هەوا سارد بووە. زستان چەتری کێشاوە بە سەر مالای کەمپ و ورودرووپ و ژۆهانسبۆرگ دا. رۆژەکانی ساردەو شەوەکانی سەرمای ساردی تاقەت پڕووکێنی هەیە کە لە ئێسک کار دەکات. خەڵک خۆیان بە جلی گەرم دادەپۆشن و لە تەنیشت ئاگری زۆپاوە دادەنیشن. بە تایبەت لە مالای کەمپ و ورودرووپ. فەقیرەکان کە جلی گەرمی باشیان نییە، بە شان یەکەوە رادەکشێن وبۆ ئەوەی گەرمیان بێتەوە.
سێ مانگ دەبێت زۆما لە شاردا دەخولێتەوە. شەوی شەممانە سەرەڕای سەرمای زۆر، خەڵکێکی زۆر لە سەر شەقامەکانن. زۆما لە شەقامەکە کەوتە رێ و رێگای گرتە بەر و بەرەو ناوەراستی ژۆهانسبۆرگ کەوتە ڕێ. لە لای ژن و پیاوێکەوە رەت بوو کە لە ژێر دارتێلێکی کارەبادا وەستابوون. ژنە بە دەم پیاوەکەوە پیدەکەنی. تەماشایەکی کردن و زۆر زوو لایانەوە تێپەڕی. تەماشای هەرکوێ دەکرد ژن و مێردگەلێکی دەبینی کە سەرقاڵی قسەکردن بوون و بەلای یەکەوە پیاسەیان دەکرد و هەموویان خۆشحاڵ و شاد دیاربوون. هەر ئەو بوو تەنها پیاسەی دەکرد.
پێڵاوەکانی کۆنە بوون و سەرما دزەی دەکردە ناویانەوە، بە شێوەیەک قامکە گەورەی پای سڕ ببوو. هەڵبەت کەسانێکیش لە لایەوە ڕەت دەبوون پێڵاویان لە پێ نەبوو. زۆریشیان کۆت (قەمسەڵە)یان لە بەر نەبوو. بە چاوەکانیاندا دەتزانی چەنێ سەرمایانە. کە وایە هێشتا جێی شوکری هەیە. بەڵام تەنانەت ئەوانەش کە سەرما لە چاویاندا دەبیندرا، تەنها نەبوون. زۆربەیان ژنێکیان لەگەڵ بوو. هەندێکیشیان لەگەڵ هاوڕێکانیان دەگەڕان. تەنها ئەو تەنها بوو.
بە نزیکبوونەوە لە ناوەڕاستی ژۆهانسبۆرگ قەرەباڵغی شەقامەکان کەمتر دەبۆۆە. ئیتر زیاتر سپی پێستەکانی دەبینی. ڕێگای دەکردەوە لە لایەوە رەت بن. دەنگیانی دەبیست، بەڵام ئەوان نەناسراو بوون. چاوی لێنەدەکردن و گوێی بۆ قسەکانیان رانەدەگرت بۆ ئەوەی بزانێت چی ئەڵێن، کاری بەوە نەبوو لە چاوی ئەو ژنانەی قۆڵیان کردبوو بە قۆڵی مێردەکانیاندا عەشق دەبیندرێ یان نە. ئەوان لەو خەڵکانە نەبوون کە ئەو دەیناسین.
لە بەردەم چێشتخانەیەکەوە تێپەڕی. سپی پێستەکان دەیانخوارد و دەیانخواردەوەو جگەرەیان دەكێشا. قسەیان دەکرد. پێدەکەنان و قریشکەی پێکەنینیان دەهات. چێشتخانە گەرم و دڵڕفێنەکە ئینسانی بۆ لای خۆی رادەکێشا. زۆر خێرا رووی وەرگێڕا. لە بەردەم جامخانەی شیرینی فرۆشییەکدا وەستا و چاوی لە شیرینییەکان کرد. دەستێک درا بە سەر شانیدا. سەری سووڕاندەوە. پاسەوان بوو. بێ ئەوەی قسەیەک بکات بەڵگەی ئیزن پێدانی هات و چۆی دەرهێنا و نیشانی پاسەوانەکەی دا. پاسەوان چاوی لە بەڵگەکە کرد و دواتر چاوی لە خۆی کرد، بەڵگەکەی گەڕاندەوە. زۆما تێگەیشت بەرامبەرەکەی کەسێکی مێهرەبانە.
