ئەگەر ئاشتی جۆرێک خەڵات بایە
ن: سەلمان روشدی
لە ئینگلیزییەوە: ڕێزان حەسەنی، مستەفا زاهیدی
بۆ دەستپێک، با چێرۆکێکتان بۆ بگێڕمەوە. هەبوو، نەبوو، دوو چەقەڵ هەبوون یەکیان ناوەکەی کارتاکا بە مانای وریا و ئەویتریان دامانا بە مانای بوێر بوو. ئەوان لە ریزی دووهەمی هاودەمە نزیکەکانی پاشا شێر ( پینگالاکا)دا بوون، بەڵام خۆپەرەست و فێڵەباز بوون. رۆژێک دەنگێکی بەرز لە دارستان، پاشا شێری ترساند.
چەقەڵەکان ئەیانزانی ئەوە دەنگی گایەکە و نابێ لێی بترسن. گاکەیان رازی کرد بێتە بەردەم شیرەکە و ئامادەیی خۆی دەرببڕێت ببێت بە هاوڕێی پاشا. شێر و گا بوون بە هاوڕێ و چەقەڵەکان لە لایەن پاشاوە پلەیان بەرزکرایە بۆ هاودەمی پلەیەکی پاشا. بەداخەوە شێر و گا ئەوەندە سەرقاڵی قسەکردن بوون لەگەڵ یەکتر، کە شێر لەبیرچۆوە راو بکات و ئاژەڵە نزیکەکانی برسێتی تەنگی پێ هەڵچنین. هەر بۆیە چەقەڵەکان شێریان قەناعەت پێکرد کە گا پلانی هەیە ئەو بکوژێت، هەربۆیە شێر و گا وەشانە گیان یەک و گا کوژرا، گۆشتێکی زۆر هەبوو بۆ خوارد و هەموان خواردیان و تێربوون. ئەو دوو چەقەڵە زۆر زیاتر لای پاشا پلەیان بەرز بۆوەو خۆشەویست بوون، لەبەر ئەوەی پاشایان لە پیلانگێڕییەکەی گا ئاگادار کردبۆوە. لە لایەن ئاژەڵەکانیتری دارستانیشەوە زۆر زیاتر رێزان لێ دەگیرا، هەڵبەت جگە لە گا چارە ڕەشەکە- بەڵام ئەمە گرینگ نەبوو لەبەر ئەوەی ئەو ئیتر زیندوو نەبوو، ببوو بە خواردنێکی بەتام و نایاب بۆ هەموان.
دەکرێ بڵێین ئەمە چوارچیوەی سەرەکی یەکەمین و درێژترین بەشە لە پێنج بەشی کتێبی ئەفسانەی ئاژەڵەکانە کە بە “پانجاتانترا”[1] ناسراوە لە ژیر ناوی -دەربارەی ناکۆکی نانەوە لە نیوان هاوڕێکاندا-. سێهەمین بەشی ئەم کتێبە ” جەنگ و ئاشتی” ناوە، هەر ئەو ناوەی کە دواتر کەوتە سەر بەرگی کتێبێکی ناودارتری. ئەم بەشە پەیوەندی باسی پەیوەندی نێوان قەلەڕەش و کوندەبووەکان ئەکات، جەنگێک کە بە هۆی فێڵ و تەڵەی قەلەڕەشێکی فێڵەبازەوە شکست و لەناوچوونی کوندەبووەکانی لێ ئەکەوێتەوە. لە رۆمانی ” شاری سەرکەوتن”[2]دا ڤێرژنێکی ئەم چیرۆکەم بەکار هێناوە.
