وتاری وەرگێڕان

نامە بۆ هاوڕێیەکى ئەڵمانى

ن: ئەلبێر کامۆ
و: مستەفا زاهیدى
________________________________________

نامەى سێهەم

تا ئێرە من دەربارەى وڵاتەکەم قسەم کردوە. رەنگە لە سەرەتادا لات وابووبێت دەمهەوێت بە شێوەیەکى جیاواز بۆچوونى خۆم دەرببڕم. لە راستییدا هیچ بەو شێوەیە نییە. بەڵکوو لە بەر ئەوەیە ئیتر وشەکان بەلاى من و تۆوە مانایەکى وەک یەکیان نییە. زمانى من و تۆ لە گەڵ یەکتر جیاوازە.
وشەکان هەموو دەم رەنگى ئەو کردەوەو لە خۆبردوویانە دەگرنە خۆیان کە سەرچاوەى دروستبوونیانن. وشەى “سەرزەمینى باوکى” بەلاى ئێوەوە واتاى خوێن و نەبینینى راستییەکانى هەیە کە وادەکات تا هەتایە بەلاى منەوە بێگانە بێت. ئێمە مانایەکى وشیارانەترمان بۆ ئەم وشە هەیە، وشیارانە بوون دەربارەى بوێرییەکى زۆر و بەرپرسایەتی هەڵگرتن، کە وادەکات یاریدەدەرى مرۆڤ بێت بۆ ئەوەى بە ویستەکانى بگات. سەرەنجام تۆ بەوە گەیشتووى من راى خۆم نەگۆڕیوە. من ئێستاش وەک ساڵى 1939 بیر دەکەمەوە.
ئەوەى ئێستا دانی پێدا دەنێم، رەنگە زیاتر ئەم ئیدیعایەى من بخاتە روو. بە درێژایی ئەو ماوەیەى بە شێوەیەکى شێلگیرانەو بێدەنگ لە خزمەتى وڵاتەکەماندا بووین، هیچکات ئەو وێناو هیوایەى هەموو کات دەربارەى ئەورووپا هەمانبوو لە خۆمان دوور نەکردەوە. لە راستییدا پێنج ساڵە دەربارەى هیچمان نەوتووە، بەڵام ئەمە لە بەر ئەوەیە ئێوە خۆتان بە دەنگی بەرزتر و ئاشکراتر لەو بارەوە قسەتان کردووە. لێرەشدا ئێمەو ئێوە زمانمان جیایە. ئەورووپاى ئێمە ئەورووپاى ئێوە نییە.
بەڵام بەرلەوەى باس لەوە بکەم ئەورووپاى ئێمە چییە دەمهەوێت لانیکەم دڵنیات کەمەوە لە ناو هاندەرەکانمان بۆ خەبات دژ بە ئێوە( هەمان ئەو هاندەرانەى کە پێویستمانە بۆ سەرکەوتن بە سەر ئێوەدا) رەنگە هیچیان بە قەد ئەمە کاریگەرییان نەبووبێت و قورساییان نەبێت، ئەویش ئاگاداربوونە لەوەى کە جەستەى وڵاتەکەى ئێمە جگە لەوەى بریندار بووە، جگە لەوەى هەستیارترین خاڵی هەبوونمان خەسارى بینیووە، بەڵکوو بێبەریش کراوین لە جوانترین وێناکانى خۆمان. لە بەر ئەوەى ئێوە وێناکانى ئێمەتان بە شێوەیەکى ناشیرین و گاڵتەجاڕانە نیشانى دونیا داوە. ئەوەى کە مرۆڤ ببینێت ئەو شتەى کە عاشقییەتى بە شێوەیەکى درۆیینەو خراپ نیشان دەدرێت لە هەموو شت دژوارتر و ناخۆشترە.ئێوە ناوەرۆکێکى قێزەون و ناشیرینتان بۆ ئەورووپا هەڵبژاردووە، ئەو ئەورووپاییەى لە باشترینەکانى ئێمەتان سەندۆتەوە. ئێمە پێویستمان بە هەموو ئەو هێزە ئارام و جوانەى لە عەشقدایە هەیە بۆ ئەوەى ئەو وێنایە لە ئێمەدا گەنج و بەهێز بە ژیانى خۆى درێژە بدات. کە وایە ئێمە خەسڵەتی ئەورووپایی ئیتر لەو کاتەوەى ئەرتەشی کۆیلەى ئێوەى بەکارى دەبات بە کار نابەین. ئێمە لە بەر ئەوە ئەم خەسڵەتە بەکار نابەین بۆ ئەوەى بتوانین ناوەرۆکى بەلاڕێدا نەبراو و رەسەنەکەى کە هێشتا لاى ئێمە زیندووە بۆ خۆمان بپارێزین، هەمان ناوەرۆک کە ئێستا بۆتم شیکردەوە.
