وتاری نووسین

شۆڕشی ژینا و گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتیییەکان

ن: مستەفا زاهیدی

شۆڕشی ژینا و گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتیییەکان

ن: مستەفا زاهیدی

 

پوختە:

ئەم توێژینەوەیە هەوڵ دەدات کاریگەرییە کۆمەڵایەتی و کەلتوورییەکانی شۆڕشی ژینا، یان بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی»، لەسەر کۆمەڵگای کوردستانی ڕۆژهەڵات و ئێران لە ڕوانگەی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکانەوە بخوێنێتەوە. توێژینەوەکە بە پشتبەستن بە چەمکی گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی و بە تایبەتی پێناسە و جۆرەکانی گۆڕانکاری لەلایەن گای ڕۆشە، شۆڕشی ژینا وەک جۆرێک لە گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی ـ سیاسی لێکدەداتەوە. سەرنجی سەرەکیی توێژینەوەکە لەسەر ئەو گۆڕانکارییەیە کە لە تێڕوانینی کۆمەڵگا بۆ ژن، جەستەی ژن، حیجابی زۆرەملێ، شوناسی ژن و بەشداریی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ژناندا ڕوویداوە. لە ڕوانگەی توێژینەوەکەوە، «ژن، ژیان، ئازادی» تەنها بزووتنەوەیەکی دژ بە دەسەڵاتی سیاسی نەبووە، بەڵکوو بزووتنەوەیەک بووە دژی هەندێک لە بنەما و نۆرمە پیاوسالار و ئایینییەکانی کۆمەڵگا. بزووتنەوەکە بە گۆڕینی پێگەی ژن لە قوربانییەوە بۆ ئەکتەرێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی، هەروەها بە گۆڕینی تێڕوانین بۆ جەستە و پۆششی ژنان، کاریگەرییەکی بەرچاو لەسەر ژیانی ڕۆژانە و هۆشیاریی کۆمەڵایەتی داناوە. توێژینەوەکە لە کۆتاییدا دەگاتە ئەو ئەنجامەی کە، سەرەڕای سەرکوتکردنی بزووتنەوەکە و بەردەوامبوونی فشارە سیاسی و ئابوورییەکان، کاریگەرییەکانی شۆڕشی ژینا لە ئاستی هۆشیاری، نۆرمە کۆمەڵایەتییەکان، تێڕوانینی خێزانەکان و پێگەی ژناندا بەردەوامن و دەتوانن ببنە بنەمای گۆڕانکارییەکی قووڵتر و درێژخایەن لە بونیادی کۆمەڵایەتی و کەلتووریی کۆمەڵگادا.

 

وشە سەرەکییەکان:

شۆڕشی ژینا؛ ژن، ژیان، ئازادی؛ گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی؛ بزووتنەوەی ژنان؛ فێمینیسم؛ پیاوسالاری؛ حیجابی زۆرەملێ.

 

 

پێشەکی

 

گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان یەکێکن لە گرنگترین دیاردەکانی ژیانی مرۆڤایەتی و لە ماوەی مێژوودا بە شێوە و ئاستی جیاواز لە کۆمەڵگاکاندا ڕوویان داوە. ئەم گۆڕانکارییانە تەنها بە گۆڕینی دامەزراوە سیاسی و ئابوورییەکان سنووردار نابن، بەڵکوو دەتوانن شێوازی بیرکردنەوە، نۆرمە کۆمەڵایەتییەکان، پەیوەندییە مرۆییەکان و تێڕوانینی تاکەکان بۆ خۆیان و کۆمەڵگا بگۆڕن. لەم ڕوانگەیەوە، شۆڕش و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان دەتوانن وەک یەکێک لە هۆکارە گرنگەکانی گۆڕانکاریی قووڵ لە بونیادی کۆمەڵگادا لێک بدرێنەوە.

شۆڕشی ژینا، کە بە دروشمی «ژن، ژیان، ئازادی» ناسراوە، یەکێکە لە گرنگترین بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی سەدەی بیست‌و‌یەکەم لە ئێران. ئەم بزووتنەوەیە دوای مەرگی ژینا ئەمینی لە ١٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٢ دەستی پێ کرد و لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتەوە بە خێرایی بڵاو بووەوە بۆ شارەکانی دیکەی ئێران. بەڵام گرنگیی شۆڕشی ژینا تەنها لە فراوانیی خۆپیشاندانەکان یان داواکارییە سیاسییەکانیدا نییە؛ بەڵکوو لەو گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و کەلتوورییەشدا خۆی دەبینێتەوە کە لە تێڕوانینی بەشێکی کۆمەڵگا بۆ ژن، جەستەی ژن، حیجاب، ئازادیی تاکەکەسی و پەیوەندیی نێوان تاک و دەسەڵاتدا دروست بووە. لە هەمان کاتدا، ناوەندبوونی ژنان و بەشداریی بەرفراوانی ئەوان یەکێک لە تایبەتمەندییە دیارەکانی ئەم بزووتنەوەیە بوو.

