ڕێگایەکی پێچاوپێچ و دژوار کە جیابوونەوەی ئاسان کردەوە
لاورێنس فریدمەن
و: مستەفا زاهیدی
لە سەدەی بیستەمدا لە ئەمریکا فۆڕم و جۆری جیاوازی بنەماڵە سەریان هەڵدا و دەبیندران کە لە چوارچێوەی مانا نەریتییەکانی بنەماڵەدا نەدەگونجان و جیاواز بوون لەو فۆڕمەی کە وەک فۆڕمی نەریتی خێزان دەناسران لە کەلتووری ئەمریکیدا. کۆمەڵگا لە گۆڕاندا بوو و ئەم گۆڕانکارییانە کاریگەری راستەوخۆی داناوە لە سەر پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و سۆزدارییەکان. یاسا بۆ ئەوەی بتوانێت وەڵامدەرەوەی خواستەکانی ئەم کۆمەڵگا نوێیە بێت، دەبوایە هاوشان لەگەڵ گۆڕانەکانی کۆمەڵگادا بگۆڕدبایە و رێفۆرمی لە خۆیدا دروستکردبا. بەم شیوەیە بوو لە سەدەی بیستەم گۆڕینی یاساکانی تایبەت بە مافی منداڵان خرایە بەرنامەی کاری دادگای ویلایەتی و دادگای باڵای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە.
ئەو تێبینییانە چی بوون کە ئەم یاسایانە بۆ ئەو ژن و مێردەی کە دەچوونە ژیانی هاوسەرێتییەوە دەبوایە لەبەرچاوی بگرتبایەتی و بیری لێ ئەکردەوە؟ چۆن دەبێت دادپەروەر بین بۆ دەستەبەرکردنی مافی ژن و مێردەکە و مافی مناڵەکانیان لە کاتی جیابوونەوە؟ ئەمە گرینگە کە مافی ژن و مێرد و هەروەها مناڵەکانیان پارێزراو بێت. لاورێنس فریدمەن پڕۆفیسیۆری ناسراوی مافناسی زانکۆی ستانفۆرد (Stanford University) لە بەشێک لە کتێبی یاسایی ئەمریکایی لە سەدەی بیستەمدا پەرژواوەتە سەر ئەم بابەتە و وەڵامی ئەم پرسیارەی داوەتەوە.
فریدمەن ئەوە ئەخاتەڕوو چۆن مافی جیابوونەوە کە سەردەمانێک بە دەست کەنیسە و دواتر کەوتە دەست دادگا، سەرەنجام بە تەواوەتی کەوتە دەست ئەو ژن و پیاوەی کە پێکەوە دەژیان؛ ئەمە بابەتێک بوو کە وایکرد جیابوونەوەو تەڵاق بۆ ژنان ئاسانتر بێت، بەڵام هاوکات وایکرد دەوڵەت و کۆمەڵگا تووشی کێشەیەکی نوێ ببنەوە و ئەبوایە چارەسەری بکەن: ئەویش کێشەی ئەو مناڵانە بوو کە دایک و باوکیان لێک جیا ئەبوونەوەو هێشتا ڕێگاچارەیەکی باش بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان نەدۆزرابۆوە و لەسەر ئەوەی چۆن بەخێو بکرێن.
گۆڕانکارییە کەلتوورییەکان هۆکاری گۆرانکاری و ریفۆرمی یاسایی
لە سەدەی نۆزدەیەم و سەرەتای سەدەی بیستەمدا لە ئەمریکا ژمارەیەکی زۆر لە هاوسەرگیرییەکان بە فەرمی تۆمار نەدەکران و هاوسەرگیرییەکە تەنها بە پێی رێکەوتنی دوو لایەن واتە ژن و مێرد بوو. لە هەمانکاتدا لە بنەماڵە نەریتییە ئەمریکییەکاندا، پیاو سەرۆکی خێزان بوو و ژن لە ماڵەوە دەمایەوەو خواردنی دروست ئەکرد و ئاگای لە مناڵەکان ئەبوو و بەخێوی ئەکردن. بەڵام لەگەڵ تێپەڕینی کات ژمارەیەکی کەمتر لە خێزانەکان لەگەڵ ئەم تێڕوانینە نەریتییەدا ئەگونجان و هۆکارە سەرەکییەکەشی بۆ ئەوە ئەگەڕایەوە تا دەهات ژمارەی ئەو ژنانەی لە دەرەوەی ماڵ کاریان ئەکرد زیاتر ئەبوون.