ئەوەی هەمیشە لە چیرۆکەکانی “پانچاتانترا”دا بە سەرنجی راکێشاوم ئەوەیە کە زۆربەی چیرۆکەکان ، چیرۆکیک نین کە باس لە ئاکار و ئەخلاق بکەن. بانگەشەی چاکە و گەورەیی و ڕاستگۆیی و خۆگرتن ناکەن. زۆرجار فێڵبازی و پیلانگێڕی و گرینگینەدان بە بنەما ئەخلاقییەکان، بە سەر بەرامبەردا سەرئەکەون. کەسە باشەکان هەموودەم سەرکەوتوو نابن و براوە نین. ( تەنانەت هەموو دەم نازانرێ کەسە باشەکان کێن.) هەربۆیە، ئەوان (ئەم چیرۆکانە) زۆر سەیر و سەرنجڕاکێش وەک چیرۆکی هاوچەرخ دەرئەکەون. لەبەر ئەوەی ئێمە خوێنەرانی مۆدێڕن لە دونیایەکداین تژی لە بێ ئەخلاقی و بێشەرمی و فێڵبازی، کە زۆرجار کەسە خراپەکان لە هەموو شوێنێکدا سەرئەکەون.
“هەموو ئەم چیرۆکانە لە کوێوە هاتووە؟” هاروونی کوڕ لە رۆمانی ” هاروون و دەریای چیرۆکەکان”[3] دا لە باوکی حیکایەتبێژی ئەپرسێت. گرینگترین بەشی وەڵامی ئەم پرسیارە ئەوەیە کە چیرۆکەکان لە چیرۆکەکانیترەوە سەرچاوە ئەگرن، لە دەریایەک لە چیرۆکەکانەوە کە هەموومان لێی دەپەڕینەوە. هەڵبەت ئەمە تاقە سەرچاوەی چیرۆکەکان نییە: چیرۆکەکان سەرچاوەیان لە ئەزموون و روانگەی چیرۆکبێژ بۆ ژیان و هەروەها سەردەم و رۆژگارێک کە تێیدا ئەژیدایە. بەڵام رەگی زۆربەی چیرۆکەکان ئەبێ لە چیرۆکیتردا بدۆزینەوە، کە کۆدەبنەوە و یەک دەگرنەوە و دەگۆڕدرێن و بەم شێوەیە دەبنە چیرۆکی نوێ. ئەمە ئەو پرۆسەیەیە کە ئێمە پێی دەڵێین خەیاڵ.
من هەمیشە ئیلهامم لە ئوستوورە و حیکایەتە فۆلکلۆرییەکان و ئەفسانەکان وەرگرتووە، نەک لەبەر ئەوەی پەرجوویان تێدایە- ئاژەڵی قسەکەر، یان پەری دەریایی سێحراوی- بەڵکوو لەبەر ئەوەی راستییان تێدایە. بۆ نموونە چیرۆکی ئۆرفیۆس و یۆریدیس[4] کە سەرچاوەیەکی گرینگی ئیلهام بوو بۆ ڕۆمانی “زەوی ژێر پێیەکانی”[5]م، دەتوانرێت بە کەمتر لە سەد وشە بگێڕدرێتەوە و بەڵام ئەم چیرۆکە هەڵگری پرسیاری گرینگە دەربارەی پەیوەندی نێوان هونەر، خۆشەویستی، و مردن. دەپرسێت ئاخۆ خۆشەویستی، بە یارمەتی هونەر، ئەتوانێت بەسەر مەرگدا زاڵ بێت؟ رەنگیشە وەلامی بداتەوە: مەگەر جگە لەوەیە ، سەرەڕای بوونی هونەر، مەرگ بەسەر عەشقدا سەرئەکەوێت؟ رەنگیشە پێمان بڵێت، هونەر باسی هەردوو بابەتی عەشق و مەرگ ئەکات و تێیان ئەپەڕێنێت و ئەیانکات بە چیرۆکی نەمری.