ئەم توێژینەوەیە هەوڵ دەدات شۆڕشی ژینا لە چوارچێوەی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان بخوێنێتەوە و وەڵامی ئەم پرسیارە سەرەکییە بداتەوە: شۆڕشی ژینا چ گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و کەلتوورییەکانی لە کۆمەڵگای کوردستانی ڕۆژهەڵات و ئێراندا دروست کردووە؟ هەروەها توێژینەوەکە هەوڵ دەدات دیاری بکات کە تا چ ئاستێک ئەم بزووتنەوەیە کاریگەریی لەسەر پێگەی ژنان، نۆرمە کۆمەڵایەتییەکان، تێڕوانین بۆ حیجاب و جەستەی ژن، و پەیوەندیی نێوان کۆمەڵگا و دەسەڵات هەبووە.

 

لەو پێناوەدا، توێژینەوەکە لە چەمک و پێناسەکانی گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی لەلایەن گای ڕۆشە کەڵک وەردەگرێت، بەتایبەتی لەو شوێنەی کە گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی بە گۆڕان لە پێکهاتە، ڕێکخستن و کارکردی کۆمەڵگا وەک دیاردەیەکی قووڵ و بەردەوام دەبینێت. بە پشتبەستن بەو چوارچێوەیە، شۆڕشی ژینا لەم توێژینەوەیەدا تەنها وەک ڕووداوێکی سیاسیی کاتی نەبینراوە، بەڵکوو وەک پرۆسەیەکی گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی و کەلتووری لێک دەدرێتەوە کە کاریگەرییەکانی لەسەر هۆشیاری، نۆرمەکان و ژیانی ڕۆژانەی کۆمەڵگا هێشتا بەردەوامن.

بەم شێوەیە، ئامانجی سەرەکیی ئەم توێژینەوەیە خوێندنەوە و هەڵسەنگاندنی کاریگەرییە کۆمەڵایەتی و کەلتوورییەکانی شۆڕشی ژینا، بە تایبەتی لەسەر پێگە و ڕۆڵی ژنان و پرۆسەی گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتییە.

 

 

شۆڕشی ژینا

 

شۆڕشی ژینا یان وەک ئەوترێت شۆڕشی ژن، ژیان ، ئازادی، شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی – سیاسی بوو دوای کوشتنی ژینا ئەمینی ، کچێکی گەنجی سەقزی لە رێکەوتی ٢٢ی تەمووزی ٢٠٢٢ روویدا، ئەم ئاخێزە لە شاری سەقزەوە دەستی پێکرد و زۆر زوو شارەکانیتری کوردستانی رۆژهەڵات و ئێرانی گرتەوە.

مەرگی ژینا بوو بە هۆی سەرهەڵدانی شۆرشێک کە کاریگەری گەورەی لە کۆمەڵگا داناوەو ئێستاش ئەتوانین بڵێین کاریگەرییەکانی هەر بەردەوامن. بۆ ماوەی ٦ مانگ شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و بەشێک لە شارەکانی ئێران خۆپیشاندانیان بەخۆوە دەبینی. شەقام زیندوویەتییەکی پێوە دیار بوو کە تەنانەت لە چەند شار لە وانە شاری شنۆ، بە شێوەی کاتی و بۆ چەند کاتژمێرێک دەسەڵات کەوتە دەست خەڵک. سەدان کەس گیانیان لە دەستدا و هەزاران کەس خرانە زیندانەوە، هەزاران کەس ناچاربوون وڵات بەجێ بهێڵن. ئێستاش گوشار بۆ سەر بنەماڵەی گیانبەختکردوان و دەستگیرکراوانی سەردەمی شۆڕش هەربەردەوامە و زۆرن ئەو کەسانەی لە زیندانەکانی ئێران سزای قورسیان بەسەردا داسەپاوە و تەنانەت کۆمەڵێک کەسیش لە سێدارە دران.

