نەمدەزانی چەند رۆژە لە ژووری تاکەکەسی زینداندام، زیاتر بیرم لە ئەشکەنجە دەکردەوە نەک گوزەری زەمان و رۆژ، هەرچەند زۆر بە ئارامی و بێزارکەر دەگوزەرا.
زیاتر لە دوو کاتژمێرە چاوەڕێم، هەست ئەکەم ئاگام لە تێپەڕینی کات نییە و پەیوەندییم لە گەڵ دونیای دەرەوە لە دەستداوە، بێ ئەوەی بزانم چی روویداوە. زۆربەی کات لە خۆم دەپرسم :” بۆ ئەوەندە دەیخەنە دواوە؟ بۆچی ئەشکەنجەدان دەست پێ ناکەن؟”
هەست دەکەم ماشێنەکە وەستاوە. درگاکە دەکرێتەوە. نازانم کێ تووڕە دەبێت و فەرمان دەدات:
- وەرە خوارەوە!
لام وایە :” حەتمەن بەر لە ئەشکەنجەدان ئەم کارانە دەکەن.”
خۆم ماتڵ دەکەم. جارێکیتربە سەرما دەقیژێنی و تووڕە ئەبێت:
- پێم وتی وەرە خوارەوە.
- دەپەڕێمە خوارەوە. لەرز کەوتۆتە گیانم. سەرم بە گێژەوە دێت و ئەمە دەبیت بە هۆی ئەوەی هاوسەنگی خۆم لەدەست بدەم. هەست دەکەم قورس بووم. شنە بای شەوانە لەرز بە گیانما دێنێت. هەست دەکەم لە دواواوە پاڵم پێوە دەنێن. ماشێنەکە دەکەوێتە ڕێ. بەرەو پێشەوە. خەریکبوو بکەوم بە دەما. دەنگی درگاکە دەبیستم کە توند دادەخرێت.
جێگایەکی دوورەدەست و کراوە. نیشانەکانی دەوڵەمەندی و هەژاری تێکەڵی یەک بوون. بڵێی ئەم شارە کوێ بێت و کەوتبێتە کوێوە؟ گومانم نییە بەشی باکوورە. بۆچی منیان گواستۆتەوە بۆ شارێکیتر. دەیانهەوێت بەم کارەیان رووداوێک بخولقێنن؟
وەک چۆن لە تاریکیدا گرتمیان لە تاریکیشدا بەرەڵایان کردم. لە پشت سەرمەوە دەنگێک دەبیستم. پیاوێک لە گەڵ ژنێک قسە دەکات:
- بووە بە شەو، ئێستە دەمناسیتەوە.
- هەرچیت پێخۆشە بیکە ، بەڵام هەمدیسان دەڵێم هەڵە دەکەیت. ئێمە تەنها خواردنەوەیەکمان پێکەوە خواردەوە. لە گەڵت نایەم.
- بڕۆ ئەم قسانە بە کەسێکی تر بڵێ!
لە لامەوە رەت دەبن. دەنگیان دوور دەکەوێتەوە و کز دەبێت. لەتر دەدەن، دەوەستن. لە گەڵ یەکتر دەمەقڕەیانە. پیاوەکە ژنە بۆ لای خۆی رادەکێشێت. ژنە دەیهەوێت خۆی لە دەستی راپسکێنێ. ئازاری پێدەگات و دەقیژێنێ و دەپاڕێتەوە:
- نە، تکات لێ دەکەم! لێرە نە!
- حەقتە وات پێ بکەم. خراپتر لەمەش حەقتە!
- خەڵک چاویان لێیە، خەڵک دەمان بینن! وا مەکە، لێرە نە!
- لە گۆڕی باوکی خەڵک ریم. دەمهەوێت هەر لێرە ئەم کارە بکەم!
- تکات لێدەکەم، هەرچی پێت خۆشە بیکە! بەڵام لێرە نە.
