دیسان وەک ھەمیشە ناچارم بەلای تەماشای فووتباڵەوە دانیشم و گوێ بدەمە ھات و ھاواری ئەوانیدی و شادی بەشێکیان و نیگەرانی بەشێکیترین ببینم. لەوەتی لێرەم ھەر چەند ماوە جارێک ئەم شتە دووپات دەبێتەوە، دابەش بوونی کەسەکان لە ناو رەنگەکاندا مانایەکی ھەیە. من ھیچ لەو مانایە ناگەم و ناشمھەوێ لە گەڵ تۆپێکی خڕدا ھەڵبەز و دابەز بکەم یان چاوم پڕ بێ لە فرمێسک. خۆسپاردنە دەست تۆپێک یانی خۆ دانە دەست ئەگەرەکان. لەو کاتەوەی لێرەم فێر بووم خۆم بە دەست ئەگەرەکان نەسپێرم. ئەگەر، منی گەیاندە ئێرەو خستمییە لای ئەو چاوانەی کە ھەر چەند ماوە جارێک دەبڕدرێنە ئەم سندووقە جادووییە، ناردمییە لای ئەم دڵە بێ ئارامانەی ناو ئەم ژوورە کە لە گەڵ تۆپێکدا لێ دەدەن.