ئەحمەد ئەسکەندەری چالاکی سیاسی  لە پێناسەی ئەم شۆڕشەدا ئەڵێت:”

“شۆڕش و سەرهەڵدانەکانی ئەم دواییانە لە شاری سەقزەوە دەستی پێ کرد و بە خێراییەکی چاوەڕواننەکراو بە هەموو کوردستاندا تێپەڕی و سەرانسەری ئێرانی گرتەوە. ژینا (مەهسا) ئەمینی، ژن بوو، کورد بوو، لە تاران غەریب بوو، مرۆڤێکی بوێر بوو کە بەدەستی “گەشتی ئیرشاد” کوژرا. هەموو ئەم تایبەتمەندییانە و ڕێوڕەسمی زۆر بوێرانە و شایستەی ناشتنەکەی لە سەقز، دەنگدانەوە و ڕەنگدانەوەی تاوانەکە کاردانەوەی برووسکەئاسای هەبوو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا. ئەمانە ڕۆڵیان هەبوو لەوەدا کە ئێستا ژیناکەی سەقز و کوردستان بووەتە هێمایەک لە ئاستی جیهاندا.”[1]

ئەمین سورخابی نووسەر،  لێکۆڵەر  لە وتووێژ لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمریکا لە پێناسەی ئەم شۆڕشەدا ئەڵێت:” شۆڕشی ژینا هەڵگری کۆمەڵێک کاریگەریی قوڵ بووە بە ئەندازەیەک کە لە مێژووی ئێراندا بێ وێنە و ناوازە بووە، لەو سۆنگەیەوەی شۆڕشی ژینا دژ بە هەموو ئەو گوتارە باوانە بووە کە پێشتر لە ئێران و تەنانەت لە کوردستانیشدا هەبوون، دابڕانیش بوو لەو گوتارانەی پێشتر لە کۆمەڵگەی ئێراندا برەویان هەبووە.”[2]

 

گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان

گۆڕانە کۆمەڵایەتییەکان بریتییە لەو گۆڕانکارییانەی کە بە درێژایی مێژوو لە رەوتی ژیانی کۆمەڵگا و نەتەوەیەکدا روو ئەدات. ئەم گۆڕانکارییانە کاریگەری کۆمەلێک فاکتەری دەرکی و ناوخۆییان لەسەرەو دەرئەنجامی ئەو فاکتەر و هێزانەن کە دۆخە ناخۆیی یان دەرەکییەکان دەیانخولقێنن.

گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان بە دوو بەش دابەش دەکریت: گۆڕانکاری گشتی و گۆڕانکاری بچووک . گۆڕانکاری لە بەشێک لە سیستەمی کۆمەڵایەتییدا روو دەدات، وەک گۆڕانکاری لە خاوەندارێتی تایبەت ، یان ریفۆرم لە خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان بۆ چین و  توێژە کەم داهاتەکان. بەڵام گۆڕانکاری گشتی بەو گۆڕانکارییانە دەوتریت کە کۆی سیستەمی کۆمەڵایەتی- سیاسیی دەگرێتەوە، گۆرانکاری بنچینەیی لە وڵات دروست ئەکات، وەک شۆڕش.[3]

گای رۆشە (Guy Rocher) کۆمەڵناسی ناوداری کەنەدی لەسەر ئەو باوەڕەیە گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی بریتییە لە هەرجۆرە گۆڕانێک لە پێکهاتە، رێکخستن یان کارکردی کۆمەڵگا کە ئەنجامێکی قووڵ و تا ڕادەیەکی زۆر بەردەوامی هەبێت لە سەر کۆمەڵگا و کاریگەری ببێت لە سەر رەوتی مێژوویی ئەو کۆمەڵگایە.

گای رۆشە لای وایە گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی بە دوو شێوە روو ئەدات:

گۆڕانکاری لە هاوکێشە یان هاوسەنگیدا (Change in equilibrium): ئە گۆڕانکاریانەی کە یارمەتیدەرن بۆ نەزم، هاوسەنگی و جێگیرکردنی سیستەمی کۆمەڵایەتی.

گۆڕانکاری لە بونیاد یان پێکهاتەدا (Structural Change): ئەو گۆڕانکارییە بونیادی و بنەڕەتیانەی کە شێوە، بونیاد و سروشتی رێکخستنی کۆمەڵایەتی لە بناغەوەو بە شێوەیەکی بنەڕەتی ئەگۆڕن. [4]

گای رۆشە لای وایە  گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی دیاردەیەکی بە کۆمەڵەو زیاتر لە کەسێک دەگرێتەوە، هەر بۆیە کاریگەری و دەرئەنجامەکانی بەربڵاو و گشت گیر ئەبێت.  ئەو هەروەها لای وایە دەرئەنجامی گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی لە ماوەی زەمەنیدا دەبیندرێت و رووداوێک نییە کوت وپڕ و کاتی روو بدات. یەکێکیتر لە تایبەتمەندییەکانی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان بەلای ئەم بیرمەند و کۆمەڵناسە کەنەدییەوە ئەوەیە کە مانەوەیان هەیە و زۆر زوو لە ناو ناچن، کاریگەرییەکانیان لە کۆمەڵگا ئەمێنێتەوە. سەرەنجام لای وایە ئەم گۆڕانکارییانە کاریگەری قووڵ لە سەر رەوتی مێژوویی کۆمەڵگاکان دادەنێن .

