مۆنرۆ هیچكات نایهەوێت بیرەوەرییەكانی بڵاو بكاتەوە. ئەڵێت:” لە بیرەوە رییەكاندا ناوی زۆر كەس دێتە گۆڕێ،چۆن دەتهەوێت بە راست دەربارەیان بنووسیت؟ مۆنرۆ كە تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بووە ئەڵێت :” ئێستاش هەندێ رووداو دێتە پێشەوە بۆم كە وا دەكات چیرۆكێكیتر بنووسم.
ئالیس مۆنرۆ، چیرۆكنووسی كەنەدایی زۆربەی كات وەك نووسەرێك دەناسرێت كە سەرەڕای ئەوەی ناوبانگی جیهانی هەیە بەڵام كارەكانی زۆر رێزی لێنەگیراوە. لە كلتوورێكی ئەدەبیدا كە زۆربەی خەڵاتەكان بە رۆماننووسەكان دەبەخشرێت، ئەو هەر سوورە لەسەر ئەوەی وەك چیرۆكنووس كار بكات و بەردەوامە لەسەر كورتە چیرۆكنووسین، ئالیس مۆنرۆ تا ئێستا 12 كۆمەڵە چیرۆكی بڵاو كردۆتەوەو تەنها یەك رۆمانی نووسیوە. هۆگرانی كارەكانی ئەڵێن لەبەر ئەوەی ئەو كورتە چیرۆك دەنووسێت، كۆمیتەی نۆبڵ هەموو كات ئەو لەبەرچاو ناگرێت. ئەم خانمە نووسەرە ساڵی 2009 خەڵاتی بۆكێری نێونەتەوەیی بە بۆنەی چیرۆكەكانییەوە پێبەخشرا.
رەخنەگران و نووسەران ستایلی سادە و پلۆتی بەهێز و كەسایەتی سادەو دیالۆگی گونجاوی كارەكانی ئەو ستایش دەكەن. “جاناتان فێرنیرن” نووسەری دیاری ئەمریكایی لە وتارێكدا لە رۆژنامەی نیۆیۆرك تایمز نووسی “مۆنرۆ” شیاوی ئەوەیە وەك باشترین چیرۆكنووسی ئێستای ئەمریكای باكوور ناوی لێببرێت. چیرۆكەكانی كۆمەڵە چیرۆكی نوێ ئەم خاتوونە نووسەرە بە ناوی “شادی زۆر” كە ماوەیەك لەوە پێش چاپ و بڵاو بۆوە، بە بەراورد لەگەڵ كارەكانیتری لێڵ تر و دڵەراوكە خولقێنترە، لە چیرۆكە سەرەتاییەكانیدا بەزۆری كەڵك لە كەرەسەی خاوی ئۆتۆبایۆگرافی و پرسە بنەماڵەییەكان وەرگیراوە. لەم كۆمەڵە چیرۆكە نوێیەدا هەندێ چیرۆك دەبیندرێت كە لەو چیرۆكانەدا ئەندامانی بنەماڵە یەكتر ئەكوژن، دەستدرێژی دەكرێتە سەر خانووی بێوەژنێك، كوڕێك كە روخسارێكی شێواوی هەیە ئەبێت بە ئیلهام بۆ كچۆڵەیەك بەوەی دەم و چاوی خۆی بریندار بكات.
خانمی مۆنرۆ كە ئێستا 80 ساڵی تەمەنە لە شارێكی بچووك لە “ئۆنتاریۆ” دەژی و هێشتا هەربەردەوامە لە نووسین، خۆی ئەڵێت بەلایەوە سەیرە هێشتا هەر لە نووسین بەردەوامە. چاوەڕوانی ئەوەی دەكرد تا ئێستا خانەنشین بێت.”
