وتاری نووسین

کوشتنی ژنان بە بیانووی شەرەف و پاڵنەرەکانی

سۆنیا دێهقان، قوربانی دەستی براکەی

پێشەکی :

لە چەند رۆژی رابردوودا، لە سەردەشت، لە رۆژهەڵاتی کوردستان، ژنێکی گەنج بە ناوی “سۆنیا دێهقان” ٢٤ ساڵ تەمەن بە بیانووی شەرەف و پاراستنی شەرەف لە لایەن براکەیەوە کە ١٩ ساڵی تەمەن بووە  و هەروەها ئامۆزایەکییەوە کوژرا. کوشتنی ئەم ژنە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان- لانیکەم بۆ چەند رۆژێک- بووە بە بابەتێکی گرینگ و بەشێکی زۆر لە چالاکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەم دیاردەیان شەرمەزار کردووە. لەم بابەتەدا بە کورتی باس لە کوشتنی ژنان و بە تایبەت کوشتنی ژنان ئەکرێت بە بیانووی نامووس و شەرەف و هەروەها پاڵنەرە ئایدۆلۆژی- ئایینی و پەروەردەییەکانی ئەدرێتە بەر باس.

 

کوشتنی ژنان بە بیانووی نامووس و پاڵنەرەکانی

 

کوشتنی ژنانە بە بیانووی شەرەف و نامووس لە لایەن پیاوانی نزیک و بنەماڵەوە.  ئەم دیاردە قێزەون و ناشارستانییە شتێکی تازە نییە و تەنانەت دەشتوانین بڵێین تایبەت نییە بە کۆمەڵگای کوردی. لە هەر کوێ دیدی پیاوسالاری و دەسەڵاتی پیاومەزنی بوونی ببێت ئەم دیاردەیە کەم تا زۆر بوونی هەیە. لە کۆمەڵگای کوردستانیش ئەم دیاردەیە تازە نییە. بەداخەوە زۆر جاران دەبیستین و دەخوێنینەوە کە ژنان دەبن بە قوربانی ئەم تێڕوانینە کۆن و دواکەوتوانەیە. تێڕوانینێک کە ژن وەک ئۆبژەیەک لە ناو چوارچێوەی کۆمەڵگا و بنەماڵە و خێڵدا دەبینێت و ئەو ئیزنە بە پیاو ئەدات کە بە مەبەستی پاراستنی یاساکانی خێڵ، کۆمەڵگا، بنەماڵە و … بە مەبەستی  پارێزگاری کردن لە ئەو شتەی ناوی دەنێت شەرەف، نامووس یان هەر شتێکیتری لەم چەشنە بە هەر شێوەیەک کە بیهەوێت رەفتار و هەڵسووکەوت بکات لەگەڵ ژندا. لەم ڕوانگەوە ژن بەشێکە لە موڵکی خێڵ و بنەماڵە و عەشیرە و پارێزگاری کردن لێی ئەرکی پیاوانە. ئەم  دیدی پیاومەزنییە لە کۆمەڵگا رۆژهەڵاتییەکان و بە تایبەت ئەو کۆمەڵگایانەی کە هەڵگری کەلتووری عەرەب- ئیسلامن لە ئێستادا زیاتر لە زۆربەی کۆمەڵگاکان درێژە بە تەمەنی خۆی دەدات و خەرێکی نوێ کردنەوەی خۆیەتی. کەلتوور، داب و نەریت و ئایین وەک سێ کوچکەی پشتیوانی و پشتگیری کردن لە ئایدۆلۆژیای پیاومەزنی چاویان لێ دەکرێت و هەرسێکیان بەردەوما لە جێگۆڕگە و دان و ستاندان بۆ پتەوتر کردنەوەی بنەماكانی پیاوسالاری و پیاومەزنی لە کۆمەڵگا. سیستەمی پیاوسالاری ژن وەک موڵک دەبینێت و پیاو ئامادەی پارێزگاری کردنە لەو موڵکەی کە بووە بە خاوەنی.

ئەم ئایدیایە ئیزن بە خۆی ئەدان کە بۆ پارێزگاری کردن یان پاراستنی ئەو موڵکەی کە سیستەمی پیاوسالاری بە هەموو پشتیوانەکانیەوە پێی بەخشیوە تەنانەت دەست ببات بۆ کوشتن و لەناوبردنی ژنان. لەم ئایدیایەدا جەستە و رۆح و کەسایەتی ژن شتێک نییە خۆی خاوەنداری بێت، بەڵکوو پیاوان خاوەنی جەستە و رۆح و کەسایەتی و تەنانەت هەستەکانی ژنن. لەم ئایدایەدا وەک وتمان ژن بوونەوەرێکی تەواو ئۆبژەیە و خاوەن ئیختیار نییە.

یەکێک لە هۆکارەکانی توندووتیژی نواندنی پیاوان بەرامبەر بە ژنان لەو دیدەوە سەرچاوە دەگرێت کە پیاو خۆی بە شایستەی ئەوە دەزانێت ئەو توندووتیژییە بنوێنێت. توندووتیژی نواندن وەک ئیمتیازێکی تایبەت بەخشراوە بە ئەو و ئەو وەک پیاو ئیزی ئەوەی هەیە کە ئەم توندووتیژییە بنوێنێت.

:” وەك چۆن لێكدانەوە فێمنیستییەكان زۆر جار خستوویانەتە روو، توندووتیژی‌ نواندن زۆربەی‌ جار ئەنجامی‌ لۆژیكی‌ گومانی‌ ئەو پیاوەیە بەوەی‌ ئەو شایستەی‌ ئەوەیە ماف و ئیمتیازی‌ تایبەتی‌ هەبێت. ئەگەر پیاوێك ئەدات لە ژنەكەی‌ لە بەر ئەوەی‌ لە كاتی‌ خۆیدا خواردنی‌ شەوی‌ ئامادە نەكردووە، تەنها بۆ ئەوە نییە بەم لێدانە بەر بە دووبارە بوونەوەی‌ ئەم شتە بگرێت، بەڵكوو( نواندنی‌ توندووتیژی‌ لە لایەن پیاوەوە) باس لەو گومان و وێنایەی‌ پیاو دەكات كە خۆی‌ شایستەی‌ ئەوە دەبینێت خزمەتكارێكی‌ هەبێت. یان ئەو كاتەی‌ پیاوێك ژنەكەی‌ لە دیداری‌ یەكەمدا ئازاری‌ جنسی و سێكسی ئەدات، بە هۆی‌ گومانی‌ ئەوەی‌ كە ئەو مافی تایبەتی‌ هەیە، بەوەی‌ چێژ وەربگرێت لە جەستەی‌ ئەو ژنە تەنانەت ئەگەر چێژەكەش یەك لایەنە بێت. بە دەربڕێنێكی تر وەك چۆن بەشێك لە ژنان خستوویانەتە روو، نەك تەنها نایەكسانیەكانی‌ هێز، بەڵكوو وێنای‌ ئاگاهانە یان زۆر جار نائاگاهانەی ( لە رووی‌ وشیارییەوە یان زۆر جار لە رووی‌ ناوشیارییەوە) شایستە بوون بەوەی‌ كە مافی تایبەتی‌ هەبێت، دەبێتە هۆی‌ توندووتیژی‌ نواندنی‌ پیاوان.”[1]

ئەم گومانی خاوەن ئیمتیازی تایبەتە یان سەرتر بوونە کە بۆی هەیە وەها رەفتارێک بکات، لەو هۆکارانەوە سەرچاوە دەگرێت کە پەرەپێدەر و بونیادنەری بیرکردنەوەو ئایدۆلۆژیای پیاومەزنین. ئەو پیاوەی ئەو ئیزنە بە خۆی ئەدات دەستی بچێتە خوێنی ژنێک لە بنەماڵەکەی جا خوشک ، کچ یان هاسەری بێت ، بێگومان لە لایەن هێزێکەوە ئەو ئیزنەی پێدراوە، ئەویش ئەو هێزەیە کە پەرەپێدەری کۆمەڵگا و ئایدیای پیاوسالارییە. لێرەدایە جگە لە خۆ بە شایستە زانین بۆ توندووتیژی نواندن، دەبێت باس لە هۆکارێکیتر بکەین کە ئەویش هۆکاری ئیزن پێدانە.