لە ماوەی جەنگی جیهانی دووهەمدا، کارکردنی ژنان لە دەرەوە زۆر زیاتر پەرەی سەند و ژمارەی ئەو ژنانەی کە روویانکردە کارکردن زۆر زیاتر بوو و ئەمە بە گشتی کاریگەری ببێت لەسەر کۆمەڵگا. لەم ماوەیەدا بە میلیۆن کەس لە پیاوان بانگکرانە ناو سپا و چوونە بەرەکانی جەنگەوە، بەم شێوەیە ژنان لە کارگە و شوێنەکانیتری کار جێگەی ئەوانیان گرتەوە.
لە وەها دۆخێکدابوو کە ژمارەیەکی زۆر لە ژنەکان پەیوەست بوون بە یەکیەتییە کرێکارییەکانەوەو بوون بە ئەندامی ئەو یەکیەتییانە و خەباتیان کرد بۆ حەقدەستی یەکسان لە بەرامبەر کاری یەکساندا لەگەڵ پیاوان. لەگەڵ گۆڕینی دەور و نەخشی ژن و پیاو لە کۆمەڵگا، بونیادی خێزانیش تووشی گۆڕان هات و تێڕوانینی نەریتی بۆ ئەم دامەزراوەیە ئیتر لە گەڵ خواست و نیاز و خەون و دونیابینی کەسەکاندا نەدەگونجا.
بێگومان کۆمەڵێک فاکتەریتر کاریگەرییان هەبوو لەسەر گۆڕینی بونیادی خێزان کە دەکرێت ئاماژە بە هەندێ لەو فاکتەرانە بدەین لەوانە: هەوڵەکانی دەوڵەت بۆ کۆنتڕۆڵی زاو و زێ و مناڵ خستنەوە، بزووتنەوەی فێمنیستی و شۆڕشی زایەندی (Sexual revolution) ، ئەم هۆکارانە بە تایبەت لە نیوەی دووهەمی سەدەی بیستەم بە گشتی جۆری روانینی بۆ بنەماڵە لە کۆمەڵگای ئەمریکی گۆڕی.
لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە ڕێکارەکانی دەولەت بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا گۆڕا و بەرە بەرە یاسای قورستر بۆ چاودێری کردن لە سەر دامەزراوەی بنەمالە و کۆنتڕۆڵی حەشیمەت دامەزرا. کەسەکان ناچار کران بە شێوەی فەرمی و یاسایی ژیان پێک بهێنن و رێ و رەسمەکان و رێکارە حوکمی و فەرمییەکانی تۆمارکردن بگرنە بەر، ئەو رێکارانەی ئیتر تێچووەکەی کەمتر ببۆوە. دادگاکان ئیتر ئامادە نەبوون لە سکاڵای ئەو ژن و مێردانە بکۆڵنەوەو کاری لە سەر بکەن کە بە شێوەی فەرمی و یاسایی زەماوەندیان نەکردبوو و تۆمار نەکرابوون، هەربۆیە کەسەکان ناچار کران بۆ ئەوەی لە لایەن دادگا و یاساوە لە سکاڵاکانیان بکۆڵنەوە، بۆ ئەوەی یاسا پشتگیریان بکات، پرۆسەی تۆمارکردنی پێکهێنانی ژیانی هاوسەرێتی بگرنە بەر و بە فەرمی تۆماری بکەن.
داڕێژەرانی یاسا لایان وابوو هاوسەرگیری نافەرمی رێگایەکە بۆ پارە خواردن لە پیاوان؛ رێگایەک کە زۆرجار ژنانی فێڵباز بە گرتنەبەری ئەو رێگایە دەیانویست دەست بە سەر سەرمایە و ماڵ و دارایی پیاوانی بەتەمەنی دەوڵەمەنددا بگرن کە پەیوەندی سێکسیان لەگەڵیان بووە. لە لایەکیترەوە ئەگەر دوو کەس بڕیاری پێکهێنانی ژیانی هاوسەرییان ئەدا و دواتر یەکیان پاشگەز ئەبۆوە، ئەویتر ئەیتوانی بە هۆی پێشێلکردنی بڕیارەکەوە سکاڵای لەسەر تۆمار بکات. لێرەدا زۆربەی کاتەکان ئەو ژنانە سکاڵایان ئەکرد کە بە هۆی سکپڕبوونەوە یان لە دەستدانی کچێنییەوە سکاڵایان ئەکرد. ئەم سکاڵایانە هۆکارێکیتر بوو بەوەی یاسای توندووتۆڵی هاوسەرگیری دابڕێژرێت.
