(1) گەڵاڵەو پیلان
سێزار کە هورووژمی خەنجەری هاوڕێکانی شەتەکیان داوە بە پایەی پەیکەرەکەوە، بۆ ئەوەی زیاتر بترسێ. لە نێوان خەنجەر و روخسارەکاندا، چاوی بە، مارکۆس یۆنیۆس برۆتۆسی زڕ کوڕیو دەست پەروەردەی خۆی دەکەوێ. هاوار دەکات :”تۆش کوڕم!” شکسپێر و کیۆیدۆ ئەم هاوارە دەقۆزنەوە.
چارەنووس دووپات بوونەوەو لە یەکچوون و رووداوە هاوشێوەکانی خۆش دەوێ. نۆزە سەدە دواتر لە باشووری ئیالاتی بۆینس ئایرێس، گاچۆیەک دەکەوێتە بەر هورووژمی هێرشی گاچۆکانیتر و کاتی کەوتنی، یەکێک لە زڕکوڕەکانی خۆی دەناسێتەوە. بە لۆمەکردنێکی ئارام و سەرسامییەکی لەسەرخۆ پێی ئەڵێت:” ئەم وشانە بۆ خوێندنەوە نابن ئەبێ ببیسرێن. کەو وایە ئاوا!” دەیکوژن و نازانێت دەبێ بمرێت بۆ ئەوەی دیمەنێک دووبارە بێتەوە
(2) هۆی باڵندە ناسی
چاوەکانم لێک دەنێمو پۆلێک باڵندە لە کاتی فڕیندا دەبینم. ئەم خەونە چرکەیەک دەخایەنی، رەنگە کەمتریش. نازانم چەند باڵندەم بینیوە. ژمارەیەکی دیاریکراویان بوو یان نا؟ ئەم کێشەیە کێشەی بوونی خودا دەگرێتەوە. ئەگەر خودا ببێت ژمارەکە روونە چونکە دەزانێت من چەند باڵندەم بینیوە. ئەگەر خودا نەبێت ژمارەکە روون نییە چونکە کەس نەیتوانیوە بیانژمێرێت. لەم بارەوە دەبێ بڵێم من چەند باڵندەم بینیوە کە گریمان کەمتر لە دە باڵندەو زیاتر لە یەک باڵندە بووبێتن و نۆ نا، هەشت، حەوت، شەش، پێنج،چوار، سێ و دوو باڵندەم نەبینیوە. ژمارەیەکم بینیووە لە نێوان دە و یەکدا و نە نۆ، نە هەشت نە حەوت، نە شەش، و نە پێنج و هتد.
ئەم ژمارە راستە بێ مانایە، کە وایە خودا هەیە.
(3) دێلیا ئیلیناسان مارکۆ
لە یەکێک لە گۆشەکانی فولکەی ئۆنس لە یەکتر جیابووینەوە. لە شۆشتەکەی بەرامبەرەوە جاریکیتر تەماشام کرد، تۆ سەرت وەرگێڕابوو دەستت بۆ رادەوەشاندم.
رووبارێک لە ماشێن و مرۆڤەکان لە نێوانماندا بوو، کاتژمێر نازانم پێنجی دوانیوەڕۆی چ ئێوارەیەک بوو. چۆن دەبێ بمزانیبا ئەم رووبارە هەمان ئاخرۆنی شوومە کە رەت بوون لێی ئەستەمە.
ئیتر یەکترمان نەبینییەوە. ساڵی دواتر تۆ مردبوویت.
ئێستا بە شوێن ئەو بیروەرییەدا دەگەڕێم، لێی دەڕوانم. لام وایە هەڵە بووە. وا دەزانم لە پشتەوەی ئەو ماڵئاواییە باوەدا جیابوونەوەیەکی هەمیشەیی بوونی بووە.
ئەمشەو دوای نان خواردن نەچوومە دەرەوە. بۆ زانینی ئەم شتانە جارێکتر دوایین وانەم خوێندەوە کە ئەفلاتون فێری مامۆستاکەی دەکات. خوێندمەوە کە رۆح، لەو ساتەدا کە جەستە دەمرێ دەتوانێ ئازاد بێ.