بە لەتردان هەڵدەستێتەوە. ئەویش لە سەر پێی خۆی رادەگرێت و دەکەوێتە دوا. ئەوەی بیری لێ بکەیتەوە و بە مێشکدا بیت ، لێرە هەیە. رەنگە ئەمەش دروست بێت. بەڵام مەگەر هیچ گرینگییەکی هەیە؟
بە ئارامی و بە پارێزەوە رێ دەکەم. پیاوێ دەکەوێتە پێشمەوەو چەند هەنگاو لەو لامەوە دەوەستێت. پاڵ دەدات بە مەحەجەرەکانی تەنیشت شەقامەکەوەو دەڵێت:
- چیت بەسەر هاتووە؟ هەمدیسان هاتیتە دەرەوە، ئەرێ؟ لە کونەکەت هاتیتە دەرەوە. پێم بڵێ کێ تۆی لەو کونە هێنایە دەرەوە؟ ناتهەوێ بڵێی کێ هێناتیە دەرەوە؟ هەموو کەس ئەوە دەزانێت. کونێکیان هەڵکەندبوو و تۆیان خستبووە ئەو ناوە. چییە وا قیت وەستاوی ئەزیزم، وازیان لێ هێنابووی بمریت، وا نیە؟
چاوی تێ بڕیم. گومانم نییە ئەلان لە مێشکی خۆیدا ملم با دەدات، جا ملی من یان ملی کەسێکیتر. هەر لەو دوورەوە بۆ دوایین جار بەرەو لای من سووڕایەوەو دواتر ون بوو.
لە تەنیشت دیوارەکە، لە سەر شەقامەکە، رەسمێکی گەورەیان دابوو لە دیوارەکە. رەنگە رەسمی یەکێک لە ناودارەکان بێت، گۆرانیبێژێک، ئەکتەرێک، نە! نە! منم. رەسمێکی من! بەڵام بۆچی رەسمی من؟
تا نزیکتر دەبمەوە رەسمەکە روونتر دەبینم. نازانم ئەم رەسمەی منیان چۆن گرتوەو من ئاگام لێ نەبووە. ئەویش بەم کامڵی و وردییە.
” عەمروش تەمسانی. هەرجۆرە پەیوەندی گرتنێک لە هەر دۆخێکدا لەگەڵ ئەم کەسە قەدەغەیە. ئەوانەی لەم فەرمانە لا بدەن، بە توندترین شێوە سزا دەدرێن.”
زۆر باشە، کە وایە ئەشکەنجەکەم ئەمەیە؟ کە وایە ئەمە ئەوجۆرە شکەنجەیە بۆیان دیاری کردووم؟ کۆمەڵێک رەسمی تریشیان لێرەو لەوێ بە درێژایی شەقامەکەدا داکوتراوە. لە هەندێ لە رەسمەکاندا پەیامی راگەیاندنەکەیان کەندبۆوە. لە هەندێکیاندا چاویان هەڵکۆڵیبووم. ئەوانەی ئەو کارەیان کردوە بە دڵنیاییەوە پێیان خۆش بووە بەڕاستی چاوم دەربێنن. بە دڵنیاییەوە ئەگەر بیان توانیبا تا ئێستا ئەو کارەیان کردبوو. ئەم کارەیان دەکرد و خراپتر لەوەش. کێ دەیویست بەریان پێ بگریت.
نموونەی ئەم رەسمەیان بە لەزگە یان بە بزمار بە هەموو شوێنێکدا کوتاوە، لە دووکانەکان، رێستوورانەکان، بانکەکان، وێستگەی پاس، لە ناوەوەو لە دەرەوە. لە شارەکانیتریش بڵاویان کردبۆوە.
دەگەمە مەیدانی قاوەخانەکان. بچووکە، لەوانیتر گەورەتر نییە. رەسمی من لە هەموو شوێنێک هەیە. لە سەر دیوار، لە سەر چوارچێوەی پەنجەرەکان. ئاگام لێیە کەسێک من نیشانی ئەوانیتر ئەدات. بە تەواوەتی دەپەشۆکێم. کورسییەکەم دەکێشمە پێشەوە، لە سەر پێشخانی کافێ سەنتراڵ دادەنیشم. خزمەتکارەکە خەوتووە. خزمەتکارێکیتر لە پشت سندووقەکە دێتە ئەم لاوە دەچێت بە ئاگای بێنێتەوە. دەجووڵێتەوەو دەست بە چاویا دێنێت. پێم دەڵێت:
- لێرە مەمێنەوە. تکات لێدەکەم.