بەمشێوەیە پێکهێنانی ژیانی هاوسەرێتی بە کردەوە یاسای بۆ داڕێژراو بوو بە گرێبەستێک لە نیوان ژن و پیاودا کە بە پێچەوانەی زۆربەی گرێبەستەکان، چوونە دەرەوە لێی زۆر ئەستەم و دژوار بوو. تەنها دادگا دەیتوانی گرێبەستی هاوسەرێتی هەڵوەشێنێتەوە. بەڵگەی بەهێز و جێی بڕوای دادگا بۆ جیابوونەوە، گرێدرابۆوە بە کەلتوور و پێداویستییە لۆکاڵییەوەکانەوەو لە ویلایەتێکەوە بۆ ویلایەتێکیتر جیاواز بوو: خووگرتن بە خواردنەوەی ئەلکۆل ( کحوول)، دابین نەکردنی بژیوی ژیان و پێداویستییەکانی ژیان، زیندانی بوون، نەتوانین و لاوازی سێکسی، گولی، لەشفرۆشی لەو هۆکارانە بوون کە لە لایەن دادگاوە قبووڵ ئەکران. لە ساڵی ١٩٢٠ بە دواوە توندووتیژی و ئازاری جەستەیی و سێکسی لە ماڵەوە، بوون بەو بەڵگانەی کە لە لایەن دادگاوە قبووڵ ئەکران بۆ جیابوونەوە لە ژمارەیەک لە ویلایەتەکان.
مافی جێبابوونەوەو تەڵاق ئەبێ لای کامیان بێت؟
یەکێکیتر لەو بوارانەی کە بوو بە هۆی گۆڕان لە تێڕوانین و کارکردنی دەوڵەت لە داڕشتنی یاسای نوێ بۆ ژیانی هاوسەرێتی لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا ، ئەوە بوو کە ئەوان دەیانگوت ژمارەو رێژەی تەڵاق و جیابوونەوە چۆتە سەرەوە، ژمارەیەکی زۆر لە ئامۆژگاریکارە ئەخلاقییەکان، کەسایەتییە ئایینیەکان و رۆحانییەکانی کەنیسەی کاتۆلیک نیگەرانی ئەم دۆخە بوون و وەک هێمایەک بۆ شکست سیاسەتەکانی دەوڵەت لە هەموو ئەمریکا ئاماژەیان پێ ئەدا و دژی ئەو ئاسانکاریانە بوون کە لە تەڵاق و جیابوونەوەدا کراوە. لە هەمانکاتدا گۆڕانکاری لە یاسای پێکهێنانی ژیانی هاوسەرێتی و جیابوونەوە زۆر بە خاوی ئەچووە پێش و بەردەوام لێشاوێک لە دۆسییە ئاڵۆز و بێ وەڵامەکان لە سەر مێزی دادوەری دادگاکان دەمایەوەو کەڵەکە دەبوون.