* وال ستریت جۆڕناڵ: لە ژمارەیەكی زۆر لە چیرۆكەكانی كۆمەڵە چیرۆكە تازەكەت “Too Much Happiness” نیشانەكان توندووتیژی دەبیندرێت، سەرچاوەی ئەم توندووتیژییە لە كوێوە هاتووە؟
– من خۆم تا ئەوكاتەی نووسینی كۆمەڵە چیرۆكەكە تەواو نەبوو بەم شتەم نەزانی. خۆم دەمزانی لەیەكەم چیرۆكی كۆمەڵە چیرۆكەكەدا توندووتیژی رەنگدانەوەی زۆری بووە، لە ڕاستییدا تەنانەت خۆشم نەمدەتوانی جارێكیتر پێیدا بچمەوەو بیخوێنمەوە. ئەم چیرۆكە دڵەڕاوكە دروست دەكات… من نەمدەویست مۆتیڤی توندووتیژی لەم كۆمەڵە چیرۆكەدا ببێت، بەڵام ئەم توندووتیژیە لە چیرۆكەكانی ئەم كۆمەڵە چیرۆكەدا دەبیندرێت و ئەم دۆخە دەتوانێت شتێك بێت كە لە دەرەوەی ئێخیتاری تۆی نووسەرەوە بێت، بێ ئەوەی نووسەر ئاگای لێبێت ئەم شتە روویداوە… یەكەم چیرۆكی ئەم كۆمەڵە چیرۆكە كۆپی كردن و گێڕانەوەی رووادوێكی واقع و راستەقینە نییە، بەڵام زۆر سەیرە، لە ماوەی شەش مانگ لەوە پێشەوە كوشتنێكی وەك ئەوەی لە چیرۆكەكەدا روویداوە دەبیندرێت، باوكێك منداڵەكانی خۆی دەكوژێت بۆ ئەوەی لە شەڕڕی ئەم دونیا رزگاریان بكات و دایكی منداڵەكان تەنها دەمێنێتەوە.
* وا دیارە تۆ بەرامبەر بەوەی هەر جارەی فۆڕم و جۆرێكی ئەدەب ئەبێت بە مۆدە و باو پارێزراویت، تۆ بەئەنقەست هەوڵ دەدەیت پێبەند و وەفادار بیت بە چیرۆكبێژی سادەو جۆرێك گێڕانەوە كە كەسایەتی و كارەكتەرەكان بونیادی گێڕانەوەكەن؟
– من ئەمەم دەربارەی خۆم خوێندۆتەوە، ئەوەی كە ئەڵێن فۆڕم و ستایلێكی سادە و بێ گرێ و گۆڵم هەیە. وەك ئەوە وایە جلی سادە لەبەر بكەیت. بەڵام من دەربارەی ستایلی نووسینم بەم شێوەیە بیر ناكەمەوە. ئەوە نییە بە ئەنقەست ئەم فۆڕم و ستایلەم هەڵبژادرێت. ژمارەیەك نووسەر هەن لەوانە ناباكۆف، بەرهەمەكانیانم زۆر بەدڵە. زۆرم پێخۆش دەبوو بە ستایلی ئەوان بمنووسیبا. بەڵام ئەم بڕیارە هونەرمەندانە نییە.
* بەزۆری چەنێك لە سەر چیرۆكێكت كاردەكەیت.
– ژمارەیەك لە چیرۆكەكان رەنگە بەشێوەی بەردەوام یەكساڵ لەسەریان كار بكەم. كورتترین ماوە، دوو مانگە.
* چۆن دەست دەكەیت بە نووسینی چیرۆكێك؟
– بەقەڵەم جاف چیرۆكەكە لە ناو دەفتەرێكدا دەنووسم، چیرۆكەكە لە سەرەتاوە بۆ كۆتایی دەنووسم، بەڵام ئەم چیرۆكە ئەوە نییە چیرۆكی كۆتایی بێت و ئەو چیرۆكە بێت كە بڵاوی ئەكەمەوە. دواتر دەفتەرێكیتر هەڵدەگرم و سەرلەنوێ بە قەڵەم جاف دەینووسمەوە، ئەمجارەیان چیرۆكەكە لەو شتەی من دەمهەوێت نزیكترە. دواتر ئەم دوو دەفتەرە دەدڕم و دەیخەمە لاوەو بێئەوەی چاو لە هیچ بكەم بە كۆمپیۆتەر خەریكی نووسینی چیرۆك دەبم، ئەوكاتەیە چیرۆكێكی باش دەنووسم.