تەماشای دەکەم. دەڵێت:
- ئەزانی بۆچی…
سەرم رادەوەشێنم و دەڕۆم.
بەهەرحاڵ کەس لێرە نایهەوێت قسەم لەگەڵ بکات. ئەوان ناچارن لەخۆیان دوورم بخەنەوەو کاریان پێم نەبێت. دڵنیام ئەگەر بمهەوێت بچمە هەر کافێیەکی تر بۆ ئەوەی بحەوێمەوە تێیدا، هەر بەو شێوە دەرم دەکەن. ئەگەر کەسێکیش ئەزیەتم بکات و ئازارم بدات هیچم پێ ناکرێت.
سەرم دادەخەم و دەچمە باریکە شەقامێکەوەو لە بەردەم جامخانەی چێشتخانەیەکدا رەوەستم. قاپ و دەوری خواردنیان بە جوانی ریز کردوە: ماسی سوورەوە کراو، مریشکی برژاو، لەتە گۆشتی چەور، هێلکە و بەهارات. لە چێشتخانەکە ژن و پیاوەکان جگەرە دەکێشن و خواردنەوە دەخۆنەوە. لە بەردەمیاندا دەوری لێیە کە تەواویان کردوەو تەنها تۆزێک لە خواردنی تێدا ماوە. پێدەکنن و چیرۆک دەگێڕنەوە.
کوت و پڕ پاسەوانەکە بە تووڕەییەوە بەرەو درگای دەرەوە دێت. بێ ئەوەی هیچ بڵێت لە سەرەوە بۆ خوار تەماشام دەکات. بە نیگاکانیا دیارە پێم دەڵێت: ” بڕۆ لێرە مەمێنە، ون بە، لە چێشتخانەکەم بچۆ دەرەوە!”
سەرم دادەخەم و دەڕۆم. لە دوامەوە دەنگ و پێکەنینی ئەو خەڵکە بەرز دەبێتەوە. روو دەکەمە دواوەو پێنج شەش سەر دەبینم لە درگاکەوە هاتوونەتە دەرەوە، چاویان بە دوامەوەیە، بێئەوەی لە ناو درگاکە بێنە دەرەوە.
دەبێ سەرم بکوتم بە دیوارە پان بێتەوە؟ لانیکەم ئەمە رێگایەکە خۆم هەڵیدەبژێرم. ئاخۆ دەکرێت تەنها رێگاچارەی کێشەی من ئەمە بێت؟
لە شەقامێکەوە دەچمە شەقامێکیتر. بە پلیکانەکاندا سەر دەکەوم، بە ئەستەم سەر دەکەوم. بەر هەیوانێکی جوان. لێرەوە دیمەنی جوانی دەریا دەبینم. بریسکانەوەی رووناکی بەلەمەکان لە سەر ئاوەکە وەک سەرابێک دێتە بەرچاو. لە سەر لاکێشەیەکی لە بەرد دروستکراو دادەنیشم. چۆن رووبەرووی چارەنووسی خۆم ببمەوە؟ ئاخۆ هیچ ئەشکەنجە و ئازاردانێک بە قەد ئەم دۆخەی ئێستای من قورسە؟ چەنە دەخایەنێت ئەم دۆخە؟
لە سەر لاکێشەکە رادەکشێم. ماندوویەتی بە سەرما زاڵ دەبێت. ئەم حوکمە قورسە لە راستییدا هیچ نییە جگە لە شانۆگەرییەکی کۆمێدی کە من پاڵەوانی شانۆگەرییەکەمو خەڵکی شار بینەری شانۆکە. نمایش کردنی کێشەیەک کە تێی کەوتووم، رەنگە سەرەتایەک بێت بۆ دامەزران و داڕشتنی یاسایەکی نوێ. هەر وەک چۆن کەسانێک لە سەر تێچووی کەسانیتر سەرقاڵی بۆ خۆیان دروست دەکەن، ئەم کارە دەیتوانی هەم تەمبێ کردن بێت و هەم سەرقاڵکردن و رابواردن. هەموو شتێ رێی تێدەچێت.