بۆ ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ چوونە سەرەوەی ژمارەو رێژەی جیابوونەوە، داڕێژەرانی یاسا دادگاکانیان ناچار کرد بەوەی نێوانگیری بکەن لە نێوان ژن و مێردەکاندا و دانیشتنیان ببێت لەگەڵیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان. دادوەرەکان بەر لەوەی بچنە ناو رەوتی بڕیاردانەوە لە دۆسیەی تایبەت بە جیابوونەوەدا، داوایان لە ژن و مێردەکان ئەکرد کێشە خێزانییەکانی خۆیان بە تاقەت و لەسەر خۆ چارەسەر بکەن، هەوڵ بدەن ئارام بن و لە هەڵچوون خۆیان بپارێزن، بۆ وێنە کاتی نان خواردن هەوڵ بدەن با ئارامییەوەو لە ئاشتیدا پێکەوە بن و قسە بکەن
تا دەیەی شەستی سەدەی بیستەم یاسا کەم و زۆر هەر بەم شێوەیە لەگەڵ پرسی جیابوونەوەو تەڵاق هەڵسووکەوتی ئەکرد، بەڵام لەم سەردەمەدا کۆمەڵگا بەشێوەیەک گۆڕابوو کە وا دیاربوو کاتی ئەوە هاتووە یاسای زەواج و جیابوونەوە (تەڵاق) گۆڕانکاری تێدا بکرێت. لەم دەیەدا لە کۆمەڵێک گۆڕانکاری لە یاسادا کرا بۆ ئەوەی جیابوونەوە بۆ دوو لایەن ( ژن و مێرد) ئاسانتر بێت.
بەرچاوترین و دیارترین گۆڕان لەم یاسایەدا ساڵی ١٩٧٠ ڕوویدا، واتە ئەو سەردەمەی کە ویلایەتی کالیفۆڕنیا بۆ یەکەمجار یاسای جیابوونەوەی بێ تاوانبار (no-fault statute) یان جیابوونەوە بە ڕەزامەندی هەردوولای پەسەند کرد. تا پێش پەسەندکردنی ئەم یاسایە ژن و مێرد بۆ ئەوەی بە رەزامەندی هەردوولایان جیا ببنەوە ناچار بوون هەندێ درۆی بچووک دروست بکەن بۆ ئەوەی دادگا رەزامەندی بدات لەسەر جیابوونەوەیان. یاسای نوێی ( جیابوونەوە بێ تاوانبار) سیستەمێکی ئاسان و یەک لایەنە بوو کە هەرکات ژن یان پیاو داوای جیابوونەوەیان ئەکرد، دەیتوانی بێ ئەوەی پێویست بەوە بکات بەڵگە و هۆکارێک بۆ دادگا باس بکات، گرێبەستی هاوسەرێتی هەڵوەشێنێتەوە.
ئەو کەسەی داوای جیابوونەوەی ئەکرد، ژن یان پیاو، تەنها پێویست بوو ئەوە بڵێت هەندێ کێشە هەیە لە ژیانمان کە چارەسەر نابێت و ناکرێت بەم شێوەیە پێکەوە بژین. بەم شێوەیە داواکاری جیابوونەوە، لە بازنەی بڕیاردان و پەسەندکردنی دادگا هاتە دەرەوەو ئەوە ژن و مێردەکان بوون وەک هاوڵاتییەک ئەو مافەیان پێدرابوو کە بڕیار بدەن لە سەر ژیانیان و بە تەواوتی بڕیارەکە بە دەستی خۆیان بوو.
مافی سەرپەرەشتی کردنی مناڵ لە کاتی جیابوونەوەی دایک و باوک
سەرەڕای ئەوەی کە یاسای ” جیابوونەوەی بێ تاوان” ئاسانکاری ئەکرد بۆ ژن و مێرد بۆ جیابوونەوەیان، بەڵام هێشتا لە ساڵەکانی دواتری سەدەی بیستەمدا پرسی جیابوونەوە بە هۆکاری جیاواز، لەوانە پرسی ئابووری و سەرپەرەشتی کردن مناڵ ببوو بە کێشەیەک کە مشت و مڕی لەسەر بوو. لە لایەکەوە لەبەر ئەوەی یاساکە کۆمەڵێک کەم و کووڕی تێدا بوو و هەروەها لەبەر ئەو گۆڕانکاریانەی روویاندابوو، داڕێژەرانی یاسا ناچاربوو لە پێناسەکردنی منداڵدا، پێداچوونەوە بکەن بە مافی سەرپەرەشتیکردن و لەوە گرینگتر پێویستییەکانی منداڵ لە کۆمەڵگا مۆدێڕندا.
تا پێش سەدەی بیستەمیش بنەماڵەکان هەم منداڵی بایۆلۆژیکیان هەبوو هەم مناڵی بەخێوکراو. زۆربەی زۆری ویلایەتەکانی ئەمریکا یاسای بەخۆگرتنی مناڵیان لە نیوەی دووهەمی سەدەی نۆزدە داڕشت. ئەم یاسایانە زیاتر لە هەموو لایەنەکان، ئەپەرژایە سەر پرسی میرات و مافی میرات وەرگرتن. لەم یاسایەدا مناڵی بەخۆگیراو ئەندامێک بوو لە بنەماڵەی نوێ و هەموو ئەو مافە باوەکانی مناڵەکانی هەبوو.