پاسەوانەکە پرسی :” بۆ کوێ دەچیت زۆما؟”
زۆما وەڵامی داوە :” بۆ شوێنێکی تایبەت ناڕۆم، هاتووم پیاسە بکەم.”
- سەیرە! باسە بۆ ناچیتەوە ماڵەوە لە بەردەم زۆپا دانیشی و شتی بخۆیتەوە؟”
زۆما پێکەنی و وتی :” حەتمەن دەڵێی جاریکیتر بگەرێمەوە بۆ زیندان.”
پاسەوان پێکەنی :” کە وایە ئاگات لە هەڵسووکەوتت بێت.”
زۆرما چاوی لێ دەکرد کە دوور دەکەوتەوە. زۆریش ناوچاوترشاو و نەپۆڕ نەبوو. وادیارە تازە درابووە ئەم ناوچەیە. درێژەی بە ڕیگاکەی خۆی دا و بەرەو شەقامی (ئالف) لای کردەوە. ئەوێ سەنتەری شار بوو و حەشیمەتێکی زۆری لێبوو. ڕێ کردن لە ناو ئەو هەمووە سپی پێستەدا دژوار بوو. ئینسان دەبایە بەردەوام ڕێگای بکردایەتەوەو ئاگای لەو ماشێنانە با کە بە خێرایی بە لایدا تێپەڕ دەبوون.
زۆما پێکەنی، پێکەنینێکی تاڵ. تەنها شوێنێک کە ئازادی تەواوی هەبوو تێیدا قووڵایی کانەکە بوو. قووڵایی کانەکەی وەک لەپی دەستی خۆی دەناسی. لە ئەرباب و خاوەنکارە سپیەکەشی نەدەترسا، لە بەر ئەوەی گیانی ئەربابەکەی بەوەوە بەسترابوو. لە ژێر زەویدا بۆ خۆی خاوەن دەسەڵات بوو و دەبدەبە و کەبکەبەیەکی هەبوو. فەرمانی دەکرد بە سەر کرێکارەکانیتری کانەکەدا. کۆمەڵێک کاریان بۆی دەکرد، نە بۆ ئەربابەکەیان دەکرد و نە بۆ هیچ سپی پێستێکی تر. دەیزانی ئەرباب زۆر باش ئاگای لەم شتە هەیە. لەو ژێر زەوییەدا ئەرباب رێزی لێ دەگرت و بەر لە هەر کارێک را و بۆچوونی ئەوی وەردەگرت. بەم شێوەیە لە ژێر زەوییدا هەستی بە ئارامش و ئاسوودەگی دەکرد.
ئەرباب تەنانەت هەوڵی ئەدا بیکات بە هاوڕێی خۆی و وەک هاوڕێ هەڵسووکەوتی لەگەڵ بکات، لەبەر ئەوەی سەرجەم کرێکارانی کانەکە رێزیان لەو دەگرت و بە قسەیان دەکرد. بەڵام هاوڕێیەتی ئەربابی سپی و کرێکاری رەش پێستی کان لەو قسانە بوو کە بە مێشکدا نەدەچوو و قسەی لێدەکەوتەوە. ئەوان پێکەوە کاریان دەکرد، هەر ئەمە بوو کە هاوکار بوون، هیچ شتێکی لەو پیاو سپی پێستە نەدەویست. حەزی نەدەکرد لەگەڵ ئەو سپی پێستە ببێت بە هاوڕێ. دەرباری کار کردن ، کێشەی نەبوو و ئامادە بوو بۆ هاوکاری، بەڵام لەوە بەولاتر؟ بیریشی لێ نەدەکردەوە.
