وتاری وەرگێڕان

نامەى ئەلبێر کامۆ بۆ هاوڕێیەکى ئەڵمانى نامەى دووهەم

و: مستەفا زاهیدى
________________________________________

نامەى دووهەم

پێشتر کە نامەم بۆ دەنووسیتی زۆر دڵنیا بووم. دوای پێنج ساڵ کە پێوەندیمان پێکەوە نەبوو بۆم شی کردیتەوە کە بۆچی ئێمە بەهێزترین، بە هۆى ئەو رێگا دوور و درێژەوە کە ئێمە بڕیومانە بۆ ئەوەى بە روونى لە هاندەرى خۆمان تێ بگەین. بە هۆى رامان و قووڵبوونەوەیەک کە هەڵقوڵاوى نیگەرانی و دڵەڕاوکەکانى ئێمە بوو دەربارەى ئەوەى ئێمە لە سەر حەقین یان نە، بە هۆى ئەو حەز و ویستە بەردەوامەوە کە هەمانبوو بۆ ئەوەى هەموو ئەو شتانەى بەلامانەوە ئازیزن هاوئاهەنگ بن. بەڵام دواتر دەگەڕێینەوە سەر ئەم شتانە. من پێشتر پێم گوتبووی بۆ بڕینى ئەم رێگا دوور و درێژە ئێمە چ بەهایەکى گەورەمان داوە. لە ترسی ئەوەى نەوەک کارێکی ناردوست ئەنجام بدەین شێواوى و ئاڵۆزیمان قبووڵ کرد. بەڵام لە هەمانکاتدا ئەم رێگا دوور و درێژەیە ئەمڕۆکە بووە بە هۆى بەهێزبوونى ئێمەء هەر بەم هۆیەوەیە ئێمە لە سەرکەوتن نزیکین.
بەڵێ، من ئەو کاتەى باسی ئەم شتانەم دەکرد زۆر دڵنیابوومء هیچ شتێکم نەسڕییەوە، تەنانەت یەک بین نووسیم و قەڵەمم لە سەر کاغەز هەڵنەگرت. بەدەر لەمەش کاتی ئەوەم هەبوو بیر لەو شتانە بکەمەوە. شەوانە کە مرۆڤ لە ناو بیرکردنەوەکانیدا نوقم ئەبێت، بیرم لەم شتانە کردەوە. سێ ساڵی تەواو شەوانە تاریکییەک بە سەر شارەکان و رۆح و گیانی ئێمەدا زاڵ بووکە ئێوە درووستتان کردبوو. سێ ساڵى تەواو لە تاریکی شەواندا، ئێمە بە نهێنی لە گەڵ بیرکردنەوەکانى خۆمان دەستەویەخە بووین کە ئەمڕِۆکە بووە بە چەکێک لە بەرامبەر ئێوەدا. ئێتا دەتوانم باس لە وشیارى و تێگەیشتن بکەم. لەبەر ئەوەى ئێمە ئەمڕۆ بە دڵنیاییەوە بە شتێک گەیشتووین کە هەموو شتێکمان لێکداوەتەوەو هەموو شت روون و ئاشکرایە، ئەو شوێنەى تێگەیشتن و وشیارى و بوێرى و نەترسی دەستیان داوەتە دەستی یەکتر. بەلاى تۆوە کە زۆر رووکەشانە و سادە باست لە تێگەیشتن و وشیارى دەکرد، بەدڵنیاییەوە جێگاى سەرسووڕمانە کە لە پێوەند لە گەڵ دۆخى مێژوویدا، وشیارى و تێگەیشتنێکى کوتءپڕ دەرکەوێت. لێرەدا جارێکیتر روودەکەمە تۆ. ئەوەى کە مرۆڤ لە رۆح و دەروونی خۆیدا رازى بووبێت، جێگاى شادى خولقێن نییە. لە رستەکانی دواتردا دەپەرژمە سەر ئەم بابەتە کە مەبەستی بابەتەکە ئەو شتەیە کە بۆت دەنووسم. بەڵام سەرەتا دەمهەوێت چەند خاڵێک روون بکەمەوە. ئەو خاڵانەى کە دەگەڕێتەوە بۆ بیرەوەرى من لە تۆ و هاوڕێیەتى ئێمە. تا ئەو شوێنەى دەکرێت دەمهەوێت تەنها کارێک ئەنجام بدەم کە مرۆڤ دەتوانێت بۆ هێشتنەوەى هاوڕێیەتییەک کە خەریکە لە ناو دەچێت بیکات. دەمهەوێت روونى بکەمەوە هاوڕێیەتى ئێمە بۆچی دەگەڕێتەوەو ئێمە بۆچی هاوڕێ بووین. من پێشتر وەڵامى ئەم ئیدیعا و جنێوەى تۆ (تۆ وڵاتەکەتت خۆش ناوێ)م داوەتەوە. بیرەوەرى ئەو وتەیە وازم لێ ناهێنێت. ئەمڕۆ دەمهەوێت تەنها وەڵامى ئەو پێکەنینە تاقەتپڕووکێنەى تۆ بدەمەوە ئەو کاتەى وشەى (توانا)ت بیست. تۆ وتت :”فەرانسە سەرەڕاى هەموو تواناییەکانى نکۆڵی لە خۆى دەکات. زانا و بیرمەندەکانى ئێوە شک و گومان یان گەڕانی گومانئاوی بە دواى حەقیقەتیان پێ باشترەوە، بەوە بەندە چۆن بیرى لێ بکەیتەوە. ئێمە پێگەى ئەڵمان، بەرزتر لە حەقیقەت و بە دوور لە هەرجۆرە گومان و دوودڵییەک دەبینین.”
بەدڵنیاییەوە ئەمە راست بوو. بەڵام من پێشتریش وتوومە ئەگەر جارجارە وا دەردەکەوێت ئێمە لە وڵاتەکەمان عەداڵەتمان دەوێت بۆ ئەوە دەگەڕایەوە ئێمە دەمانویست تەنها کاتێک عاشقی وڵاتەکەمان بین کە لایەنگرى عەداڵەت بێت، وەک چۆن هەرکاتێک لایەنگرى حەقیقەت و هیوا بووە خوازیارى ئەوە بووین عاشقی وڵاتەکەمان بین. کە وایە ئێمە جیاوازیمان زۆربوو لەگەڵ ئێوە، ئێمە داخوازی و ویستمان هەبوو. ئێوە دڵتان بەوە خۆش بوو لە وڵاتەکەتان خزمەت بە دەسەڵات دەکەن، ئەمە لە حاڵێکدایە ئێمە خەونمان بە حەقیقەت و راستییەوە دەبینی لە وڵاتەکەمان. بەلاى ئێوەوە سیاسەت لە سەر واقیعەکانى کۆمەڵگا دادەڕێژراو ئەوە بەس بوو بۆ ئێوە. لە حاڵێکدا ئێمە لەو سەرگەردانییە گەورەدا، وێنا و مانایەکى ناڕوونمان هەبوو لە سیاسیەتى جێگاى رێز، ئەو شتەى کە ئەمڕۆکە پێی دەگەینەوە. ئەو کاتەى ئەڵێم “ئێمە” مەبەستم رێبەرانى ئێمە نییە. بەڵام ئەمە شتێکى گرنگ نییە کە بمانهەوێت دەربارەى قس بکەین.
جارێکیتر لێرەدا دەبینم پێدەکەنیت پێم. تۆ هەمیشە بەگومان بووى بەرامبەر بە وشەکان. منیش هەروا بووم، بەڵام من زیاتر لە خۆم بەگومان بووم. تۆ هەوڵت ئەدا من بەرەو هەمان رێگا ببەیت کە خۆت گرتبووتە بەر، ئەو رێگاییەى هۆش و توانایی شەرم دەکات لە خولقانى خۆى و ئەو کاتەش من نەمدەتوانی ئەو رێگایەى تۆ بگرمە بەر. بەڵام ئەمڕۆکە دەمهەوێت وەڵامێکی روونتر پێ بدەمەوە. تۆ پرسیارت کرد حەقیقەت چییە؟ زۆر باشە. بەڵام لانیکەم ئێمە دەزانین درۆ چییە. درۆ ئەو شتەیە ئێمە لە ئێوەوە فێربووین. رۆح و گیان چییە؟ ئێمە بەرامبەرەکەى دەناسین، واتە مەرگ. مرۆڤ چییە؟ بەڵام لێرەدا بەرامبەرت دەوەستمەوە، لە بەر ئەوەى ئێمە دەیناسین. مرۆڤ هەمان ئەو هێزەیە کە سەرەنجام دیکتاتۆرەکان و خولقێنەران لە ناو دەبات. مرۆڤ هێزى ئەوەى هەیە شتە روون و ئاشکراکان بناسێت. ئەرکى مرۆڤانە شتێک روون و ئاشکرایە و ئێمە ئەبێت پاسەوانی لێبکەین و بیپارێزین. ئەو دڵنیاییەى ئێمە ئێستا پێی گەیشتووین دەگەڕێتەوە بۆ ئاڵۆزى ئێمەو چارەنووسی وڵاتەکەمان. ئەگەر هیچ شتێک ماناى نەبا، ئەو کات ئێوە لە سەر حەق بوون و راست بوون، بەڵام شتێک هەیە کە هێشتا مانایەکى هەیە.
