وتووێژ لەگەڵ عەلی ئەشرەف دەرویشیان
نەتەوەیەک خوو بە سانسۆرەوە بگرێت، نە کتێبەکانی من ئەخوێنێتەوەو نە ئەوانەی تۆ
سازدانی عەلی کاکاوەند
و: مستەفا زاهیدی
رەنگە ئەم پرسیارەت زۆر ڕووبەڕوو کرابێتەوە، بەڵام تۆ زیاتر لە هەر شتێک و باشتر لە هەموو کەس روخساری ناشیرین و قێزەونی هەژاریت بە وێنا کێشاوە، لەم بارەوە زێدەڕۆییت نەکردووە؟
- نە بە هیچ شێوەیەک، لە بەر ئەوەی ئەو مناڵە فەقیرانەی کە باسم کردوون قوتابیم بوون، لە ” گێڵان غەرب”، بەیانیان لە سەر پۆلەکە دەبوورانەوە، لە ساڵدا هیچ شتێکیان نەبوو بیخەنە سەر ئاگر و بیکوڵێنن و بیخۆن، لە ساڵدا گۆشتیان نەدەخوارد، هیچکات. ئەوەی کە نووسیومە کارێکی دروست بووەو رەنگە کەمم نووسیبێت، ئەگەر ئێستا بایە رەنگە زۆرترم نووسیبا و بمگوتبا لەوێ چی روو ئەدات، زێدەڕۆییم نەکردووەو کارێکی دروستم کردووە. دواتریش لە ” ئابشووران” باسی بنەماڵەی خۆمانە، خۆمان بووین، من و براکانم.
نووسەرانێکی گەورەی وەک تۆ و بەڕێز دەوڵەت ئابادی، بە شێوەیەک چیرۆکی سۆسیالیستیان نووسیوەو باسی هەژاریان کردووە، لات وایە ئەمجۆرە نووسینە هێشتا جێگەی ئەبێتەوەو هێشتا ئەخوێندرێتەوە؟
- تا ئەو کاتەی زوڵم و زۆر و نایەکسانی و هەژاری لە کۆمەڵگا هەیە، ئەم نووسینانە بەردەوام ئەبێت. خوێنەریان هەیە، مەگەر ئەوەی کەسانیک ئەم پرسانەیان بۆ گرێنگ نەبێت لێیان بگوزەن و نەیانخوێننەوە. تا ئەو کاتەی نایەکسانی و زوڵم و زۆر و هەژاری و چەوسانەوە بوونی هەیە، ئەم شتانەش هەر بەردەوام ئەبێت، منیش ژیانی ئەم کەسانەم نووسیوەتەوە، لەبەر بنەماڵەکەم؛ خاڵۆم کە کرێکاری کۆمپانیای نەوت بوو، ئەندامی حیزبی توودە بوو؛ کتێبەکانی مەکسیم گۆرکی و کەسانیتری دەهێنا و بۆی دەخوێندینەوەو لە منداڵییەوە کەوتمە ژێر کاریگەری ئەوجۆرە نووسینانەوە.
هاوڕای لەگەڵ ئەوەی ئەدەبیات سیاسی بێتەوە یان سیاسەت بچێتە ناو ئەدەبیاتەوە یان نا؟
- بە هێچ شێوەیەک، سیاسەت خۆی دادەسەپێنێت بەسەر ئەدەبیاتدا، ئەدەبیات هیچکات شوێنکەوتووی سیاسەت نەبووەو بە دوای سیاسەتەوە نەبووە. هەڵبەت ” شاملوو” گوتەنی ئەگەر ئێمە لە بەرهەمەکانماندا ئەو بنەما ئەدەبیە بپارێزین زۆر باش ئەبێت و بەرهەمەکەمان وەک بەرهەمێکی دیاری ئەدەبی دەرئەکەویت و ئەمەش ئەزیەتی زۆری ئەوێت. بەڵام کاتێک گۆڤار و بڵاوکراوەکانمان باسی سیاسەت ناکەن و خەڵک وشیار ناکەنەوە، ئەم ئەرکە بە ناچار ئەکەوێتە سەر شانی نووسەرەکان بۆ وێنە بڵێت خەڵکینە، لە فڵانە شوێن ژیان بەو جۆرەیە، لە حاڵێکدا هەواڵەکەی بڵاو ناکەنەوە تۆ لە چیرۆکەکانتدا باسی بکە، ناچار ئەبیت وا بکەیت، ناچارت ئەکەن. هەروەها ئەوەش بڵێم، تۆ راست ئەکەی، بەڕێز دەوڵەت ئابادی و من. بەڵێ، دەوڵەت ئابادی مامۆستایە، بەڕاست دەوڵەت ئابادی نووسەرێکی گەورەیە، بەڵام من نا، لە چاو ئەو وا نیم.