کۆگای ئەفسانەکان بە راستی دەوڵەمەندە. بێگومان ئەفسانە یۆنانییەکان بوونیان هەیە. بەڵام هۆنراوەو دەقە پەخشانییەکان پڕاوپڕن لە ئەفسانە و ئوستووە سکاندیناڤییەکان. ئایزۆپ[6]، هۆمێر[7]، ئەڵقەی نیبێلۆنگ[8]، ئەفسانەی سێلتیکەکان[9] و هەروەها سێ کۆمەڵی گەورەو گرینگی ئەفسانە ئەورووپییەکان: ئەفسانەی فەرەنسی، بونیادی چیرۆکەکانی دەورووبەری شارلمانی[10]، ئوستووە رۆمییەکان دەربارەی یۆنان و رۆمای کەونارا، ئوستوورە بەریتانییەکان دەرباری ئارسەر شا[11]. لە ئەڵمانیا ئەو چیرۆکە فۆلکلۆریانەتان هەیە کە لەلایەن جاکۆب و ویلهێلم گریمەوە کۆکراونەتەوە. بەڵام لە هێندستان، بەرلەوەی لەگەڵ ئەفسانە و چیرۆکی شوێنەکانیتری دونیا ئاشنا بم، لەگەڵ چیرۆکەکانی پانچاتانترا گەورە بووم، ئەمڕۆکەش کاتێک دەست ئەکەم بە پرۆژەیەک، جارێکتر ئەگەڕێمەوە بۆ لای چەقەڵ و قەلەرەشی فێڵباز و هاوشێوەکانیان بۆ ئەوەی بە ئیلهام لەوان چیرۆکی دواترم بنووسم. هەرکات گەڕاومەتەوە بۆ ئەم چیرۆکانە، دەست بەتاڵ نەگەڕاومەتەوە. ئەوەی دەربارەی چاکە و خراپە، ئازادی و دیل بوون، یان پێکدادان و رووبەڕووبوونەوە بیزانم لەم چیرۆکانەدا بوونیان هەیە. بەڵام بۆ باس عەشق و خۆشویستن، ئەچمە لای چیرۆکەکانیترەوە.
ئەمڕۆکە لێرە بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ئاشتی وەستاوم، لەخۆم ئەپرسم:” دونیا حیکایەت و ئەفسانەکان دەبارەی ئاشتی چیمان پێ دەبەخشن؟”
هەواڵەکە زۆر باش نییە. هۆمێر پێمان ئەڵێت ئاشتی دوای یەک دەیە جەنگ جێگیر ئەبێت، ئەو دەمەی هەموو ئازیزەکانمان مردوون و ترۆی وێران بووە. ئەفسانەکانی سکاندیناڤی پێمان ئەڵێن ئاشتی دوای ” رۆگنارۆک”( Ragnarök) – مەرگی خوداکان- دێ، ئەو دەمەی خوداکان دوژمنە کۆنەکەی خۆیان لە ناو ئەبەن، بەڵام خۆشیان بە دەستی ئەوان لە ناو ئەچن. بەڵام پەنجاتنترا پێمان ئەڵێت ئاشتی – مەرگی کونەبووەکان و سەرکەوتنی قەلەڕەشەکان- تەنها دوای فێڵ و تەڵە دێت. ئەگەر بۆ چەند ساتێک ئەفسانە کۆنەکان بخەینە لاوەو چاو لە دوو حیکایەت بکەین کە ئەم هاوینە زۆر پێشوازیان لێکرا، ئەبینی فیلمی ” ئۆپنهایمەر” بە بیرمان ئەهێنێتەوە ئاشتی تەنها کاتێک سەقامگیر ئەبێت کە دوو بۆمبی ناوەکی- کوڕیژگە و پیاوە قەڵەوەکە- کەوتبێتن بەسەر خەڵکی هیرۆشیما و ناکازاکیدا، فیلمی “باربی” کە زۆر پێشوازی لێکرا پێمان ئەڵێت ئاشتی سەقامگیر و بەختەوەری تاهەتایی ، لە دونیایەکدا کە هەموو رۆژێکی کامڵ و بێ کەم و کووڕییە، تەنها لە دونیای دەستکردی پەمەیی رەنگدا بوونی هەیە.