 

شۆڕشی ژینا و گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی

شۆڕشی ژینا وەک شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی – سیاسی کاریگەری گەورەی لەسەر کۆمەڵگای کوردستان و  ئێرانیش داناوە، ئەم شۆڕشە ڕاستە لە ئێستادا تا ڕادەیەک بێدەنگ یان سەرکوت کراوە بەڵام کاریگەرییەکانی لە ناو کۆمەڵگای ئێران هەر بەردەوامە و بوونی هەیە. شۆڕشێکە کە دروشمەکەی کە ” ژن، ژیان، ئازادی” ە سنوورەکانی بەزاندووەو کاریگەرییەکانی هەرماوە.  ئەم کاریگەرییانە هەم لە باری گۆڕینی جۆری بیروڕا، هەم لە باری گۆڕینی زمان تەنانەت گۆڕینی جل و بەرگدا دەرئەکەوێت. ژینا ئەمینی لەبەر ئەوە لە تاران کوژرا کە چەند تاڵ قژی بە دەرەوە بوو، بەڵام لە دوای شۆڕشی ژیناوە، دوای ئەو ئاخێزە جەماوەرییە حیجاب و حیجابی زۆرملێ لە شارەکانی کوردستان و ئێران زۆر کەمڕەنگتر بۆتەوە.

مەنسوور تەیفووری، نووسەر، دۆکتۆرای فەلسەفە، لەسەر ئەو باوەڕەیە شۆڕشی ژینا کاریگەری گەورەی فیکری لەسەر ئێمە داناوە. تەیفووری لای وایە ئەم گۆڕانە تەنانەت گۆڕانە لە زماندا. ئەو کاتەی باوکی ” محەممەد حسێن زادە” یەکێک لە کوژراوەکانی سەردەمی شۆڕش، لەسەر قەبری کوڕەکەی ئەڵێت :” لەمەو بەدوا هەرکەس زۆر ئازا بێت، ئەبێ بڵێین زۆر ژنە”، گۆڕانە لە زمان و بیرکردنەوەدا. گۆڕانە لە جۆری روانیندا بۆ چەمکی ژن و ژنبوون.

مێهرداد دەرویش پوور، کۆمەڵناس، بزووتنەوەی ژن، ژیان ئازادی و شۆڕشی ژینا وەک نموونەیەکی “شۆڕشە گەورەکان” ناو دەبات کە بەهاکانی کۆمەڵگای پیاوسالاری و باوکسالاری لە سیستەمی سیاسی دەسەڵاتداردا تێکشکاندووە، ئەم نووسەرە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی وەک بزووتنەوەیەکی فێمنیستی، یەکسانیخواز کە دژی هەڵاواردنی رەگەزییە ناو دەبات.[5]

ئەم بزووتنەوەیە وەستان بوو دژ بە سیستەمی پیاوسالاری- ئایینی. سیستەمێک کە زیاتر لە ٤ دەیەیە هەوڵ دەدات یاسا ئیسلامییەکان لە وڵات جێگیر بکات. حیجاب وەک نۆرمێکی ئیسلامی جێگیر ناودەبات لە وڵات. ژن لەم سیستەمە حکوومەتییەدا بە پێی یاسای ئایینی لە بەشێکی زۆر لە مافە کۆمەڵایەتی- سیاسی و ئابوورییەکانی بێبەرییە. بەڵام سەرەڕای گوشارەکان لە چەند ساڵی رابردوودا ژنان لە ئێران بەردەوام هەوڵیانداوە دژی ئەو یاسایانە بوەستنەوە. پەیوەستبوونی بەشێکی زۆر لە ژنان بە بزووتنەوەی ژینا، لە راستییدا دەرئەنجامی ئەو هەوڵەی ژنان بووە بۆ گەیشتن بە مافەکانی خۆیان. خەباتی ژنان لە ئێران دوای سەرهەڵدانی بزووتنەوەی ژینا فۆڕمی جیاوازی گرتووە، ژنان وەک ئەکتەری کاریگەری سیاسی لە کۆمەڵگا و ژیانی رۆژانەیاندا دەرکەوتن، ژیانیان رەنگی سیاسی بەخۆی گرت. وەستانەوەی ژنان و خەباتی ئەوان ئیتر تەنها وەستانەوە نەبوو دژ بە گوتاری سیاسی یان ئایدۆلۆژیای زاڵی حکوومەتی، بەڵکوو لە ژیانی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتی خۆشیاندا هەوڵیاندا دژی نۆرمە باوەکان بوەستنەوەو گۆڕان دروست بکەن.

