هەموو كات شتێ لە شوێنێكەوە دەست پێدەكات. شوێنێ هەیە بۆ دەست پێكردنی هەموو شت. شوێنێ! خاڵێ(.). خاڵ سەرەتایە بۆ دەست پێكردنی هێڵ. هێڵ رێگایەكە بۆ گەیشتن بە شوێن. هەر هێڵەو لە بێ ئەژمار خاڵ پێك هاتووە. هەر خاڵەو سەرەتایەكە بۆ دەستپێكردنی هێڵێ. ئەم هێڵە رەنگە بتگەیەنێتە شوێنێكو رەنگیشە…..
هەموو شتەكان لەو چوارشەممەوە دەستی پێكرد. ئەو چوارشەممەی كە وای كرد ئیتر رقم لە هەموو رۆژەكانیتری حەوتوو بێتەوە.
ئەو چوارشەممەی كە چوار جار لە دوورێیانی مەرگ و ژیاندا وەستام و هەر چوار سووچی خۆم روانی. هەر جارەی روانینێ چەن حەبی زیاترم دەخستە ناو لەپی دەستمەوە.
ئەو رۆژە……
رەنگە ئێستا كە لەم ژوورە تەنگ و تاریكەیان خنیوم هیچم بە بیر نەیەت كە ئەو رۆژە چی بوو. هەموو ویناكانی ئەو رۆژە كاڵن . كاڵبوونی كە هیچم بیر نایەتەوە جگە لە دەنگی ماشێنی “ئیمێر جێنسی” نەبێ كە منیان لێداگرت و خستمیانە ناو كۆمەڵێ مردووەوە. یەكێ لە مردووكان زۆر ترساندمی. سەری شەق ببوو. دەستی پەڕیبوو. شۆڕ شۆڕ خوێنی لێ دەچۆڕا. شێلگەی خوێنەكە بە ناو ژوورەكەدا هێڵێكی راستی درووست كردبوو. هێڵێ لە بێئەژمار خاڵ و خڕۆكەو هیمۆگلۆبین. هێڵێ وەك ئەو هێڵانەی كە لە وانەی بیركاریدا دەمانكێشا. ئێمە كەسمان نەماندەتوانی بە بێ راستە هێڵێكی وا راست درووست بكەین. مامۆستای بیركاری كە دیار بوو زۆری كار كردبوو بۆوەی هێڵێكی راست بكێشێ كە لارو لوێر بوونی هێڵەكانی ئێمەی دەدی دەیگوت : “ئێوە هەمووتان دەڵێی شەپڵە لێی داون. كێشانی هێڵێكی راست كەی ئەو هەمووەی دەوێ.” رەنگە كاتی خۆشی مامۆستاكەی ئەو وای پێگوتبێو بە توولێكی تەڕ ئەوەندەی كێشا بێ بە ناو مشتیا كە خوێنێ تێزابێ. دەستەكانی مامۆستا زۆر ناسك بوون. روومەتیشی ناسك بوو. ئەو ….. كە بێتو مامۆستا لێی دابێ حەتم خوێن لەسەر قامكی هاتۆتە دەر. ئەو قامكانەی كە سەر نینۆكەكانی وەها سوور كرابوو كە دەتگووت دایمو دەرهەم خوێنیان تێزاوە. خوێن تێزانێ كە ئەو كاتەی منیان خستە ناو ئەو ژوورە پڕ لە مردوەوەو ئەو كاتەی كە لە هیمۆگلۆبینەكانم دەڕوانی و هێڵنجم دەدا كەوتنەوە بیریان.