ئێمە لیرە لە حالێکدا بۆ قسەکردن دەربارەی ئاشتی لە دەوری یەکتر کۆبووینەتەوە لە شوێنێکی نە زۆر دوور جەنگ بێ بەزەییانە درێژەی هەیە- جەنگێک کە دەرئەنجامی دیکتاتۆری کەسێکە و چاوی تەماحی ئەو بۆ دەسەڵات و سەرکەوتن- لە هەمانکاتدا جەنگێکی تاڵیترلە ئیسرائیل و کەرتی غەزە لە ئارادایە. ئێستاکە ئاشتی بووە بە جۆرێک وەهم دەرئەنجامی بەکارهێنانی ماددە سڕکەرەکان. دوو لایەنی جەنگ تەنانەت ناتوانن لە سەر مانای وشەیەک لەگەڵ یەکتر رێ بکەون. بۆ ئۆکراینیا، ئاشتی واتە شتێک زیاتر لە راگرتنی جەنگ. بۆ ئۆکراینیا ، ئاشتی واتە وەرگرتنەوەی ئەو بەشە لە وڵاتە کە داگیرکراوەو گەرەنتی کردنی سەربەخۆبوون. ئاشتی بۆ دوژمنی ئۆکراینیا واتە ملکەچبوونی ئۆکراین. وشەیەک بە دوو مانای دژ بە یەکەوە. ئاشتی بۆ ئیسرائیلی و فەلەستینییەکان تەنانەت لەمە زۆر لەمە دوورترە.
سەقامگیربوونی ئاشتی دژوارە. بەمەشەوە، ئێمە بە ئاواتەوەین ئاشتی سەقامگیربێت، نەک تەنها ئاشتییەکی گەورە کە دوای جەنگ بەدی دیت، بەڵکوو وەها ئاشتی و ئارامییەک کە لە ژیانی تایبەتیماندا جێگیربێت. والت ویتمان[12] ئاشتی وەک خۆرێک دەبینێت کە هەموو رۆژێک تیشکەکانی ئەدات لێمان:
ئایی خۆری ئاشتی راستەقینە! ئای خۆری درەوشاوە!
ئایی ئازاد و سەرخۆش! ئەی ئەوەی لێرە لە چاوەڕوانیتدا گۆرانی ئەڵێین!
خۆری رووناککەرەوەی دونیا بەرەو لوتکەی ئاسمان بەرز ئەبێتەوە
تۆش، ئارمانجی من، بێگومان بە لوتکەی ئاسمان ئەگەی!
ئاستی ” ئارمانجی” ویتمان بوو. ئیزن بدەن بۆچوونەکەی وەربگرین ، سەرەڕای هەموو دژواری و ناخۆشییەکان، ئەوە ئەهێنێت عەڤداڵی ئاشتی بین. باوک و دایکم وەک ئەو بیریان ئەکردەوە، هەربۆیە ناویان نام ” سەلمان”، ناوێکی وەرگیراو لە وشەی “سەلامەت” بە مانای “ئاشتی” و ئارامی. “سەلمان” واتە “ئارام” و ئاشتیخواز. لە راستییدا مناڵێکی زۆر ئارام و بە ئەدەب و دەرس خوێن و بێدەنگ بووم. کێشەکان دواتر سەریان هەڵدا.