شلێر باپیری رۆژنامەنووس و نووسەر لە وتووێژ بەشی دەنگی ئەمریکا لەم بارەوە ئەڵێت:” بەڕاستی دەرگایەکی نوێی کردەوە بە ڕووی خەباتی ژناندا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هاوکات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا. بەتایبەتیش بۆ ژنی کورد، بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی وەهای کرد ژنی کورد لە چوارچێوەی پێناسەی ژنی ئێرانیدا لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بێتە دەر و دەستەواژەیەکیش بە ناوی ژنی کوردەوە بێتە ناو بوارەکانی نوسین و شرۆڤە و ئەکادیمیاییەوە؛ هەربۆیە ئەم بزووتنەوەیە توانی ببێتە دەرفەتێکی زێڕین و خەبات و بزووتنەوەکانی ژنانیشی بردە قۆناغێکی نوێوە کە گەڕانەوەی بۆ نییە و هاوکاتیش ئاماژەیەک بێت بۆ خەباتی ژنانیش لە ئێراندا تا دانبنێت بە شوناسی ژنی کورددا.”[6]

حیجاب و پۆششی داسەپێنراو وەک نۆرمێکی حکوومەتی بوو بە یەکێک لەو شتانەی کە ژنان دژی وەستانەوەو دەوەستنەوە. ژنانی ئێرانی بە کەڵک وەرگرتن لە جەستەی خۆیان وەک رەمزی بەهێزی شۆڕش، هەوڵەکانی دەسەڵاتیان بۆ کۆنتڕۆڵی شوناسی رەگەزی و سەرکوتی خواستەکانیان بردە ژێر پرسیارەوە. ئەم گۆڕانکارییە تەنها بە مانای رەتکردنەوەی پرسی حیجابی زۆرە ملێ نەبوو، بەڵکوو جەختکردنەوەی ژنان بوو لەوەی کە ئەوان دەیانهەوێت سەربەخۆ بن و مافی ئەوەیان هەیە خۆیان کۆنتڕۆڵی جەستەی خۆیان بکەن. جەستەی ژنان، کە لە روانگەی ئایدۆلۆژیای پیاوسالاری – ئایینەوە وەک کەرەستەیەک دەبیندریت بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەوان و لەم ڕێگاوە لە بەشێکی زۆر لە مافەکانی خۆیان بێبەری ئەکرێن، لە دوای شۆڕشی ژیناوە ئەم روانینە تا ڕادەیەکی زۆر گۆڕاوەو بووە بە رەمزێکی پێشکەوتوو خواز بۆ ئازادی و وەستانەوە دژی نۆرمی باوی کۆمەڵایەتی- سیاسی.

بەکارهێنانی جەستەی ژن وەک ئامرازێکی سیاسی، لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە کەلتوورێکی پیاومەزنانەیان هەیە و دەیانهەوێت بە پێی یاسا جەستەی ژن کونتڕۆڵ بکەن مێژوویەکی کۆنی هەیە. جەستەی ژن بەردەوام لە لایەن سیستەمی باوکسالارییەوە بەکارهێنراوە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ژنان و بەرگرتن بەوەی ژنان بتوانن ببن بە ئەکتەری سیاسی و کۆمەڵایەتی. بۆ وێنە لە سەردەمی خۆپیشاندانەکانی میسر لە بەهاری عەرەبی لە ساڵی ٢٠١١و لە گۆڕەپانی ( تحریر) دەوڵەت بۆ ئەوەی سووکایەتی بە ژنان بکات و بەر بە ئامادە بوونیان بگرێت لەو گۆڕەپانەی کە ببوو بە رەمزی وەستانەوە دژی دەسەڵات، ” تێستی پاکیزەبوون و کچێنی” بەکار ئەهێنا دژی کچانی خۆپیشاندەر و بەم شێوەیە سووکایەتی بە خەباتی ژنان بۆ ئازادی یەکسانی ئەکرد و هەوڵی ئەدا سەرکوتی بکات. بەکارهێنانی تێستی کچێنی (کشوفات العذریە) سووکایەتییەکی گەورە بووە بە ژنان و کچانی بەشداربووی ئەو خۆپیشاندانانە کە لە ٢٥ی جێنیڤەری ٢٠١١ ەوە دەستی پێکرد و ١١ی فێبریواری (شوبات)ی هەمانساڵ بە سەرکەوتن گەیشت و حوسنی موبارەک ناچار کرا واز لە دەسەڵات بهێنێت.