وەنەوزێک ئەدەم. هەست دەکەم دەستێک جزدانەکەم لە گیرفانم دەر دێنێت. لە خەوە سووکەکەم بە خەبەر دێمەوە.
دەنگێک دەڵێت: مەجووڵی! کارم بە خۆت نییە!
دەنگێکی تر دەڵێت: تەماشا، خۆشت زۆر باش دەزانیت کاتی خەو پێوستت بە پارە نیەی، وەک چۆن رەنگە هەر پێویستیشت بە خۆت نەبێت.
بێدەنگ دەبم.
دەنگی یەکەم دەڵێت: بخەوە، کەس کاری پێت نییە.
دەڕۆن. جل و بەرگی جوانیان لە بەردایە. بە دەم پێکەنینەوە لە پلیکانەوە بۆ خوارەوە، وەک ئەوەی بچنە بنی بیرێکەوە و ون دەبن.
ئەوان لەوێن، ئەو کەسانەی کە هەموو وردەکارییەکانی ژیانم دەزانن. باشتر لە خۆم دەمناسن. دەبێ چۆن وتارێک دەربارەی سواڵکەری ئەم هەموو نەهامەتییەی لێ بکەوێتەوە؟ جزدانەکەم لە بیر چبۆوە. سەیرە. بۆچی ئەوانەی زیندانیان کردووم یان ئەوانەی بەرەڵایان کردم یاری مشک و پشیلەم لە گەڵ بکەن. وادیارە تاوانەکم زۆر لەوە قورسترە بیرم لێ دەکردەوە.
دەنگەکان نزیک دەبنەوە: دوو، سێ، … پێنج. بە پەلە جلەکانم لەبەرم دادەکەنن. یەکیان بەردەوام دەپژمێ بە دەم و چاومدا. دەترسم. کە دەزانم نایانهەوێت لێم بدەن ئارام دەبمەوە. سەیرە. تەنانەت ئەم خوێری و بەرەڵایانەش بە ئارامی رەفتارم لەگەڵ دەکەن. مێهرەبان و بە ئەدەبن.
بەدوای یەکدا دەڕۆن و هەرکامەیان ئەو شتەی بردوویانە تاقی دەکەنەوە. رووت و قووت بەرەڵایان کردووم. ئەوانیش بە تەواوی لە وردەکاری دۆسیەکەم ئاگادارن. دەزانن ئیتر پێویست ناکات پارێزگاری لە پێستم بکەم. ئەگەر ئەوە راست بێت کە پێویستییەکی ترم نییە، دریغی ناکەم لێیان. بەخێربێن، وەرن و ببن بە خاوەنی ئەو شتانەی کە ئیتر بە کەڵکم نایەن.
لەرز دەکەوێتە گیانم. بەسەرهاتنم هیچ نییە جگە لە کۆمێدیایەکی گاڵتەجار کە بۆ ئەوەی کەسانیتر پێی پێ بکەنن دروست کراوە.
سێ پیاو. یەکەمیان سەتڵێکی بەدەستەوەیە، دووهەمیان سەرینێکی سپی و سێهەمیان سندوقێکی سوور. لە سەر نزیکتری کورسی لای چەپی منەوە دادەنیشن. جگەرە دەکێشن و کەمتەرخەمانە چاو لە هەوای دەور و بەر دەکەن. جێکەم دەگۆڕم. دەسووڕینەوە بەرەولام و تەماشام دەکەن. تەماشاکردنەکەیان بێ ئارامی تێدایە.
یەکەمیان ئەڵێت: تەماشاکە، ئەگەر پێت خۆش بێت بەر لەوەی خۆر هەڵبێت کارەکەمان لە گەڵ تۆ دەست پێدەکەین.
دووهەمیەکەیان ئەڵێت: زۆر گەرم دەبێت. هەموو کات هەر وایە. بڕوابکە چەند رۆژی داهاتوو گەرمتر دەبێت.
سێهەمیەکەیان بۆیان دەسێنێتەوە: کەس رەحمت پێ ناکات. رەنگە بەزەییان پێتا بێتەوە، بەڵام بێ کەڵکە. کەس یارمەتیت نادات.