زۆما لە شەقامەکەوە رەت بوو و بەرەو مالای کەمپ سووڕایەوە. بەرەبەرە لە لە سەنتەری شار دوور دەکەوتەوە. بەرە بەرە ژمارەی سپی پێستەکان کەمتر دەبۆوەو کەسانی هاوڕەنگی ئەو زیاتر دەبوون. ئیتر زۆر ئاگای لەوە نەبوو کە لە سەر رێگای رێبوارەکان خۆی لا بدات. ئەگەر شانی دەیدا لە شانی کەسێک خۆی لا نەدەدا. هەندێجار شانی دەدا لە شانیان و هەندێجاریش سینگی بەر سینگیان دەکەوت و هەستی بە گەرما و مێهرەبانی ئەوان دەکرد. لە مالای کەمپ بوو. یەک دوو سپی پێستی ئەم ناوچەیە خەڵکی سووریا بوون و ئیشیان مەشرووب فرۆشتن بوو. کەس بە چاوی سپی پێست چاوی ڵینەدەکردن و جیاواز لە خۆیان نەیاندەبینین، سوورییەکان کەسانێکی باش بوون. لە خوارەوەی شەقامی (ژێپە) حەشیمەتێکی زۆری بینی. بە هەڵەداوان خۆی پێ گەیاندن. کە گەیشتە ناو حەشیمەتەکە وەستا و سەرەتاتکەی کرد. هیچی نەبینی. لە پیاوێک کە لای دەستیەوە وەستابوو پرسی : ” چی بووە؟”
پیاوەکە وتی:” منیش نازانم”
زۆما خۆی لە حەشیمەتەکە دوور خستەوە. لەو کاتەی کە دەگەڕا و ملەتاتکەی بوو، شانی کەوت لە شانی ژنێک :” چی قەوماوە؟”
ژنەکە وتی : کەسێک لە دەستی پاسەوان هەڵهاتووەو هەڵهاتۆتە سەربان و پاسەوانیش بە شوێنیەوەیە.”
زۆما پرسی :” کوا ، لە کوێیە؟”
ژنە بە دەست ئاماژەی بۆ کرد. بە وردی تەماشای کرد و چاوی لێکرد. بینی! پیاوەکە لە سەر سەراولێژی بانە بە جەمەلۆن سەرگیراوەکە بە خشکە خشک دەڕۆشت و پاسەوانەکەش بە مەودایەکی کەمەوە لە پشت سەریەوە لێی نزیک دەبۆوە. زۆما هەناسەی لە سینگیدا راگرت. سەراولێژی بانەکە زۆر بوو و پیاوەکە هەڵەیەکی بچووکی کردبا دەکەوتە خوارەوە. ئەگەر زۆر بەختی هێنابا و نەمردبا هەموو جەستەی لەت و کوت ئەبوو. دۆخی پاسەوانەکەش لەو باشتر نەبوو.
حەشیمەتەکە لە ترسا هاواری کرد. پیاوەکە هاوسەنگی خۆی لەدەست دا و بە ئارامی لە سەر بانە سەراولێژەکە خزا. تا دەهات زیاتر دەخزایە خوار، تا ئەوەی گەیشتە لێوار بانەکە. ئەگەر نەیدەتوانی دەستی لە شوێنێک گیربکات، کاری تەواو بوو. پای لە لێواری بانەکەوە شۆڕ بۆوەو هەر کات ئەگەری ئەوە هەبوو کەوێتە خوارەوە.
زۆما لە ترسا هەناسەی دەرنەدەهات. لێدانی دڵی چبووە سەر. پیاوەکە دەستی بە لێواری بانەکەوە گرتبوو و دەشەکایەوە. شەپۆلێک لە ترس حەشیمەتەکەی داگرتبوو. پاسەوانەکە نزیکتر بۆوە.
هەر لەم ساتەدا پیاوێکی رەش پێستی باریکەڵە کە جل و بەرگێکی رێک و پێکی لەبەردا بوو ڕێگای خۆی لە ناو حەشیمەتەکەوە کردەوە. وەک سپی پێستەکان جل و بەرگی لەبەر کردبوو و رەفتاری وەک ئەوان دەچوو. خەڵکی لە سەر ڕێگای خۆی لادەدا. خەڵک کوت و پڕ بێ ئەوەی بەدەست خۆیان بێت وازیان لە تەماشاکردنی پیاوی سەربانەکە هێنا و چاویان بڕیە ئەو. لەیەکتریان دەپرسی:” ئەمە ئیتر کێیە؟ خۆی پێ کەسێکی گرینگە؟”
یەكێک چپاندی بە گوێی ئەوەی تەنیشتیدا :” دۆکتۆرە. دۆکتۆر مێنی.” چپە چپی پیاوەکە ناو خەڵکەکەدا بڵاو بۆوە. زۆما لە دۆکتۆری روانی. دۆکتۆر تەماشای پیاوە شۆڕبوەوەکەی کرد و پرسی :” ئەوە کێیە؟”
کەس وەڵامی نەداوە.