ئەگەر بەرهەمەکانم لە حیکایەتەکانەوە سەرچاوەیان گرتووەو کاریگەری حیکایەتەکانیان لەسەرە، بێگومان خەڵاتی ئاشتیش جۆرێکە لە حیکایەت بێژی. لام وایە بیرۆکەیەکی سەرنجڕاکێشە ئەوەی کە ئاشتی خۆی خەڵات بێت- بەو مانایەی کۆمەڵێک خێرخواز ئەوەنە بەهێزن کە ئەتوانن خەڵاتی ئاشتی (ساڵێک) ئەدەن بە یەک کەس، زۆرترنا، تەنها یەک کەس. بەڵێ، ئاشتییەکی پیرۆز، نەک ئاشتییەکی بێ بایەخ. بەڵکوو ئاشتییەکی رەسەنی فرانکفۆرتی، ئاشتی ساڵێکی تەواو، وەک شەرابێکی روون کە کرابێتە بتڵێکی جوان و دڵڕفێنەوە ، بدرێت بە کەسێک. ئەمە خەڵاتێکە بەو پەڕی پێخۆش بوونەوە وەری ئەگرم. تەنانەت خەریکم بیر لەوە ئەکەمەوە چیرۆکێک بنووسم بە ناوی :” پیاوێک کە ئاشتی وەک خەڵاتێک وەرگرت”.
ئەم حیکایەتە لە گوندێک روو ئەدات- رەنگە لە بازاڕی فێڵ و تەلەێ گونددا. ژمارەیەک لە خەڵکی گوند سەرقاڵ بە پێشبڕكێ باوەکانەوە لە سەر باشترین شیرینییەکان، کێک و شووتییەکان و ژمارەیەکیتر پێشبڕكێیانە لە سەر ئەوەی بەرزای جووتیارێک کێشی چەنە و کامیان هەڵی دێنن. وردەواڵەفرۆشێکی گەڕۆک بە جل و بەرگێکی دڕواوەوە دەگاتە گوندەکە، ئەڵێت ئەگەر دادوەری کردنی پێشبڕکێکە بدەن بەو، باشترین خەڵاتەکان، خەڵانی دەگمەن، بە براوەکان ئەبەخشێت. بە دەنگی بەرز هاوار ئەکات:” باشترین خەڵاتەکان! هەڵێن! زووبن!” خەڵکە ساکارەکەی گوندەکەش رازی ئەبن و ئەیکەن بە دادوەر، ئەو وردەواڵە فرۆشە گەڕۆکەش ژمارەیک بتڵێ بچووک ئەبەخشێتە هەر کام لە براوەکان. بتڵەکان لە سەریان نووسراوە ” راستی”، “جوانی” ، “ئازادی”، چاکە” و ئاشتی”. خەڵکی گوندەکە بێ هیوا ئەبن. ئەوان پێیان باشترە خەڵاتێکیان پێ بدرێت کە نەخت بێت . لە ماوەی ساڵێکدا دوای ئەم بازاڕی فرت و فێڵە، رووداوی سەیر روودەدات. ئەوەی براوەی بتڵی ” راستی”ە، دوای خواردنەوەی شلەی ناو بتڵەکە، خەڵکی گوندەکە لە خۆی ئەڕەنجێنێ و وایان لێ ئەکات لێی دوور کەونەوە، لەبەر ئەوەی بێ پێچ و پەنا و راستگۆیانە پێیان دەڵێت کە ئەو چۆن دەربارەیان بیر ئەکاتەوەو چۆنیان ئەبینێت. براوەی بتڵێ ” جوانی” دوای خواردنەوەی شلەی ناو بتڵەکە، لانیکەم خۆی ، خۆی بە جوانتر ئەبینێت و لە هەمانکاتدا ئەبێت بە کەسێکی خۆبەزلزان کە هەموان لێی دەبێزرێن. ئەو کەسەی ئەبێ بە براوەی خەڵاتی ” ئازادی” بێ سەرو بەرە بوونی، وا ئەکات خەڵکی گوندەکە بەلایانەوە جێی سەرنج بێت و سەریان سووڕ بمێنێت، ئەوان بەو ئەنجامە ئەگەن ئەوەی لەو بتڵەدا بووە خواردنەوەیەکی سەرخۆشکەری زۆر بەهێز بووە. براوەی خەڵاتی “چاکە” خۆ بە پیرۆز ئەانیت و ئاکاری پەسەندی خەڵک نییە. براوەی خەڵاتی ” ئاشتی” تەنها ئەوەیە لە ژێر دارێکدا دائەنیشیت و پێ ئەکەنێت. پێکەنینەکانی لە حاڵێکدا گوندەکە تووشی وەها کێشەیەکی گەورە بووە، ناخۆشە و خەڵکەکە ئازارئەدات.