لە ماوەی دوو رۆژ و ئەوپەڕی سێ رۆژدا کۆڵ دەدەی. نازانم بۆچی خۆت خستۆتە ئەم گێژاوەوەو ئەم کێشانەت بۆ خۆت دروست کردوە. بیرلەوە بکەوە ڕووت و قووت لە سەر ئەم کورسیە دادەنیشی. لێرەوە بۆ ئەوێ بە خۆ کێش کردن بڕۆی. کەس کاری پێت نیە، بەڵام وەک ئاژەڵێک دەتبینن کە لە ناو قەفەسدایە. وا باشتر نییە هەر ئێستە حوکمەکە جێبەجێ بکەین؟ بەو شێوەیە زۆر ئازار ناچێژی، رەنج و ئازاری بەردەوام و هەمیشەییش لە سەر خۆت کەم دەکەیتەوەو ئەمەش باشترە بۆت.
بەرەو کەسی یەکەم هەڵدەگەڕێمەوەو دەڵێم:
- تێناگەم بۆچی دەبێ وەها سزایەکی قورسم بۆ دیاری کرابێت و بەم شێوە سزام بەن.
- روو قایم! گاڵتە دەکەی!
- من تەنها راستییەکانم نووسیوە! بە هەمان شێوە کە هەن.
- لات وایە هیچت نەکردوە. بەرلەوەی تۆ بیت کەس بە هیچ شێوەیەک گرینگی بەم بابەتە نەدەداو باسی لێوە نەدەکرد.
ئەوانیتریش نیشتنە پشتی. بەڵێ، زۆر توند نووسیوتە. کەس بۆی نییە وەها بێشەرمانە یاسا پێشێل بکات، تەنانەت لە چوارچێوەی چیرۆکدا.
- رێک وایە! بێئاگایی لە یاسا وا ناکات کەسێک سزای یاسایی نەدرێت. ئەم ماددەیە سەرەڕای ئەوەی کە کۆنە، بەڵام هەمووکات هەر بوونی هەیە و دەمێنێتەوە.
- شانست هێناوە کە سەرو بنی بابەتەکە جۆرێک کۆ کراوەتەوە.
وتم : رەنگە وا بێت، بەڵام لەم بابەتەدا شایستەی وەها سزادانێک نیم.
- بەڕاست؟ چۆن شایستەی وەها سزادانێک نیت؟ مەگەر تۆ ئاگات لەوە نییە لەم وڵاتە بیست و پێنج ساڵە مێش قڕ کراوە.
- بێدەنگ بووم
- مێشەکان؟
- بەڵێ، میشەکان. چارەکە سەدەیەک لەوە پێش قڕ کران و تۆ ئەمڕۆکە دەربارەی چالاکییە سێکسییەکانیان نووسیوتە!
کپ و بێدەنگ بووم و ناڕەزایەتیم دەربڕی.
- بەڵام خۆ من ئەسڵەن حەز ناکەم دەربارەی چالاکی سێکسی مێشەکان قسە بکەم و سەرنجڕاکێش نییە بەلامەوە. من وتارێکم نووسیوە دەربارەی سواڵ کردن.
- زۆر باشە، ئەگەر وا بێت دیارە مەبەستیان تۆڵە سەندنەوەو رق لێبوونەوە نییە. لەبەر ئەوەی تۆ بابەتێکی راستت هێناوەتە بەر باس. بەڵام تۆ بابەتێکت هەڵبژاردوە کە بوونی نییە. ئەمە تاوانە.
- دڵنیا بن یەک وشەم دەربارەی مێشەکان نەنووسیوە.
- گوێ بگرە، هەوڵ مەدە ئێمە بکێشیتە ناو گێژاوەکەی خۆت. پەیوەندی بە ئێمەوە نییە دەربارەی مێش نووسیوتە یان سواڵکەرەکان یان ئەو خانمە جوانانەی لە سەر شەقامەکان نیازی خۆیان دابین دەکەن، ئێمە تەنها دەمانهەوێت پێت بڵێین لە دۆخێکی خراپدای.
- دیارە هەڵەیەک روویداوە..
