وتاری وەرگێڕان

دوو نامە لە لۆدویگ کۆگلمانەوە بۆ کارل مارکس و لە کارل مارکسەوە بۆ کۆگلمان

و: مستەفا زاهیدی

دوو نامە لە لۆدویگ کۆگلمانەوە بۆ کارل مارکس و لە کارل مارکسەوە بۆ کۆگلمان

و: مستەفا زاهیدی

 

لە لۆدویگ کۆگلمان[1]ەوە بۆ کارل مارکس

هانۆڤەر: ١٥ی ئاپریلی ١٨٧١

هاوڕێی ئازیز و بەڕێز!

ئەمڕۆ نامەیەکم بە دەست گەیشت کە مۆری پۆستەی بەرلینی لەسەر بوو: دەقی نامەکەت بۆ دەنووسمەوە:
” نازانم ماناکەی چییە، بەڵام ویستم ئەم هەواڵەت پێ بگەیەنم.

بەوپەڕی رێزەوە

واژۆ: ( جەی. میم. (؟)”

بێگومان دەستنووسەکە، دەستنووی ئەو کەسەیە کە سەردەمانێک شەیدای (بێرتا)[2] بوو. تۆ ئەزانی ڕای من چییە لەسەر ئەم پیاوە. زۆرجار چ بە شێوەی نووسراوەیی و چ بە شێوەی زارەکی، دەربارەی قسەم کردووە. بە هەموو ئەمانەشەوە، نابێ ئەم ئاماژەی گرینگی پێدانەی ئەو بە هەند وەرنەگیردرێت.

ئەمڕۆ تێزێک لە نووسینی (هاکسهاوزن)م لەگەڵ چەند ژمارەیەک لە رۆژنامەکانی فرانکفۆرت بۆ ناردیت. هەرکات بابەتێک لەم رۆژنامانە ببینمەوە کە بزانم سەرنجڕاکێشە بۆت، ژمارەی زۆرترت بۆ ئەنێرم.

دوایین بەشی کتێبی ” هەژدەی برۆمێر”م لە بیرە، بەڵام دوای خوێندنەوەی بەوە گەیشتم کە فەرەنسا پێویست بە پشت بەستن بە ” بەشی شۆڕشگێڕ”- کە لە لایەن پرۆلتاریای پیشەسازی پێشکەوتووترەوە رێبەری دەکریت- بونیادی حکوومەتی سەربازی- بۆرۆکراتیکی خۆی تێک بشکێنێت و بیڕووخێنێت. بە بێ وەها یەکێتییەک، بەتایبەت ئەگەر پاریس بە تەنها خۆی و بە بێ پشتیوانی شارە گەورەکانیتر ئەم کارە بکات، لام وا نییە سەرکەوتوو بێت.

شکست، کرێکاران بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ لە رێبەرەکانی بێبەری ئەکات و وا ئەکات بێ رێبەر بن، ئەمەش نەهاتییەکی گەورەیە. من لام وایە پرۆلتاریا لە دۆخی هەنووکەییدا بەر لە خەباتی چەکداری، پێویستیان بە وشیاری و رۆشنگەری هەیە. ئاخۆ گرێدانەوەی شکست بەم یان ئەو رووداوەوە، هەمان ئەو هەڵەیە نییە کە لە ” هەژدەی برۆمێر”( چاپی دووهەم، لاپەڕەی ١٣، لە دوایین پەڕەگرافەوە تا دواتر” بە روونی دراوەتە پاڵ وردەبۆرژواکان؟

تکایە بە زووترین کات، تەنانەت بە چەند وشە، ئاگادارم کەوە ئەم نامەیە بە باشی و رێک و پێکی و بێ دەست بۆ بردن گەیشتۆتە دەستت.