ئەمە نیشانەی خاکەڕایی بوون و گەورەیی ئێوەیە. لە هەرحاڵدا ئێوە هەدووکتان دوو نووسەری گەورەی ئەم وڵاتەن.
- دەوڵەت ئابادی وایە، بەڵام من نا. ( بە پێکەنینەوە) ئەمەش هەمدیسان داسەپاندنە.
” ساڵە هەورییەکان” رۆمانێکی چوار بەرگییە کە هەم ئاتۆبایۆگرافییە و هەمیش بەشێکە لە مێژووی کرماشان و ئێران. بۆچی ئەم ئاتۆبایۆگرافییە ساڵی ١٩٧٩ لەگەڵ شۆڕشی ئێران تەواو ئەبیت؟ درێژەی ئەبێت؟ نووسیوتە یان دەتهەوێ درێژەی پێ بدەی؟
- من دەمهەوێ بەردەوام بم و درێژەی پێ بدەم، بەڵام لەبەر ئەو دۆخەی کە هەیە لام وا نییە چاپ ببێت.
یانی هێشتا نەتنووسیوە؟
- نا. بەڵام بیرم لێکردۆتەوە. پیویستییەکانم ئامادە کردووەو لە مێشکمدایە.
لە رۆمانی ” ساڵە هەورییەکاندا” لام وایە ئەو بەشانەی لە بەرگی سێهەم و چوارم کە زیاتر پەرژاویتە سەر قۆڵبەستکردن و ئەشکەنجە و زیندان، جیاواز، وردتر و تەنانەت سەرنجڕاکێشترە لە بەشەکانیتر، رەنگە منیش هەڵە بم، ئاخۆ وەهایە و ئەگەر وایە بۆچی؟
- بەڵێ وایە، لەبەر ئەوەی زیاتر هەستم پێکردووەو هەستپێکراوترە، زیاتر زەخت و گوشاری خستە سەرم، زیندانی کرماشان بەراستی جەهەنەم بوو، کەسێک تەنانەت بۆ پێنج خولەک لەوێ نەبووبێت نازانێ ئەوێ چۆن بووە.
دووجار کەوتوویتەتە زیندانەوە کە جاری یەکەم لە کرماشان بوو…
- سێ جار
ببوورە، جاری یەکەم لە کرماشان کە دەستگیرکرای ریکۆردێر ( تەسجیل) ێکت پێ بوو خەریک بوو..
- بەڵێ خەریکبووم ئەفسانەکانم کۆ ئەکردەوەو تۆمارم ئەکرد.
کە وایە جاری یەکەم زیاتر گوشارت لە سەر بوو لە چاو جارەکانیتر؟
- زۆر. جارەکانی دواتر من لە زیندانەکانی تاران ، قەسر و ئێڤین دەستەبەسەر بووم، لەگەڵ زیندانییە سیاسییەکان بووم و کەسانی ناسراوم ناسی و قسەمان ئەکرد، خەریکی مشت و مڕ و گفتووگۆ ئەبووین، کاتمان زۆر زوو لێ ئەڕۆشت. دەمانخوێندەوە. بەڕاست کاتمان کەم بۆ ئەمایەوە بۆ خوێندەوە. بەڵام لە زیندانی کرماشان نە کتێبی لێبوو نە کەسایەتییەکی ناسراو. لەوێ کۆمەڵێک لات و بەرەڵا و قاچاخچی لێبوو، زیندانییە سیاسیەکان جیابوون. بە شێوەیەکی زۆر نامرۆڤانە پۆلیس بەردەوام خەریکی سەرکوتکردن و ئەزیەت و ئازار بوو، هەموو رۆژێک دەمانبینی کەسێک خۆی سووتاندووە، کەسێک خۆی کوشتەوە، کەسیکیان ئەبرد بۆ ئیعدام و دەگریا، هەموو ئەمانە کاریگەری دەروونیان لەسەرم هەبوو.