بەڵام لە کۆتایی سەدەی بیستەمدا چەمکەکانی بەخێوکەر و دایک و باوک سەرلەنوێ پێناسە کرانەوەو مانایەکی نوێیان پێبەخشرا. سەرهەڵدانی دیاردە جیاوازەکانی پیتاندنی تۆو لە تاقیگە (In vitro fertilisation)، بەکرێگرتنی مناڵدان، ئەو مناڵانەی کە دوو دایک یان دوو باوکیان هەبوو، بوو بە هۆی ئەوەی گۆڕانکاری لە مانا و پێناسەی بەخێوکەردا بکرێت. یەکێک لەو بابەتانەی مشت و مڕی لەسەر بوو ئەوە بوو کە مافی دایک و باوکبوون ، یان بەخێوکەر، بە پێی ژێنتیکە یان بە پێی سۆز و چاودێری؟
لەم یاسا نوێیەدا کە وەک یاسای مۆدێڕن و مافی مۆدێڕن پێناسە ئەکریت هەم گرینگی بە مافەکانی دایک و باوکی بیۆلۆژیکی دەدرێت و هەم بەو کەسانەی کە سەرپەرەشتی مناڵەکە ئەگرنە خۆ و لە باری سۆزەوە گرێدراو ئەبن پێی. لە یاسای نوێی بەخۆگرتنی منداڵدا، بۆ دیاریکردنی بەخێوکەری نوێ بۆ مناڵەکە، بەزۆری لایەنگری لەو کەسانە ئەکات کە چاودێری مناڵەکە ئەکەن و بەخێوی ئەکەن.
ئەم بابەتە بە تایبەت کاتێک گرینگی پەیدا ئەکات کە مناڵەکان لە دایک و باوکە ( پەسەند نەکراوەکان) وەردەگیردرێنەوەو دەسپێردرێن بەو کەسانەی کە ئەبن بە بەخێوکەری ئەو مناڵە و ئەیگرنە خۆیان. بەڵام پێگە و جێگەی دایک و باوکی بیۆلۆژیکی تەنانەت لەم جۆرە کەسانەشدا لە باری یاساییەوە هێشتا گرینگی تایبەتی خۆی هەیە.
تا کۆتاییەکانی سەدەبی بیستەم هەندێ تێبینی یاسایی و هەروەها جۆری ڕوانینی کەلتووری، رێگر بوو لەوەی مناڵانی بەخۆگیراو بە ئاسانی دایک و باوکە ( راستەقینە)کەی خۆیان بناسنەوە. بەڵام لە کۆتاییەکانی سەدەی بیستەمدا، جۆری روانین و سیاسەتەکانی تایبەت بە مافی مناڵان گۆڕانکاری تێدا کرا و دوای ئەوەی کۆمەڵێک سکاڵا لەم بارەوە تۆمار کرا، ئەو مافە بە مناڵانی بەخۆگیراو درا ئەگەر بیانهەوێ و حەز بکەن دەتوانن پەیوەندییان لەگەڵ دایک و باوکی ژێنتیکی خۆیان هەبێت.
یەکێکیتر لەو ئەرکانەی کە دەوڵەتی ئەمریکا لە سەدەی بیستەم و هاوکات لەگەڵ گۆڕانکارییەکانیتر بە ئەستۆی گرت ئەوە بوو کە مناڵانی بێ سەرپەرەشت و بێ بەخێوکەر بگەیەنێتە ئەو کەسانی کە خوازیاری ئەوە بوون کە مناڵ بگرنە خۆیان. ژمارەیەک لە رێکخراوە حوکمی و ناحوکمییەکان کارەکەیان بوو بەوەی تاوتوێی دۆخ و پێشینەی مناڵەکان و ئەو کەسانە بکەن کە خوازیاری بەخۆگرتنی مناڵ بوون و بەخێوکەری شایستە و باش بۆ مناڵەکە بدۆزنەوە.