ئێستا نازانم کە ئایا راستی لەو تیۆرییە شوومەی کۆتاییدایە یان لەو ماڵئاواییە دڵپاکانەدا.
ئەگەر رۆحەکان نامرن، واباشە هیچ شتێکی زیادە لە ماڵئاواییەکەی ئەواندا نەبێت.
ماڵئاوایی کردن، دەست نانە سینگی جوداییەوەیە. وتنی ئەمەیە کە ئەمڕۆ ئێمەیاری لێک جیابوونەوە دەکەین، بەلام سبەی یەکتر ئەبینینەوە.
مرۆڤەکان ماڵئاواییان داناوە بۆ ئەوەی هەرچەن ئەگەری ئەوە هەیە تیاچن، بەڵام بە جۆرێک خۆیان بە نەمر دەزانن.
دێلیا: رۆژێ دێ جارێکیتر بەڵام لە لێواری کامە رووباردا؟ ئەم وتووێژە کە جیی باوەڕ نییە دەست پێدەکەینەوە. لە خۆم دەپرسم کە ئایا لە شارێکدا کە لە بیاباندا ون دەبوو ئێمە بە راست بۆرخس و دێلیا بووین.
(4) ئەسیر
لە خونین و تاپاڵکە ئەم چیرۆکە دەگێڕنەوە، منداڵێک دوای هێرشی سوورپێستەکان ون دەبێت. دەوترێت سوورپێستەکان دزیویانە.
بێهوودە دایک و باوکی بە شوێنییدا گەڕان. پاش ساڵانێک، سەربازێک کە لە وڵاتی ئەوان دەگەڕایەوە باسی لە سوورپێستێکی چاوشین کرد کە پێدەچوو کوڕی ئەوان بێت. سەرەنجام دۆزیانەوە، مێژوونووسێک هەلومەرجەکەی دیاری نەکردووەو منیش نامهەوێ شتێک بنووسم کە نایزانم. لایان وابوو ناسیویانەتەوە. پیاوەکە کە لە گەڵ دەشت و ژیانی کێویدا گەورە ببوو یەک وشەی زمانی زکماگی خۆی نەدەزانی. بەم حاڵەشەوە زۆر بە خەمساردی و لە سەرخۆ ئیزنیدا بیبەنە ماڵەوە. لە بەر درکەا راوەستا، رەنە بەو هۆیەی کە ئەوانیتریش راوەستان. وەها تەماشای درکەکەی کرد کە دەڵێی هیچ لێ تێناگات. کوتوپڕ سەری داخست، هاواری کرد، بە هەڵاتن لە داڵان و دوو حەوشەی گەوەرەوە رەت بوو و گەیشتە چێشخانە.
بێ یەک و دوو دەستی کردە نێو دووکەڵکێشە دووکەڵکێشە دووکەڵ گرتووەکەداو چەقۆیەکی مشت ئێسکی کە لە سەردەمی منداڵیدا لەویدا شاردبوویەوە، هێنایە دەرەوە. لە خۆشییدا چاوی فرمێسکی تێزابوو، باوک و دایکی دەگریان چونکە کوڕەکەیان دەزیبۆوە.
پێدەچوو ئەم بیرەوەرییە بیرەوەرییتری بە شوێنەوە بێت. بەڵام سوورپێستەکە نەیدەتوانی لە چوارچێوەی ماڵدا بژی. رۆژێک رۆیشت تا بگاتەوە بە دەشتەکەی خۆی.
دەمویست بزانم لەو چرکە سەرسوورهێنەرەدا کە رابردوو و ئێستا ئاوێتەی یەکترببوون چ هەستێکی بووە؟ دەمویست بزانم کوڕە ون بووەکە لەم خۆشییەدا هاتە دونیاوەو مرد یان وەک زارۆیەک یان سەگێک توانی دایکی خۆی بناسێتەوە.