ئێوەش دەربارەى ئەرووپا قسە دەکەن، بەڵام جیاوازییەکە لەوەدایە ئەورووپا بەلاى ئێوەوە مڵک و سەرمایەیە، لە حاڵێکدا ئێمە خۆمان بە بەشێک لە ئەورووپا دەزانین. بەرلەوەى ئێوە ئەفریقا لە دەست بدەن بەم شێوەیە قسەتان نەدەکرد. ئەمە جۆرى دروستی عاشقێتى نییە. ئەم پارچە خاکە کە ئاسەوارى سەدە یەک لە دوای یەکەکانى پێوەیە بەلاى ئێوەوە تەنها حەشارگەیەکى نەخوازراوە. لە حاڵێکدا ئەم خاکە بەلاى ئێمەوە هەموو دەم لە بەرزترین ئاستى هیواو و پشت و پەنادا بووە. ورووژان و حەزى کوت و پڕ و لەرادەبەدەرى ئێوە دەرەنجامى رق و تووڕەییە. ئەمە هەستێکە کە هیچ شانازییەک بە هیچ کەس نابەخشێت، کە وایە تۆ دەتوانى لەوە تێبگەیت ئەو کەسەى شیاوى خەسڵەتى ئەرووپایی بوونە هیچ حەزێکى نییە بۆ ئەم هەستە(هەستەى ئێوە).
ئەو کاتەى ئێوە باسی ئەرووپا دەکەن مەبەستتان پارچە زەوییەکە کە پێکهاتووە لە سەربازەکان، مەخزەنى دانەوێڵە، ئەو پیشەسازییانەى بە چۆکدا هاتوون و کەسانێکى بیرتیژ کە بوون بە کەرەسەیەک بە دەستی ئێوەوە. ئاخۆ راست ناکەم؟ بەهەر حاڵ دڵنیام ئەو کاتەى باسی ئەرووپا دەکەن ئیزن بە خۆتان ئەدەن درۆکانى خۆتان بتانخەڵەتێنن، تەنانەت لە باشترین دۆخدا، ناتوانن ئەم بیرکردنەوەیە لە خۆتان دوورخەنەوە کە ژمارەیەک لە نەتەوەکانى یەکگرتوو لە ژێر فەرمانڕەوایی رەگەزى سەرترى ئەڵمانیدا بەرەو داهاتوویەکى یۆتۆپیایی بەڵام خوێناویی دەڕۆنە پێش. حەز دەکەم بە تەواوى هەست بەو جیاوازییە بکەن. بەلاى ئێوەوە ئەرووپا پارچە زەوییەکە کە لە لایەن کێو، دەریا، بەربەست(سەد)ە فەراوانەکان، کە پڕن لە کانگاو بە مەزراى پڕبەرهەم داپۆشراون، گەمارۆ دراوەو ئەڵمانیا دەورى خۆى بە شێوەیەک دەگێڕێت وەک ئەوەى تەنها چارەنووسی ئەڵمانیا گرنگە و بەس. بەڵام بەلاى ئێمەوە ئەرووپا پەناگە و سەرزەمینێکى مینۆکى(مەعنەوى)ە کە لەو سەرزەمینەدا سەرسووڕهێنەرترین بەسەرهاتە مرۆییەکان روو دەدەن. لە سەدەى پێشترەوە تا ئێستە(مەبەست لە سەدەى نۆزدەیەمەوەیە) ئەورووپا پانتایەکى ناوازەو بێ وێنە بووە کە لەوێدا مرۆڤى رۆژئاوایی دژ بە دونیا، دژ بە خوداکان و دژ بە خۆى خەباتى کردووەو ئەمڕۆکە گەیشتوەتە شۆڕشگێڕانەترین سەردەمى خۆى. وەک چۆن دەبینی هیچ خاڵێکى هاوبەش نییە لە نێوانماندا.
