ڕانانی کتێب

دۆكترینی شۆک) بۆچی بۆرژوازی پێویستی بەوەیە خەڵک تووشی شۆک بکات و ترس بچێنێت لە ناو خەڵکدا؟

ئا\ مستەفا زاھیدی

پێشەکی وەرگێڕی کوردی: ئەوەی لە خوارەوە دێت بەشێکە لە کتێبێکی خاتوو نوومی کلاین بە ناوی ” دۆكترینی شۆک، سەرھەڵدانی کارەساتی بۆرژوازی” ئەم بابەتە کە دواتر دەیبینن باس کردنە لە جۆری تێڕوانینی بۆرژوازی لەم بابەتە و بە تێڕوانینێکیتر دەسەڵاتە ئایدۆلۆژیاییەکان بە گشتی بۆ تاک. ئێمە لەم نووسینەدا دەبینین دەسەڵاتە رەھاکان دەیانھەوآ نەھامەتی و چارەڕەشی چەتر بە سەر دونیادا بکێشێ و نوومی کلاین لەم بارەوە لە وتووێژێکدا دەڵێت: ” ساتەکانی چارەڕەشی، ئەو ساتانەن مرۆڤەکان لە شۆکدان، چ ئەو سەردەمەی پەشۆکاون، بۆ وێنە دوای زریانی کاترینا لە نئۆواورلئان، یان ئەو کاتەی لە کاتی خۆ رێکخستنەوەدان. بە دڵنیاییەوە دوا بۆمباران خەڵک تێک شکاون و بە ئاسانی دەکەونە ژێر کاریگەری ھەر شتێکەوە.” لێرەدایە دەکرێت بەم بیانووەوە دۆخی ناکاو یان دۆخی نایاسایی ، کە دۆخێکە تێیدا تەنھا دەسەڵاتی سەربازی و پۆلیس لە دەرەوەی یاساوە ئامادەیی ھەیە، لە لایەن دەسەڵاتەوە بە سەر خەڵکدا داسەپێت.

ھەر چەن “دۆخی نائاسایی” یان وەک چۆن ئاراس فەتاح دەڵێت “دۆخی ناکاو” خۆی لە خۆیدا بابەتێکی سەربەخۆتر و جیاوازتر و ئاڵۆزترە، بەڵام بێگومان کۆمەڵێک خاڵی ھاوبەش ھەیە لە نێوان “دۆخی شۆک” و “دۆخی نائاسایی”دا، گەورەترین تایبەتمەندییان، پێشێلکردرنی یاسا و دامەزراندنی دەسەڵاتی پۆلیسییە. تاک لەم دوو دۆخەدا لە ھەموو مافەکانی دادەماڵدرآ و ھەر ساتیش چاوەڕوانی ئەوەیە بکەوێتە دەرەوەی بازنەی ھاووڵاتی بوونەوە.

پێشەکی نووسەر :دەنگێک ترساو لەو بەری ھێڵەکەوە وەڵامی داوە:” ئیتر نامھەوآ لە گەڵ رۆژنامەنووسەکان وتووێژ بکەم.” تۆزێک بێدەنگ بوو و ئینجا وتی:”چێت دەوێ؟” ھەستم کرد تەنھا ٢٠ چرکەم کات ھەیە بۆ ئەوەی متمانەی خاتوو گییل کێستنێر بۆ لای خۆم رابکێشم… ویستم بڵێم” تەماشا، دەمھەوآ کتێبێک دەربارەی شۆک بنووسم. دەربارەی ئەوەی کە رووداوەکانی پاش جەنگ، ھێرشە تیرۆریستییەکان، کوودتاو رووداوە سروشتییەکان چۆن دەتوانن جیھان تووشی شۆک بکەن و ئەوەی کە چۆن کۆمپانیا گەورە نێونەتەوەییەکان و دەسەڵاتدارانی خاوەن ھێزی سیاسی بە گەڵاڵە تۆوی ترس، تۆقاندن، دڵەڕاوکەو سەرلێشێواوی لە دڵی خەڵکدا دەچێنن و دواتر لەم ترس و تۆقاندنە کەڵک وەردەگرن و شۆکی دووھەم کە ھەمان گۆڕانی بنەڕەتی ئابووری و سیاسییە دەدەن بە خەڵک، بەوانەی لە بەرامبەر شەپۆلی دووھەمی شۆکدا دەوەستنەوە، شۆکی سێھەمیان پێ دەدەن وەستانەوەیان بە پۆلیس و ئەرتەش و دەستبەسەر کردن و لێپرسینەوەو ئەشکەنجە وەڵام دەدرێتەوە.