دۆکتۆر بە دەنگی بەرز پرسی :” چی کردوە؟ کەس هیچی بینیوە؟”
پیاوێک کە جل و بەرگی کۆنەی لەبەردا بوو بە دەنگێکی کز و غەمناک وتی :” قوماری کردوە.”
کوت و پڕ ژنێک قیژاندی. پاسەوانێکیتریش هاتبووە یارمەتی پاسەوانەکەوە. هەدووکیان لە تاوانبارەکە نزیکبوونەوە. بە پارێز و ئارام نزیک دەبوونەوە. بەڵام ئەوەی بوو بە هۆی ئەوەی ژنەکە بقیژێنێ ئەم رووداوە نەبوو. ژنە کاتێ بینی دەستێکی پیاوەکە بەر بووە قیژاندی. ئێستا تەنها بە یەک دەست خۆی راگرتبوو. حەشیمەتەکە شێوا. ئەم کارە جگە لە قەتڵ هیچ ناوێکیتری نەبوو. حەشیمەتەکە بە ئیرادەی خۆی و یەکدەست چووە پێشەوەو دۆکتۆر لە پێشەوەی هەموویانەوە بوو. زۆما رێگای بۆ خۆی کردەوە.
پیاوەکە کە دیاربوو ماندوو ببوو لەوەی کە لە نێوان ئاسمان و زەویدا بێت، دەستی بەردا. خەڵک دڕنیان دا و پیاوەکە کەوتە زەوی و تەپەیەکی کزی لێوەهات. چەند چرکەیەک بەو شێوەیە مایەوە. خەڵکەکە لەیەک ترنجان و بە شانی یەکەوە وەستان.
پیاوەکە جووڵایەوە. دۆکتۆر هەڵهات و لە لایەوە چۆکی دادا. حەشیمەت دەوری دان.
دۆکتۆر وتی :” دڕن بدەن و بڕۆنە ئەولاوە با هەوای پێ بگات.”
زۆما خەڵکەکەی دا لاوە و وتیەوە:” بڕۆنە ئەولاوە، بێڵن هەوای پێ بگات .”
دۆکتۆر پیاوەکەی پشکنی :” تەنها دەستی شکاوە.” چاوی لە زۆما کرد.
پیاوەکە بە ئارامی وتی :” یارمەتیم بەن. دەبێ هەڵبێم.”
خەڵکەکە رێگایان کردەوەو پاسەوانەکان هاتنە پێشەوە. یەکیان کە پیرتر بوو هاواری کرد :” بچنە دواوە.”
زۆما لە گەڵ خەڵکەکە کشایە دواوە. بەڵام دۆکتۆر لە جێی خۆی مایەوە.
پاسەوانە پیرەکە وتی :” لەگەڵ تۆمە. نایبیستی؟”
دۆکتۆر هەستا سەرپێ وچاوی بڕیە چاوی پاسەوانەکە و وتی :” من دۆکتۆر (مێنی)م”
پاسەوانەکە پێکەنی. ئەویتریان پاڵی پێوەناو شاپازلەیەکی تێ سرەواند. زۆما هەناسەیەکی قووڵی هەڵمژی و بەڕقەوە مشتی قووچاند.
دۆکتۆر وتی :” لە سەر ئەم کارەت سزا دەدرێیت.”
پاسەوان دەستی هەڵهێنیا شەپازلەیەکیتری لێ بدات.
پاسەوانە پیرەکە وتی :” باشتر وایە بەرخۆت بگریت، ئەو پیاوە دۆکتۆرە. ” پاسەوانەکەیتر بە گومانەوە چاوی لە پاسەوانە پیرەکە کرد.
پاسەوانە پیرەکە وتی :” بەڵێ، من دەیناسم.”
دۆکتۆر وتی :” دەبێ ئەم پیاوە لەگەڵ خۆم ببەم. ” رووی کردە پاسەوانە پیرەکەو وتی :” زۆر خراپ دەستی شکاوە، پێویستی بە چاودێرییە.”
پاسەوانی یەکەم وتی :” بە جەهەنەم! ئەو دەچێت بۆ ئەو شوێنەی کە دەبێ بچێت، زیندان.”
