لە سەرەتای دەیەی ١٩٦٠ رەوتی نوێخوازی شیعری کوردی لە کوردستانی رۆژهەڵات لە سەر دەستی سوارە ئیلخانیزادە، عەلی حسەنیانی (هاوار)، چاوە شێخولئیسلامی، دەستی پێکرد. ئەم ڕەوتە لە ژێر کاریگەری شەپۆلی نوێی شیعری فارس بە پێشەنگایەتی (نیما یووشیج) و لەهەمانکاتدا (گۆران) لە کوردستانی باشوور، هەوڵیاندا لە باری فۆڕمەوە گۆڕان لە ئەدبی کوردیدا دەست پێبکەن. شەپۆلی یەکەمی نوێخوازی شیعری کوردی هەوڵیدا لە باری فۆڕمەوە گۆڕان دروست بکات لە شیعری کوردیدا و رەنگە بکرێت خەوە بەردینەی سوارە بە لوتکەی کاری ئەم رەوتە بزانین.
لە ناوەڕاستی دەیەی ١٩٧٠ دا و لە کۆتاییەکانی رژیمی پەهلەوی و لە دەماودەمی شۆڕشی گەلانی ئێرانی ئێران و ساڵانی یەکەمی ئەم شۆڕشەدا، شەپۆلی دووهەمی رەوتی نوێخوازی شیعری کوردی دەست پێدەکات کە دەتوانین لە روخسارە دیارەکانی ئەم رەوتە ئاماژە بدەین بە جەلال مەلەکشا، فەرەیدوون ئەرشەدی، مارف ئاغایی و… .
جەلال مەلەکشا لە کۆتاییەکانی دەیەی ١٩٧٠ و لە دەماودەمی شۆڕشدا زیاتر دەرکەوت. لە باری زمانییەوە زیاتر لە ژێر کاریگەری عەبدوڵڵا پەشێو و شێرکۆبێکەس و رەفیق سابیردایە. لە باری ناوەرۆکەوە ئەتوانین بڵێین شیعری جەلال رەنگدانەوەی رووداوە سیاسی، کۆمەڵایەتییەکانی سەردەمی خۆی پێوە دیارە. کاتێک باس لە ئەدەب و هونەر دەکەین، دوو روانگە زۆر زەق دەر دەکەوێت. روانگەیەک کە دروشمی هونەر بۆ هونەر بەرز دەکاتەوەو زیاتر گرینگی بە فۆڕم و لایەنە تەکنیکی و فۆڕمییەکانی ئەدەب ئەدات. رەوتێکیتر لە ئەدەب و هونەر هەیە کە بە هونەر و ئەدەبی دەربەست پێناسە دەرکرێت. ئەم رەوتە لای وایە ناکرێت کاری هونەر تەنها خولانەوە بێت لە ناو فۆڕمدا، ئەرکێک بۆ هونەر دیاری دەکات. هونەری دەربەست خۆی بە ئەرکدار دەزانێت لە بەرامبەر کۆمەڵگادا. شیعری جەلال دەچێتە ناو چوارچێوەی هونەر و ئەدەبی دەربەستەوە. جەلال لە گەڵ ئەوەی رەوتی زاڵی ناسراو بە “فۆرمالیست” تەنها خۆی لە فۆڕم و تەکنیکدا قەتیس نەکرد، هیچکات ئەدەب و شیعریشی نەکرد بە قوربانی. شیعری جەلال لەگەڵ ئەوەی قەتیس مانەوە نییە لە چوارچێوەی فۆڕمدا، وەک زۆر شاعیری بە ناو دەربەست، شیعرییەتی شیعر ناکات بە قوربانی و دەست ناکات بە شوعار و دروشمدان.
شیعری جەلال، ئاوێنەی باڵانوێنی کۆمەڵگایە، خەم و ئازارەکان، خۆشی و ناخۆشێ، تاڵییەکان، لە شیعری جەلالدا رەنگیان هەیە. ئەگەر شاعیر وریا نەبێت بەم شێوەیە لەگەڵ ئازار و خەمەکاندا بوون، لە بازنەی شیعر دووری دەخاتەوەو دەیخاتە بازنەی “شوعار” و “دروشم”دانەوە. بەڵام جەلال بە وریاییەوە لەگەڵ زمان، لەگەڵ خەم و ئازارەکان هەڵسووکەوت دەکات. جەلال ئەو خۆشی و ناخۆشییانە، شکست و سەرکەوتنەکان، پێکەنین و گریانەکان، دەکات بە شیعر ، شیعر ناکات بە قوربانی ئەوان.
ئاوارەیی، زیندان، نەخۆشی و زۆر تاڵی و رەنج بەسەر ژیانی جەلالدا هاتن. بەڵام ئەو وەک “دارە پیرە” رەگی لە ناو کۆمەڵی خۆی داکوتابوو. سەرەڕای هەموو ئازارەکان، هەموو نەهاتییەکان و هەموو توانجەکانی دەورووبەر, سەربەرز ژیا و چۆکی دانەدا. بەڵام بەداخەوە بە خەونەکەی خۆی نەگەیشت وەک دەیگوت:
خوا ئهزانێ من حهزناكهم، وهك ئهشقیا
سهرگهردانبم له م كوێستانه ،
رێگام بدهن بێمهخوارێ
هیچم ناوێ لهم جیهانه
جگه لهنهختێ سهربهستى و
بستێك خاك و
ئاڵایهك و
ڕهشماڵێكى قهرهجانه !
راستە جەلال زیاتر وەک شاعیر ناسراوە، بەڵام کۆمەڵە چیرۆکی “کارەسات” دەرخەری توانای ئەوە لەم ژانرەی ئەدەبدا. لە کۆمەڵە چیرۆکی “کارەسات”دا، بە هەمانشێوەی شیعرەکانی، ریالیسمێکی کۆمەڵایەتی، سیاسی دەبیندرێت. دەرخەری ئەوەیە شیعر و چیرۆکەکانی جەلال “ئازاری هاوبەش”ی کوردبوون و مرۆڤبوونە. مارف ئاغایی لە سەرەتای دەیەی 1990 لە یەکێک لە ژمارەکانی گۆڤاری سروەدا دەربارەی جەلال دەڵێت :
“تۆ چەندە ژانێکی قورسی بەسەر لاشانی خەمەوە
چەمۆڵەیەکی چەند مۆنی بە نێوچاوانی تەمەوە”