[2]هۆكارە ئاڵۆزەكانی‌ كۆمەڵایەتی‌ و دەروونناسی توندووتیژی‌ پیاوان هەر چییەك بێت، ئەم دیاردەیە بێ ئیزن وەرگرتنی‌ ئاشكراو و یان شاراوەی‌ داب و نەریتە كۆمەڵایەتییەكان، بەندە یاساییەكان، هەندێ لە ئامۆژە ئاینییەكان، ناتوانێت درێژە بە بوونی‌ خۆی‌ بدات. لە بەشێكی‌ زۆر لە وڵاتان، یاسای‌ دژ بە ئازاردانی‌ هاوسەر و ئازاری‌ سێكسی یان ئەوەیە بوونیان نییە یان ئەوەیە زۆر لاوازن، لە ژمارەیەكی‌تر لە وڵاتان زۆر كەم بەڕێوە دەچن، لە بەشێكی‌تر لە وڵاتان هەر گاڵتەجاڕن، وەك ئەو وڵاتانەی‌ تاوانی‌ توندووتیژی‌ تەنها كاتێك لە لایەن دادگاوە لێپێچینەوەی‌ لە سەر دەكرێ كە ژمارەیەك پیاو شاهیدی‌ بدەن لە سەر ئەو توندوتیژییە، هەر وەها لەو وڵاتانەی‌ كە شایەتی‌ دانی‌ ژنان بە هەند وەرناگیردرێ.

لەم ناوەدا، هەڵسووكەوتە توندووتیژی‌ ئامێزەكان لە لایەن پیاوانەوە( لێرەدا دژ بە پیاوانی‌تر) لە وەرزش، سینەما، ئەدەب و مەیدانی‌ جەنگدا بە شتێكی‌ باش وەسف دەكرێت. توندووتیژی‌ نواندن جگە لەوەی‌ ئیزنی‌ پێدراوە بەڵكوو هاندەدرێن بۆ توندووتیژی‌. بە كارهێنانی‌ توندووتیژی‌ وەك رێگا چارەیەكی‌ سەرەكی‌ و گرنگ لە چارەسەر كردنی‌ ناكۆكی‌ شەڕی‌ نێوان تاكەكان، گرووپە جیاوازەكانی‌ پیاوان، هەروەها دواتر لە نێوان نەتەوەكاندا، كە ئەم دەرخەری‌ رەگە مێژووییەكانی‌ كۆمەڵگای‌ پیاوسالارییە.

من زۆر جار ئەو كاتەی‌ ئەبیستم ژن یان پیاوێك گوێیان لێیە ژن یان منداڵی‌ جیرانەكەیان لێی دەدرێ، بەڵام بێدەنگ دەبێت و تەلەفۆن ناكات بۆ پۆلیس دەكەومەوە یادی‌ ئیزن پێدان. (توندووتیژی‌ خێزانی‌) وەك پرسێكی‌ (تایبەتی‌) ناوی‌ لێدەبرێت. ئاخۆ دەتوانیت كەسێك بێننەوە بەرچاوی‌ خۆتان كە دەبینێت كەسێك دزی‌ لە دووكانێك دەكات بەڵام لە بەر ئەوەی‌ بە بابەتێكی‌ تایبەتی‌ نێوان دز و خاوەن دووكانەكەی‌ دەزانێت تەلەفۆن نەكات بۆ پۆلیس؟”

 

کە پیاوێک (برا، مێرد، باوک و..) یان هەرکەسیتر ئیزن بە خۆی ئەدات بە بیانووی پارێزگاری لە شەرەف، نامووس و… خوشک، ژن یان کچی خۆی بکوژێت، لە راستییدا لەبەر ئەوەیە ئیزن پێدان هەیە لە لایەن کەلتوور و داب و نەریت و یاسا و ئایینەوە. ناکرێت هیچکام لەم لەم هۆکارانە بە کەم بزانین و لە بەرچاوی نەگرین لە پەیوەند بە کوشتنی ژنان لە لایەن پیاوانەوە لە کۆمەڵگا پیاوسالارییەکاندا.