سڵاو و رێزم بگەیەنە بە خانمانی خانووەکەت، بە تایبەت جێنی بچکۆلە. هیوادارم لەو شەڕە نا دادپەروەرانەیەی دژی من رای گەیاندووە،  پاشگەز بێتەوە؟

ئاخۆ (ئێستاف) لە ئێستادا بە تەواوەتی لە لەندەن گیرساوەتەوە؟

هاوڕێی دڵسۆز و بە وەفای تۆ

دۆکتۆر ل. کۆگلمان

دکتر ل. کوگلمان

 

 

وەڵامی مارکس

لە کارل مارکسەوە بۆ لۆدویگ کۆگلمان

لە هانۆڤەر

١٧ی ئاپریلی ١٨٧١

کۆگلمانی ئازیز؛

نامەکەت بە رێک و پێکی و بێ دەست بۆ بردن و بە باشی گەیشتە دەستم. ئێستا سەرقاڵم و دەستم گیراوەو تەنها چەند وشە ئەتوانم بنووسم. پێم سەیرەو لەوە تێناگەم چۆن ئەتوانی خۆپیشاندانی سەرشەقامی وردەبۆرژوازی لە ١٣ی جوونی ١٨٤٩ و خۆپیشاندانی هاوشێوەی لەگەڵ خەباتی ئێستا کە لە پاریس لە ئارادایە بەراورد بکەی.

بێگومان کاری مێژووی جیهان زۆر ئاسان ئەبوو ئەگەر خەبات تەنها لە باروودۆخی رووداوە  خوازراوەکان و بە شێوەی شانس و بەخت ئەچووە پێشەوە. لە لایەکیترەوە، ئەگەر ” رووداو” هیچ دەور و نەخشێکی نەبوو، ئەم مێژووە سروشتێکی نادیار و تەم و مژاوی وەردەگرت.

بێگومان ئەم ڕووداوانە بەشێکن لە رەوتی گشتی گۆڕانکارییەکان کە بە رێکەوتەکانیتر قەرەبوو دەکرێنەوە. بەڵام خێرایی یان خاوییەکەی گرێ دراوەتەوە بەم رێکەوتانەوە کە لەو ناوەدا خوو و خدەی کەسەکان کە لە بەرەی پێشەوەی خەبات و رێبەریدان دەردەکەوێت.

 

ئەمجارەیان بۆ  گەڕان بە دوای ” رووداوی” زۆر نەخوازراودا، نابێ لە دۆخی کۆمەڵگای فەرەنسادا بەدوایدا بگەڕێین، بەڵکوو دەبێت لە ئامادەیی پرۆسییەکان لە فەرەنسا و هەڵوێستی نزیکیان لە پاریسدا بە دواییدا بگەڕێین. پاریسییەکان زۆر باش ئاگاداری ئەم بابەتە بوون. بەڵام وردە بۆرژوای قیزەونی ڤیرسایش ئاگاداری بوو و پێی زانیبوو. هەربۆیە پاریسییەکان ئەم دوو ڕییانەیان لە بەردەم خۆیان دانا، یان ئەوەیە دەبێت خەبات بکەن و دەست بدەنە خەبات، یان ئەوەێ بێ هیچ جۆرە خەباتێک ملکەچ بن و خۆیان بدەن بە دەستەوە. لاوازبوونی ورەی چینی کرێکار لەمەی دواییدا زۆر زیانبەخشتر بوو لەوەی کە هەرچەن کەس لە رێبەرەکانیان بکوژرین و لە دەست بچن.

خەباتی چینی کرێکار لەگەڵ چینی بۆرژوا و دەوڵەتەکەی لە ناو دڵی خەباتی و شۆڕشی پاریسەوە پێی نایە قۆناغێکیتر. دەرئەنجامی راستەوخۆی ئەم خەباتە هەرچی بێت، دەتوانین بڵێین گەیشتووین بە خاڵێکی وەرچەرخانی نوێ کە گرینگیەکی مێژوویی – جیهانی هەیە.

 

 

تا دواتر

کارل مارکس

 

 

[1] -Ludwig Kugelmann

[2] – بێرتا بێبراف (Berta Biberach) ناسراوێکی نزیک و یەکێک لە ئەندامانی بازنەی بنەماڵەیی و هاوڕێی کۆگلمان.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button