هەموو هیمۆگلۆبینەكانی ناو ئەو جۆگە خوێنەم دەدی كە وەك دەنكە تەزبیح پێكەوە گرێ درابوون. ئەو دەنكە تەزبیحانەی كە جارێ باوكم ئەوەندەی بە تەزبیحە گەورەكەی كێشا بە سەر قامكما كە ئێستاش رقم لە هەر چی تەزبیح دەبێتەوە. ئێمە هەرتكمان پۆلی سێی سەرەتایی بووین نازانم بۆ و چۆن ماچم كرد كە لێم كرا بە قاوو باوكم ئەوەندەی بەو تەزبیحە گەورە كێشا بە ناو دەستما كە خوێن لە قامكم چزایە دەرەوە. ئەو كاتەش كە ئەو هیمۆگلۆبینانەم دەدی كە وەك دەنكە تەزبیح ئەو هێلە راستەیان دروست دەكرد هەر بیرم لای نینۆكی سووری مامۆستاو قامكی خوێن تێزاوی خۆم بوو. من ئەو رۆژە بە ناو ئەو جەستە شەقبردوەداو بە بیركردنەوەی ئەو رۆژانەوە سەفەرم كرد. هیمۆگلۆبینو خڕۆكەكانم دەدی. من بە ناو ئەو جەستە ترسناكەدا سەفەرم دەكردو هێڵنجم دەدا. من هێڵنجم دەداو هەموو مردووەكانی ناو ئەو ساردخانەیەم دەدیو هیچیان منیان نەدەدی. من…. ئێرە… مردوو…. من….
یەكەم مشتم كردە زارمەوە زارم تامی تفتی دەدا. سەرەتا لە پشت چرا سووری مەرگدا وەستام،چاوەڕوانی سەوز بوون نا سەرەتا زەردبوونی چرا سوورەكەم دەكرد. چراكە هەر سوور بوو. زەوی سەری بە گێژەوە دەهات. هێلنجێكی گەورەم دا. پێشتریش لە بەدمەستییەكدا وام لێ هاتبوو. ئەو رۆژە ئێمە چەن كەس پێكەوە بووین. لە سەیران… لە سێزدەبەدەر… نازانم لە كوێ بووین. ئەوەندەمانخواردەوە زەوی مەستی كرد. زەوی وەها سەر بە گێژەوە دەهات كە ئێمە دەڕشاینەوە. ئێمە دەڕشاینەوەو زەوی سەری بە گێژەوە دەهاتو خودا بەدمەستانە دەیباراند.
یەكەم هێڵنجم دا بەدمەستی خودام بیر هاتەوە. بەد مەستییەك كە ئەوەندەی باراند من و بارانی لە ژێر چەترێكا جێكردەوە. بەدەمەستییەك كە منی گەیاندە ئەم ژوورە تەنگەو لەو ساردخانەوە گوزەری دامو بە ناو ئەو هێڵە راستەدا گوزەرم كردو هەموو هیمۆگلۆبینو خڕۆكەكانی ئەو هێڵە راستەم دەدی. ئەو رۆژە باران لە بەدمەستیخودا دا چۆڕ چۆڕبارانی لێدەباری. قەت بارانم لە بەدمەستی خوداو خواردنەوەی خۆمدا نەدیبوو. خودا سەری بە گێژەوە هاتو زەوی لەتری داو من پەلی بارانم گرت كە نەبارێ. چاوەكانی باران …. قەت چاوەكانی بارانم وەها بارانی نەدیبوو. نە ئەو كاتەی كە باوكم بە تەزبیح خوێنی چزانە پەنجەمو ئەو لە تەنیاییدا بە سەریدا باریو نە هیچكاتی تر. كە لە ژێر ئەو چەترەدا پەلیم گرت وتم:” باران یانی شین.” پێكەنیو چاوە بارانییەكانی شین بوونەوە. هەموو شتەكان لەو بارانەوە، لەو بەدەمەستییەی خوداوە، لەو چەترەوە دەستی پێكرد. هەناسەكانی باران ژێر چەترەكەیان گەرم كردمەوە. غەریبییەك لە هەناسەكانی باراندا بوو. غەریببییەك لە چەشنی ئەو رۆژە غەریبە. لە چەشنی ئەو بەدمەستییەی خودا.
