سارتر لە خۆی دەدوێ
(وتووێژ لە گەڵ پیەر ئاندرە بۆتانگ) دەرهێنەری ئەم فیلمە.
و: مستەفا زاهیدی
سارتر لە خۆی دەدوێ، هەڵگری 3 كاتژمێر وتووێژی راستەوخۆیە لە گەڵا ئەم بیرمەندە. دەرهێنەری ئەم ئۆتۆبیۆگرافیە سینەماییە، پیەر ئاندرە بۆتانگە كە لەم بەرهەمە 3 كاتژمێرییەدا سارتر لە ژیان و بەرهەمەكانی خۆی دەدوێ. ئەم وتووێژ لە شوێنی كارەكەی لە ژمارە 17ی شەقامی مەكس ماهوونی پاریس ئەنجام دراوە. بە وتەی ئەم دەرهێنەرە ئەم بەرهەمە سینەماییە تەنها بەرهەمی گرینگە دەربارەی ژان پۆل سارتر.
چۆن بوو دەستت دایە ئەم كارە؟
پرۆژەكە دوای وتووێژو را گۆڕینەوە لە گەڵ ئیلكساندر سترۆ/ دەرهێنەر و سیمۆن دوبوار دستی پێكرد كە باسی ئەوەیان هێنایە گۆڕ كە فیلمێك دەربارەی سارتر بەرهەم بهێندرێ. ئیلكساندر سترۆك بە یەك شەو فیلمنامەكەی لە ماڵەكەی لە شەقامی مۆسیۆ لۆپرێنس نووسی. دەمانزانی سارتر خۆشی لە تی ڤی نایەت. سارتر پێی خۆش نەبوو لە تیڤیدا بە شێوەی مارشال دووگۆل دەركەوێ. ئێمە بۆ ئەم پرۆژە باسمان لەوە كرد كە فیلمێكی سینەمایی بەرهەم دێنن. سیمۆن دۆبوار و ژاك لۆران بووست رازیان كرد بەشداری بكات و ئامادە بێت. ساڵی 1972 دەستمان كرد بە وێنە گرتن و ساڵی 1976 فیلمەكە بڵاو بۆوە.
لە كاتی ساز كردنی فیلمەكەدا رووبەڕووی هیچ كێشەیەك نەبوونەوە؟
با، بۆچی نا. كێشەی ئابووریمان هەبوو. كە پارەت نەبوو بە ئەنجام گەیاندنی پرۆژەیەك ئاڵۆز دەبێت. ئێمە هەموومان كارەكانی خۆمان بە باشی بەڕێوە دەبرد. گیسلیمگین ماشینی پۆرشەكەی فرۆشت كە لە كایەی پۆكێردا بردبیەوە بۆ ئەوەی فیلمی بەتاڵ بكڕین. هەندێ كەسیش پارەیان بە قەرز پێ داین لە وانە ژان پیەر رۆسان، ماتیۆ كاربێر و شارل هانری فاۆر. بەم شێوەیە توانیمان كارەكانمان بە رێوە ببەین.
بۆچی ئەم شوێنە خەڵوەتتان هەڵبژاردوە؟ سارتر لە ماڵەكەیدا و لە ناو كۆڕو كۆمەڵی هاورێكانیدا.
تا ئەو شوێنەی دەگەڕێتەوە بۆ شێوەی وینە هەڵگرتن ئەمە شێوەكاری هەمیشەیی و ناسراوی ئاسترۆكە، كامیرایەك كە لە سەر تراولینگ دانراوە. ئەمە وتووێژێكی تەلەفیزیۆنی نەبوو. سارتر نەیدەویست وانە بڵێتەوەو بە شێوەی مامۆستاكان قسە بكات. ئەم پرۆژە سەرنجی سارتری بۆ لای خۆی راكێشابوو چونكە لە ناو كۆڕی هاوڕێكانیدا بوو و لە گۆڤاری ” سەردەمی مۆدێرن، هەمووان بە وردی گفت و لفت و قسە كردنی سارتریان خستبوە ژێر چاوەدێری. لە لایەكی ترەوە ئەم دۆكۆمێنتە هەر لە سەرەتاوە باسێكی بە كۆمەڵ بوو. هەمووان لە بەر باروودۆخی دژواری ئەو سەردەم بە هەوڵێكی خەباتگێڕانەیان دەزانی، بە تایبەت دوای تیرۆری پیەر ئۆورنە.
