مستەفا زاھیدی
پێناسەی دیکتاتۆر و دەسەڵاتی دیکتاتۆری
دیکتاتۆری، لە بنەڕەتدا پلەیەک بوو لە کۆماری رۆمی کەوناردا کە کاتی قەیران بە کەسێک دەسپێردرا. واتە کەسێک ھەڵدەبژێردرا بۆ ئەوەی دەسەڵات بگرێتە دەست تا کاتی تەواو بوونی قەیران. لەم ماوەیەدا ئەو کەسە بە تەواوەتی جڵەوی دەسەڵاتی دەگرتە دەست و سەرجەم جمکەکانی دەسەڵات و ئەرتەش بۆ ماوەیەکی دیاریکرا و زۆربەی کات بۆ ٦ مانگ بە دەستی ئەو کەسە بوو. لەم ڕووەوە دیکتاتۆری رۆمی جۆری دەسەڵات و ھێزی یاسایی بوو.
بەڵام لە کۆتاییەکانی سەردەمی کۆماریدا ئەو کەسە سەربازیانەی کە بە شێوەی نایاسایی دەسەڵاتیان دەگرتە دەست، خۆیان وەک دیکتاتۆر ناساند و لەم ڕووەوە دیکتاتۆری بوو بە شێوەیەکی نایاسایی دەسەڵاتداری.سۆلا و یۆلیۆس (ژۆلیۆس) سێزار ئەو سنوورانەی کە بۆ دەسەڵاتی دیکتاتۆر ھەبوو، بۆ وێنە ماوەی زەمەنی دیاریکراو، ئەو سنوورانەیان سڕییەوەو دەسەڵاتێکی ڕەھا و تاکڕەھەندانەیان دامەزراند و حکوومەتیان گرتە دەست. لەو کاتەوە دیکتاتۆر بوو بە نازناو بۆ کەسێک کە بێئەوەی پلەی پاشایەتی ھەبێت دەسەڵاتی رەھا و موتڵەقی دەگرتە دەست و ھیچ سنوورێکی یاسایی نەبوو لەبەردەمیدا.
بەم شێوەیە مانای دیکتاتۆر لە مانایەکی پۆزەتیڤەوە گۆڕا بۆ مانایەکی نێگەتیڤ و دیکتاتۆر لە کەسێکەوە کە ئەرکی لادانی قەیرانەکان بوو بە بە کەسێک کە قەیران سازە. لە ئێستەدا و لە مانای سیاسی ئێستەدا دیکتاتۆر و دەسەڵاتی دیکتاتۆری بە فۆڕمێک لە دەسەڵاتداری دەوترێت کە سەرجەم جمکەکانی دەسەڵات لە دەست کەس یان گرووپێک یان حیزبێکدا قۆرخ بکرێت. زۆرجار ئەم وشەیە لەگەڵ خۆی ھەڵگری ماناگەلێکی وەک زڵ و ستەم و داگیرکاری و خوێنڕێژییە.
باوترین شێوەو فۆڕمەکانی سیستەمی دیکتاتۆری
١-ئۆتۆکراسی (Autocracy)
ئۆتۆکراسی لە زمانی فەرانسەدا واتە حکوومەت یان دەسەڵاتی تاکەکەس و سەرەڕۆ و (ئۆتۆکرات) مانای سوڵتان یان دەسەڵاتداری رەھا و موتڵەق دەدات، کە ھیچ سنوورێک بۆ دەسەڵاتەکەی نییە.
