ئاخۆ کوردەکان هێشتا ” هاوپەیمانی سروشتی” ئیسرائیلن؟
ن: ئۆفرا بێنگیۆ
لە ئینگلیزییەوە: مستەفا زاهیدی
ئەو راستییە کە ئیسرائیل و کوردەکان دوژمنی هاوبەشیان هەیە- عێراق، تورکیا، ئێران و سووریا- وایکردووە کە لە ناوەڕاستی دەیەی ١٩٦٠ەوە بەرژەوەندی هاوبەشی ستراتیژیکیان هەبێت و ناو بە ناو بە شێوەی شاراوە پەیوەندییان هەبێت. بەڵام پرسیارە گەورەکە ئەمەیە ئاخۆ دوای گۆڕانکارییە تەکتۆنییەکییەکانی دوو ساڵی رابردوو، ئەم دۆخە ئەتوانێت هاوپەیمانییەکی ئاشکرا لە نێوانیاندا دروست بکات؟
گۆڕانکارییە تەکتۆنیکییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوای جەنگی ٧ ئۆکتۆبەر، ئەو چاوەڕوانییەی دروست کردووە کە نزیکبوونەوەو هاوپەیمانی لە نێوان ئیسرائیل و کوردەکان دروست ببێت. ئەم چاوەڕوانیانە دوای قسەکانی گیدیۆن سائێر (Gideon Sa’ar’) وەزیری دەرەوەی ( ئیسرائیل) لە ١٠ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٤ زیاتر بوو، ئەو رایگەیاند کوردەکان ” هاوپەیمانی سروشتی ” ئیسرائیلن، کەوایە پەیوەندی نێوانیان پێویستە بەهێزتر بێت. ئەو هەروەها جەختی کردەوە:” ئەم پرسە رەهەندی سیاسی و ئەمنی هەیە”.
وتەکانی سائێر، بۆ بەشێکی زۆر لە کوردەکان- هەروەها ژمارەیەک لە ئیسرائیلییەکانیش- وەک ئاوازێکی خۆش وابوو بەرگوێیان ئەکەوت، بەڵام راستییە سیاسییەکان بە هۆی ئاڵۆزی دۆخەکەوە، زۆر جیاوازتربوو لەو چاوەڕوانیانە.
بۆ تێگەیشتن لەم ئاڵۆزییە، پێویستە جیاکاری بکرێت لە نێوان پەیوەندی خەڵک لە بەرامبەر پەیوەندییە فەرمیەیکاندا؛ لە نێوان پەیوەندی کوردەکانی عێراق و کوردەکانی وڵاتانیتر؛ هەروەها جیاوازی بکرێت لە نێوان پەیوەندییە ئاشکرا و نهێنییەکاندا.
بەراورد کردنی جوو و کوردەکان دەرخەری ئەو راستییەیە کە وێکچوونی زۆر هەیە لە نێوانیاندا. هەدووکیان دوو نەتەوەی تا ڕادەیەک بچووکن ( ١٥ میلیۆن جوو و ٣٥ میلیۆن کورد)، کە بە هۆی ئەشکەنجە و جەنگەکانەوە زیانیان پێ گەیشتووە. هەردووکیان لە خەباتی مەرگ و ژیاندان بۆ پاراستی شوناسی تاقانەی خۆیان و هەردووکیان لەوەی کە مافەکانیان پێشێل ئەکرێت و ئەوەیان بۆ رەوا نابیندرێت وڵاتی سەربەخۆی خۆیان هەبێت ئازار دەبینن.
بەدەر لەمەش هەردووکیان لە باری نەتەوەییەوە لەگەڵ دراوسێ عەرەب، فارس و تورکەکانیان – کە زۆربەی زۆری حەشیمەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێک دەهێنن- بە تەواوەتی جیاوازن.
بە درێژایی مێژوو، ئەم دوو نەتەوەیە، جووەکان و کوردەکان، هیچکات هەڕەشە نەبوون بۆ سەر یەکتر. لە راستییدا هەرچەن وەک بابەتێکی پاڕادۆکس دەرئەکەوێت بە لەبەرچاو گرتنی موسوڵمان بوونی کوردەکان، بەڵام دوژمنی سەرەکی ئەوان برا موسوڵمانەکانیان- عەرەبەکان، تورکەکان و فارسەکان- بوون و هەن. ئەم دوژمنانە هەروەها دوژمنی ئیسرائیلیشن و هەر ئەم بابەتە بووە بە هۆی بەهێزبوونی نزیکبوونەوەی ئەم دوو نەتەوە کە عەرەب نین.