بەدڵنیاییەوە من ناتوانم بەردەوام دووپاتی بکەمەوە، هەربۆیە ئێمەو ئێوە زۆر جیاوازین لە یەکتر. ئێمە تێگەیشتنێکمان هەبوو لە وڵاتەکەمان کە دەمانخستە ناو گەورێتییەکانی ترەوە، گەورەتیگەلێکى وەک: هاوڕێیەتى، مرۆڤ، بەختەوەرى، بیرکردن و تێکۆشان بۆ عەداڵەت و ویژدان. ئەم کارە بوو بە هۆى ئەوەى ئێمە بەرامبەر بە وڵاتەکەمان بە ترسەوە هەنگاو هەڵبگرین و شتەکان بە ئاسانى قبووڵ نەکەین. بەمەشەوە ئەوە ئێمە بووین سەرەنجام سەرکەوتین و راستمان دەکرد. ئێمە کۆیلەمان بۆ وڵاتەکەمان دروست نەکرد، ئێمە لەبەر وڵاتەکەمان ئەوەى دەبوایە بیڵێین وتمان و هیچ دوو دڵ نەبووین لەو بارەوە. ئێمە بە تاقەت و سەبرەوە هەڵسووکەوتمان کرد بۆ ئەوەى بتوانین بە روونى هەموو شتێک ببینین، لە ناو ئەو هەمووە رەنجء بەدبەختییەدا، هەستمان بە خۆشی و شادى دەکرد، کە بەوە بگەین کە توانیومانە، هاوکات بۆ بە هەموو ئەو شتانە بگەین کە خەباتمان بۆ دەکرد. بە پێچەوانەوەى ئێوە بە هەموو ئەو لایەنانەى مرۆڤەوە کە سەر بە وڵات نییە، خەباتتان دەکرد. لەخۆبردوویی ئێوە بێ مانایە لە بەر ئەوەى رێکخراوەکەتان و پلەزنجیرەى رێکخراوەکەتان شتێکی رێک و پێک و بێ هەڵە نییە و هەروەها بەهاکانیشتان لەم پێوەندەدا ناگونجێت. تەنها دڵ نییە کە لە لایەن ئێوەوە خیانەتی پێکراوە. عەقڵ و شعوور تۆڵە دەستێنێتەوە. ئێوە ئەو بەهایەى کە عەقڵ دەیهەوێت، نەتانداوە. ئێوە قەرەبووى ئەو باجە سەنگینەى کە رۆشنبینى دەیهەوێت، نەتانداوە.من دەتوانم لە قووڵایی شکستی خۆمانەوە پێتان بڵێم هەر ئەمانە بوون بە هۆى شکستی ئێوە.