جیاوازی ھەیە لە نێوانی حکوومەتی ئۆتۆکراسی و حکوومەت و دەسەڵاتی (ئۆتۆریتاریان یان فرەخواز). دەسەڵات و حکوومەتە ئۆتۆریتاریانەکان بە زۆری بە رژێم و دەسەڵاتێکی سەرەڕۆ دەوترێت کە گرووپ یان سیستەمێک لە لوتکەی دەسەڵاتدایە، بەڵام مەبەست لە ئۆتۆکراسی، دەسەڵاتی تاکەکەسە. لەمجۆرە دەسەڵاتەدا کەسێک وەک رێبەر، پێشەوا، سەرۆککۆمار یان پادشا لە لوتکەی دەسەڵاتدایە و بە دەسەڵاتێکی بێسنوورەوەو بە بێ ھیچ چاودێرییەک لە لایەن دامەزراوە خەڵکییەکانەوە یان ھەڵبژاردنەوە، وڵات بەو شێوەیە بەڕێوە دەبات کە خۆی دەیھەوێت و تەنھا بۆچوونی خۆی لەبەرچاو دەگرێت. سەرجەم دەسەڵاتە رەھا و موتڵەقەکان، دەسەڵاتە بەمیرات ماوەکان، دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکان کە بە کوودەتای سەربازی دەسەڵات دەگرنە دەست و…. لەم چەشنە دەسەڵاتەن و بە دەسەڵاتی ئۆتۆکرات دەناسرێن.
لەم شێوە دەسەڵاتدارییەدا دەسەڵاتدارانی ملھوڕ و دیکتاتۆر رەنگە بۆ ئەوەی جۆرێک رواڵەتێکی دیمۆکراتیکانە بدەن بەخۆیان، بۆ ئەوەی وا خۆیان بنوێنن کە دیمۆکراتن و دەسەڵاتێکی دیمۆکراتیکیان ھەیە، پەرلەمان یان مەجلیس یان شۆرایەک دابنێن، بەڵام لە راستییدا ئەم مەجلیس و پەڕلەمان و شۆرایە تەنھا کارتۆنێکە و بڕیار بە دەستی ئەو کەسەیە کە وەک رێبەر، پێشەوا یان سەرۆککۆمار دەردەکەوێت. وەھا دامەزراوەگەلێک لە سیستەمێکی ئۆتۆکراتیدا ناتوانن ھیچ گۆڕانێک لە ماھیەت و چییەتی دەسەڵات و حکوومەتی ئۆتۆکراتدا دروست بکەن.
تیۆکراسی (Theocracy)
تیۆکراسی واتە دەسەڵاتی ئاسمانی و ئیلاھی یان دەسەڵاتی مەزھەبی. لەم شێوە لە دەسەڵاتداریدا، دەسەڵاتی رەھای سیاسی بە دەستی کۆمەڵێک پیاوی ئایینییەوەیە وەک مەلا، پاپ و ئاخووند و … . ئەم جۆرە لە دەسەڵات لای وایە یان باشترین بڵێین دەیھەوێت وەھا لە کۆمەڵگا جێی بخات کە دەسەڵات، دەسەڵاتێکی خواوەندییە و ئەو پیاوە ئایینییەی (مەلا، ئاخووند، پاپ) کە دەسەڵاتی سیاسی بە دەستە و سیستەمی ئیداری و دادەورییەکەی، فەرمانی خواوەندە کە لە رێگای وەحییەوە لە کتێب و دەقە ئاینییەکاندا ھاتووەو دەسەڵاتدارە تیۆکراتەکان تەفسیری دەکەن و جێبەجێی دەکەن.
دەسەڵاتی ئێستای کۆماری ئیسلامی، دەسەڵاتی تالیبان، دەسەڵاتداری پاپەکان لە ئورووپای سەدەکانی ناوەڕاست و زۆر نموونەیتر لەم چەشنە دەسەڵاتانە بوون کە دەکرێت بە دەسەڵاتی تیۆکراتیک ناوی ببەین. ئەگەر چاو لە مێژوو بکەین نموونەی ئەم جۆرە دەسەڵاتانە زۆر دەبینین. بەشێکی زۆر لە دەوڵەت و دەسەڵاتە کەوناراییەکان خۆیان بە نوێنەری خودا و جێبەجێکاری ئیرادەی خوداکان دەزانی. ھەڵبەت دەکرێت جۆری دەسەڵاتداری دیکتاتۆری لە ئێران بە دیکتاتۆرییەتی ئۆتۆ-تیۆکراسی ناو ببەین. یەکەم ئەوەی کە کەسێک وەک رێبەر لە سەرەوە فەرمان دەدات و دواتر رێبەر کەسێکی ئایینیە کە خۆی بە نوێنەری خوا لەسەر زەوی دەزانێت.