* كاركردن بە كۆمپیۆتەر بۆت ئاسانە؟
من لە شتە تەكنیكییەكاندا كەسێكی زۆر خراپم و هیچی لێ نازانم. ئەگەر ماوەیەك دوور و درێژ بە كۆمپیۆتەر كار نەكەم هەموو شتێكم لەبیر ئەچێتەوەو ئەبێ مێردەكەم بیت و هەموو شتێكم سەرلەنوێ بۆ شی بكاتەوە. بەدەر لەمانەش من ماوەیەكە نەخۆش كەوتووم، تووشی شێرپەنجە بووم، دەرمانی شێرپەنجەش بە شێوەیەكە بەشێك لە مێشكی مرۆڤ لەناو دەبات و لەم دۆخەدا كە شتێك فێر دەبێت لە مێشكتدا نامێنێتەوەو لەبیری دەكەیت.
* بۆچی ئەوەندە پێیەند و وەفاداری بە كورتە چیرۆك؟
– ماوەیەك هەوڵمدا رۆمان بنووسم بەڵام هیچ كەڵكی نەبوو. هەموو كات ئەو چیرۆكەی دەمویست وەك رۆمان دایڕێژم و بیگێڕمەوە لە نیوەی رێگادا تێك دەچوو و منیش ئیتر لێی دەكشامەوەو ئیتر لام وابوو بەكەڵك نایەت و بەردەوامیش نەدەبووم لەسەری. ئێستاش لام وایە ئەو چیرۆكانەی دەینووسم شتێكە لە نێوان كورتەچیرۆك و رۆماندا، هەڵبەت خەڵك پێی دەڵێن كورتە چیرۆك. بەڵام چیرۆكەكانم زۆر كەم كورتن و ئەشزانم كە رۆمان نین. ازانم بۆ ئەو چیرۆكانەی كە دوور و درێژن ناوێكی تایبەت بوونی هەیە یان نا. شتێك هەیە پێی ئەڵێن “كورتە رۆمان” بەڵام هیچكات نەمزانیوە كورتە رۆمان چ جۆرە چیرۆكێكە یان ئەوەی من تا ئێستا كورتە رۆمانم نووسیوە یان نە.
* لە وتووێژێكدا لەگەڵ گۆڤاری “پاریس ریۆیۆ” وتووتە وەك نووسەرێك هەمووكات نیگەرانی ئەوەی چەند بەشێك لە چیرۆكە پرشوبڵاوەكانت فەرامۆش بكەیت و لەبیرت بچێت بیاننووسیتەوە. ئێستا ئەو نیگەرانیەت هەیە؟
– نە، ئەبێ بڵێم ئەم دۆخە لەمندا گۆڕاوە، لەوكاتەوەی تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بووم تەنها خۆشحاڵم بەوەی كە زیندووم، ئیتر نیگەرانی ئەوە نیم شتێكم لەبیر چووبێت، ئەوەی راستی بێت مرۆڤ دەبێ خۆش شانس و بەختەوەر بێت كە هەندێ شت، بۆ وێنە چیرۆكێكی لەبیر بچێت. بۆ وێنە چیخۆف، ئەگەر تەنها چیرۆكی “ژنێكی بە توڵە سەگەوە”وەی نووسیبوو شیاوی ژیان و مانەوە بوو. ئیتر زۆر ورد و رەخنەگرانە چاو لە بەرهەمەكانم ناكەم.