شۆرشی ژینا لە ئێستادا وەک ناوێک، وەک رەمزێک بە دروشمەکەیەوە کە ( ژن، ژیان، ئازادی)یە، سنوورەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانی بەزاندووە. لە ئێستادا ئەم دروشم و شۆڕشە جیهانی بۆتەوەو رەمزی خەباتی ژنانی کوردە. تایبەتمەندی دیاری ئەم سەردەمە ئەوەیە ژنان یەکگرتووترن، نەترسانەتر و یەکگرتوانەتر دژی نۆرمی زاڵ ئەوەستنەوەو لەوە تێگەیشتوون هێزیان لە یەکگرتنیاندایە. ئەو ژنانەی یەکتریان نەدەناسی، بەڵام بە ئامانجێکی هاوبەشەوە، کە خەبات بووە دژی دەسەڵاتی ئایدیۆلۆژیکی ئایینی، دژی حکوومەت دەوەستنەوەو ئەم هاوپەیمانی و یەکگرتووەییە ئەو شتەیە کە دەسەڵات لێی دەترسێت و هەوڵی سەرکوتی ئەدات. بە کورتی ئەتوانین بڵێین ژنان بە هەڵبژاردنی رێکاری جیاواز، لەوانە نەهێشتنی حیجابی زۆرە ملێ، هاوکێشەکەیان گۆڕیوە. ئەگەر سەردەمانێک دەسەڵات جەستەی ژنانی وەک کەرەستەیەک بەکار ئەهێنا دژی ژنان، ئێستا ئەوان جەستەی خۆیان، نمایش کردنی قژیان وەک بەشێک لە جەستە وەک چەکێک بەکار ئەهێنن دژی دەسەڵات.

شۆڕشی ژینا، بە هەموو تایبەتمەندییەکانییەوە گۆڕانی گەورەی کۆمەڵایەتی دروستکردووە، گۆڕانێک کە ئەتوانێت قووڵتر و کاریگەرتریش بێتەوە. ئەمجۆرە لە وەستانەوەی ژنان دژی دەسەڵات و یاساکانی، رێگاخۆشکەرە بۆ گۆڕانی گەورەی کۆمەڵایەتی- سیاسی. سەرکوتی ژنان ئەکرێ ئەنجامەکەی پێچەوانەی ئەوە بیت کە دەسەڵات دەیهەوێت و ببێت بە هۆی یەکگرتوویی زیاتری ژنان و هێزە پێشکەوتوو خوازەکان.

ڕێبین فەتاح دەربارەی شۆڕشی ژینا و کاریگەرییەکانی ئەم شۆڕشە ئەڵێت:”ناوی “شۆڕشی ژینا” جیاوازییەکی بنچینەیی هەبوو لەگەڵ زۆربەی ناونانەکانی شۆڕش، ڕاپەڕین و جووڵانەوە گشتییەکانی ڕابردووی کوردستان؛ وەک شۆڕشی ئارارات، ئەیلوول، شۆڕشی نوێ، ڕاپەڕینی شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری، شۆڕشی شێخ عەبدولسەلام و ئەوانی دی. ناونانەکانی پێشوو، لەڕووی ڕەگەزییەوە نێرانەن یان بێلایەنن، بەڵام لە بنەڕەتدا، ژن لە چەقی ناونان و ماناسازییاندا نییە.

لە شۆڕشی ژینا، بۆ یەکەمجار لە مێژووی نوێی کوردستاندا، ناوی ژن دەبێت بە ناوی شۆڕش. ئەوە تەنیا گۆڕانێکی وشەیی نییە، بەڵکوو گۆڕانێکی قووڵی سیاسی و زمانەوانی هەیە: ژن لە پێگەی قوربانی دەگوازرێتەوە بۆ چەقی گۆڕانکاری. تاوانێکی دەوڵەتی دەگۆڕێت بۆ جووڵانەوەیەکی گشتی و ژنایەتی دێتە ناو زمانی شۆڕش و بەرەنگارییەوە.

ئەزموونی شۆڕشی ژینا، لەتوانادایە وەک بنچینەی هۆشیارییەکی نوێ لە کۆمەڵگای کوردیدا دابنرێت؛ هۆشیارییەک کە تێیدا ژن چیتر تەنیا قوربانییەک یان تەنیا ئەو کەسە نییە کە تاوانی بەرانبەر دەکرێت، بەڵکوو ئەو کەسەیە کە تاوان دەگۆڕێت بۆ ناو، مانا و شۆڕش.”[7]

مەنسوورە شوجاعی، نووسەر و چالاکی فێمنیستی بزووتنەوەی ژینا وەک بزووتنەوەیەکی فێمنیستی پێناسە ئەکات و لە پەیوەند دانەوەی ئەم بزووتنەوەیە بە بزووتنەوەی فێمنیستی ئەڵێت:” ئەوەی وەک ” بزووتنەوەی رزگاری خوازی ژنان” ناوی دەبەم…

