ئەبێ كۆمەڵێ شتی بدۆزمەوە. بەم شێوەیە هەموو ژیانی من هەڵهاتنە و هەموو شتێك لە دەست ئەدەم، هەموو شتێك لە بیر دەكەم یان دەیسپێرم بەوی تر.
ئێستا دوودڵم نازانم، منم یان ئەو، ئەم لاپەڕەیە دەنووسێتەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button