رەنگدانەوەی ئەو بونیادە بنەڕەتییانەی کۆمەڵگای پیاوسالاری لە سیستەمی پەروەردە، سیستەمی یاساداناندا و هەروەها پڕووپاگەندە و بڵاوکردنەوەیان لە ڕێگای کتێبەکانەوەو میدیاکانەوە دەرئەنجام ئەو پیاوەی لێدەکەوێتەوە کە ئەو ئیزنە بە خۆی دەدات کە دەستی بچێتە خوێنی هاوسەر ،کچ ، خوشک و  خۆشەویستی خۆی. سێ جمکی گەورەی کۆمەڵگا هەیە کە زۆر کاریگەریان هەیە لەسەر پەرەپێدانی ئەم ئایدیایە کە ئەویش وەک وترا، سیستەمی پەروەردە، سیستەمی یاسادانان و میدیاگشتییەکانە. لە کۆمەلگایەکی وەک کۆمەڵگای رۆژهەڵاتی کوردستاندا ئەم سێ بوارە هەر سێکیان رێگە خۆشکەرن بۆ پەرە پێدانی ئایدیای پیاومەزنی و ئیزن بە پیاوان دەدەن بەوەی توندووتیژی بنوێنیت بەرامبەر بە ژنان تا ئاستی کوشتن.

سیستەمی پەروەردەی کۆمەڵگای کوردی بە هەموو ئاستەکانییەوە، سیستەمێکە ئایینییە و پشت بەستوو بە داب و نەریتە و لە سەر بنەمای هەڵاواردنی جێندەری بونیادنراوە. چ پەروەردەی بنەماڵەکان، چ پەروەردەی ناو کۆمەڵگا و چ پەروەردەی سیستەمی خوێندن ، هیچیان بێبەری نین لەم جیاکاری و هەڵاواردنە جێندەرییە. لەگەڵ ئەمانەش لە کۆمەڵگایەکی وەک کۆمەلگای رۆژهەڵات و سەرجەم کۆمەڵگا ئایینی و ئیسلامییەکان، مزگەوت و دامەزراوە ئایینییەکان وەک بەشێک لە سیستەمی پەروەردە دەور دەگێڕن و کاریگەرییان هەیە لەسەر ئەم جیاکاری و هەڵاواردنە جێندەرییە. مزگەوت و دامەزراوە ئاینییەکان پەرەپێدەر و بانگەشەکەری ئەو ئایدیایەن کە ڕەوایەت دەبەخشێت بە سیستەمی پیاومەزنی.

یاسا وەک یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی ڕێکخەری کۆمەڵگا چاوی لێدەکرێت. یاسا ئەتوانێت وەک مێکانیزمێک چاوی لێ بکرێت کە بتوانێت بەر بە کەمبوونەوەو نەهێشتنی توندووتیژی بە هەموو فۆڕمەکانییەوە بگرێت دژی ژنان یان ئەوەی پەرەپێدەری بێت. لێرەدایە یاسا دەوری شمشێرێکی دوولا دەگێڕێت. ئەتوانێت بەر بە توندووتیژی بگرێت یان پەرەی پێ بدات. یاسای جێگیر لە ئێران و زۆربەی وڵاتانی ئیسلامی یاسایەکە کە پەرەپێدەری توندووتیژی دژی ژنانە بە هەموو فۆڕمەکانییەوە. ئەم یاسایە هەڵهێنجراوی ئایینە و لەهەمانکاتدا وا ڕێکخراوە کە دژایەتی داب و نەریت و عورف نەکات. بە پێی وەها یاسایەک ژن نەک کەسێکی سەربەخۆ کە خاوەنی کۆمەڵێک مافی تاکەکەسی خۆی بێت، بەڵکوو کەسێکە کە پەیوەستە بە بنەماڵەو پیاوانی بنەماڵەوەو لە ڕاستییدا وەک نیوەی پیاو چاوی لێ دەکرێت نەک وەک کەسێک کە خاوەنی جێگە و شوێنی تایبەتی خۆیەتی. کە پێشتر باس لەوە کرا یەکێک لە هۆکارەکانی توندووتیژی نواندنی پیاوان دژی ژنان، ئیزن پێدانە. یاسا لە کۆمەڵگا ئیسلامییەکان و لە کۆمەڵگای ئێراندا ئیزن بەوە دەدات کە پیاوان توندووتیژی بنوێنن بەرامبەر بە ژنان ، تەنانەت ئەگەر ئەو توندووتیژییەش بگاتە ئاستی کوشتن.