ئەو لای وایە بە ئاسانی ناکرێت بزووتنەوەی مافەکانی ژنان لە بزووتنەوەی ئازادی ژنان لە ئیران جیا بکرێتەوە. ئەگەر بزووتنەوەی ژنان لە دوو روویی یاسایی و ئازادییەوە بدەینە بەر باس و خوێندنەوە، ئەتوانین بزووتنەوەی ” ژن، ژیان، ئازادی” وەک بەردەوامی لۆژیکی بزووتنەوەی ئازادی ژنان ناو ببەین. [8]

بزووتنەوەی ژینا یان ئەوەی بە بزووتنەوەی ژن، ژیان ، ئازادی دەناسرێت کاریگەری زۆری لەسەر گۆڕینی هاوکێشە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان بووە.

شیما تەدریسی، لێکۆڵەری بواری مافەکانی ژنان و کرێکاران لە وتووێژ لەگەڵ ڕادیۆ زەمانە باس لە کاریگەری بزووتنەوەی ژن، ژیان ، ئازادی یان هەمان بزووتنەوەی ژینا ئەکات و ئەڵێت:” من لام وایە بزووتنەوەی ” ژن، ژیان، ئازادی” تەنها شۆڕشێک نەبوو دژی حکوومەت، بەڵکوو شۆڕشێک بوو دژی سیستەمی پیاوسالاری، ئەو سیستەمەی کە دەیهەویت جەستەی ژن و ژیانی ژن کۆنتڕۆڵ بکات.”

ئەو لای وایە جیاوازی بزووتنەوەی ” ژن، ژیان ، ئازادی” لەگەڵ بزووتنەوەکانیتر لە ئێران ئەوەیە کە بۆ یەکەمجار پرسی ژن ئەبێت بە چەقی باسەکە و پرسی یەکەمی شۆڕش. یەکێک لە بابەتە گرینگەکانی ئەم بزووتنەوەیە حیجاب بوو. تا پێش شۆڕشی ژینا ژنانی ژنانی ئێرانی بە تەنهایی دژی حیجابی زۆرە ملی دەوەستانەوەو دەجەنگان، بەڵام ئێشتا زوومی کامێراکان لەسەر ئەوانە و خەباتەکەیان دەبیندرێت و دونیا ئەوان و خەباتی ئەوان ئەبینێت. [9]

کۆتایی:

بزووتنەوەی ژینا یان ئەوەی کە بە بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی” ناسراوە، بزووتنەوەیەکە بە پێی پێناسەکانی چەمکی گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی، گۆڕانکاری لە بونیادی کۆمەڵگادا کردووە. بزووتنەوەیەکە بەشێکی زۆری کۆمەڵگای گرتۆتەوە. گۆڕانکاری لە هاوکێشەکاندا کردووە بە پێی پێناسەکەی گای رۆشە. ئەم بزووتنەوەیە ئەتوانین وەک بزووتنەوەیەکی فێمنیستی پێناسە بکەین و بزووتنەوە فێمنیستییەکان لە هەموو دونیا کاریگەری گەورەیان لە گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی، سیاسی، کەلتوورییەکاندا بووە. بونیادی کۆمەڵگای پیاوسالاریان کردۆتە ئامانج، بەهەمان شێوەی بزووتنەوەی ژینا، کە ئەم بونیادەی گرتە ئامانج. ئەم بزووتنەوەیە سەرەڕای ئەوەی لە ئێستادا بێدەنگە، بەڵام کاریگەرییەکانی بە ژیانی رۆژانەی خەڵکەوە دیارە. هەڵبەت ئەبێ دان بەو راستییەدا بنێین بە هۆی گوشارە ئابوورییەکانەوە، بە هۆی ئەو قەیرانە کۆمەڵایەتییانەی کە لە ژیانی رۆژانەی خەڵکی ئێران و کوردستانی رۆژهەڵاتدا رەنگی داوەتەوە، دەستەکەوتەکانی ئەم بزووتنەوەیە بەو شێوەیەی کە پێویستە نابینرێت. بەڵام ئەگەر لە کۆمەڵگای ئێران  و کوردستانی رۆژهەڵات ورد ئەبینەوە تێ ئەگەین گۆڕانکاری گەورە لە ناو ژیانی خەڵکدا بە قووڵی لە ئارادایە. ئەو گۆڕانکاریانە لە زەین و ناخی تاکەکانی کۆمەڵ و بەتایبەت ژناندا بە روونی روویداوەو دەبیندرێت. یەکێک لە گۆڕانکارییە گرینگەکان کە لە ژیانی خەڵکدا روویداوە، ئەوەیە بەشێکی زۆر لە بنەماڵە ئایینی و نەریتییەکان دیدیان و جۆری روانینیان بۆ پۆشش و جل و بەرگی ژنان گۆڕاوە. بەشیکی زۆر لەو دایک و باوکانەی کە تا پێش شۆڕشی ژینا، زۆر مکووڕ بوو لەسەر ئەوەی پێویستە ژن و کچەکانی بنەماڵە بە داپۆشراوی و حیجابی زۆرە ملێوە بچنە دەرەوە ئێستا جۆری روانینیان گۆڕاوە. ئەم گۆڕانکارییە بەو مانایە نییە هەموو کێشەکان چارەسەر بوون، یان ئەوەی هیچ لەمپەرێک لەبەردەم ژناندا بوونی نییە، بەڵام دەرخەری ئەوەیە بونیادی بنەماڵەش، بە هۆی کاریگەرییەکانی ئەم شۆڕشەوە گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە.