ساڵی دواتر، ئەو دەمەی جارێکیتر ئەم بازاڕی فرت و فێڵە ئەکرێتەوە، وردەواڵە گەڕۆکەکە ئەگەڕێتەوە، بەڵام لە گوندەکە دەری ئەکەن. خەڵکی گوندەکە هاوار ئەکەن :” لێرە دوور بە! ئێمە خەڵاتی وەهامان ناوێت. سەلکێ پەنیر، پارچەیەک ژامبۆن، یان مەدالیایەکی درەوشاوە کە پەتێکی سوری پێیەوەیە. ئەمانە خەڵاتی ئاسایین و ئێمە لەمانەمان ئەویت”.
رەنگە ئەم چیرۆکە بنووسم، رەنگیشە نەینووسم. لانیکەم ئەکرێت بە شێوەیەکی ئایرۆنیک ئاماژە بە خاڵێکی گرینگ بدرێت. ئەو چەمکانەی کە هەموومان بە گەورەو شایستەی ئەزانین، بە پێی کاریگەرییەکانیان لە سەر دونیای راستەقینەمان و گۆشە نیگای ئێمە، رەنگە وەک چەمکێکی سووک و بێ نرخ ببینرێن. لە کتێبی ” ڤیکۆنتی دوو لەت بوو” بەرهەمی ئیتالۆ کالڤینۆدا، پاڵەوانی چیرۆکەکە لەبەر ئەوەی پارچە تۆپێک ئەدات لە ناوەڕاستی دوو سینەی و شەق ئەبات. و ئەبێ بە دوو لەت. هەردوو نیوەکە زیندوو ئەمێننەوە- پزیشکێکی لێهاتوو، برینەکانیان دەرمان ئەکات، دواتر دەرئەکەوێت ئەم ڤیکۆنتە نەک تەنها لە باری جەستییەییەوە بەڵکوو لە باری ئاکاریشەوە شەق بووەو بووە بە دوو پارچە. یەکێک لەم دوو نیوە لاشەیە لە رادەبەدەر چاکە و نیوەکەیتر لە زۆر سەیر خراپە. بەمەشەوە، ئەوە دەرئەکەوێت هەروو نیوەکە وەک یەک زیان بە دونیا ئەگەیەنن و مشت و مڕ لەگەڵیان وەک یەک ناخۆشە. سەرەنجام هەر ئەو دوو پزیشکە لێهاتووە ئەم دوو نیوە گرێ ئەداتەوە بە یەکەوەو سەرەنجام وەک هەر مرۆڤێک ئەبێت بە خاوەنی یەک جەستە کە ئاکاری جیاوازی هەیە.