پێویست ناکات بترسیت بەوەى نەوەک من بە نیشانەى ناڕەزایەتى دەربڕین بە تۆ، هەمان رستە ریکلامییە کۆنەکان بە کار ببەم، من ناگەڕێمەوە بۆ نەریتى مەسیحی. پرسەکە شتێکى ترە. ئێوە لەم بارەوە زۆرتان قسە کردووە. ئێوە هەموو دەم لایەنگرى رۆم بوون و هیچ هەنگاوێکتان نەناوە بۆ بڵاوکردنەوەو بانگەشەى ناوبانگى مەسیح، ئەو ناوبانگەى کە لە رۆژێکەوە بۆ مەسیح دەستى پێکرد کە ماچێک ئەوى نیشان دا بۆ ئەوەى لە خاچی بدەن. نەریتى مەسیحییەت تەنها یەکێک لەو نەریتانەیە کە ئەورووپاى دروستکردووە و من لەو پێگەیەدا نیم بەرامبەر بە تۆ بەرگرى لێبکەم. بۆ ئەم کارە غەریزە و هاندەرێک پێویستە کە لە رۆحێکى باوەڕدار دایە. زۆر باش دەزانیت من ئەو کەسە نیم. بەڵام ئەو کاتەى لام وایە وڵاتەکەم بە ناوى ئەورووپاوە قسە دەکات، منیش نەریتى خۆمم هەیە و ئەو کاتەى بەرگرى دەکەین لە وڵاتەکەمان بەرگری دەکەین لە هەردوو شت. ئەم نەریتە، لە هەندآ لە کەسایەتییە گەورەکان و هاوکات لە ناو جەماوەرێکى ماندوونەناسیشدا هەیە. نەریتى من دوو گرووپی هەڵکەوتەو هەڵبژێردراوى هەیە، گرووپی بیرتیژەکان و گرووپی بوێرەکان. ئەم نەریتە رێبەرانى رۆشنبیر و هەروەها جەماوەرى بێ ئەژمارى خەڵکى هەیە. تۆ لەم بارەوە بڕیار لە سەر ئەورووپا بدە، ئەو ئەورووپایەى سنوورەکانى بەرهەمى هەڵکەوتەیی ژمارەیەکی کەم لە مرۆڤەکان و هەروەها رۆح و گیانى سەرجەم ئەو کەسانەیە لەو سەرزەمینەدا دەژین لە گەڵ ئەو دڵۆپە رەنگانەى ئێوە لە سەر نەخشە کاتییەکەى خۆتان داتانناوە زۆر جیاوازە.