دەمھەوآ چەند دەقە لە گەڵتان قسە بکەم، لە بەر ئەوەی ئێوە نموونەی ئاشکرای ئەو کەسانەن کە لە لایەن رێکخراوی CIA ەوە ئەشکەنجە دراون و رووبەڕووی شۆکی ئەلکترۆنی و نوێترین شێوەکانی ئەشکەنجە بوونەتەوەو وەک ئەوەی دەڵێن ئەو لێکۆڵینەوەی دەیەی ١٩٥٠ لە سەر ئێوە لە زانستگای مەک گیل ئەنجام دراوە، ئێستا لە سەر زیندانییەکانی ئەبووغرێب و گوانتانامۆ ئەنجام دەدرآ…” ھەر ئەو لە بەر خۆمەوە وتم نا، بێگومان نابێت بێ پێشەکی ئەم شتانەی پێ بڵێم. زۆر زوو بۆچوونەکەی خۆمم گۆڕی و پێم وت:” تازە لە عیراقەوە ھاتووم. ئەو شوێنەی ئەمریکا دەیویست بیکات بە نموونەو سەرچەشن. ئەو شوێنەی ئەمریکا دەیویست شوناسی خەڵکەکەی بگۆڕێ و کۆمەڵگایەک بە شوناسی نوێوە دامەزڕێنێ…”

بەم شێوە لە ماوەی کەمتر لە ٢٤ کاتژمێر دواتر لە ماڵەکەی ئەو بووم و بۆ ماوەیەک لەم بارەوە قسەمان کرد. ئەو کاتەی گی یەل،١٨ ساڵی تەمەن بوو و بۆ دەرمانی نەخۆشی دەروونی رۆشتووەتە نەخۆشحانەی زانستگای مەک گیل. ئەو کاتەی خۆی خوێندکاری پەرەستاری زانستگای مەک گیل بوو… گیل دەخەوێنن و دەخەنە ژێر توندترین شێوەکانی دەرمانی. ٦٣ جار شۆکی ئەلکتریکی پێ دەدەن، بە شێوەیەک ھەر جارەو جەستەی وەک گۆیەک ھەڵبەز و دابەز دەکات و بە ھۆی تەکان و شەکانی زۆرەوە ئێسکی کەمەر، شەویلکە و ددانەکانی دەشکێنو خوێن لە دەمیەوە شێلگە دەبەستێت. کە دەیھەوآ بیرەوەرییەک بێنێتەوە یاد ١٥بۆ ٢٠ ساڵ لە ماوەکەیدا ھەڵە دەکات. کە دەیھەوآ کاتی رووداوێک بێنێتەوە یاد دەڵێت ساڵی ١٩٦٨ بوو…. دواتر تۆزێک دەوەستێت و دەڵێت، نە، نە ، ببوورە ١٩٨٣ بوو…