با لە بەرامبەردا ئەم رووداوە بگێڕمەوە. لە زیندانێکەوە لە شوێنێک فە فەرانسە کە من دەیناسم، رۆژێک بەیانى زوو سەربازە چەکدارەکان یازدە فەرانسەوى بە ترۆمبیلێک دەبەن بۆ گۆڕستان بۆ ئەوەى لەوێ تیربارانیان بکەن. لەم یازدە کەسە تەنها پێنج یان شەش کەسیان کارێکیان کردووە کە شیاوى ئەم سزا گەورەیە بێت: خوێندنەوەى راگەیاندنێک، بەشداریکردن لە کۆبوونەوەیەک و زیاتر لە هەمووان نافەرمانى. ئەمانە بێدەنگ و بێجووڵە لە ناو ترۆمبیلەکەدا دانیشتوون. بە دڵنیاییەوە ترس دایگرتوون، ترسێکی ئاسایی و رۆژانە، ئەگەر بکرێت بەو شێوەیە ناوی ببرێت. ئەو ترسەى کە بە ئاوێتەبوون لە گەڵ تارماییەک لە نەناسراوەکاندا هەموو مرۆڤێک دەگرێتەوە، ئەو ترسەى بوێرى خۆى لە گەڵێدا دەگونجێنێت. زیندانییەکانیتر هیچیان نەکردووە. زانینى ئەوەى کە بە هۆى هەڵەیەیەک یان لێک تێنەگەیشتنێک دەکوژرێن یان دەبن بە قوربانى جۆرێک کەمتەرخەمى و بێ مباڵاتى، ئەو ساتە دەکات بە ساتێکى ئازاردەر و دژوار بۆیان. کوڕێکى شازدە ساڵەشیان لە گەڵدایە- روخسار و سیمای تازەلاوان ئەناسیت و ئیتر پێویست ناکات دەربارەى ئەو شتە قسەت بۆ بکەم- ئەم کوڕە لە بەرامبەر ترسدا وەک نێچێرێکە کە خۆى دۆڕاندبێت، ئەو بێ ئەوەى هەست بە شەرم بکات لەوەى کە دەترسێت-وەها بە سووکایەتییەوە پێمەکەنە- ددانەکانی لە تەقەیان دەهات و دەلەرزی. بەڵام ئێوە قەشەیەکى مەیدانى جەنگتان لاى دانابوو ئەرکى ئەوە بوو لەم ساتە ترسینەدا سوکنایی پێبدات.
لام وایە دەتوانم ئەوە بڵێم بۆ ئەو مرۆڤەى بڕیارە ئێعدام بکرێت قسەکردن و گفتءگۆ دەربارەى ژیانى پاش مەرگ هیچ مانایەکی نییە. وێناکردنى ئەوەى گۆڕە بە کۆمەڵەکان کۆتایی هەموو شتێک نییە بۆ ئەوان زۆر دژوارە: زیندانییەکان لە ناو ترۆمبیلەکەدا متەقیان لێوە نایەت. قەشەکە روو دەکاتە کوڕە منداڵەکە کە لە سووچێکدا کزۆڵەى کردووە و دڵنەوایی ئەداتەوەو بە دڵنیاییەوە کوڕەکە زیاتر لەوانیتر لە قەشەکە دەگات و گوێ ئەداتە قسەکانى. ئەو بەوپەڕى راستگۆییەوە گوێی داوەتە قسەکانى قەشەو جارێکیتر هیوا لە دڵیدا چرۆ دەکات. لە دژوارترین ساتەکانی ترس و دڵەڕاوکەدا کە بێدەنگی زاڵ دەبێت هەندێ جار ئەوە بەسە کەسێک قسەیەک بکات: ئەم قەشەیە هەموو کێشەکان چارەسەر دەکات و هەموو شتێک چارەسەر دەبێت. کوڕە دەست دەکات بە قسەکردن:” من هیچم نەکردوە.” قەشە دەڵێت :”بەڵێ، بەڵام ئیتر ئەمە ئەو شتە نییە قسەى لە سەر دەکەین، تۆ ئەبێ خۆت ئامادە بکەیت بە باشی بمریت.” “تێگەیشتن لەو شتەى من دەیڵێم دژوار نییە.” “من هاوڕێی تۆم و رەنگە لێت تێبگەم. بەڵام درەنگە. من وەک خودا لە تەنیشتتم. دەبینیت زۆر ئاسان تەواو ئەبێت.” کوڕە گەنجەکە رووی وەردەگێڕێت. قەشە باسی خودا دەکات. ئەو کوڕە باوەڕى بە خودا هەیە؟ بەڵێ باوەڕى هەیە. کەوایە لەو حاڵەدا هیچ شتێک بە بەراورد لە گەڵ ئەو ئارامشەى چاوەڕێی دەکات گرنگى نییە. بەڵام ئەو هەر لەم ئارامشە دەترسێت. قەشەى مەیدانى جەنگ ئەم رستەیە دەڵێتەوە:”من هاوڕێی تۆم.”