لەبیرتە رۆژێک کە بێزاربونى منت بە گاڵتە دەگرت وتت:” دۆنکیشۆت هیچ هێزێکى نەدەبوو ئەگەر فاوست دەویست بەسەریدا زاڵ بێت.” ئەو کات پێم گوتیت نە فاوست و نە دۆنکیشۆت نەیاندەویست هێرش بکەنە سەر یەکتر، هونەر بۆ ئەوە دروست بووە شەیتان بێنێتە ئەم دونیاوە. تۆ زیاتر حەزت لە وێناو فەنتازیای تا رادەیەک زێدەڕۆیانە بوو، هەر بۆیە بەم شێوەیە درێژەت پێدا و بۆچوونى خۆت دەربڕی:” مرۆڤ ئەبێت لە نێوان هۆملێت و زیگفریددا یەکیان هەڵبژێرێت.” من ئەو کات نەمدەویست هەڵبژێرم و گرنگتر لە هەمووان من ئەو کات لە سەر ئەو باوەڕە نەبووم رۆژئاوا لە شوێنێکدایە لە دەرەوەى ئەم هاوسەنگییەى نێوان هێز و زانستەوە. بەڵام تۆ گرنگیت بە زانست نەدەدا و تەنها باست لە هێز و قودرەت دەکرد. ئەمڕۆکە من باشتر لەوە تێدەگەم و دەزانم تەنانەت فاوستیش بۆ تۆ هیچ کەڵکێکى نەبوو. ئێمە لە راستییدا ئەوە ئەزانین هەندێ کات هەڵبژاردن پێویستە. بەڵام ئەگەر هەڵبژاردنەکەمان لە رووى وشیارییەوە نەبایە، ئاگاداربوون لەوەى ئەم هەڵبژاردنە هەڵبژاردنێکى نائینسانییە و ئەوەى کە بەها مینۆکییەکان جیاناکرێنەوە، ئەو کات هەڵبژاردنى ئێمە لە چاو هەڵبژاردنى ئێوە هیچ جیاوازی و گرنگییەکى نەبوو. ئێمە دواتر ئەتوانین کەڵکیان لێوەربگرین. ئەو شتەى کە ئێوە هیچکات نەتانتوانیوە بیکەن، وەک چۆن دەبینیت جۆرى بیرکردنەوەى من بە هەمان شێوەى پێشترە. ئێمە مەرگمان بە چاوى خۆمان بینیوە. بەهایەکى زۆرمان داوە بۆ ئەوەى بتوانین وەفادار بین بەم جۆرە بیرکردنەوەوە. بۆ ئەوەى من بەوە بگەم کە بڵێم ئەورووپاى ئێوە ئەورووپاى راستەقینە نییە. لەو ئەرووپای ئێوەدا هیچ شتێک نییە کە ببێت بە هۆى یەکگرتوویی یان ئیلهام بەخش بێت. ئەرووپاى ئێمە گەڕانێکى هاوبەشە بە ناو شتەکاندا. ناسین و جۆرى روانینمان یارمەتیمان ئەدات بەرامبەر بە خواستەکانى ئێوە ملکەچ نەکەین.
ئیتر زۆر درێژەى پێنادەم. کاتێک من لە پشوودانێکى کورتدا، دواى چەندین کاتژمێر خەباتى هاوبەش، لە سووچی شەقامێکەوە گوزەر دەکەم زۆر جار بیر لە سەرجەم ئەرووپا دەکەمەوە کە بە باشی دەیناسم. سەرزەمینێکى شکۆدارە کە لە رەنج و ئازار درووست کراوەو مێژووی هەیە. ئێستا جاریکیتر بینا مێژوویی و ئایینییەکان دەبینم، گوڵە رۆزەکان لە باخچەى پەرەستگەکاندا لە فلۆڕانس، پیازە بچووکە زێڕنەکانى “کاراکۆ” ، “رادشین” و شوێنە مردووەکانى،، پەیکەرە تێک شکاوەکانى “پردى چارلز” کە لە سەر “وێڵتاوا” دروستکراوە، باخە دڵڕفێن و جوانەکانى “سالتزبۆرگ”. سەرجەم گوڵ و بەرد و تەپۆڵکەو دیمەنەکان کە مرۆڤ و دونیاو دارە کۆن و بینا مێژووییەکانى لایەکەوە داناوە (دەبینم). سەرجەم ئەم وێنانە کە لە زەین و بیرەوەرییمدا لە سەر یەک کۆ بۆتەوە، دەتوێتەوەو تێکەڵی یەکتر دەبێت و فۆڕم و شکڵێکى یەکە دەگرێتە خۆ. ئەمەیە سەرزەمینى راستەقینەى باو و باپیرانم. ئەو کاتەى بیر لەوە دەکەمەوە سێبەرى تۆ لە چەند ساڵ لەوە پێشەوە کەوتووە بە سەر ئەم فۆڕم و شکڵە پڕ لە وزە و لە هەمانکاتدا ئازارچێشتووەدا، هەست دەکەم تەزێک بە ناوشانمدا دێت. تەنانەت بەشێک لەم شوێنانەمان پێکەوە بینیوە. ئەو کات وا بیرم نەدەکردەوە رۆژێک پێویست دەکات لە چنگى ئێوەى دەربێنین و ئازادى بکەین. هێشتا هەندآ جار روودەدات لە کاتی تووڕەیی و هەست بە سووکایەتی پێکردندا بەداخەوەم بۆ ئەوەى کە رۆزکان هێشتا لە پەرەستگەى “سێن مارکێز” دەتوانن گوڵ بدەن، هێشتا کۆترەکان بە پۆل لە سەر کڵێسەى “سالتزبۆرگ”دا هەڵدەفڕن و دوور دەکەونەوەو هێشتا گوڵە شەمدانییە سوورەکان ماندوو نەناسانە لە گۆڕستانە بچووکەکان لە “سی لە سیا ” گوڵ دەردەدەن.