ئاریستۆکراسی
چەمکی ئاریستۆکراسی (Aristocracy) لە دوو وشەی یۆنانی aristos بە مانای ئەشراف و kratia بە مانای دەسەڵاتەوە وەرگیراوە. ئەم وشەیە لە راستییدا مانای ئەشراف یان ئاغازادەکان دەدات. ئاریستۆکراسی بە جۆرێک دەسەڵاتداری دەوترێت کە دەسەڵات بە دەستی تاقمێکی بچووکەوەیە کە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە تەنھا ئەوان توانایان ھەیە و شایستەی بەڕێوەبردنی وڵاتن. ئەم کەسانە بەزۆری سەرمایەیەکی زۆریان ھەیە و لە کۆمەڵگادا خاوەنی پێگەیەکی تایبەتن بە ھۆی سەرمایەکەیانەوەو بەردەوام باس لە رەسەنییەت و ئەسڵ و نەسەبی خۆیان دەکەن.
بە دەسەڵاتێک دەوترێت دەسەڵاتی ئاریستۆکرات کە دەسەڵات بەشێوەیەکی رەھا بە دەستی چینێکی تایبەتەوەیە و ئەو چینە دەسەڵاتیان بە شێوەی میرات لەگەڵ کۆمەڵێک ئیمتیاز و پلەی تایبەت پێ دەگات و چینەکانیتری کۆمەڵ لە وەھا ئیمتیاز و پلەیەک بێبەرین و ناتوانن پێی بگەن. نموونەی ئەم چەشنە لە دەسەڵاتدارێتی لە ئێستادا لە بەشێک لە وڵاتە عەرەب نشینەکانی کەنداو دەبیندرێت، سیستەمی دەسەڵاتدارێتی سیستەمی پاشایەتییەو دەست بە دەست لە باوکەوە بۆ کوڕ دەگات.
فاشیزمفاشیزم تیۆرییەکی سیاسی رادیکاڵ و نەتەوەگەرایانەیە و جۆرێک لە دەسەڵاتی رەھا و موتڵەقە کە سەرەتا لە ساڵەکانی ١٩٢٢ بۆ ١٩٤٣ لە ئیتالیای سەردەمی مۆسۆلێنیدا دامەزرا. ئەم چەمکە دواتر مانایەکی بەربڵاوتری گرتەخۆی و بەو دەسەڵاتە راستگەرایانە دەوترا کە تایبەتمەندییەکی ھاوشێوەی دەسەڵاتی فاشیستی ئیتالیای مۆسۆلێنیان ھەبوو.
فاشیزم لە باری تیۆرییەوە بەرھەمی سەردەمی گەشەی تیۆری رەگەزباوەڕی و ئێمپریالیزمی ئەرووپایە. لە باری کۆمەڵایەتییەوە دەرەنجامی قەیرانە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی دوای جەنگی یەکەمی جیھانییە کە دوای جەنگی جیھانی دووھەم ئەم چەمکە مانای تەواوی خۆی لە دەست دا و تووشی شکستبوو. دوای جەنگی جیھانی دووھەم ژمارەیەک حیزبی نیۆفاشیست لە ئەورووپا دروستبوون ، لەوانە نیۆفاشیستەکانی ئیتالیا، بەڵام سەرکەوتنێکی وەھایان بەدەست نەھێنا. لە دەرەوەی سنوورەکانی ئیتالیاوە رژیمی فاشیستی (پێرۆنیسم) لە ئارژانتین بە رێبەری خوان پێرن لە ساڵەکانی ١٩٤٥-١٩٥٠ پێکھات، کە لە باری فیکریەوە نزیکایەتییەکی زۆری ھەبوو لەگەڵ فاشیزمی ئیتالیا. بەڵام جیاوازییەکی گەورەی کە ھەیبوو ئەوە بوو کە وەک فاشیزمی ئیتالیا چاوی لە دەرەوەی سنوورەکان نەبوو و لە ھەمانکاتدا دەیویست ماھییەتێکی چینایەتی بدات بە دەسەڵاتەکەی خۆی و پێرۆن خۆی بە لایەنگری چینی کرێکار ناساند.