بە پێی ئەوەی لە ساڵە هەورییەکاندا هاتووە خۆت برسی ئەهێشتەوە بۆ ئەوەی لە ژێر ئازاردا ببوورێیتەوە. براست وابوو؟
- بەڵێ وابوو. ئەوەندە لەڕ و لاواز ببووم پانتۆڵەکەم بە دەزوو بەزۆر رادەگرت، بە شێوەیەک یەکێک لە هاوڕێکانم دوای مانگێک هات بۆ لام و پێی وتم: ئەی هاوار، بۆ وات پێ هاتووە عەلی ئەشرەف، چیت بەسەرهاتووە، هیچت لێ نەماوەتەوە.
ببوورە ئەگەر بەدەوام دەربارەی رۆمانەکە و کەشی ناو رۆمانەکە دەپرسم و لە خودی ئەدەبیات دوور ئەکەومەوە، بەڵام وەک وتم “ساڵە هەورییەکان” لەگەڵ ئەوەی رۆمانە مێژوو و ئاتۆبایۆگرافیشە. دەربارەی کوودەتای ٢٨ی گەلاوێژی ١٣٣٢ رووداوێکت بە وێنا کێشاوە هاوشێوەی ئەو رووداوانەیە ئەو کاتە لە تاران رووی ئەدا. خۆپیشاندانەکان و حیزبەکان و شەعبان بێ مێشکەکانی[1] ئەو کات؛ بەڕاست ئەو رووداوانە لە کرماشان روویانداوە یان تۆ رووداوەکانی تارانت گواستۆتەوە ناو رۆمانەکە؟
- نا، ئەم شتانە لە کرماشان روویداوە. کرماشانی پەنجا ساڵ لەوە پێش زۆر پێشکەوتووتر بوو لە کرماشانی ئەمڕۆکە. لەبیرمە ئەو کاتە شوێنێکیان دروستکردبوو لەسەریان نووسیبوو “ماڵی خوێندنەوەی کرماشان”. خەڵک ئەچوون لەوێ رۆژنامەیان ئەخوێندەوە، کتێبیان ئەخوێندەوە، من دوای چەند ساڵ، یەک دوو ساڵ لەوە پێش بینیم لە گەڕەکی تەجریش- لەتاران- شارەوانی شوێنێکی هاوشێوەی دروست کردووە. ئەو کات گۆڤارێک هەبوو بە ناوی ” خواندنی ها” هەفتەی دووجار چاپ و بڵاو ئەکرایەوە. دووشەممان و چوارشەممان و هەموو جارێک سێ عەرەبانەی گەورە گۆڤار ئەهاتە کرماشان و دەفرۆشرا. بزووتنەوەی خەڵکیش رێکخرابوو و کار بۆ کرابوو و هەموو جووڵەیەک زۆر زوو کاریگەری لە سەر کرماشان دائەنا.
تۆ لە شوێنێک وتووتە نەنکت یەکەم بریسکەی نووسەربوونی لە سەردەمی تازەلاوی لە مێشکی تۆدا لێدا، وەک ئەڵێی کەسێکی نەخوێندەوار بووە، بەڵام چیرۆکێکی سادق هیدایەتی بۆ گێڕاویتەوە؟
- بەڵێ، چیرۆکەکە ناوی ” داوای لێبوردن ” بوو، زۆر لە ناو خەڵکی هەژار و کەم داهاتدا بڵاو ببۆوەو پێشوازی لێ کرا. وەک ئەگێڕنەوە کەسێک کە خوێندەواری بووە ئەم چیرۆکەی بۆ نەنکم گێڕاوەتەوەو ئەویش لەبەری کردبووو بۆی گێڕامەوە. ئەو کاتەی چیرۆکی ” داوای لێبوردن”م لە ناو کۆمەڵە بەرهەمەکانی سادق هیدایەتدا خوێندەوە زانیم