ئێمە لێرە نین بۆ ئەوەی لەبەرژەوەندی حیزبە سیاسییەکاندا کار و چالاکی بکەین، بەڵکوو ئێمە لێرەین بۆ بەرگری چینی کرێکار لە خۆی، بۆ گەیشتن بە مافەکانی خۆی. ئەو کاتانەم لە بیرە کە ئێمە دە دوانزە کەسێک دەبوین و دەهاتینە هاید پارک بۆ ئەوەی داوای ئەوە بکەین کە یاسای ٨ کاتژمێر کار جێبەجێ بکرێت، بەڵام ئەو ١٠-١٢ کەسە بوو بە سەدان کەس و ئەو سەدان کەسە بوو بە هەزاران کەس، تا دەگاتە ئەمڕۆ کە ئەم خۆپیشاندانە بەشکۆیە هەموو شوێنێکی پارکەکەی گرتۆتەوە و دەبینین هەموو پارکەکە جمەی دێت لە خۆپیشاندەر. ئێمە بەرامبەر بە کۆبوونەوەیەکیتر وەستاوینەتەوە، بەڵام خۆشحاڵم کە جەماوەرێکی زۆری خەڵک لایەنگری ئێمەن. ئەوانەی کە لە ناومانن بە نیگەرانییەوە سەردانی مانگرتنی کرێکارانی بارداگرتنی (پاپۆڕ و کەشتییەکان) و بەتایبەت کرێکارانی گازیان کردووە، پیاو، ژن و مناڵانێک دەبینن کە لە دەوری ئێمە کۆدەبنەوە، مانگرتنەکە زۆر پەرەی سەندووەو ئێمە سوورین لە سەر ئەوەی ٨ کاتژمێر کاری رۆژانە، لە یاسادا بگونجێنین و گەرەنتی ئەوە بکەین، ئەگەر وەها نەکەین ، لە زووترین کاتدا ئەم دەستکەوتانەمان لێ دەسێننەوەو ئەودەم ئەبێ خۆمان بە تاوانبار بزانین و سەرکۆنەی خۆمان بکەین. لەم دوانیوەڕۆییەی ئەمڕۆدا پیاوێکمان لەگەڵ دەبێت کە ئاغای گولدێستۆن جارێک ئەوی خستۆتە زیندان- مایکل داویت- بەڵام لە ئێستادا ئاغای گولدێستۆن باشترین پەیوەندی لەگەڵ ئەو هەیە. ئێوە لاتان وایە هۆکاری ئەم گۆڕانە بۆچی دەگەڕێتەوە؟ بۆچی حیزبی لیبراڵ کوتووپڕ گۆڕاوەو بووە بە حیزبێکی نەتەوەیی؟ زۆر سادەیە، تەنها لەبەر ئەوەی خەڵکی ئایرلەندا ٨٠ ئەندامیان ناردۆتە پەرلەمان بۆ ئەوەی بەرگری لە کۆنسێرڤاتەکان بکەن، هەر بەم شێوە ئێمە دەبێت ئەم لیبراڵ و رادیکاڵانە بکەینە دەرەوە ئەگەر لە گەڵ بەرنامەکانی ئێمەدا ناگونجێن و دژی بەرنامەکانمانن. ئەمڕۆکە من نەک تەنها وەک چالاکێکی یەکیەتی پیشەیی، بەڵکوو وەک سۆسیالیستێک قسە دەکەم. سۆسیالیستەکان لەسەر ئەو باوەڕەن یەکەمین و گرینگترین هەنگاوێک کە دەبێ هەڵبگیردرێت، جێبەجێکردنی داخوازی ٨ کاتژمێر کارە لە رۆژدا، بەڵام ئامانجی ئێمە گەیشتن بە سەردەمێکە کە لەو سەردەمەدا چینی کرێکار تەنها بۆ ئەوە بەکار نەبرێت کە پەسنی دوو چینی تر بکات و پشتیوانیان لێ بکات، بێگومان ئەو دەم دیاردەی بێکاری بوونی نابێت. بەڵام ئەمە کۆتایی کاری ئێمە نییە، بەڵکوو سەرەتای خەباتمانە، تەنها ئەوە بەس نییە کە بۆ گونجاندنی ٨ کاتژمێر کارکردن لە رۆژدا بێینە ئێرەو کۆببینەوەو خۆپیشاندان بکەین. ئێمە نابێ وەک مەسحییەکان ٦ رۆژی حەوتوو خەریکی گوناە کردن بین و رۆژی حەوتەم بچینە کڵێسە، ئێمە دەبێ بە شێوەی رۆژانە و بەردەوام باس لە ئامانج و ئایدیاکانی خۆمان بکەین، ئێمە دەبێت پیاوان و بەتایبەت ئەو ژنانەی کە دەیان بینین، ئامادەیان بکەین بۆ پەیوەست بوون بە خەباتی هاوبەشمانەوە.
“هەستن، وەک شێرێک کە لە خەوی نیوەڕوانی سەر بەرز دەکاتەوە
لە کۆمەڵێکی لە شکست نەهاتوودا
زنجیرەکانتان وەک ئاوەنگەکان برێژنە سەر زەوی
ئەو زنجیرانەی کە لە کاتی نووستندا بەسەرتاندا دراون
ئێمە بێ ئەژمارین- ئەوان هیچ نین