زیندانییەکانیتر بێدەنگن. قەشە دەبی بیرى لاى ئەوانیش بێت. قەشە خۆى لە کۆمەڵى بێدەنگی ئەوان نزیک دەکاتەوە، بۆ ساتێک پشت دەکاتە کوڕە بچووکەکە. ترۆمبیلەکە بە ئارامى دەڕواتە پێشء دەنگى جووڵەى تایەکانى لە سەر ئەو جادەیەى کە بە شەونم تەڕبووە، دەبیسترێت. ئەو وێنا بێزارکەرە بێنابەرچاوى خۆت: بۆنى بەیانیانى لەشی پیاوان، ئەو دیمەنەى کە مرۆڤ نایبینێت بەڵام هەستی پێدەکات. دەنگێک وەک ئەو ساتەى مرۆڤ زین و بەرگى ئەسپێک دەبەستێت دەبیسترێت، دەنگى جیکەجیکى باڵندەکان دەبیسترێت. کوڕە بچووکەکە بە ئارامی دەچێتە ژێر خێمەى ترۆمبیلەکە. لەوآ درزێکى باریک لە نێوان خێمەکەو چوارچێوەى ترۆمبیلەکەدا دەدۆزێتەوە. ئەگەر بیهەوێت دەتوانێت لەوێوە هەڵبێت. کەسەکەى تر پشتی لەوەو سەربازەکان لە کورسییەکەى پێشەوەى ترۆمبیلەکە ئاگایان لە پێشەوەیە بۆ ئەوەى لەو بەرەبەیانە زووەدا رێگاکە ون نەکەن. ئیتر بیرى لێناکاتەوە، خێمەکە لادەدات، لە درزە باریکەکەوە خۆى دەدزێتەوەو باز دەدات. دەنگى کەوتنەکەى نابیسترێت، تەنها دەنگى هەنگاوە خێراکانى لەسەر جادەکەو ئیتر هیچ. ئەو لەدەرەوە لە چۆڵەوانییەکدایە کە دەنگى هەنگاوەکانی کاتی هەڵهاتن لە خۆیدا دەخنکێنێت. بەڵام دەنگى جووڵەى خێمەکەء هەروەها هەوای فێنکى بەرەبەیان کە دێتە ناو تڕۆمبیلەکەوە وا دەکات قەشەو زیندانییەکان بە هەڵهاتنەکەى بزانن. قەشە بۆ ساتێک چاو لە زیندانییەکان دەکات و ئەوان بێدەنگ چاوى لێدەکەن. لەم ساتەدا پیاوى خودا، بە لەبەرچاوگرتنى ئەوەى کە هۆى هاتنى بۆ ئێرە چییە، ئەبێت بڕیاربدات کە لە کامە لایەنە، بکوژەکان یان قوربانییەکان. بەڵام ئەو پێشتر بە مست داویە لە چوارچێوەى ئەو ترۆمبیلە کە ئەو و هاوڕیگاکانى تێدایە. زەنگى ئاگادار کردنەوە لێدەدرێت. دوو سەرباز دێنە ناو ترۆمبیلەکەوەو چاودێرى زیندانییەکان دەکەن. دوو سەربازیتر هەڵدێن و بە هەڵهاتن لەو چۆڵەوانییەدا لەوان دوور دەکەونەوە. قەشە لە سەر قیرى جاددەکە بڕێک لەولاى ترۆمبیلەکەوە وەستاوەو چاویان لێدەکات کە لە ناو ئەو مژە تۆخەدا هەڵدێن و بەدواى کوڕەکە دەکەون. لە ناو ترۆمبیلەکەدا پیاوەکان تەنها گوێیان لە دەنگى بەشوێن کەوتن، هاوارە کپەکان، دەنگى فیشەک و دواتر بێدەنگى دەبێت، دواتر ئەو دەنگانەى تا دێ نزیک دەبنەوەو سەرەنجام دەنگى هەنگاوە ئارامەکان. کوڕەکە دەگەڕێننەوە بۆ ناو ترۆمبیلەکە. فیشەک لێی نەداوە، بە پێوە دەوەستێت و لە حاڵێکدا مژێکى تۆخ چواردەورى داوە، کوت و پڕ ترس بە سەریدا زاڵ بوو و تەسلیم بوو. پاسەوانەکان بە جێگەى ئەوەى