دۆکتۆر کارتی خۆی دەرهێنا و دای بە پاسەوانە پیرەکە:” من دۆکتۆری نەخۆشخانەی گشتیم. ئەم کارتە ناسنامەمە، ماڵم هەر لێرەیە، هەرکات ویستت لە خزمەتتدام.”
پاسەوانەکان بە سەرسووڕمانەوە چاویان لە یەکتر کرد. لە نیگای یەکەمیاندا مکوڕ بوون و لە روانینی ئەویتریاندا ترس شەپۆلی دەدا. پاسەوانەکە ماندوو و شەکەت کارتی دۆکتۆری وەرگرت و سەری دانەواند. یەکەمیان دەمی کردەوە، بەڵام دەنگی دەرنەهات و ئەویتریان سەری راوەشاند.
دۆکتۆر وتی:” کەسێک یارمەتیم بدات بیبەمە ناو ماشێنەکەم.”
پاسەوانی یەکەم سووڕایەوەو چاوی لە خەڵکەکە کرد. هەڕەشە کردن لە چاویا دیار بوو. باتۆمەکەی بە دەستەوە گرت. دەیویست خەڵک دوور خاتەوە، کەس نەجووڵا.
دۆکتۆر هەوڵیدا پیاوە بریندارەکە بەرز کاتەوە. بەڵام نەیتوانی. زۆما هەناسەیەکی قووڵی هەڵمژی و مشتی قووچاند و چووە پێشەوە. پاسەوانەکە باتۆمەکەی خۆی توند لە دەستیدا گوشی و بۆ لای چەپ و راست سووڕاندییەوە. بە تووڕەییەوە چاوی بڕییە زۆما. زۆماش ئەو کارەی کردەوەو چووە پێشەوە. ئەو شوێنە شوێنی ترس نەبوو. دۆکتۆر چاوی لێکرد و بزەیەک نیشتە سەر لێوی و وتی :” بەرزی کەوە بەڵام وریای دەستە شكاوەکەی بە.”
پاسەوانی یەکەم باتۆمەکەی کرد بە کەلەکەی زۆمادا و وتی :” راوەستە بزانم.”
زۆما هەستا. لە توورەییدا دەلەرزا. مشت قووچاوەکانی وەک بەردی لێ هاتبوو.
پاسەوانەکە وتی :” بەڵگەی ئیزن پێدانی هات و چۆکەتم پێ بدە بیبینم.”
زۆما بەڵگەی ئیزن پێدانی هات و چۆی دەرهێنا و دای بە دەست پاسەوانەکەوە. پاسەوان دوای ماوەیەکی زۆر تەماشاکردنی بەڵگەکە، بەڵگەکەی بۆ گەڕاندەوە. زۆما پیاوە بریندارەکەی بەرز کردەوە. خەڵکەکە دڕنی دا. دۆکتۆ هاتە پێشەوە، زۆماش بە شوێنیدا دەڕۆشت. دۆکتۆر درگای دواوەوی ماشێنەکەی کردەوەو بە یارمەتی زۆما پیاوەکە لە سەر کورسی دواوەوە دانا.
” دەتوانی لەگەڵم بێی بۆ ئەوەی بیبەمە ماڵەوە؟”
زۆما بە جووڵاندنی سەری پێی گوت کە دەچێت.
” کەوایە لە تەنیشتیەوە دانیشەو وریابە دەستە شکاوەکەی بەر هیچ نەکەوێت.” دۆکتۆر درگاکەی داخست و ماشێنەکەی رۆشن کرد. بەر لەوەی بکەوێتە ڕێ گەڕایەوەو چاوی لە خەڵکەکە کرد. زۆماش سەری بۆ دوا سووڕاندەوەو بۆ ئەوەی خەڵکەکە ببینێت. دوو پاسەوانەکە خەڵکیان بڵاوە پێدەکرد. پاسەوانە پیرەکە لە سەر جێی خۆی وەستابوو و ماندوویەتی بە دەم و چاویەوە دیاربوو. ماشێنەکە ئارام و لەسەرخۆ کەوتە رێ.
دۆکتۆر جگەرەیەکی دەرهێنا و دەستی بردەوە بۆ پێشەوە بۆ بەردەم زۆما و پرسی :” ناوت چییە؟”
“زۆما.”
“زۆر وەختە لەم شارەی؟”
” نە، سێ مانگ دەبێت هاتووم.”
“دیارە.”