ئەمە هەر ئەو چیرۆکەیە. حیکایەت و ئەفسانەی زۆریشی لەبەر بوو. لەبەر ئەوەی نەنکم مێردە پێشترەکەی خەڵکی عێراق بوو و ماوەیەکی زۆر لە عێراق مابۆوە، زۆر بە باشی ئاگاداری کەلتوور و داب و نەریتی ئەو ناوچەیە هەر لە کوردستانی عێراقەوە تا کرماشان بوو، ئەفسانە و حیکایەتەکانی بۆ دەگێڕامەوە، هەموو شەوێک حیکایەتی بۆ دەگێڕاینەوە، ئێمە پێمان ئەگوت ” مەتەڵ”، دەمانگوت نەنە، مەتەڵمان بۆ بگێڕەوە، دەیگوت رۆڵەگیان مەتەڵ کاتی ئەوێ، بێڵن ئەمشەو بخەوم. پێش ئەوەی بگیردرێم بە هاوسەرەکەم “شاناز”م وت ڕیکۆردێر ( تەسجیل)ێک پەیدا ئەکەم، بڕۆ لای نەنکم دانیشەو ئەفسانەکان تۆمار بکە، شتی باشن و بەکەڵک دێن. شاناز چەند جار رۆیشت و ئەفسانە و حیکایەتەکانی تۆمار کرد. ئێستا بە دەنگی خۆی هەمانە. کەسایەتییەکی سەرنجڕاکێش بوو، ئەگەر نەنکم نەبایە بەڕاست من نەمدەتوانی بەرهەمی وەها لە باری کەلتووری و داب و نەریتەوە بەپێز دابڕێژم. باوەگەورەشم کەسێکی سەرنجڕاکێش بوو، بەوردی ئاگاداری مێژووی خەباتی کوردەکان و کرماشان بوو، هەمووی بە باشی دەگێڕایەوە، وەک فیلمێکی سینەمایەک دەیگێڕایەوە.
تۆ لە کرماشان لە دایکبووی و لەوێ دەستت کردن بە چیرۆکنووسین. سروشت و داب و نەریت و بە تایبەت مۆسیقای دەوڵەمەندی ئەو ناوچەیە چ کاریگەرییەکی لەسەر بەرهەمەکانت بووە؟
- زۆری کاریگەری بووە، لەبەر ئەوەی لە ماڵی ئێمەدا کەس نەبوو لەبەر خۆیەوە گۆرانییەکی کوردی نەڵێتەوە، یان ئەوەی گۆرانیبێژێژ نەیەتە ماڵمانەوە یان دەهۆڵ ژەنێک نەیەت، خەڵک دەڕژانە ناو کۆڵان، زەماوەند و خەتەنەسوورانیشیان هەبا ئەمانە دەهاتن. ئێمە کۆمەڵێک شاعیری گەرۆکیشمان هەبوو پێیان دەگوت ” دەلۆ” کە لە ئان و ساتدا شیعریان دەوت، هەر ئەوەی ناو و پیشەکەی خۆت پێ دەگوتن شیعریان بۆت دروست ئەکرد، ژن و پیاوەکان لەدەوریان کۆ دەبوونەوەو گوێیان لێ ئەگەرتن، ئێستا ئەمە بووە بە قسەیەکی باو و هەرکەس زۆر قسە بکات یان شیعری لەو جۆرە بڵێت پێی ئەڵێن : باوە بووی بە ” دەلۆ”، مێشکمانت برد. مووسیقا تێکەڵ بە ژیانی خەڵکی ئاسایی ببوو. ماوەیەک لەوە پێش، کۆنسێرتێکی مۆسیقای کوردی بوو منیش رۆشتم، بەڕاستی چێژم لێ وەرگرت. زۆر تایبەت بوو، بە شێوەیەک ئەگەر تەندروستیم باش بایە و بمتوانیبا هەڵدەستام و هەڵدەپەڕام.