بیدەنە بەر بۆ ناو ماشێنەکە، زیاتر دەیانکێشا بە شوێن خۆیاندا. بڕێکیان لێدا بەڵام نەک زۆر. بەشە گرنگەکەى هێشتا مابوو. کوڕە منداڵەکە نە ئەوە بوو چاو لە قەشە بکات نەک لە کەسی تر. قەشە چۆتە پێشەوەى ترۆمبیلەکەو لە لاى شۆفێرەکەوە دانیشتووە. سەربازێک جێگاکەى دەگرێتەوە. کوڕەکە فڕێ دەدرێتە سووچێکى ترۆمبیلەکە. بەڵام ناگری. ئەو هەمدیسا چاو دەبڕێتە جادەکە کە لە نێوان درزى خێمەى ترۆمبیلەکەو بن ترۆمبیلەکەوە دیارە. بەیانى خۆر هەڵدێت. من دەتناسم، تۆ زۆر ئاسان ئەتوانی بزانی ئیتر چی روویداوە. بەڵام باشتر وایە بزانیت کێ ئەم رووداوەى بۆم گێڕایەوە. قەشەیەکى فەرانسەوى. ئەو گوتی:” من کە بیر لە کاری ئەو پیاوە دەکەمەوە شەرم دەکەم و کە بیرلەوە دەکەمەوە هیچ قەشەیەکی فەرانسەوى ئامادە نابێت خوداى خۆى بخاتە خزمەت تاوانبارانێکى وەهاوە خۆشحاڵ ئەبم.” راستی دەکرد. ئەو قەشەیەى مەیدانى جەنگ(قەشەى یەکەم) راست وەک تۆ بیرى دەکردەوە. ئەو بیرى دەکردەوە زۆر عاددى و ئاساییە تەنانەت باوەڕەکانى خۆی بخاتە خزمەت وڵاتەکەیانەوە.خودى خوداکانیش لە لایەن ئێوەوە جۆشدراون و مۆبیلیزە کراون. ئەوان لە گەڵ ئێوەن، وەک چۆن تۆ دەیڵێیت، بەڵام نەک بە ویستى خۆیان، بەڵکوو بە زۆر. ئێوە ئیتر ناتوانن بە ئاشکرا ببینن، لە بەر ئەوەى لە شادى خۆشیدا نوقم بوون. ئێستە لەم خەباتەدا ئێوە دەستتان بە سەرچاوەیەک دەگات کە رق و بێزاریی بۆتان هێناوە. ئێوە زیاتر گرنگى بە چەک و شاکارە گەورەکان دەدەن لە برى گرنگیدان بە ئامانج و ئارمانەکان، بەمەستى شوێنکەوتنى باوەڕەکانتان، بە شێوەیەکى دەمارگرژانە هەموو شت تێکد دەدەن. ئێمە لە عەقڵ و گومانکردنەوە دەست پێدەکەین. کوشتنى کوڕێکى تازەلاو بەس بوو ئێمە تووڕەیی بخەینە لاى عەقڵ و لێرە بەدواوە ئێمە دوو هێزین بەرامبەر بە هێزێک. دەمهەوێت دەربارەى تووڕەیی قسە بکەم.
لەبیرتە؟ دوای ئەوەى من سەرم سووڕما بە هۆى هەڵچوونی یەکێک لە دەسەڵاتدارەکانەوە، لە بەرامبەر سەرسووڕمانەکەى مندا وتت:” زۆر باش بوو. بەڵام تۆ لەوە تێناگەى کە فەرانسەوییەکان لە تایبەتمەندییەکى باش بێبەرین، ئەویش تووڕەییە.” بەڵام بەوجۆرە نییە. فەرانسەوییەکان ئەو کاتەى باس لە تایبەتمەندى باش دەکرێت، زۆر بە گومانەوە چاو لە شتەکان دەکەن. ئەوان هەرکات پێویست بێت خۆیان دەگونجێنن. ئەم کارە دەبێت بە هۆى تووڕەییەکى بەهێز و بێدەنگ، ئەو شتەى کە ئێوە تا ئێستا تەنانەت دەستتان نەکردووە بە ناسینی. بەکورتى بەمجۆرە تووڕەییەوە، ئەو جۆرە تووڕەییەى کە دەیناسم، دەمهەوێت قسە بکەم.