ماھیەت و ھێماکانی دەسەڵاتی دیکتاتۆری
١-نەبوونی چاودێری دیمۆکراتیکی شارۆمەندان و دامەزراوە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان لەسەر دەسەڵات. ( واتە نەبوونی ئازادی لە ھەڵبژاردن و نەبوونی ئازادی رادەربڕین. ھەر چەشنە ھەوڵدانێک بۆ چاودێریکردن یان رەخنەگرتن لە دەسەڵات، ئەنجامەکەی دەبێت بە سەرکوت، زیندان، ئەشکەنجە و ئێعدامی نەیاران و دەنگە جیاوازەکان.
٢-بوونی دەسەڵاتی رەھا.
٣-سەربەخۆ نەبوونی سێ ناوەندی بەڕێوەبەری وڵات. (یاسادانەر، دادوەری، بەڕێوەبەری)
٤-لەبەرچاو نەگرتنی جاڕنامەی مافی مرۆڤ
٥-لەبەرچاو نەگرتن نەپاراستنی ئازادی رادەربڕین و راگەیاندن
٦-پێشێلکردنی مافی کەمایەتییە نەتەوەیی، ئایینی و رەگەزییەکان.
٧-دروستکردنی گشتێکی گەورە کە سەرجەم پاژەکانی کۆمەڵگا لەو گشتەدا دەتاوێنێتەوە. لێرەدا کۆمەڵگایەکی مێگەلی دروست دەکرێت کە تاک بوونی نیە و بەشێکە لە کۆیەکی گشتی کە نۆرم و پرەنسییپە باوەکانی ئەو نۆرمە لە لایەن سیستەمی دەسەڵاتەوە دیاری دەکرێت.
ئاخۆ بوونی ھەڵبژاردن بە مانای دیمۆکراسییە؟
لە پێناسەی دیمۆکراسی وەک ئەمرێکی سیاسی، ھەڵبژاردن و بوونی ھەڵبژاردن وەک یەکێک لە بنەماکانی دیمۆکراسی دەناسرێت. بەڵام بوونی ھەڵبژاردن بە تەنھا بە مانای دیمۆکراسی نییە. ھەڵبژاردن یەکێک لە بنەماکانی دیمۆکراسییە نەک ھەموو دیمۆکراسی. ئەوەی گرینگە ماھیەتی ھەڵبژاردن و کاریگەری ھەڵبژاردنە لەسەر گۆڕان لە چوارچێوەی دەسەڵاتدا و ئەمەش بەندە بە ماھیەتی دەسەڵاتەوە، بەم مانایە ئەوەی گرینگە ماھیەتی ئەو دەسەڵاتەیە کە سیستەمی ھەڵبژاردنی تێدا بەڕێوە دەچێت. لە ئێستادا دیمۆکراسی بووە بە لۆگۆیەک کە سەرجەم دەسەڵاتەکان، خوازیارن بیلکێنن بەخۆیانەوە. بەڵام تا چەند ئەم لۆگۆیە لۆگۆیەکی قەڵب و ڕووکەشە یان بە پێچەوانەوە ھەڵگری کۆالێتییەکی باشە کە بەو کاڵاوە لکاوە.