ویستم بڵێم باران……………
باران شۆِر شۆڕ دەباریو چەترەكەم سارد بۆوەو رێگایەك هەمووی شین.
هەر ئەو ئێوارەیە هەموو ئێوارەكانم بوون بە چوارشەممە. هەموو ئێوارە چوارشەمەكانیش بە خۆزگەی بارانەوە زەوی مەستی دەكردو من دڵم دەهات بە یەكداو خودا سەری بە گێژەوە دەهات. كە من دڵم بە یەكدا دەهاتو زەوی سەری بە گێژەوە دەهاتو خودا مەستی دەكرد، باوكم بە حەسرەتەوە لە تەزبیحەكەی دەڕوانیو من نینۆكم سوور هەڵدەگەڕاو ئەو هەر تەزبیحەكەی سووڕ دەدا. بە سەرمدا هەڵدەشاخا وەك ئەوەی هێلێكی لارو لوێرم كێشابێتەوە. بەم شێوە هەموو ئێوارە چوارشەممەكان من بە حەسرەتی بارانەوە دەمباراندو ئەو دوایین ئێوارەی چوارشەمەش كە لە دوورێیانی مەگو ژیاندا وەستام ئەوەندە رشابوومەوەو زەوی ئەوەندە سەر بە گێژەوە هاتبوو و خودا مەستی نەكردبوو كە هەستم دەكرد جار لە گەڵ جار دڵو ریخۆڵەم دەڕژێتە دەر. ئەو كاتەش كە چاوم بڕیبووە ئەو رێگا باریكە كە هیمۆگلۆبینەكان وەك دەنكە تەزبیح دروستیان كردبووزەوی هەر لەتری دەدا.
من لە گەڵ هەر هێلنجێكدا دەنكێ حەبم قووت دەداو دەسم بە ریخۆڵەمەوە دەگرت كە نەرژێتە دەر.
باران هەموو چاوی بارانی بوو. هیمۆگلۆبینەكانی بارانی بوو. خرۆكەكانی….
باران سەفەری كرد, باران رۆشت . باران نەباری. باران….
ئەو دوایین ئێوارە رۆژنامەیەكی هەموورۆژانی چوارشەممە نووسیبووی:” بە هۆی كون بوونی چینی ئۆزۆن تینی زەوی چۆتە سەرو زەوی تا دێ گەرم هەڵدەگەرێو كە زەوی تا بێت گەرم هەڵبگەرێ ئێتر هیچ بارانێ نابارێو چاخی گەرما دەگات.”
كە هیچ بارانێ نەبارێ یانی من هەر دەخۆمەوەو زەوی سەری بە گێژەوە دێو خودا مەست ناكا. هەرچەن من بخۆمەوەو زەوی سەری بە گێژەوە بێ و خودا مەست نەكات چیتر چەترێ نابێ بەوەی باران شۆڕ شۆڕ بارانی لێ ببارێ، كە باران شۆڕ شۆڕ بارانی لێ نەباری یانی…………….
لەوەتی هەم عاشقە بارانم هەیە. ئەم عاشقە بارانەی من لە كەیەوە دەستی پێكردوەو چۆن بوە خۆشم نازانم. بەڵام وەك دەڵێن ئەو رۆژەی كە هاتوومەتە دونیاو وەك دووپشك سكی دایكی خۆم دڕیوە بارانێكی بە خوڕەم باریوەو زەوی وەها خوساوە كە هەرچی جوتیار بووە شوكرانەیان بژاردوە جگە لەو باوكەی كە دواتر هەر كە دەمیدی وەها تەزبیحەكەی سووڕ دەدا كە من حەوت كفنم زەرد دەكردو بەر لەوەی ئەو لێمدات خوێن لە قامك دەرژا.