بەڵام ئەم پرۆسە و رەوتە فەرمییە بوو بە هۆی ئەوەی ئەو ئەگەرە بێتە پێشەوە مناڵانی بێ سەرپەرەشت پۆلێن بەندی بکرێن و جیاکارییان تێدا بکرێت . جۆری روانین و گەڕان بۆ مناڵی ” گونجاو” بەرهەمی جۆری روانینی کۆی کۆمەڵگا بوو لەسەر جیاکاری و بەهادان بە دان بە ئەندامانی کۆمەڵگا. بۆ وێنە ئەگەر لە ماوەی ٥ ساڵی یەکەمی بەخێوگرتنی مناڵێکدا، ئەو مناڵە “توانای مێشکی نەبوو یان نەخۆشیتری هەبوو وەک پەرکەم یان نەخۆشییە سێکسییە گواستراوەکان” ئەگەر ئەم دایک و باوکە نوێیە ئاگای ئەم بابەتە نەبووبێتن، دادگا ئەم بەخۆگرتنەی هەڵدەوەشاندەوەو مناڵەکە ئەگەڕێنرایەوە بۆ شێڵتەرەکانی بەخێوکردن و چاودیری.
دوای جەنگی دووهەمی جیهانی، رێژە و ژمارەی بەخۆگرتنی مناڵ زیاتر بوو. لەگەڵ زیاتربوونی ئەمجۆرە بەخێوکردنە، یاسای نوێ داڕێژرا کە بە پێی ئەم یاسا نوێیە، دایک و باوکەکان دەیانتوانی داوای ناسنامەی نوێ بکەن بۆ مناڵەکان و پێشینەی بایۆلۆژیکی مناڵەکە بەتەواوەتی بسڕنەوە.
لەگەڵ پەرەسەندنی بەخۆگرتنی ساواکان و مناڵەکان، ئەوە تەنها یاسا نەبوو گۆڕانی بەسەردا هات، بەڵکوو جۆری روانین و هەڵسووکەوتی کۆمەڵگاش گۆڕا: ناشەرعی بوون ( بیژوو بوون)ی مناڵە ساواکان بۆ ئەو کەسانەی دەیانویست بەخۆیان بگرن وەک شتێکی خراپ و جێی شەرم باسی نەدەکرا. ئەمە سەردەمێک بوو کە ژمارەیەکی زۆر لە کچە گەنجەکان بە هۆی کۆمەڵێک هۆکار لەوانە هۆکاری سیاسی و تایبەتی، ئەو مناڵەیان نەدەویست کە لەدایکبووە، ئەم بابەتە بوو بە هۆی دروستبوونی بازاڕی ڕەشی مناڵانی تازەبوو و ساوا.
بەم شێوەیە ئەوە ئەبینین لەم بوارانەدا یاساکانی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە پێی پێویستییەکانی کۆمەڵگا بەردەوام لە گۆڕاندا بووە، بەڵام لە ئێستاشدا کێشەی سەرەکی و گرینگترین کێشەی جیابوونەوە، مناڵەکانن، دۆخی هەڵپەسێردراو و نادیاری مناڵەکان لە نێوان ئەو دایک و باوکانەدا کە نایانهەوێت و ناتوانن پێکەوە بژین. جیابوونەوە ئاسانکاری بۆ کراوە، بەڵام بەخێوکردن و سەرپەرەشتی ئەو مناڵانەی کە دایک و باوکیان جیا بوونەتەوە کاری ئەوتۆی بۆ نەکراوە. هێشتا دەوڵەت نەیتوانیوە کۆمەڵێک یاسا دابڕێژێت کە پارێزگاری لە مناڵەکان بکات لە بەرامبەر کێشەکانی ئێستای پێکهێنانی ژیانی هاوسەرێتی، بنەماڵە و جیابوونەوەدا.
لاورێنس فریدمەن، مامۆستای یاسا لە زانکۆی ستانفۆرد: ئەم بابەتە کورتکراوەیەکە لەم بابەتەی خوارەوە:
Friedman, Lawrence Meir. “Family Law and Family Life” American Law in the Twentieth Century. Yale University Press, 2004.
سەرچاوەی فارسی بابەتەکە:
مسیر پر پیچ و خمی که به طلاق آسان انجامید | آسو