ھەڵبژاردن بەندە بە کۆمەڵێک پێوەرەوە کە لێرەدا بە کورتی ئاماژەی پێ دەدەین
١-بوونی ئازادی لە ھەڵبژاردندا. واتە تاک ئازادە بە ویستی خۆی و بە پێی ئەو پێوەرانەی خۆی مەبەستییەتی کەسێک ھەڵبژێرێت کە نوێنەرایەتی ئەو بکات. لە ھەمانکاتدا ئازادە لەوەی ھەڵبژێردرێت. بەو مانایەی ھێڵەک یان فیلتەرێکی سیاسی و فیکری و ئایدۆلۆژیایی و ئایینی نەبێت کە بەر بەوە بگرێت کەسێک بکەوێتە ئەو شوێنەوە کە ھەڵبژێردرێت یان کەسێک بە ویستی خۆی کەسێک ھەڵبژێرێت. ھەر چەشنە فیلتەرێکی سیاسی، ئەمنییەتی ، فیکری، ئایینی و ئایدۆلۆژیایی کە لەسەر بنەمای خود و ئەویتر بێت، لە مەشرووعییەت خستنی ھەڵبژاردنە. ھەر چەشنە بەشداری کردنێکیش لە وەھا پرۆسەیەکدا مەشرووعییەت بەخشینە بەو فیلتەر و ھێڵەکەی کە بە پێی چوارچێوەی خود- ئەویتر داڕێژراوە.
٢- ئازادی چاودێری: بەو مانایەی کۆمەڵگا و دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکان و تاکەکانی کۆمەڵ ئازادن لەوەی بێ ھیچ سنوورێک چاودێری پرۆسەی ھەڵبژاردن بکەن، لە ھەمانکاتدا رێگە بدرێت بە چاودێرانی بیانی بە شێوەی ئازاد چاودێری ئەو پرۆسەیە بکەن. لە ئەگەری ھەر چەشنە رەخنەیەکدا گوێ لە رەخنەکانیان بگیردرێت و بە ھەند وەربگیردرێت و بۆیان ھەبێت ناڕەزایەتی دەرببڕن بە ھەر چەشنە ساختەکارییەک لە ھەڵبژاردنەکاندا.
٣-پاراستنی مافی کەمایەتییە نەتەوەیی،ئایینی، رەگەزییەکان لە سیستەمی ھەڵبژاردندا.
٤-بوونی دەرفەتی ململانێی گرووپ و حیزب و رێکخراوە سیاسییەکان و نەبوونی ھیچ چەشنە سنوورێکی سیاسی و ئایدۆلۆژیایی بۆ کارکردنیان.
بە لەبەرچاو گرتنی ئەم وتانە ئاخۆ ھەڵبژاردنەکان لە ئێران ھەڵبژادنێکن ھەڵگری پێتانسییەلی دیمۆکراتیک بوون بن؟ ئەزموونی چەند ساڵەی ئەم دەسەڵاتە ئەوەی نیشانداوە کە بە ھیچ شێوەیەک ئەم دەسەڵاتە و ھەڵبژاردنەکانی ھەڵگری پێتانسییەڵی دیمۆکراسی نەبووە و نییە، ھەر چەشنە بەشدارییەکیش لە وەھا ھەڵبژاردنێکدا لە چوارچێوەی گرووپ و تاقمی قەڵبدا، مەشرووعیەت بەخشینە بەم سیستەمە و ھەڵبژاردنەکانی.
سەرەنجام:
دیمۆکراسی چەمکێک نییە مانایەکی یەکدەستی ھەبێت، بەڵکوو وەک زۆریەک لە چەمکە فیکری و سیاسیەکان ئاڵۆزییەکی پێوەدیارەء پێی زەمەن گۆڕانی بەسەردا ھاتووە. بەڵام چەمکێکی ھێند لێڵیش نییە کە نەکرێت بیناسینەوە. بۆ ناساندی دەسەڵات و حکوومەتێکی دیمۆکراتیک دوو رێگامان لەبەردەمە.