چارەنووس لە چارەی نووسیوم چەند ساڵ لەوە پێش لە بتڵی ” ئازادی”م خواردۆتەوە، کەوایە کتێبەکانمم بێ هیچ سنوورێک نووسیوە، ئێستەش خەریکی بڵاوکردنەوەی کتێبی بیست و دووهەمم. پێویستە بڵێم بیست و یەک دانە لەو بیست و دوو دانە، خواردنەوەی ئاوی ئازادی زۆر باش بە دڵمەوە چەسپاوەو بە تام بووە. لەم دوایین نموونەدا، واتە بڵاوکردنەوەی چوارەمین رۆمان تێگەیشتم- زۆمان لەوە تێگەیشتین- ئازادی ئەکرێت کارلێکی پێچەوانەی هەبێت لە لایەن هێزە نائازادەکانەوە[13]. لە هەمانکاتدا فێربووم چۆن بەرامبەر بە دەرئەنجامەکانی ئەم کارلێکە بوەستمەوە، تا ئەو رادەیەی، وەک هونەرمەندێکی ئازاد درێژە بە کارەکانم بدەم. هەروەها تێگەیشتم کە ژمارەیەکی زۆر لە هونەرمەند و نووسەرەکان کە لایەنگری ئازادین و هەوڵی بۆ ئەدەن، لە لایەن هێزە دژە ئازادییەکانەوە هەڕەشەیان لەسەرە. بە کورتی ئەبێ بڵێم تێگەیشتم خواردنەوە لە پەرداخی ئازادی ئەتوانێت مەترسیدار بێت. بەڵام هەر ئەمە بوو بە هۆی ئەوەی زیاتر لایەنگری ئازادی بم و پێداگری لە ئازادی بە پێویست و گرینگ بزانم. دان بەوەدا دەنێم هەندێجار لەبەر خۆمەوە وتوومە خۆزگە لە شلەی ئاشتی و ئارامیم ئەخواردەوەو پێکەنینێکی ئارامم لە سەر لێو ئەبوو و لە ژێر سێبەری درەختەکاندا ژیانم دەبردە سەر. بەڵام چارەنووس وای لە چارە نووسیبووم کە وردەواڵە فرۆشە گەڕۆکەکە بتڵێکیتری پێدام.
ئێمە لە سەردەمێکدا ئەژین کە قەت بیرم لەوە نەدەکردەوە، لە ژیانمدا بکەومە وەها سەردەمێکەوە، سەردەمێک کە ئازادی- بە تایبەت ئازادی رادەربڕین، کە بە بێ ئەوە دونیای کتێبەکان دروست نابێت- لە هەموو لایەکەوە، لە لایەن کۆنسێرڤاتەکان، تاكڕەوەکان، پۆپۆلیستەکان، دیماگۆژییەکان، نارسیستەکان و بێ مێشکەکانەوە هێرشی ئەکرێتە سەر. سەردەمێک کە فێرگە و کتێبخانەکان هەڕەشەیان لەسەرەو سانسۆر ئەکرێن، سەردەمێک کە ئایینداری توندڕەوانە و ئایدیۆلۆژیای دواکەوتوانە بە زۆر هاتوونەتە ناو ئەو بەشانە لە ژیانەوە کە شوێنی ئەوا نییە. ژمارەیەک لە هێزە پێشکەوتووخوازەکانیش هاودەنگن لە گەڵ جۆرێک لە سانسۆری نوێ و پشتیوانی لێ ئەکەن، جۆرێک لەسانسۆر کە بەڕواڵەت وا دەرئەکەوێت شتێکی باشەو بەشێکی زۆر لە خەڵکیش بە لایانەوە پەسەندە و لایان وایە کە تایبەتمەندی باشی تێدایە. کەوایە ئازادی لە لایەن چەپ و راستەوە، لە لایەن پیر و گەنجەوە هەڕەشەی لەسەرە. ئەم دۆخە بێ وێنەیە و ئەم کەرەستە نوێیەی پەیوەندیکردن- ئەنتەرنێت- بوو بە هۆی ئالۆزتر بوونی دۆخەکە. لە ئەنتەرنێت لاپەڕە ڕازە و باق و بریقەدارەکان کە پڕن لە درۆی دەرمارگرژانە، بە تەنیشت ئەو لاپەڕانەوەن کە راستی بڵاو ئەکەنەوە، بۆ بەشێکی زۆری خەڵک کارێکی ئەستەم و دژوارە درۆ و راستی لە یەکتر جیا بکەنەوە، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەموو رۆژێک ئایدیای ئازادی بە خراپە بە کار دەهێنریت، بۆ ئەوەی بە زۆری دەرفەت بە کۆمەڵی شەڕانگێز بەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەسەڵاتی خۆیان جێگیر بکەن. وا دەرئەکەوێت خاوەنە میلیاردرەکانی ئەم تۆڕە کۆمەڵایەتییانە پەرە بەم دۆخە ئەدەن و خێری لێ ئەبەن.