- گریمان وا بوو، بەڵام تۆ شانست نییە. حوکم دراوی.
دوای چەند ساتێ بێدەنگی دەڵێم:
- دەی ئەگەر حوکمەکە دەرکراوە، ئێوە بڕیارە حوکمەکە جێبەجێ بکەن؟
- نە، ئێمە تەنها بڕیارە ئاگامان لێت بێت بەر لەوەی بدرێیت بە دەست جەلادەکانەوە تۆزی قورسایی ئازارەکەت کەم بێتەوەو بارت سووک بێتەوە.
- لەکوێ؟
- وەرە با بڕۆین.
دەکەونە رێ. منیش لە پێشیانەوە. یەکیان هاوار دەکات و بەوەی تریان دەڵێت :”سابوونت لە بیر چووە.
سەرئەنجام تێ ئەگەم سەلکێ سابوونی کافووری لەگەڵ خۆی هێناوە. هەموو ئەو شتانەی پێویستە بۆ کفن و دفن کردن بە شێوەی شایستە هێناویانە.
پێم سەیرە. چ تاقەتێکیان هەیە. نەریت بە جێ دەهێنن ئەویش بۆ کەسێک کە دەزانن تاوانبارە.
جارێکیتر لە مەیدانی بچووکەوە گوزەر دەکەین و رەت دەبین. ئەمجارە هەست بە چارەڕەشی و مەرگ دەکەم. خەڵک لە کونە گەورەکانەوە دێنە دەرەوەو وەک مشکەکوێرە دەکەونە شوێنمان. دوو کرێکار کە خەریکی کردنەوەی مەنهۆڵێکی گەورە بوون بۆ ئەوەی لافاو لێیوە بڕوات، دەستیان لە کارەکەیان هەڵگرت بۆ ئەوەی تەماشامان بکەن. بۆنی زێراب لووتم پڕ دەکات. هەناسەم ڕاناگرم، هەناسە دەدەم بەڵام چ جیاوازییەکی هەیە بەرگەی ئەم بۆنە بگرم یان نە؟
لە مەیدانی گەورە مشکەکانیتر بەرەو ئەملاو ئەولا دەڕۆن و هاوار دەکەن و پێدەکەنن.
لە سەر پیسی پام دەخلیسکێ و دەکەوم بە پشتا و هەر دوو لاقم بەرز دەبێتەوە. چواردەورمان دەنگی پێکەنین و گاڵتەپێکردن بەرز دەبیتەوە. دوو کەس لەوانەی لە گەڵمن یارمەتیم دەدەن هەستمە سەر پێ.
یەکیان دەپرسیت: باشیت؟
بەڵی، دەتوانم رێ بکەم.
وەک مەیموون گاز لە میوە دەگرن! لە شەقامدا وەک سەگ بەملاو ئەولادا باز دەدەن. ئێمەش وا خۆمان دەنوێنین مێشەکان لەناو چوون!
بە شەلە شەل لە پێشیانەوە خۆم کێش دەکەم. پای چەپم ئازاری هەیە، بەڵام ئیتر هیچم بۆ گرینگ نییە. وشەکان لە گوێمدا دەزرینگێنەوە: قوربانی، سزا، یاسای نوێ، ناشتن…
نزیک نیوکاتژمێر لە سەرمای شەوی سەوزدا رێ دەکەین. تەنها سێ چوار پیاو لە دوورەوە بە دواماندا دێن. ئەوکاتەی دەگەینە دەشتی سپی کەس نەماوە بە دوامانەوە.
ئەوەی سابوونەکەی هێناوە دەڵێت: گەیشتین.
دەروازی دونیای بێدەنگی دەمی کردۆتەوە. لەگەڵ ئەوەی لەو درگاوە رەت دەبم شنەی شەوێکیتر، بۆنخۆش و سارد، دەمگرێتە خۆی. درگای خانوویەکی بچووک دەکرێتەوە و دوو پیاوی بەهێز و کەتە دەردەکەون، جەستەی زل و چوارشانە لە جلی سپیدا.
سەرچاوە: کتێبی ( زن و شوهری واقعی)
ترجمە: اسداللە امرایی
چاپ: اول/١٣٨٧