شتێكی چاوەڕوان نەكراو بوو، بەڵام دەسەڵات بە شێوەیەكی كاتی لە لایەن كائیناتەوە سپێردرا بە پرتەقاڵێ.
پرتەقاڵەش كە لە باغێكدا بوو لە فلۆریدا بەو پەڕی بێ فیزییەوە ئەم ئەمانەتەی وەرگرت و پرتەقاڵەكانی تر، پەلەوەرەكان مرۆڤەكانی سەر تراكتۆرەكان لە شادییدا گریان و ماتۆڕی تراكتۆرەكان شەكریان لێ دەڕژا.
فرۆكەوانەكان كە بەسەر باخەكەدا دەسووڕانەوە بە موسافیرەكانیان رادەگەیاند ئێمە لە سەر باخێكین كە لەودا پرتەقاڵێكی سادە كە لە سەر لقێكی بچووك رواوە دەسەڵاتی جیهانی بە دەستە. موسافیرەكانیش بە خۆشحاڵیەوە سەریان سووڕ دەماو دەمیان دەكرایەوە.
فەرمانداری فلۆریدا هەموو رۆژێكی بە رۆژی پشوو راگەیاند. دوانیوەڕۆی رۆژێكی هاوینی دالایی لاما هاتە باخەكەو لە گەڵ پرتەقاڵەكەدا كۆبۆوەو دەربارەی ژیانی قسەی كرد.
كە وەرزی چنین هات هیچكام لە كرێكارە كۆچبەرەكان ئامادە نەبوون پرتەقاڵ بچنن و رایان گەیاند مانیان گرتووە. گریا. پرتەقاڵەكانی تریش تێكڕا سوێنیدان خوارد ببن بە زەهری مار. بەڵام ئەو پرتەقاڵەی بە سەر جیهاندا حكوومەتی دەكرد وتی :” هاوڕێیانم كاری خراپ و پێچەوانەی ئەخڵاق مەكەن كاتی هاتووە”
سەرەنجام كەسێ لە شیكاگۆوە هات، پیاوێ كە دڵی لە بەرد بوو و سۆزی سەرمای زستانی زەریاچەی میشیگانی لە گەڵ بوو. جانتاكەی خۆی كردەوەو بە نێردیوانێكدا سەركەوت و پرتەقاڵەكەی كەندەوە. باڵندەكان بێدەنگ بوونو هەورەكان گریان. پرتەقاڵەكەی سپاسی پیاوە شیكاگۆییەكەی كرد. دەگێڕنەوە ئەو كاتەی پرتەقاڵەكە كەوتە ناو سووڕی بەرهەمهێنانی نەتەوەییەوە، بەشێك لە ماشینەكەكان بوون بە زێڕ. شۆفێر لۆرییەكان بوون بە عارف و بەرپرسانی بە ساڵاچووی فرۆشگا لۆكاڵیییەكان ئەو كچە لێزبینانەیان لە وال سترێتەوە بانگ كرد و هەموویان هاتنەوە سەر كار.
سێ رۆژ لەمەو پێش ئەو پەرتەقاڵەم بە 39 سێنت لە فرۆشگای سێڤ وی كڕی و سێ رۆژ لە ناو سەبەتەی میوەكەدا لە بەردەم خۆم دام ناو شتی لێ فێر بووم. ئەمڕۆ پێی وتم كاتی هاتووەو من خواردم.
ئێستا هەمدیسان بۆ خۆمان بەرەڵا كراوین.
بێنجیامین رۆزێن باوم. نووسەرێكی گەنجی ئەمریكایی، ساڵی 1969 لە دایك بووەو لە ئارلینگتن گەورە بووە. لە ساڵی 2001ەوە دەستی كردوە بە چیرۆك نووسین و تا ئێستا چەند چیرۆكی لە كۆمەڵێك لە گۆڤارە ناودارە ئەدەبییە ئاوانگاردەكان بڵاو كردۆتەوە. ئێستا لە گەڵ هاوسەرەكەی و دوو مناڵی لە بازلی سویس دادەنیشی.