ئەو دەمەی خراپ بەکارهێنانی ئازادی تا ئەم رادەیە باوە ئەبێ چی بکەین؟ ئەبێ بە هێز و وزەیەکی نوێوە هەر ئەو کارە بکەین کە هەموو دەم پێویست بووە بیکەین: بە پەیڤێکی باشترەوە وەڵامی قسەی خراپ بدەینەوە، ئەبێ بە گێڕانەوەی باشترەوە دژ گێڕانەوە درۆینانەکانی ئەوان بوەستینەوە، بە عەشق وەڵامی ڕق و نفرەت بدەینەوە، باوەڕنمان بەوە هەبێت راستی تەنانەت لە سەردەمی درۆکانیشدا سەرئەکەوێت.
ئەبێ بە هەموو توانامانەوە بەرگری لە ئازادی رادەربڕین بکەین و تا بۆمان ئەکرێت پێناسەیەک گشتگیری لێ بدەین بە دەستەوە. کەوایە بێ دوو دڵیئەبێ بەرگری لەو قسانە بکەین کە دەمانڕەنجێنن، ئەگەر وا نەبێت، بە هیچ شێوەیەک ناتوانین بڵێین بەرگری لە ئازادی رادەربڕین ئەکەن. بڵا هەزار و یەک بۆچوون بە هەزار و یەک شێوەی جیاواز دەرببڕدرێت.
وەک چۆن (کاڤافی)[14] ئەڵێت:” بەربەرەکان ئەمڕۆ دێن” و ئەوەی من دەیزانم هونەر وەڵامێکە بۆ رق و شەڕانگێزی (philistinism)، وەڵامی بەربەرییەت شارستانییەتە، لەم شەڕانەدا رەنگە هونەرمەندەکان بە هەموو جۆرەکانیانەوە- فیلمساز، ئەکتەر، گۆرانیبێژەکان و ئەوانەی بە هونەری کۆنی کتێبەوە سەرقاڵن- دەتوانن پێکەوە بەربەرەکان لە دەروازەکان دوور بخەنەوە.
ئەوەی سەرەوە دەقی وتاری سەلمان روشدی بووە لە کاتی وەرگرتنی خەڵاتی ئاشتی کتێبی ئەڵمانیا، لە ٢٢ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ لە پێشانگای نێونەتەوەیی کتێبی فرانفکۆرت.
https://www.newyorker.com/culture/cultural-comment/if-peace-were-a-prize
[1] – Panchatantra
[2] -“Victory City.”
[3]– Haroun and the Sea of Stories.” ئەم رۆمانە لە لایەن ئامانج عەزیزکەندییەوە کراوە بە کوردی بە ناوی ” هاروون و چیرۆکی دەریا”.
[4] – The story of Orpheus and Eurydice
[5] – The Ground Beneath
[6] – Aesop
[7] – Homer
[8] – the Ring of the Nibelung
[9] – the Celtic legends
[10] – the body of stories around Charlemagne
[11] – King Arthur
[12] – Walt Whitman
[13] – unfreedom
[14] – Cavafy (Konstantinos Petrou Kavafis) شاعیر و نووسەری یۆنانی، لە دایکبووی میسر بوو. هەڵگری ناسنامەی بەریتانی بوو . باوکی لە سەرەتای گەنجیدا روویکردە بەریتانیا و لە کۆمپانیا یۆنانییەکان خەریکی کارکردن ئەبوو. کاڤافی ساڵی ١٨٦٣ لە دایکبووەو ساڵی ١٩٣٣ ماڵئاوایی لە ژیان کردووە.