ژمارەیەکی زۆر لەو کەسانەی دەبوایە بەردەنگ و خوێنەری بەرهەمەکانی تۆ بن، ئەو کەسانەن کە ئازار چێشتوون و هەژار و نەدارن، وەک ئەوەی خۆت باست کردووە، یان وەک خۆشت ئەڵێی خراپتر لەوەن کە لە باست کردوون. بەڵام ئەمانە یان ئەوەیە نەخوێندەوارن یان لە راستییدا ناخوێننەوە. لە راستییدا بەردەنگ و خوێنەری بەرهەمەکانت زۆربەیان سەر بە چینی دەوڵەمەند، رووناکبیر و مامناوەندی کۆمەڵگان. لات وا نییە ئازارە گەورەکە ئەوەیە کەسایەتییەکانی چیرۆکەکانی تۆ نەخوێندەوارن خوێنەری کتێبەکانی تۆ نین؟
- بۆچی نا، وەهایە. کاری گەورەی ” سەمەد بێهرەنگی” هەر ئەمە بوو، ئەدەبیاتی بردە ناو خەڵکەوە؛ بەشێکی زۆر لە خەڵکانی لای ئێمە، نەخوێندەوار بوون و سەمەدیان دەناسی. دایکم، نەخوێندەوار بوو، بەڵام سەمەدی دەناسی و لەبەر سەمەد بێهرەنگی چووە خویندنی شەوانەوەو فێری خوێندنەوە بوو. هەموو هەوڵی من ئەوە بوو بۆشایی نێوان سەمەد بێهرەنگی و بۆ وێنە بەرهەمەکانی کۆچکردوو ” هووشەنگ گولشیری” کە ئاستیان لە سەرەوە بوو مۆدێڕن بوون بە نووسینەکانم پڕ بکەمەوە. ئەم بۆشاییە پڕ بکەمەوە بۆ ئەوەی خەڵک لەم ئاستەوە بەو ئاستە باڵایە بگەن. هەوڵم ئەوە رێز لە خوێنەر و بەردەنگ بگرم و ئەمەم بە راستی بەلاوە گرینگ بوو، ئاستی خوێندەواری کۆمەڵگاکەم بۆم گرینگی هەیە. من زۆر جار وتوومە لە سەفەرێکدا بۆ ” ئەنکارا” لە تورکیا زانیم لەوێ دوو رۆژنامەی ” مللیەت” و ” جمهوورییەت” هەموو رۆژێک نیو میلیۆن دانەیان لێ چاپ ئەبێت، جا بیر لەوە بکەوە رۆژنامەکانی ئێران ئەژماریان چەندە و چەندیان لێ چاپ ئەبێت؛ هەر ئەو پێنج شەش رۆژنامەیەی کە چاپ ئەبن. لە کۆمەڵگایەکی وەهادایە “ئۆرهان پامۆک” دەرئەکەوێت و خەڵاتی نۆبڵ وەرئەگرێت. بەڕێزان! لە وەها کۆمەڵگایەکدایە کتێبەکانی “ئۆرهان پامۆک” بە چاپی دەیەم ئەگەن و هەرجارەیان ١٠٠ هەزاردانەیان چاپ دەکریت. لەبەر ئەوەی لەوێ سانسۆر زۆر توند نییە، خەڵک دەخوێننەوە، بەیانیان، هەموو خەڵک لە ناو مێترۆدا کتێب و رۆژنامەیان بە دەستەوەیە.
ژمارەی ئەو خەڵاتانەی دیاری کراوەو گرووپە ئەدەبییە سەربەخۆکان لە ئێران کە بە پشتیوانیەکی کەمی ئابوورییەوە کار ئەکەن، لە بەرامبەر و هاوتەریب لەگەڵ ئەو گرووپانەی کە سەربە دەوڵەتن و سەربەخۆ نین و زۆر دەوڵەمەندن، رات چییە لەمبارەوە؟ لات وایە ئەدەبیاتی حکوومەتی و ناحکوومەتی یان سەربەخۆ و ناسەربەخۆمان هەیە؟
- ئەدەبیات تەنها یەک جۆر ئەدەبیاتە، ئەویش ئەدەبیاتی سەربەخۆ، بەختەوەرانە خەڵکی ئێمە لەم شتانە تێئەگەن و ئەو کەسانەی کە سەربەخۆن ئەو کاتەی کتێبێک خەڵات ئەکرێت ئەیبینن و دەستبەجێ و دوای ماوەیەکی کەم کتێبەکە چەند جار چاپ ئەکرێتەوە، ئەگاتە چاپی حەوتەم و هەشتەم. بۆ وێنە دامەزراوەی گولشیری دامەزراوەیەکی سەربەخۆیە، ئەو کەسانەی لەگەڵ ئەم ناوەندە کار ئەکەن کەسانێکی سەربەخۆن و بۆچوونەکانیان دەربارەی ئەو کتێبانەی هەڵدەبژێردێن لە لایەن خەڵکەوە پێشوازی لێ ئەکرێت.
بۆچی ناوەندی نووسەران دوای قەتڵە زنجیرەییەکان بەرەو نەمان ئەڕوات و چالاکییەکانی کەم بۆتەوە؟
- نا وا نییە، ناوەندی نووسەران بە هیچ شێوەیەک بەرەو نەمان نەچووە، تەنانەت بەردەوام کەسانێکی گەنج بە لێشاو روومان تێ ئەکەن و داوای ئەندامبوون ئەکەن، هەڵبەت کۆمەڵێک کێشەش هاتۆتە پێش بە هۆی نەبوونی شوێنەوە، بەڵام ناوەندی نووسەران هەر چالاکە و بەشداری چالاکییە کۆمەڵایەتییەکانیش ئەکات.