گییل ساڵانێکی زۆر نەیدەزانی بۆچی ناتوانێت ھیچکام لە بیرەوەرییەکان پێش تەمەنی ٢٠ ساڵی بێنێتەوە یاد، تا ئەوەی ساڵی ١٩٩٢ رۆژێک لە گەڵ ژنەکەی لە شەقامێک مۆنترالڕ پیاسە دەکەن، لە بەردەم دووکانێکی رۆژنامە فرۆشی چاوی بە رۆژنامەیەک دەکەوآ کە لە سەری نووسراوە،” ئەو قوربانیانەی مێشکیان شۆردراوەتەوە قەرەبوو دەکرێنەوە.” ئەمە ھەواڵە شۆکێکیتر بوو بۆ ئەو. ئەو وشانەی کە لە ژێرەوە بە وردتر نووسرابوو شتێکی ئاشنا بوو بۆی. بە مێردەکەی وت،”جی کاب، ئەم رۆژنامە دەکرێ؟” دواتر دەست بە جآ رۆشتنە نزیکترین چایخانەو بە پەلە وتارەکەی خوێندەوەو زانی چۆن رێکخراوی CIA لە دەیەی ١٩٥٠ تێچوونی ماڵی لێکۆڵینەوەی سەیرو سەمەرەی زانستگای مەک گەیلی گرتۆتە ئەستۆ.

ئەو نەخۆشانە بە مەبەستی دەرمان و چاک بوونەوە روویان دەکردە ئەم زانستگا، بۆ حەوتوویەک لە شوێنێک رادەگیران و بە درێژایی رۆژ شۆکی ئەلکتریکیان پێ دەدان و ھاوکات چەند جۆر دەرمان وەھم ھێنەر وەک L.S.D و P.C.P بە زۆر پێ دەدا کە بیخۆن. ئەو کات دۆکتۆر ئیۆن کامێرۆن سەرپەرەشتیاری ئەم پرۆژە لێکۆڵینەوە بوو تا ئەوەی سەرەنجام کۆتایی ساڵەکانی ١٩٧٠ دانی بەوەدا نا دەوڵەتی کاناداش لە ئامادە کردنی تێچووی ئابووری ئەم پرۆژەدا ھاوکاری C.I.A کردووە. بۆ ئەنجامدانی ئەم پرۆژە زانستییە ئامانجدارە رێکخراوی زانیارییەکانی ئەمریکا بە شێوەیەک کەڵکی لەو کەسانە وەردەگرت کە نەخۆشی دەروونییان بووە بەو مەبەستەی کە بتوانێت مێشکیان کۆنتڕۆڵ بکات… دۆکتۆر کامێرۆن لە سەر ئەو باوەڕە بوو کە بە شۆک دان بەو کەسانە دەکرێت مێشک و زەینی مرۆڤەکان بکرێت بە وەرەقێکی سپی و بە ویستی خۆت بیگۆڕیت. بەم شێوەیەی کە بە شۆکی ئەلکتریکی دان بە مێشکی کەسەکان کەسایەتی ئەمڕۆییان لە ناو ببرێت و سەر لە نوآ کەسایەتییەکی نوآ درووست بکرێت. ئەو رۆژە گییل بە خوێندنەوەی ئەم وتارە ترسێنەرە رووی کردە مێردەکەی و وتی “جی کاب، بۆیە من ھیچکام لە رووداوەکانی بەر لە ٢٠ ساڵیم لە بیر نییە، ھی ئەوەی مێشکم بە تەواوی شۆردراوەتەوە.”