لات وایە بۆچی سارتر ئامادە بوو لە تەمەنی 67 ساڵیدا بێتە بەردەم كامێرا؟
پێشنیارت پێدەكەم بچۆ سەر قەبرەكەی لە گۆرستانی مۆنپارنس تا لەم شتە تێبگەی. سارتر پێی خۆش بوو شتێكی بە راست سینەمایی هەبێ. فیلمێكی راستەقینەو رەسەن دەربارەی ژیانی خۆی. سارتر بیرمەندێكی لووت بەرز نەبوو، بیركردنەوەیەكی قورسی نەبوو كە نەكرێ تێی بگەیت. باش دەیزانی كە خەڵك هیچكات ناڕۆن كتێبی ” یوون و نەبوون” یان ” رەخنە لە عەقڵی دیالكتیكی ” بكڕن. ئەو سینەمای بە راگەیاندنێكی جیاواز دەزانی بە مەبەستی ناسینی بەرهەمەكانی. سارتر دەیزانی كە دەبێ لە خەڵكانێكی زۆر نزیك بێتەوەو حەزی لەم شتەش بوو. لە كۆتاییدا ئەم فیلمە مرۆڤێ بە وێنا دەكێشێ زۆر سەرحاڵ و شاد كە باس لە ژیانی خۆی دەكات، باس لە شێوەی بیر كردنەوەی و پێوەندی خۆی لە گەڵ جیهان دەكات.
وتووێژەكان كەی ئەنجام دەدران؟
ئێمە هەموو رۆژێ وێنەمان هەڵنەدەگرت. بەڵام هەر كاتێك هەل بڕەخسایەت ئێمە ئەم كارەمان دەكرد بۆ ئەوەی كە لە چوارچێوەی باسەكە دەرنەچین باسەكە درێژەی دەكێشاچوونكە هەموو كات كەسانێكی دیاریكراو لەو باسەدا بەشداریان دەكرد. هەندێ رۆژ سارتر تەنها بوو. هەندێ رۆژیش سیمۆن دۆبووار هاوڕێیەتی دەكرد.
چ كەش و هەوایەك بە سەر وێنە گرتنەكەدا زاڵ بوو؟
جگە لە كێشەی ماددەی خاو و ناكۆكییەكانی نێوان ئالكساندر ئاسترۆك و میشێل كۆنتای، لە سەر مۆنتاژی فیلمەكە، وێنە هەڵگرتنەكە كاتێكی خۆش بوو. ئەو مرۆڤانەی كە یەكتریان خۆش دەویست و پێكەوە رۆژیان بە سەر دەبرد. هەندێ خواست و داواكاریان لە سارتر هەبوو كە لە دەروەی جیهانی فیلمدا هیچكات ئەم خواستانەیان نەبوو. سارتر هەر خۆی بوو و نەگۆڕا بوو. ئاگادار بوو كە خەریكە كارێكی گرینگ ئەنجام دەدا.
ئەو فیلمە دیكۆمێنتییەی ئێوە لە كەن پیشان درا. پێشوازی خەڵك چۆن بوو؟
زۆر باش پێشوازی لێنەكرا. دواتر فیلمەكە لە ساڵۆنی سینەما نمایش كرا و سەیركەری پەیدا كرد. ماوەیەك دواتر تەلەفیزیۆن ئیزنی بڵاو بوونەوەی ئەو فیلمەی كڕی كە تەنها فیلمی گرینگ بوو دەربارەی سارتر.
چ بەرنامەیەكت هەیە بۆ ئەم فیلمە لە داهاتوودا؟
بەمزوانە 150 حەڵقە لە راشەكانی ئەم فیلمەمان لە “A..N.A” دۆزیەوە. بەشگەلێكی زۆر لەم فیلمە لە كاتی مۆنتاژدا ون ببوو، بۆ وێنە ئەو ساتەی كە سارتر وسیمۆن دۆبوار باسیان لە یەكەم دیداری خۆیان دەكرد. دەمانهەوێ بەم راشانە فیلمێكی DVD بەرهەم بێنین.