ئەگەر ناچار بن شیعرێک هەڵبژێرن کە بۆ یەکەمجار خوێندووتانەوەو کاریگەری زۆری لەسەر داناون، شۆکی کردوون، چ شیعرێک هەڵدەبژێری.
- شیعری ” وارتان زمانی نەگەڕا”[2] لە نووسینی ئەحمەد شاملوو، ئەو شیعرە جووڵاندمی و کاریگەری لەسەر دانام.
بەڕێز دەرویشیان، هیوا دارم هەموو کات بەم شێوەیە شاد و پڕ وزە بتبینم.
- سپاست ئەکەم. هەر کەس هەر رەخنەیەکی هەیە باسی بکات و دەری ببڕیت. کۆمەڵگا بە رەخنە و رەخنەگرتنەوە زیندووە، ئەگەر وا نەبێت کۆمەڵگایەکی مردووە.
ئێوارەی چوارشەممە ١٩ی جێنیڤەری ٢٠١١ەیە. دوائ وتووێژ لەگەڵ بەڕێز ” دەرویشیان” ئەچینە دەرەوە. ئەڵێت زۆر حەزی لە بینینی بەفرە، ئەچینە جاددە چالووس و بۆ کاتژمێرێک لە شوێنێک دائەنیشین. لەوێ کۆمەڵێک بیرەوەری ئەگێڕێتەوە؛ لەوانە بیرەوەری چۆنییەتی بە مامۆستا بوونی لە گوندەکانی شاری ” گێڵان غەرب” ئەم بیرەوەرییە بە زمانی کوردی ئەگێڕێتەوە:” بەرپرسەکان ئەوکات وەک دوورخستنەوەو مەنفا چاویان لە ژمارەیەک لە گوندەکانی دەورووبەری گێڵان غەرب ئەکرد، لەبەر ئەوەی هیچی لێ نەبوو، بیری لێ بکەوە، گوندێک ماستی لێ نەبێت، خەڵکەکەی نەزانن پەنیر چییە. کرماشانیش وەک زۆرشوێن کۆمەڵێک لات و سەرسەری لێ بوو کە من دژیان بووم و سڵاویشم لێ نەئەکردن. ئەو رۆژەی رۆشتم فەرمانی بە مامۆستا بوونەکەم وەربگرم، لاتێک لە دواوەوە شانی گرتم، چاوی بڕیە ناوچاوم و سەرم دای بە دیوارێکدا، هەربۆیە بەرچاوم رەش بۆوە، ئەو کەسەی فەرمانی دامەزراندنەکەی پێ ئەدام پێی وتم:” ئەها، ئەمەش لە لاتەکانە، بینێرین بۆ گێڵان غەرب”!
لە گەڕانەوەدا ” عەلی ئەشرەف” باسی شوناس ئەکات، وەک ئەوەی باسی ئەکرد چەند ساڵ لەوە پێش لە لایەن زانکۆیەکەوە لە “کرماشان” بانگ هێشتیان کردووە بۆ ئێوارە شیعر خوێندەوەیەک، هەڵبەت وەک خۆی باسی ئەکات کارێکی ئاسان نەبوو بۆ ئەو کەسانەی لەوێ کاریان ئەکرد، بەرپرسانی زانکۆ بەو مەرجەی لە بیلبۆردەکانی زانکۆدا بانگەشە بۆ هاتنی دەرویشیان نەکرێت، رازی ببوون بچێتە زانکۆ، لەوێ باسی کەسایەتییە گرینگ و کاریگەرەکانی کرماشان و دەورووبەری ئەکات:
” لەوێ باسی شوناسم کرد کە دواتر بوو بە وتارێک. لێیانم پرسی :” ئێوە ئەزانن شاعیرێک کە پێش نیما شیعری نوێی نووسیوەو بەڕێز شەمسی لەنگروودیش لە کتێبی ” مێژووی شیکاری شیعری نوێ” باسی کردووە خەڵکی ئەم شارەیەو هاوشاری ئێوەیە؟ زانیم نازانن.