لەوێ بەدواوە ئیتر تا گەیشتنە شوێنی خۆیان بێدنگ بوون. زۆما چاوی لە پیاو بریندارەکە هەڵبڕی و تەماشای دۆکتۆری کرد. هەردووکیان هاورەگەزی ئەو بوون. بەڵام زۆر جیاواز بوون لە یەکتر. رێزێکی زۆری بۆ پیاوە بریندارەکە نەبوو. کەسانی وەک ئەو زۆر بوون. هەموو کەڵکەڵەیان قومار و زۆر خواردەنەوەو شەڕ کردن بوو. لە هەموو سووچێکی شاردا کەسانی وەک ئەو دەبیندران. چاوی لێ دەکردن و زۆربەیانی دەناسی. بەڵام ئەوەیتر جیاواز بوو. لە هەموو ئەو کەسانەی لەوێ کۆ ببوونەوە سەرتر بوو. تەنانەت سپی پێستەکانیش هەستیان بەم جیاوازییە کردبوو و هەڵسووکەوتیان لەگەڵ ئەو جیاواز بوو. هیچکام لەو کەسانەی کە زۆما دەیانیناسی نەیاندەتوانێک کارێکی لە چەشنی کاری ئەو پیاوە بکەن. هەرچەند ئەویش لە رەگەز و رەنگی خۆی بوو.
لە کۆتایی مالای کەمپدا دۆکتۆر ماشێنەکەی دا لا و ڕای گرت. بە هەردووکیانەوە بریندارەکەیان بردە ماڵەوە.
ژنێکی رەنگین پێست کە پێستی مەیلەو سپی بوو و جلێکی وەک سپی پێستەکانی لەبەر بوو، بەخێرهاتنی کردن. ناوەوەی ماڵەوە تەنانەت لە ماڵی بەرپرسی موو سوورەکانیش جوانتر و رازاوەتر بوو. هەموو ئەو کەرەسانەی لە ماڵی موو سوورەکان دەبێندران لێرەشا دەبیندران. تەنانەت زۆرتر و باشتریش.
پیاوەکەیان بردە ژووی پشکنین و دەرمانکردن. ژنە یارمەتی دۆکتۆری کرد هەتا جلەکانی بگۆڕێ و رووپۆشە سپی و ناسکەکەی بپۆشێت.
دۆکتۆر زۆر بە وردی و بە خێراییەکی بەرچاو باڵی شکاوی پیاوەکەی گرتەوەو بەستی. ژنەکە بە درێژایی ئەو ماوەیە لە تەنیشتی وەستاو ئەوەی دەیویست دەیدایە دەستی و لەگەڵی قسەی دەکرد. زۆما لە سەر کورسییەکی بچووک دانیشتبوو و تەماشای دەکرد و لەبەر خۆیەوە دەیگوت دیارە ژنیەتی.
کاتی بەستنەوەو گرتنەوە دەستی پیاوەکە تەواو بوو و دۆکتۆر دەستی شۆرد، زۆما دڵنیا بۆوە کە دۆکتۆرە.
دۆکتۆر وتی :” فەرموو.” و بە روویەکی گەش و دەم بە بزەوە زۆمای دەعوەت کرد بۆ ژوورێکیتر. ژنەش پێدەکەنی. زۆما لە بەر خۆیەوە وتی، رەنگە کاتی ئەوە بێت بڕۆم.
ژنێکی رەش پێستیتر پەرداخێ ئاوی بە دەستەوە بوو هاتە ژوورەکەوەو ئاوەکەی دا بە پیاوە بریندارەکە. پیاوەکە لە شوێنەکەی خۆی بەرز بۆوەو دانیشت و وتی :” زۆر سپاس دۆکتۆر، لام وایە دەتوانم بڕۆم.”
دۆکتۆر وتی :” نە، هێشتا نە، بە پاسەوانەکانم وتووە دوای سەعاتێکیتر بێن. هەڵبەت لام وا نییە بێن، بەڵام باشتر وایە سەبر بکەین. تۆش راکشێ و پشوو بدە هەتا هێزەت بە بەر بێتەوە.”
پیاوەکە وتی :” بەڵام دۆکتۆر ئەوان دەمگرن و دەمبەن.”
دۆکتۆر وتی: ” ئەگەر ئەم کارە بکەن منیش سکاڵا لە سەر ئەو پاسەوانە تۆمار دەکەم کە سووکایەتی پێ کردم، بەڵام ئەگەر تۆ بڕۆی کێشەم بۆ دروست دەبێت.”