كە دووهەم مشتم كردە زارمەوە چراكە هەر سوور بوو. لە پشت ئەو چرا سوورەدا من چاوەڕوانی رەت بوون بووم لەو تراف لایتەی كە بەر بە مەرگی دەگرتم. كە سووچی چەپی خۆم روانی رەسمەكەی باران بە قەد دیوارەكەوە شۆڕ كرابۆوە. باران كۆتێكی پەشمینی لەبەردا بوو. لەم گۆشەوە كە دەمڕوانی چەترەكە بە دەست چەپیەوە بوو. سەر گۆنای سوور هەڵگەڕا بوو. چاوە بارانییەكانی بڕیبوە شوێنێ. تەمایەر بووم بێتو دەستم بگرێ، وەها چاوی بڕیبوە شوێنێ كە هیچ نەیدەدی كە من چی دەكەم. یان دەی دیتو وەك ئەو كاتەی كە ژێر چەترەكەمی سارد كردەوە دەیویست كەمتەر خەم بێت. كە ئەو چاوی بڕیبوە من منیش چاوم تێبڕی. لە نیگا شینەكانیا ساردییەكم دەخوێندەوە. ساردییەك كە زۆربەی كات لە نیگا شینەكانیا دەمدی. سارد ئەو رەنگەی كە جوانە. ئەو رەنگەی كە گەرمی دەبەخشی بە منو هەر كات كە دەمدی لێدانی دڵم دەچوە سەر.
كە چینی ئۆزۆن كون بێو تینی گەرما بڕواتە سەرو باران نەبارێ، ئاو لە زەریاكانا نامێنێو سەدەكان وشك دەبنو شارەوانی كرێی ئاو گران دەكا. كە كرێی ئاو گران بێت من پارەم نابی بەوەی پارەی ئاوەكە بدەمو شارەوانی ئاوەكەم لێدەبڕێ كە شارەوانی ئاوەكە ببڕێ باران……………
نا … باران لە تونیا نامرێ. باران…. باران هەر نامرێ. كە باران بمرێ هیچ H2O یەك نامێنێو كە هیچ H2O یەك نەما هیمۆگلۆبینەكانی خوێنم وشك هەڵدەگەڕن.
هێلنجێكی ترم دا. لە گەڵ هێلنجەكا ریخۆڵەم لە دەستو پێم گیری كرد. وەك چۆن مێشێ لە ناو تەونی جاڵجاڵووكەدا گیر دەكات. نە زاری هاوار كردنم بوو نە دەستی پەلە قاژەو نە…. رەنگە دڵی زەوی ئێستا 1000 جار بكوتێ. رەنگە خودا چاوی بڕیبێتە باران. رەنگە چارەیەك بۆ پارە بوونی لایەی ئۆزۆن بكرێت.
كە پارە بوونی زەوی چاك بكرێ ئەو كات چەترێ دەبێ منو باران وە خۆ بگرێو خودایەك دەبێ مەست بكا. كە وایە وەستانی من لە پشت ئەم چرا سوورە لە چاوەڕوانی سەوزبووندا شتێكی بێهوودەیە.
ویستم هاوار بكەم دڵاو ریخۆڵەم رژایە دەر. زیاتر ریخۆلەم لە پام ئاڵا. بڕیارم دا بیر لە چاوە بارانییەكانی باران بكەمەوە. ئەو چاوە بارانیانەی كە هەموو رۆژەكانی لێكردم بە چوارشەممە. ئەو چاوە بارانییانەی كە وایان كرد من حەزم لە چەتر بێتو هەموو عومرم هەرچی چەتری ئەم دونیا هەیە لای خۆم كۆی بكەمەوە. شتی تەونی بە دەور بیركردنەوەمدا تەنیبوو.
ئەو دوایین چوارشەممەی كە بارانم دی كامە چوارشەمە بوو؟
بیریشم وەك دەستو پێم شەتەك درابوو. ئێستا لەم ژوورە تەنگەدا بیر لەو ساتە شەتەك دراوە دەكەمەوە كە ئەوەندە داماو بووم، لە داماوی خۆمدا باران دەبارێنمو لە شێلگەی بارانەكەش هێڵێكی راست درووست بووە. هێڵێ لە بێ ئەژمار H2O.