سەرچاوەکان:

  • ئەسکەندەری، ئەحمەد. (٢٠٢٢، ٢٠ی دیسەمبەر). شۆڕشی ژینا، داواکارییەکانی کورد. شارپرس.
  • سورخابی، ئەمین. (٢٠٢٤، ١٦ی ئەیلوول). شۆڕشی ژینا و بەرەوی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی. دەنگی ئەمریکا.
  • قرائی‌مقدم، امان‌الله. (١٣٧٤). مبانی جامعه‌شناسی (چاپی یەکەم). ئەمجەد.
  • ڕۆشە، گای. (١٤٠٤). تغیرات اجتماعی، (م. وثوقی، وەرگێڕ). نشر نی.
  • درویش پور، مهرداد. (٢٠٢٢، ٦ی دیسەمبەر). جنسیت و قدرت در «ابرجنبش» زن، زندگی، آزادی. گویا نیوز.
  • باپیری، شلێر. (٢٠٢٤، ١٦ی ئەیلوول). شۆڕشی ژینا و بەرەوی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی. دەنگی ئەمریکا.
  • فەتاح، ڕێبین. (٢٠٢٦، ٢٢ی کانوونی دووەم). لە شۆڕشی ژیناوە بۆ شۆڕشی کەزێ: ژن وەک چەقی گۆڕانکاری و بەرەنگاری. زێد پرێس.
  • شجاعی، منصورە. (٢٠٢٣، ١٤ی سێپتەمبەر). جنبش مهسا، زمانە خستگی از خستگیها. ئاسو.
  • تدریسی، شیما. (٢٠٢٥، ١٦ی سێپتەمبەر). از خیابان تا خانه: تداوم جنبش «زن، زندگی، آزادی» در زندگی روزمره. رادیۆ زمانە.

 

 

[1] – ئەسکەندەری ئەحمەد   م، ٢٠ی دیسەمبەری ٢٠٢٢،” شۆڕشی ژینا ، داواکارییەکانی کورد”، SHARPRESS .
https://www.sharpress.net/op-detail.aspx?jimare=212174

 

[2] – سورخابی، ئەمین ، ١٦ی ئەیلوول ٢٠٢٤، ” شۆڕشی ژینا و برەوی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، دەنگی ئەمریکا
https://www.dengiamerika.com/a/7786479.html

 

[3] – قرائی مقدم، امان‌الله؛ مبانی جامعه شناسی، تهران، امجد، چاپ اول، 1374، صص 315- 305.

[4] – تغیرات اجتماعی- گی روشە، ترجمە منصور وثوقی، نشر نی ، تاران ١٤٠٤

[5]درویش‌پور، مهرداد. «جنسیت و قدرت در “ابرجنبش” زن، زندگی، آزادی»، ۶ دسامبر ۲۰۲۲
https://news.gooya.com/2022/12/post-71038.php?utm_source=chatgpt.com

 

[6] – باپیری، شلێر ، ١٦ی ئەیلوول ٢٠٢٤، ” شۆڕشی ژینا و برەوی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، دەنگی ئەمریکا
https://www.dengiamerika.com/a/7786479.html

[7] – رێبین فەتاح، لە شۆڕشی ژیناوە بۆ شۆڕشی کەزێ، ژن وەک چەقی گۆڕانکاری و بەرەنگاری، ٢٢ی کانوونی دووەم  ٢٠٢٦، زێدپرێس

https://zedpress.krd/political/14581

[8] – شوجاعی منصورە، ١٤ی سپتامبر ٢٠٢٣، جنبش مهسا، زمانە خستگی از خستگیها، سایت آسو

https://www.aasoo.org/fa/articles/4511

[9] – تدریسی شیما، ١٦ سێپتەمبەری ٢٠٢٥، از خیابان تا خانە: تداوم جنبش “زن، زندگی ، آزادی” در زندگی روزمرە: رادیۆ زمانە

https://www.radiozamaneh.com/864802/

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button