کامێرۆن دەربارەی گییل لە یەکەم سەردانیدا بۆ نەخۆشخانە نووسیویەتی ، ھۆی ئاڵۆزی دەروونی گییل باوکیەتی کە تووڕەیەو ھەر دەم ئەزیەت و ئازاری دەدات. ھەروەھا دەربارەی گییل نووسیویەتی، گییل کچێکی “زیندوو” و ” کۆمەڵایەتییە.” بەڵام وەسفی گییل تەنھا چەند حەوتوو دوای دەست پێکردنی دەرمانەکەی کامێرۆن بە تەواوی جیاوازە…دۆکتۆر کامێرۆن لە وەسفی گییل دا دەنووسێت: کچێک بە بیرکردنەوەی سەیر و سەمەرە، شەڕاشۆ، رەشبین. گییل بە خوێندنەوەی ئەو وتارە دەڕواتە نەخۆشخانەو داوا دەکات دۆسییەی پزیشکییەکەی بۆ بێنن و دوای خوێندنەوەی تێدەگات ئیۆن کامێرۆن، بەرپرسی ئەنجومەنی پزیشکییە دەروونییەکانی ئەمریکا، بەرپرسی ئەنجومەنی پزیشکە دەروونناسەکانی کەنەدا و ھەروەھا بەرپرسی ئەنجومەنی جیھانی پزیشکە دەروونناسەکان بووە. ھەروەھا کامێرۆن یەکێک بووە لەو سێ دەروونناسە ئەمریکاییەی کە لە دادگا دەنگیان دا بە شێت بوونی رۆدۆلف ھێس و بە تاوانباری جەنگ ناوی لێدەبات. لە یەکەم ساڵەکانی ١٩٥٠ کامێرۆن بە تەواوی دژ بە روانگەکانی فرۆید و شێوەی دەرمان کردنی ئەو بوو کە وتار دەرمانی بوو. کامێرۆن دەڵێت: دەبێ ئۆلگوو و سەرچەشنی خەسارناسی(پاتۆلۆژی) رابردووی نەخۆشەکە تێک بشکێندرآ و مێشیکی بکرێت بە دەفتەرێکی سافی بێ نووسراوەو بە ویستی خۆت لە سەری شت بنووسە.

بەم شێوەیە ئەو نەخۆشە دەروونییە بێچارەیەی کە رووی دەکردە نەخۆشخانەی زانکۆی مەک گیل، دەکەوتە داوی پیلانەکەی کامێرۆنەوە. راپۆرتەکان ئەوە دەخەنە روو بە ھۆی ئەم گەڵاڵەو پلانەوە کە رێکخراوی زانیارییەکانی ئەمریکاCIA تێچووی ماڵییەکەی گرتبووە ئەستۆ، شۆکی ئەلکتریکی بەردەوام دەدرا بە نەخۆشەکەکان و بە رادەیەکی زۆر دەرمانی وەھم ھێنەر و حەبی خەویان پێ دەدان و ھەندآ جار نەخۆشەکە ٢٢ کاتژمێر لە رۆژدا دەخەوت، نەخۆشەکان ھەڵسووکەوتی سەیری و سەمەرەیان دەنواند و بەرەبەرە گەڕانەوە بۆ سەردەمانی منداڵی، بە شێوەیەک کە ماوەیەک دوای دەستپێکردنی دەرمانەکە قامکە گەورەی خۆیان دەمژی، پا ء جەستەیان کۆ دەکردەوەو بە تەنھایی نانیان نەدەخوارد و دەبایە کەسانێکیتر بە کەوچک خواردنیان بکردیابە بە دەمیانەوەو، دەگریان و داوای دایکیان دەکرد و سەرەنجام وەک مەلۆتکەیان لێدەھات و بە زیاتر کردنی رادەی دەرمانەکان و دووبارەی کردنەوەی شۆکی ئەلکتریکی ھێزی قسەکردن و رێگا رۆیشتنیان نەدەما(فیلمی ھەڵفڕین لە سەر ھێلانەی کوندەبووتان لە بیرە؟((وەرگێڕ)) ). کامێرۆن لە سەر ئەو باوەڕە بوو بە لە ناو بردنی کەسایەتی و گەڕاندنەوەی کەسەکە بۆ سەردەمی منداڵی ئەو دەرفەتە دەخولقێت کەسایەتییەکی نوآ بخولقێنین، ئەمە ھەمان ئەو تیۆرییە بوو پاوانخوازە نوێکان (کۆنسێرڤاتە نوێکان) لە سەر ئەو بنەمایە ھێرشیان کردە سەر عێراق ، گەڵاڵەی “شۆک و تۆقاندن”یان بەڕێوە برد و بە پێی تیۆرییەکەی کامێرۆن بە بۆمباران کردنی بیناکانی عێراق، ئەو وڵاتە کە شارستانییەتێکی کۆنی ھەیە دەگەڕێندرێتەوە بۆ چاخی بەردین بۆ ئەوەی بتوانن لەم وڵاتە دەوڵەمەندە بە ئامانجە ئابوورییەکەی خۆیان بگەن…