بەڵام لەو ساتانەدا کە راستەقینەن، هەست بە شادی دەکەم. لە بەر ئەوەى ئەم هەموو دیمەن و گوڵ ء کێڵگەى کشت و کاڵء کۆنترین شوێنى ئەم سەرزەمینە، هەموو بەهارێک ئەوەمان پێدەڵێن شتێک هەیە کە لە خوێندا ناگەوزێت. بەم وێنایە دەمهەوێت کۆتایی بە قسەکانى خۆم بێنم. ئەوەى کە لام وا بێت هەموو رۆژئاواو هەروەها سی نەتەوەى جیاواز لایەنگرى ئێمەن بەس نییە بۆم. من هیچکات ناتوانم بێ ئەم خاکە بژیم، کە وایە دەزانم هەموو شتێک لە ئەورووپا، هەم سروشت و هەم رۆح و گیان، بێ هیچ بێزارییەکى رادەبەدەر، بەڵکوو بە هێزێکى ئارام و روو بە سەرکەوتن، پشت لە ئێوە دەکەن. ئەو چەکانەى کە رۆح و گیانى ئەورووپایی دەستى پێیان گەیشتووە بۆ ئەوەى دژ بە ئێوە بە کاری بێنێت، هەمان ئەو چەکانەیە کە لەم خاکەدا بوونى هەیە، ئەو خاکەى کە هەموو دەم لە بەرهەمەکانیدا و لە شکۆفەکاندا جارێکیتر گوڵەکان دەڕوێنەوە. ئێمە لەم شەڕەدا بە سەر ئێوەدا سەردەکەوین لە بەر ئەوەى وەک بەهار ماندوونەناسین.
سەرەنجام دەزانم ئەو کاتەى ئێوە شکست دەخۆن هێشتا شتەکان کۆتایی پێ نەهاتووە. بونیادنانەوەى ئەورووپا ئەرکى سبەى رۆژى ئێمەیە. ئەورووپا دەبێت بەردەوام زیندوو بوونەوە بە خۆیەوە ببینیت. بەڵام هێشتا هەر ئەورووپایە. هیچ شتێک لە دەست ناچێت. ئێمە بەو شێوەى کە ئەمڕۆ هەین وێنا بکەن، دڵنیاین لە هاندەرەکانمان، عاشقی وڵاتەکەمان، ئێمە عاشقی ئەورووپایەکى دانەبڕاوین، هاوکات لە گەڵ هاوسەنگی هەستیار لە نێوان لەخۆبردوویی و چاوەڕوانى بەختەوەریی، لە نێوان گیان و شمشێردا. جارێکیتر ئەمە ئەڵێمەوە، لە بەر ئەوەى ئەبێ بیڵێم و دەیڵم لە بەر ئەوەى راستییەو ئەو راستی پێشکەوتنەى کە منء وڵاتەکەم لە سەردەمى هاوڕێیەتییەمانەوە بە خۆیەوە بینیوە نیشانت بدەم، لێرە بەدواوە ئێمە هەڵگرى جۆرێک سەروەرین کە دەبێت بە هۆى لەناوچوونى ئێوەى

ئاپریلی 1944

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button