تۆ داوات لە بەڕێوەبەرانی خەڵاتی ئەدەبی “گیلێر” كە یەكێكە لە ناسراوترین خەڵاتە ئەدەبییەكانی كەنەدا كردووە كە ناوی تۆ نەخەنە ناو لیستی پاڵێوراوانی ساڵی 2009ی ئەم خەڵاتەوە لەبەر ئەوەی پێشتر جارێَك ئەم خەڵاتەت برۆدتەوەو بەم كارەت ویستووتە دەرفەتی زیاتر بدەیت بە نووسەرانی تازەكار. تۆ نووسەرانی دیار هان دەدەیت بەوەی كاری وەك ئەوەی تۆ بكەن؟
– نە، ئەم راو بۆچوونێ:ی تایبەتی خۆم بوو. خۆزگا بەو شێوەیە قسەم نەكردبا لەبەر ئەوەی مانای قسەكەم ئەوەیە كە لە پێشدا دەمزانی براوەی خەڵاتی گیلێرم. بۆ وێنە دەبوایە بمگوتبا ماندووم، تازە خەریكم “كیمیا دەرمانی” تەواو دەكەم، لەباری جەستەییەوە تووشی كێشەم. بەڵام لەبەر ئەوەی نەمدەویست دەربارەی كێشە تایبەتییەكانی خۆم قسە بكەم بەم شێوەیە قسەم نەكرد، وتم نووسەرانی گەنج پێویستیان بەدەرفەتی زیاترە. خۆزگا ئەم قسەیەم نەكردبا. بەڵام لەسەر ئەو باوەڕەم نووسەرێك دوای ماوەیەك كە بەشێوەیەك پڕۆفێشناڵ كاری كرد ئیتر پێویستی بەوە نییە خەڵات وەربگرێت. ئیتر خەڵات زۆر ناتهەژێنێت. پێم ناخۆش نییە لە پێشبڕكێ بۆ وەرگرتنی خەڵاتی گیلێر كشاومەتەوە.
* تۆ لە كۆمەڵە چیرۆكی “Too Much Happiness“دا چیرۆكێكیت هەیە كە دەربارەی “سۆفیا كڤالیۆسكی” ماتماتیكزانی رووسییە. تۆ زۆر كەم دەربارەی كەسایەتییە مێژووییەكان چیرۆك دەنووسیت. چی بوو بەهۆی ئەوەی چیرۆكێك لەسەر بنەمای كەسایەتی و ژیانی ئەم ژنە بنووسیت؟
– وەك كەسایەتییەكی چیرۆك بەلامەوە كەسێكی سەرنجڕاكیشە. جارێك لە ئێسنكلۆپیدیا بە شوێن شتێكدا دەگەڕام كە هەندێ زانیاریم دەربارەی ئەم ژنە دەستكەوت. من كەسایەتییەكم ناسی هەم ماتماتیكزانە و هەم چیرۆكنووس. لەحاڵێكدا ئەم دوو كارە لە حاڵەتی ئاساییدا پێكەوە ناگونجێن.
* پلۆتی چیرۆكەكانت چۆن دەدۆزیتەوە؟
– ژمارەیەك لە پلۆتەكان لەو رووداونەوە دەدۆزمەوەو بەدەستیان دێنم كە روودەدەن، ژمارەیەكی زۆریان بەپێی ئەو رووداوانە نووسراون كە لەوانەوە بوو رووبدەن یان ئەوەی روویان نەداوە، بەڵام ئەگەری ئەوە هەیە رووبدەن، ئەو رووداوانەی كە لە ژیانمدا سەرنج دەدەم ئەگەر فڵانە رووداو یان فیسارە رووداو روویدەدا پەرچەكردارم چۆن بوو بەرامبەریان؟ ئەو چیرۆكانەی بە شێوەیەك لێكدانەوەی ئەم بابەتەن كە خەڵك یان گرووپێكی تایبەت لە خەڵك لە دۆخی جیاوازدا چ پەرچەكردارێكیان هەیە. هەڵبەت بابەتەكە زۆر روونتر و بەرچاوتر لەم قسانەیە. من ئێستا دەتوانم ئەم شتانەت پێ بڵێم لەبەر ئەوەی ئەمڕۆ بەیانی بە شێوەكی تەواو لەسەر قۆناغە سەرەتاییەكانی چیرۆكێك كارم دەكرد.