ئەم وێکچوونانە بناغەیەکی داناوە بەوەی خەڵک پەیوەندییان ببێت بە یەکەوە، لەوانە لۆبی جووەکان کە پشتیوانی لە کوردەکان ئەکات، چالاکییە کەلتوورییەکان و خۆپیشاندانە هاوبەشە کوردی -ئیسرائیلییەکان لە دیاسپۆرا.
لە ئاستی سیاسیدا، هەندێ کات بەرژەوەندی ستراتیژی هاوبەش بوونی بووە لەبەر ئەوەی ئیسرائیل و کوردەکان دوژمنی هاوبەشیان هەبووە. دیارترین نموونە، عێراقە کە هەڕەشە بوو بۆ سەر هەردووکیان. هەر بەم بۆنەوە پەیوەندییەکی شاراوەو نابەردەوام کە لە ناوەڕاستەکانی دەیەی ١٩٦٠ ەوە لە نێوانیاندا دروست بوو.
لە ئەمڕۆدا ئەتوانین بڵێین هەرچوار وڵات- عێراق، تورکیا، ئێران و سووریا- بە هەڕەشە دەزانرێن بۆ سەر کوردەکان و ئیسرائیل. بەڵام پرسیارە گەورەکە ئەمەیە ئەم بابەتە ئەتوانێت ببێت بە بنەمایەک بۆ هاوپەیمانی ئاشکرای نێوان ئەم دوو نەتەوەیە؟
کێشەو ئالنگارییەکان:
یەکێک لە ئالنگارییە سەرەکییەکان، ناهاوسەنگی نێوان دەوڵەتێک و پەیکەرەیەکی نادەوڵەتییە. ئەم ناهاوسەنگییە وایکردووە پەیوەندییەکە زۆر دژوار و پڕ کێشە بێت، لەبەر ئەوەی ئەگەری ئەوە نییە کە هاوپەیمانی و هاوبەشییەکی یەکسان و وەک یەکیان هەبێت.
ئالنگارییەکیتر ئەوەیە ئیسرائیل، وەک دەوڵەتێک، ناچار بووە لە گەڵ چوار قەوارەی کوردی رووبەڕوو بێتەوە کە زۆرجار رەقیب و دوژمنی یەکتر بوون، ئەم دۆخە بووە بە هۆی ئەوەی لەگەڵ یەکیان ببێت بە هاوپەیمان و ئەمە بەو مانایە بووە کە پشت لەویتریان بکات.
بۆ وێنە؛ ناکۆکی و دوژمنایەتی پارتی دیمۆکراتی کوردستان(KDP) عێراق- هاوبەشی مێژوویی ئیسرائیل- و پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK) لە تورکیا، وایکردووە تای ترازووەکە زیاتر لە بەرژەوەندی کوردەکانی عێراقدا بشکێتەوە.
لەمپەرێکیتر ئەوە بووە کە ئیسرائیل، بە درێژایی مێژوو لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەراوێزخراو بووە، دەیویست پەیوەندی و هاوپەیمانی لەگەڵ دەوڵەتێک دروست بکات لە ناوچەکە کە خوازیاری ئەم کارە بێت. دوو وڵاتێک کە بەشێک بوون لە ” هاوپەیمانی پەراوێز” (Alliance of the periphery) ( ستراتیژی ئیسرائیل لە دەیەی ١٩٥٠ بۆ ١٩٧٠ بۆ هاوپەیمانی لەگەڵ دەوڵەتە ناعەرەبەکان بە مەبەستی رووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ دوژمنایەتی دراوسێ عەرەبەکان) ئێران و تورکیا بوون. ئەمە وای ئەکرد نەکرێت پەیوەندی دروست بیت لە نێوان رێبەرانی سیاسی کوردی ئەم وڵاتانە.
لەمپەرێکیتر نەبوونی سنووری هاوبەشە کە وا ئەکات پەیوەندی راستەوخۆ و ئاشکرا دژوار بێت، واش ئەکات بەلای ئیسرائیلەوە قورس بێت بە ئاشکرا پشتیوانییەکی ئەوتۆ لە کورد بکات.