١-لە باری تیۆرییەوەو بە لەبەرچاو گرتنی یاسای وڵات
٢-جۆری رەفتاری دەسەڵات لە کۆمەڵ.
رەنگە دەسەڵاتێک لەسەر کاغەز خۆی بە دیمۆکرات بناسێنێت، بەڵام بە کردەوە شتێکیتر بێت. ئەوەی پێویستە گرینگی پێ بدرێت جۆری رەفتاری دەسەڵاتە لە کۆمەڵگادا. زۆرێک لە دەسەڵاتەکان لە سەرەتا لە سەر کاغەز خۆیان بە دیمۆکرات دەناسێنن. بەڵام سەرەنجام دوای بە دەستەوە گرتنی دەسەڵات پێچەوانەکەی دەردەچێت. تەنانەت ھەندآ لە دەسەڵاتەکان بە نێردیوانی دیمۆکراسی (ھەڵبژاردن) دا سەردەکەون، بەڵام لەگەڵ ئەوەی سەرکەوتن لەقە ئەدەن لە نێردیوانە و دەیخەن بۆ ئەوەی کەسیتر و ھیچ لایەنێکیتر دوای خۆیان پێیدا سەرنەکەوێت. نموونە زۆرن و ئەتوانین بۆ نموونەی ئاشکرا بە دەسەڵات گەیشتنی ھیتلەر بھێنینەوە. تەنانەت کۆماری ئیسلامیش بە شێوەیەکی ڕواڵەتیش بێت لە ریفراندۆمێکدا سەرکەوت، بەڵام ریفراندۆمێک کە دوای نزیک بە چوار دەیە دووبارە نەبۆوەو تەنھا دوو بژاردەش لە بەردەستدا بوو، کۆماری ئیسلامی : ئەرێ یان نا!
ھەڵبژاردن و ئازادی ھەڵبژاردن یەکێک لەو رەفتارانەیە کە دەسەڵاتێکی دیمۆکراتیکی پێوە دەناسرێتەوە و تەنھا ھەڵبژاردنێک مەشرووع و شایستەی بەشداربوونە کە ھەڵگری تایبەتمەندییەکانی ھەڵبژاردنێکی دیمۆکراتیک بێت و ھەر چەشنە ھەڵبژاردنێک لە دەرەوەی تایبەتمەندییە دیمۆکراتیکەکانەوە بەتاڵە لە مەشرووعییەت و بەشداریکردن لەو پرۆسەیەدا بە مانای مەشرووعیەت بەخشینە بە دەسەڵاتی نادیمۆکراتیک.
سەرچاوەکان:
١-کارل پوپر، درس ھای این قرن، ١٩٧٧، حسین پایندە
٢-کارل پوپر، جامعە باز و دشمنان آن، ترجمە عزت اللە فولادوند (تھران، خوارزمی ١٣٦٤ـ ١٣٦٩).
٣-رامین جھانبگلو، تفاوت و تساھل، (تھران، مرکز، ١٣٨٠).
٤-حسین بشیریە، درس ھای دموکراسی برای ھمە (مبانی علم سیاست
٥-دایرﺓ المعارف دموکراسی ،زیر نڤر سیمورتارمین لیپست
٦-فرھنگ دھخدا-
٧-http://vista.ir/article/٢٦٦٠٧٨/%D٩%٨٤%D٩%٨٨%D٨%A٧%D٨%B٢%D٩%٨٥-%D٨%A٧%D٩%٨٦%D٨%AA%D٨%AE%D٨%A٧%D٨%A٨%D٨%A٧%D٨%AA-%D٨%AF%D٩%٨٥%D٩%٨٨%DA%A٩%D٨%B١%D٨%A٧%D٨%AA%DB%٨C%DA%A٩
٨-قانون، آزادی و حکومت جمھوری- بھرام محبی- سایت کتابناک
٩- دیکتاتوری : نویسندە: اسفندیار دشمن زیاری
١٠-دانشنامە سیاسی- داریوش شایگان