* تۆ ماوەیەكی كورت لە زانكۆدا وانەی نووسەری و نووسەربوونت دەوتەوە، بەڵام دواتر وتت لەم كارە بێزاریت.
– بەڕاستی باوەڕم بەوە نییە بكرێت چیرۆكنووسین وەك وانە بڵێیتەوەو باوەڕم بە وتنەوەی چیرۆكنووسین نییە. ئەڵێم ئەو كەسەی دەیهەوێت چیرۆك بنووسێت ئەبێ دانیشێت و هەر بنووسێت و بنووسێت و كارەكەی خۆی هەڵسەنگێنێت. ئەوكاتەی سەروكارت لەگەڵ گرووپێك لە كەسەكان هەیە، مەترسی ئەوە هەیە جۆرێك پەرچەكردار ببینیت، جۆرێك بەرهەم كە هەڵبەت كاریگەریش نیەو ئەوانیتریش لاسایی كارەكانی ئەو دەكەنەوە لەبەر ئەوەی لە پۆلدا كەسایەتییەكی بەهێزی هەیە. من بۆخۆم لام وایە ئەم چیرۆكانە هیچكات وەك چیرۆكی باش دەرناكەون.
ژمارەیەكی زۆر لە كەسایەتییەكانی كۆمەڵە چیرۆكی “Too Much Happiness” بیر لە پیربوون دەكەنەوە. ئاخۆ ئەمە بابەتێكە كە مێشكی تۆی داگرتووە. ئاخۆ ئەوەی كە پیرتر بووی جۆرێك دڵەڕاوكە لەتۆدا سەریهەڵداوەو دەركەوتووە؟
* خۆم چاوەڕوانی ئەوەم دەكرد وەك نووسەر خانەنشین بم. هەمووكات بیرم لەوە دەكردەوە كە بە تەمەنێكی دیاریكراو بگەم ئیتر بە خواستەكانم گەیشتووم و خانەنشین دەبم و چێژ لە ژیانی تایبەتی وەردەگرم و ئەوكاتەی ئیتر بڕیار نییە وەك نووسەر كار بكەیت پێویست ناكات بەیانی زوو كە لەخەو هەستای دەستبەجێ دەست بكەیت بە نووسین. ئەوكاتەی بەهیچ شێوەیەك ئەم شتە رووینەداوە بۆم، پێم سەیرە كە چۆنە رووینەداوە. هەموو كات لام وابوو نووسەران یان لانیكەم بەشێك لە نووسەران سەرەنجام رۆژێك خانەنشین دەبن، بەڵام هێشتا هەندێ رووداو لە ژیانمدا روودەدەن كە وام لێدەكەن چیرۆكێكیتر بنووسم و دواتر بەخۆم ئەڵێم :” ئیتر ئەمە دوایین چیرۆكە. كە ئەم چیرۆكەم نووسی ئیتر واز لە نووسەربوون دێنم و پشوو ئەدەم بەڵام تا ئێستا رووینەداوە.”
* ئەگەر ئەوە هەیە كتێبی بیرەوەرییەكانت بنووسیت؟
– نە، نازانم ئەوكەسانەی كتێبی بیرەوەری ئەنووسن چۆن ئەمكارە دەكەن. كە بیرەوەری دەنووسیت باسی زۆر كەس دێتە گۆڕێ. چۆن دەتهەوێت راستییەكان دەربارەی ئەوان بنووسیت؟ رەنگە ئەگەر ئەوەندە مامەوەو تەواو پیرو پەككەوتە بووم و سەرجەم ناسراوەكان تا ئەوكات مرددن ئەوكات كتێبی بیرەوەرییەی بنوسم.
كتێبی دواترت چییە؟
من ئێستا چەند چیرۆكی تەواو كراوم هەیە. ئەم چیرۆكانەم چەندساڵ پێش نووسیوەو چەند چیرۆكیش هەیە خەریكم لەسەریان كرا دەكەم.
وال سترین ژۆرناڵ/ ئیلكساندەر ئالتەر
و بۆ فارسی: فەرشید عەتایی