بە هۆی ئەم ئالنگاریانەوە ئەتوانین ناهاوسەنگییەکیتریش ببینین: لە حاڵێکدا سیاسی و بەرپرسانی ئیسرائیل بە ئاشکرا دەربارەی ئیسرائیل قسە ئەکەن، هاوتا کوردەکانیان خۆ دەبوێرن لەوەی بۆچوونەکانیان دەربارەی ئیسرائیل باس بکەن و دوو دڵن لەو بارەوە.
لە لای ئیسرائیلەوە، دیارترین نموونە، پشتیوانیکردنی سەرۆک وەزیران نتانیاهۆ لە سەربەخۆیی کوردستان بوو چەند رۆژ پێش ریفراندۆمی ٢٥ی سێپتەمبەری ٢٠١٧- ریفراندۆمێک کە زیاتر لە ٩٠ لە سەدی خەڵک دەنگیان بە سەربەخۆی دا و لە لایەن دەوڵەتی فیدراڵی عێراقەوە رەت کرایەوە-.
رێبەرانی کورد لە بەرامبەردا- خۆیان دەبوێرن لەوەی دەربارەی ئیسرائیل قسە بکەن و هۆکارەکانیشی دیارە و ئەتوانین لێی تێ بگەین. هەرجۆرە ئاماژەیەک بە ئیسرائیل رەنگە ببێت بە هۆی تێکدانی وێنای ئەوان و رەوا بوونی خواستەکانیان لای دوژمنەکانیان ئەباتە ژێر پرسیارەوە. یەکێک لەو نموونانە، ئەو باسانەیە کە لە میدیا عەرەبییەکان کوردستان لەگەڵ ” یەهوودستان” بەراورد ئەکەن، دەستەواژەیەک کە لانیکەم لە کتێبی ” کوردەکانی سووریا” لە نووسینی محەممەد تالب هیلال، بەرپرسی ئەمنی و سیاسەتمەنداری سووریایی، لە ساڵی ١٩٦٣شدا دەبیندرێت.
رێبەرانی کورد هەروەها بە باشی ئەوە ئەزانن کوردەکان ناچارن بۆ هەمیشە لە دراوسێیەتی ئەو دەوڵەت- نەتەوانەدا بمێننەوە کە تێیدا ئەژین، کەوایە ناتوانن بۆ پەیوەندی گرتن لەگەڵ ئیسرائیلێک کە دوورە لێیان، لەگەڵ دراوسێکانی خۆیان بکەونە دوژمنییەوە.
بەمەشەوە، زۆرجاران چاوەڕوانییەکان بۆ دروستبوونی وەها پەیوەندییەک لە هەردوولاوە زۆر بووە. لە لایەن کوردەکانەوە رادەربڕین و قسەکانی ئیسرائیلییەکان ئەو چاوەڕوانییەی دروست کردووە کە ئیسرائیل لە کاتی قەیران و جەنگدا یارمەتییان بدات. لە لایەن ئیسرائیلیشەوە چاوەڕوانی ئەوە هەیە رێبەرانی کورد پشتیوانی لە ئیسرائیل بکەن لە جەنگەکانیدا. چاوەڕوانییەکانی هەردوولا نادروستەو لە واقیعەوە سەرچاوەی نەگرتووە.
رۆژئاوا وەک نموونەیەک بۆ باسکردن و خوێندنەوە
هەڵوێستی ئیسرائیل سەبارەت بە بوون و قەوارەی کوردی لە سووریا کە بە رۆژئاوا دەناسریت ئەکرێت وەک نموونەیەک بۆ شیکاری و تاوتوێکردنی پەیوەندییەکانی نیوان دوو لایەن بەکار بهێنرێت. ئیسرائیل بە هۆی ئەوەی ئەم قەوارەیە کە لە ساڵی ٢٠١١ەوە دامەزراوەو پەیوەندیان لە گەڵ PKK هەیە، سەرەتا خۆی لێ دوور گرتن و نزیکایەتی نەکردن.