لەبەر ئەوەى وەک چۆن وتوومە لە هەست و دەروونی مرۆڤەکاندا دڵنیابوون و ئەرخایەن بوون بە خۆشییەوە یەکێک نییە. ئێمە زۆر باش ئەزانین لەم رێگا دوور و درێژەدا چیمان لە دەست داوە، ئێمە زۆر باش ئەزانین چ بەهایەکمان داوە بۆ ئەم شادی و حەزە دژوار وناخۆشەمان، ئەو شادى ئەوەى کە لەم خەباتەدا لە گەڵ خۆمان رێککەوتبێتین. هۆکارى ئەوەى لەم خەباتەدا، بە هەمان رادەى دڵنیابوون و هیواداربوون، رەنج و ناخۆشیشی لەگەڵدایە. ئەوەیە ئێمە بەرامبەر بەم بابەتە کە شتێکە دروست نابێتەوە زۆر هەستیارین. ئێمە زۆر دڵنیا نەبووین لە جەنگ کردن. زۆر دڵنیا نەبووین دەبێت لە گەڵتان جەنگ بکەین. نەتەوەى ئێمەى جەنگى ناوخۆیی هەڵبژارد، خەباتێکى بەکۆمەڵ و دژوار و درێژخایەن، لەخۆبردوویی و گیانبازییەک کە بە هیچ تەفسیرێک هاتە بەر باس. نەتەوەیی ئێمە لە سەر ویستى خۆی و بە حەزى خۆى دەستیکرد بە جەنگ، نەک بە ویستی وڵاتێکى بێ مێشک و ترسنۆک. نەتەوەى ئێمە لە جەنگدا خۆى دۆزییەوەو هەوڵدەدات بە تێگەیشتنێکى دروست لە خۆى بگات و باوەڕى بە خۆى هەبێت. بەڵام ئەم نەتەوە بۆ ئەم شکۆ و گەورەییەى کە دەیویست، دەبوایە شتێکى گەورەى لە دەست دابا. تەنانەت لەم ڕوەشەوە نەتەوەی ئێمە زۆر زیاتر لە نەتەوەى ئێوە شایستەى ئەوەن بەخۆیاندا هەڵبدەن و پەسنى خۆیان بکەن. لە بەر ئەوەى ئەمە باشتر رۆڵەکانییەتى لە خوێندا دەگەوزێن، ئەمە دڵتەزێنترین پەرچەکردارى منە. خاڵێکى پۆزەتیڤ لێرەدا هەیە کە لە جەنگدا زۆر گاڵتەجاڕە، مەرگ بە شێوەى کوت و پڕ لە شوێنە جیاوازەکان روودەدات.
لەم جەنگەى کە ئێمە هەڵمانبژاردووە، بوێرى و لەخۆبردوویی خۆی دەردەخات. ئەمە بێگەردترین گیان و دەروونی ئێمەیە هەموو رۆژێک گووللەباران دەکرێت. گەمژەیی ئێوە شتێک نییە پێش بینی نەکرێت. ئێوە هیچکات لەو شتە نەگەیشتوون کە مرۆڤ دەبێت هەڵیبژێرێت، بەڵام ئەو شتەى کە دەبێ وێرانی بکات زۆر باش ئەناسن.
ئێمە کەڵێین بۆ رۆح و دەروونى خۆمان هەستاوین و خەبات دەکەین، ئەم شتەش ئەزانین رۆح و دەروون ئەگەر بکەوێتە بەر هێرشی هێزێکى تەواو وێرانگەر، دەمرێت. ئێمە باوەڕمان بە هێزێکیترە. ئێوە لاتان وایە ئەتوانن روخساری راستەقینەى ئێمە لەو دونیایەدا کە بێدەنگەى هەڵبژاردووەو چاوى خۆى نوقاندووە، بە ناشیرین نیشان بدەن. ئەو روخسارەى کە جارجارە بە گووللەکان دەیبێژن. بەڵام ئێوە ئاگاتان لەو سەبر و بەردەوامیەتە نییە کە وادەکات لە فەرانسە بەوەى تێپەڕینى کات لە بەرچاو دەگرێت و بەرامبەر بە دژوارییەکان دەوەستێتەوە. ئەم هیوایەکى کەمە لە بێ هیواییەدا کە لە ساتە دژوارەکاندا پشت و پەنامانە و ورەمان پێدەبەخشێت. هاوڕێ و دۆستەکانی ئێمە سەبریان زۆر زۆرترە لە بکوژ و جەلادەکان و زۆر زیاترن لە فیشەکەکان. وەک دەبینیت بە دڵنیاییەوە فەرانسەوییەکانیش دەتوانن توڕە بن و ئەو تایبەتمەندییەشیان هەیە.

دێسەمبەرى 1943
________________________________________

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button