 

یەکێک لەو شتانە کە لە یاسای ئێراندا جەختی لەسەر دەکەنەوە دەبێت “سکاڵاکەر”ێک ببێت لەسەر دۆسییەکە بۆ ئەوەی کەسی بکوژ یان ئەو کەسەی توندووتیژی دەنوێنێت بدرێتە دادگا. لەئەگەری نەبوونی سکاڵاکەر دۆسییەکە دەخەوێت و بێدەنگەی لێ دەکرێت. خودی ئەم بەندە یان ئەم فەرمانە یاساییە کێشەی لەسەرەو پەرە پێدەری توندووتیژییە. بەزۆری ئەو ژنانەی دەبن بە قوربانی توندووتیژی ، لە لایەن پیاوانی نزیکی خۆیانەوە، پیاوانەی بنەماڵەوە توندووتیژی بەرامبەریان دەکرێت. مەسڵەحەتی بنەماڵە وا دەکات سکاڵاکەرێک بوونی نەبێت. لە کەلتووری پیاوسالاریدا ، پیاو بە کۆڵەکەی بنەماڵە دەژمێردرێت، هەر لەبەر ئەوەی کۆڵەکەی بنەماڵە نەڕووخێت!! بێدەنگە دەکرێت لە لایەن کەسانی نزیکی کوژراوەکەوەو بکوژ بە بێ هیچ سکاڵایەک کورد گوتەنی وەک بەرزەکی بانان بۆی دەردەچێت و شانازیش بەخۆیەوە دەکات کە نامووسی خۆی سەندۆتەوە!!!

 

دەرئەنجام:

 

بونیادی یاساکانی کۆماری ئیسلامی بونیادێکە دژە ژن، هەر لە سەرەتاکانی هاتنەسەرکاری ئەم رژیمەوە ژن خزێنرایە کونجی ماڵ و لەهەموو ڕوویەکەوە لەکۆمەڵگا پەراوێزو بە پێی یاسایەکی شەرعی ، بەشێکی زۆر لە مافە تاکەکەسییەکانی لێ سەندرایەوە. سەرەڕای هەموو هەوڵەکان، سەرەڕای هەموو خەباتە بەردەوامەکانی ژنان دژ بەم یاسا جێگیر و دواکەوتوانانە، بەڵام رژیم و یاساکانی تا ئێستا گەورەترین لەمپەرن لە بەردەم پێشکەوتنی ژنان لە هەموو بوارەکانی کۆمەڵایەتی، سیاسی، هونەری و وەرزشی و .. و هەروەها پەرەپێدەری توندووتیژین دژی ژنان.

لە پرسی کوشتنی ژنان بە بیانووی نامووسەوە دەبێت بە وردی خوێندنەوە بۆ سەرجەم ئەو هۆکارانە بکرێت کە پەرەپێدەرو هاندەرن بەوەی ژنان لە لایەن پیاوانەوە ببن بە قوربانی. جگە لە دەسەڵات ، دەبێت رەخنە لەو عەقڵییەتە گشتییە بگرین کە وا دەکات ژنان ببن بە قوربانی. دەبێت تاکەکانی کۆمەڵگا بەرامبەر بە دیاردەی کوشتنی ژنان هەست بە بەرپرسایەتی بکەن و خۆیان بە بەرپرس بزانن بۆ ئەوەی بەر بە پەرەسەندنی ئەم دیاردەیە بگرن. دەبێت ئەم دیاردەیە لە کۆمەڵگا وەک دیاردەیەکی قێزەون و ناشارستانی پێناسە بکرێت و دژی بوەستینەوە. بکوژ هەست نەکات لە لایەن کۆمەڵگاوە مەشرووعییەت و رەوابوون دەدرێت بە کارەکەی.

کۆمەڵگای کوردستان پێویستە بە کۆدەنگییەوە دژی ئەم دیاردە قێزەونە بوەستنەوەو نیشانی بدەن ئەم عەقڵییەتە دواکەوتوانە لەگەڵ کۆمەڵگای ئەمڕۆییدا ناگونجێت . هەوڵدان بۆ دونیایەک کە تاکەکانی تێیدا هەست بە ئەمنییەت بکەن، هەوڵدانێکی رەوا و پێویستە و دەبێت سەرجەم چالاکانی مەدەنی و کۆمەڵایەتی و سیاسی بۆ وەها دونیایەک هەوڵ بدەن.

[1] – حەوت هۆکاری توندووتیژی پیاوان دژی ژنان، مایکل کافمەن، وەرگێڕان، مستەفا زاهیدی ، ماڵپەڕی ئاسۆی رۆژهەڵات

[2] – هەمان سەرچاوەی پێشوو.

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button