ولفگانگ بورشێرت ( Wolfgang Borchert)
کە ئەو دوو کەسە یەکیان ناسی، دونیا تاریک داهاتبوو. ژنەکە ئەوی بانگهێشت کرد بۆ ئاپارتمانەکەی. پیاوە قبووڵی کرد. ژنە ئاپارتمان، سەرمێزی، چەرچەف و تەنانەت دەوری و چەتاڵەکانیشی پێ نیشاندا. بەڵام لەگەڵ ئەوەی لە رووناکیەکە لە بەرامبەر یەکترا دانیشتن، پیاوەکە لووتی ژنەی بینی.
لە بەر خۆیەوە بیری کردەوە: وەک ئەوە وایە لوتیان پێوە لکاندوە. بەهیچ شێوەیەک وەک لووتەکانیتر ناچێت. زیاتر وەک جۆرێک میوە دەچێت. سەیرە! کونەکانی لووتی بەهیچ شێوەیەک وەک یەک ناچن. یەکیان زۆر تەنگ و هێلکەییە، ئەویتریان وەک چاڵێک وایە، چاڵێک کە دەمی کردۆتەوە. تاریک و بێ بن.
بە کلنێکس ئارەقی ناوچاوانی وشک کردەوە.
ژنە وتی:” زۆر گەرمە، وا نییە؟”
پیاوەکە چاوی لە لوتی کرد و وتی:” ئاااە، بەڵێ.”
جارێکیتر چووەوە ناو فکرەوە. دەبێ لکاندبێتیان پێیەوە. پینەیەکی نابارە. رەنگەکەشی لەگەڵ ئەم پێستە ناگونجێت. تۆخترە. ئەرێ بەراست، کونەکانی لووتیشی وەک یەک ناچن یان رەنگە مۆدەیەکی نوێ بێت.
کەوتە بیر کارەکانی پیکاسۆوە.
پیاوەکە وتی :” تۆ کارەکانی پیکاسۆ پەسەند دەکەیت.”
ژنە وتی :” وتت کێ؟ پی… کا…”
پیاوەکە دەستبەجێ پرسی :” تووشی رووداوی هاتووچۆ هاتووی؟” ژنە وتی :” لەبەرچی وا ئەڵێی؟”
پیاوەکە وتی :” ئااخر..”
ژنەکە ویی :” ئەها لە بەر لووتم ئەپرسی؟”
پیاوەکە ویستی بڵێت :” سەیرە!” بەڵام وتی :” دەی کە وایە”!
ژنە وتی:” من زۆر گرینگی بە وەک یەکبوون دەدەم. ئەو دوو شەمدانیەی تەنیشت پەنجەرەکە دەبینی! یەکیان لە لای چەپەوەو ئەویتریان لای راست. وەک یەک نین. بڕوات بێت دەروونم زۆر لەگەڵ رواڵەتم جیاوازە. زۆر.”
دەستی لە سەر ئەژنۆی پیاوەکە دانا. پیاوەکە گری ئاگرێکی لە قووڵایی چاوی ژنەکەدا دەبینی.
ژنەکە ئارام و بە تۆزێ شەرمەوە وتی :” کێشەشم لەگەڵ زەماوەند کردن و ژیانی هاوبەش نییە.”
پیاوەکە لە دەمی دەرپەڕی :” لەبەر وەک یەکبوون؟”
ژنەکە هەڵەکەی ئەوی بە مێهرەبانییەوە راستکردوە:” پێکەوە گونجان… لەبەرپێکەوە گونجان.”
پیاوەکە وتی :” بەڵێ لەبەر پێکەوە گونجان” و هەستا.
ژنە وتی :” دەرۆی؟”
پیاوەکە وتی :” بەڵێ دەڕۆم”.
ژنە تا بەر درگاکە بەڕێی کرد. وتی :” دەروونی مرۆڤەکان گرینگە نەک رواڵەتیان.”
ژنە لەبەر خۆیەوە وتی :” تۆیش بەم لووتەتەوە!” و وتی ” یانی لە دەرووندا وەک دانانی شەمدانییەکان وەک یەک وای.”
لە پلیکانەکانەوە چووە خوارەوە.
ژنەکە لە تەنیشت پەنجەرەکەوە بە نیگاکانی ئەوی بەڕێ کرد.
بینی کە پیاوەکە لەو خوارەوە بە کلنێکس ئارەقی ناوچاوانی دەسرێت. جارێک، دوو جار و جارێکیتر، بەڵام زەردەخەنەی رزگاربوونی ئەوی نەبینی. نەیبینی، لەبەر ئەوەی فرمێس چاوەکانی داگرتبوو. شەمدانییەکانی بۆنی غەمیان لێدەهات.