پیاوەکە چاوێکی لە دەور و بەری خۆی کرد و هیچی نەوت.
” باشتر وایە تۆش بمێنیتەوە زۆما، تۆ دەتوانیت گەواهیدەر و شاهید بیت. هەموو شتێکت بینیوە. ”
زۆما سەری راوەشاند. ژنە پێست رەنگینەکە بەتانییەکی دا بەسەر پیاوە بریندارەکەدا.
دۆکتۆر وتی :” وەرە چاییەک بخۆینەوە ماندوویەتیمان بحەسێتەوە.” چوونە دەرەوەو پیاوە بریندارەکەیان بە تەنها جێ هێشت. لە ژوورەکەیتر گڕی زۆپاکە دەچووە سەر. مۆم و چرا نەوتی لێ نەبوو و پێویست بەوانە نەبوو. زۆما زۆر بە وردی چاوی لە هەموو ژوورەکە کرد. دۆکتۆر تەماشای دەکرد و پێدەکەنا. هەمان ئەو هەستە کەوتە گیانیەوە کە لە ماڵی موو سوورەکە دەستی پێدا. وەک ئەوەی بۆ ئەو شوێنە نەشێت و ئەوێ شوێنی ئەو نەبێت. هەستی دەکرد نابێ لەوێ بێت.
دۆکتۆر سێبەری دوودڵی و گومانی لە روخساریدا خوێندەوە. :” چی بووە؟”
” ئێرە وەک ماڵی سپی پێستەکان دەچێت.”
دۆکتۆر و ژنەکەی پێکەنین.
” نە زۆما، ئێرە وەک ماڵی سپی پێستەکان نییە. تەنها شوێنێکی ئارام و گونجاوە بۆ ژیان. کە مرۆڤ لە شوێنێکی ئارام و گونجاودا ژیا، لاسایی سپی پێستەکانی نەکردۆتەوە. ئێرە شوێنێکی گونجاوە بۆ ژیانی ئینسانو هەموو دەبێت لە شوێنێکی وەهادا بژین. سپی و رەش جیاوازییان نییە. وەها خانوویەکی گونجاو بۆ هەموو کەسە. ئەو خانوانەی کە ئێوە لێی دەژین بە کەڵکی ئەو سپی پێستانە دەخوات و شایستەی ئەوانە. ”
هەر لەو کاتەدا خزمەتکارە سپی پێستەکە بە هەڵەداوان هاتە ژوورەوەو هاواری کرد :” دۆکتۆر، دۆکتۆر، نەخۆشەکە لە پەنجەرەکەوە هەڵهاتووە.”
“سەیرە.”
زۆما کە چاوی لە روخساری دۆکتۆر کرد،غەم و نیگەرانی و پەشێوی پێوە دیاربوو. دەم و چاوی وا دەردەکەوتی دەتگوت کێوی کەندووە. چەند ساتێک هەڵچوو، دواتر ئارام بۆوە. دواتر هەستا و چووە ژووری پشکنین. ئەوانیتریش بە دوایدا رۆیشتن. بەتانییەکە لە سەر زەوی کەوتبوو، دەلاقە کرابۆوە. بایەکی فێنکی دەهات. هیچ ئاسەوار و نیشانەیەک لە پیاوەکە نەدەبیندرا.
ژنی دۆکتۆر دەستی گرت. خزمەتکارەکە پەنجەرەی داخست. دۆکتۆر بێ ئەوەی چاو لە زۆما بکات بە ساردی وتی :” زۆما تۆش ئەتوانی بڕۆی.”
زۆما نائومێد و نیگەران بوو. خۆ ئەو هیچی نەکردبوو، لە سەر خواستی دۆکتۆر لەوێ مابۆوە، بەڵام ئەو پیاوەی کە هەڵهات، دۆکتۆر لەو تووڕە بوو. زیاتر لە تووڕەیی هەستی نائومێدی ئازاری دەدا. سووڕایەوەو بەرەو درگای ژوورەکە کەوتە ڕێ. ژنی دۆکتۆر بەڕێی کرد و پێی گوت :” سپاست دەکەم.”
زۆما دەستی لەگەڵ لێدایەوە. دەستەکانی وەک دەستی ژنە رەش پێستەکان ناسک و نەرم بوو.