چیرۆکی وەرگێڕان

پێویستمان بە باخە

ریچارد براتیگان

 

كە گەیشتم خەریكبوون شێرەكەیان لە حەوشەكەی پشتەوە دەكرد بە ژێر خۆڵەوە. وەك هەمیشە قەبرەكەیان بە پەلەپڕووزكەو ناشیانە كەندبوو، بە جۆرێك كە شێرەكە تێیدا جێی نەدەبۆوە. ئێستا دەیانویست بە زۆر شێرەكە  بتپێننە ناو ئەو كونەی بێمبالاتانە كەندبوویان.

شێرەكە وەك هەموو كات بە تاقەتەوە رووبەڕووی كێشەكە دەبۆوە. دوای لانیكەم پەنجا جار ناشتنی ل دوو ساڵی رابردوودا، ئیتر خووی گرتبوو بەوەی لە حەوشە پشتییەكە بیكەنە ژێر خۆڵەوە.

جوان لە بیرمە یەكەمجار كە ناشتیان، سەری سووڕمابوو و نەیدەزانی چی روویداوە. ئەوكات لە بەر ئەوەی تەمەنێكی وەهای نەبوو، هەم دەترسا و هەم شڵەژابوو. بەڵام ئێستا ببوو بە شێرێكی پیری بە ئەزموون و دوای ئەو هەموو ناشتنە ئیتر دەیزانی بڕیارە چی رووبدات.

كە قامكەكانی دەستیان چەماندەوەو نایانە سەر سینگی و دواتر دەستیان كرد بەوەی خۆڵ بكەن بە دەم و چاویدا، تاڕادەیەك دڵی تەنگ بوو.

بەڵام بە راستی شتێكی ناخۆش بوو. شێرەكە بە هیچ شێوەیەك نەدەچووە ناو چاڵەكەوە. ئەوان عەقڵیان بەوە نەدەشكا چاڵێك بكەنن بە ئەندازەی شێرەكە.

وتم:” سڵاو، چاڵەكە زۆر بچووكە.”

وتیان:” سڵاو، نە، وانییە.”

دووساڵ دەبوو، سڵام و مەرحەبایی ئێمە هەر ئەمە بوو.

وەستام و سەعاتێك تەماشام كردن كە هیوابڕاوانە هەوڵیاندا شێرەكە بنێژن. بەڵام تەنها توانیان4\1 ی بكەن بە ژێر خۆڵەوەو دواتر بە رقەوە وازیان لە كارەكەیان هێناو بازنەیەكیان دروستكرد‌و لۆمەی یەكتریان كرد لەبەر ئەوەی چاڵێكی گەورەیان هەڵ نەكەندبوو.

من وتم:” وەرن ساڵێكیتر بیكەین بە باخ. وادیارە ئەم خاكە گێزەری باشی لێ هەڵدەكەوێت.”

قسەكەم بەلایانەوە پێكەنینی نەبوو.

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button