بەڵام شەڕی دژی حەماس لە غەزە، رووخانی رژیمی ئەسەد و گۆڕانکاری خێرانی نەخشەی ستراتیژی ناوچەکە، ئەو ئەگەرەی هێنایە پێشەوە کە جۆرێک نزیکی لە نێوانیاندا دروست ببێت. ئیسرائیل لە لایەکەوە لەوە ئەترسا کە تورکیا بەرە بەرە جێی خۆی لە سووریا بکاتەوە، لە لایەکیتریشەوە لە رژێمی نوێی سوریا ئەترسا کە رەوتێکی جیهادی رێبەرییان ئەکرد.
هەروەها کوردەکانیش، هەستیان دەکرد کەوتوونەتە دۆخێکی قورسەوە لە لایەن دوژمنی سەرەکیان کە تورکیایە لە باکوورەوەو رژێمی نوێی سووریا لە دیمەشق. هەربۆیە بە پێچەوانەی رێبەرانیتری کورد، ژەنراڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیمۆکراتیک بە رێبەری کوردەکان لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، بە ئاشکرا پێشوازی لە ئەگەری پشتیوانی ئیسرائیل کرد و وتی :” ئەگەر ئیسرائیل بتوانێت بەر بە هێرش کردنە سەرمان بگرێت و کوشت و بڕی خەڵکانی وڵاتەکەمان رابگرێت، ئێمە پێشوازی لێ دەکەین و سپاسیان ئەکەین”.
قسەکانی عەبدی ئەوەی خستەڕوو کە ئەو تابۆی قسەکردن دەربارەی ” فیلی ناو ژوور” واتە ئیسرائیلی تێپەڕاندووە. هەروەها تێگەیشتنی سیاسی ئەو لە کەڵک وەرگرتن لە ” وەرەقی ئیسرائیل” دژی هەرکام لە – تورکیا و ئیسرائیل-ی خستەڕوو. ئەو بێگومان لەوە تێگەیشتووە وتەکانی سائێر، هێزی ئەوەی تێدایە کە پشتیوانیان بکات و بەر بە هێرشەکان بگرێت. بەمەشەوە تا ئێستا ئەم قسانە هیچ دەستکەوتێکی هەست پێکراوی نەبووە، لەبەر ئەوەی هەردوو لایەن دەیانهەوێت بە شێوەیەک لەگەڵ رژێمی دوای ئەسەددا بگونجێن و هەڵبکەن.
پەیوەندی کوردی- ئیسرائیلی: بەرەو کام لا؟
سەرەڕای هەموو ئاستەنگ و ئالنگارییەکان، کۆمەڵێک بوار و پانتا هەیە کە دوو نەتەوە ئەتوانن پەیوەندییەکانی خۆیانی تێدا بپارێزن- ئەگەر بەهێزی نەکەن-.
یەکەم؛ پەیوەندی کەلتوورییە کە ئەکرێ سەرەڕای لەمپەرە سنوورییەکان بەهێز بکریت. دووهەم: دیاسپۆرا ئەتوانێت بەستێنێک بخولقێنێت بۆ بەهێزبوونی هاوکاری نێوان کوردەکان و جووەکان. رووناکبیر و چالاکانی کورد لە دەرەوەی وڵات ئەو لەمپەرانەیان لەبەردەمدا نییە کە رژێمە دەسەڵاتدارەکانی وڵاتەکەیان دروستی ئەکەن، هەردووکیان، جوو و کوردەکانی دەرەوەی وڵات، بەش بە حاڵی خۆیان بەرەوڕووی جووبێزی و کورد بێزی ئەبنەوە.
سێهەم: لە ئاستی دیپلۆماسیدا ئەتوانێت هێشتا بەرگری لە پرسی کوردەکان بکات لە کۆڕ و کۆمەڵە نێونەتەوەییەکان. پەیوەندی شاراوەش تا ئەو دەمەی کە دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی بوونی نەبیت، دەبێت وەک بەشێک لەو کەرەستانەی کە هەیە بمێنێتەوە. سەرەنجام خودی قەوارەی ئیسرائیل ئەتوانێت بۆ کوردەکان قووڵایی ستراتیژی بخولقێنێت- و بە پێچەوانەوەش.
https://www.haaretz.com/middle-east-news/2025-11-20/ty-article/.premium/are-the-kurds-still-israels-natural-ally/0000019a-91a0-d110-adbf-fbb3517b0000