وتم- مەبەستت لاهووتییە.
:” بەڵێ، میرزا ئەبولقاسم خانی لاهووتی کە شیعرەکەش لەو کتێبەدا هەیە. دووهەم ئێوە ئەزانن یەکەم کەس کە رۆمانی فارسی بە ستایلی ئەورووپییەکان نووسی کێ بووە؟ هەمدیسان کەس وەڵامی نەداوە. پێم وتن؛ ئەویش کرماشانییە، ” محەممەد باقر خوسرەوی” کە ساڵی 1906، ساڵی شۆڕشی مەشرووتە، رۆمانی سێ بەرگی عاشقانەی ” شەمس و توغرۆل”ی نووسیوەو ماوەیەک لەوە پێشیش لە لایەن چاپەمەنی ” ئەمیر کەبیر”ەوە هەمدیسان چاپ کرایەوە. سێهەم: پێم وتن ئەزانن کە بە پێی ئەوەی لە مێژووی مەشرووتەی ئێران لە نووسینی “ئەحمەد کەسرەوی”دا هاتووە، هاوشانی ستارخان و باقرخان دوای ئەوان کێ دێت و ناوی کێ هاتووە؟ هەر نەیاندەزانی. پێم وتن مافی خۆتانە نەزانن، لە بەر ئەوەی تەنانەت کۆڵانێکیش بە ناویەوە نیە لە کرماشاندا. ” یار محەممەد خانی کرماشانی” کە هاوشانی براکەی ” حسێن خان” لەو کاتەدا کە تەورێز لە لایەن سوپای ” محەممەد عەلی شا”ی دیکتاتۆرەوە گەمارۆ درابوو، چووە ئەو ناوچەیە و پەیوەست بوو بە ستارخان و باقرخانەوە. دواتر ژمارەیەک لە قوتابییەکان هاتن و کۆمەڵێک شیعری لاوازیان خوێندەوە؛ سەرەنجام و لە کۆتاییدا ئەو کاتەی دەمانویست بڕۆینەوە ژمارەیەک لە خوێندکارەکان هاتن و پرسیاریان هەبوو بیپرسن، ژمارەیەک لە بەرپرسەکانیش هاتنە نزیکەوە بۆ ئەوەی بزانن لە کاتی پرسیار و وەڵامدا، چی بە خوێندکارەکان ئەڵێم. پێم وتن بینیتان بەڕێزان، ئەنجامی کاری ئێوە لەم چەند ساڵەدا چی بووە؟ ئاگاتان لەو شیعرانە بوو خوێندیانەوە؟ ئێوە لاتان وابوو ئەگەر هاتوو کتێبەکانی من سانسۆر بکەن، دێن و کتێبەکانی ئێوە ئەخوێننەوە؟ وا نییە، ئەو میللەتەی سانسۆر بۆی ئاسایی بێتەوە، نە کتێبەکانی ئێوە ئەخوێنێتەوەو نە کتێبی من. ئەمە ئەنجامی زەحمەت و ماندووبوونەکانتانە، گەنجەکان وا بارهاتوون نەخوێننەوە، ناسنامە و شوناسی خۆیان نەناسن، ئەمە ئەو شتەیە پێی دەوترێت بێ ناسنامەیی، ئەوان نازانن کێ و ئەمانە کێن ؛ کێ بوون ئەو کەسایەتیانەی لە شارەکەیانەوە سەری هەڵداوە کە پشتیوانێک بن بۆیان بەو بۆنەوە متمانەیان بە خۆیان ببێت و بیر لەوە بکەنەوە کە ئەوان کێن!
[1] – شەعبان بێ مێشك، کەسێکی چەقۆکێش و لات و بەرەڵا بوو کە لە لایەن رژێمی پاشایەتییەوە بەکار دەهێنرا بۆ سەرکوتی خەڵک لە تاران و کەسانی هاوشێوەش لە شارەکانیتر هەبوو و بەو جۆرە کەسانەیان دەگوت شەعبان بێ مێشك . (وە- کوردی)
[2] – ئەم شیعرە لە فارسیدا بە دوو ناو بڵاو بۆتەوە، نازلی و وارطان. لەلایەن بەڕێز ناسر حیسامیەوە کراوە بە کوردی و بە ” وارتان” هاتووەو لە وەرگێڕانەکەدا هاتووە: وارتان زمانی نەگەڕا (و- کوردی)