ئەنجام

ئەمە بەشی سەرەتایی کتێبی دێکترینی شۆک بوو لە نووسینی. نوومی کلاین، نووسەر، دەرھێنەر و رۆژنامەنووسێکی بە ئەزموونە کە زیاتر بە نووسینی کتێبی No Logo ناوبانگی جیھانی دەرکرد و لەو بەرھەمەدا، بە گشتی ، کۆمەڵێک بابەتی وەک ماڵە بێگارییەکانی ئەمریکا و ئاسیا( ئەو ماڵانەی کەسانێک ناچار دەکران بێگاری تێدا بکرێن، سانسۆر کردنی راگەیاندن و میدیاکان لە لایەن کۆمپانیا گەورە چەند نەتەوەییەکانەوە، گواستنەوەی کۆمپانیاکانی بەرھەم ھێنان بۆ وڵاتانیتر بە مەبەستی کەڵک وەرگرتن لە ھێزی کاری ھەرزانی ئەوآ و دەسەڵاتدارێتی کاڵا مارکدارەکانی وەک نایک، مەکدۆناڵد، شێل،، مایکرۆسۆفت بە سەر بازاڕی جیھانیدا. خاتوو کلاین لە دوایین بەرھەمیدا بە ناوی “دیکترینی شۆک، سەرھەڵدانی کارەساتی بۆرژوازی” رەخنە لە سیاسەتە ئەمڕۆییەکانی ئێمپریالیزمی ئەمریکا دەگرێت و لە سەر ئەو باوەڕەیە ئەم سیاسەتە لە سەر بنەمای تیۆرییەکانی میلتۆن فریدمەن شکڵی گرتووەو ئەو کاتەی ئابووری بۆرژوازی تووشی قەیران بووە، ئەمپریالیسم بە تووشی شۆک کردنی خەڵکی وڵاتەکەی و خەڵکانیتری جیھان ترس و خۆفی خولقاندووەو زۆر ئاسان روانگەو بۆچوونەکانی خۆی داسەپاندووە.

کلاین لە پێشەکی کتێبەکەدا دەڵێت:” فریدمەن بۆ یەکەم جار لە دەیەی ١٩٧٠، -ئەو کاتەی راوێژکاری ژێنراڵ پێنووشە، دیکتاتۆری شیلی بوو- شێوەی کەڵک وەرگرتن لە “قەیران” یان “شۆک لە ئاستێکی بەربڵاو” فێر بوو. کاتی کوودتای توندووتیژی ئامێزی پینووشە، نەک تەنھا خەڵکی شیلی بەڵکوو ھەموو وڵاتەکە کەوتە دۆخی شۆکەوە. فریدمەن ئامۆژگاری پینووشە دەکات بەم ھەنگاوانە زۆر زوو ئابووری وڵات بگۆڕێت: کەمکردنەوەی باج، ئازاد کردنی بازرگانی دەرەکی، تایبەتی کردنەوەی خزمەتگوزاری ئاو و کارەباو تەلەفۆن، کەم کردنەوەی تێچووی کۆمەڵایەتی دەوڵەت و نەھێشتنی یاسای بازار. سەرەنجام خەڵکی شیلی دیتیان قوتابخانە تایبەتییە کۆپنیەکان(بایەعییەکان) جێگای قوتابخانە دەوڵەتییەکان بگرێتەوە. ئەمە زۆرترین ئاستی گۆڕانی کاپیتالیستی بوو کە تا ئەو کاتە بەڕێوە چووبوو و بوو بە ھۆی شۆڕشی “قوتابخانەی ئابووری شیکاگۆ” … لە ئەمریکای لاتیندا زۆربەی خەڵک پێوەندییەکی نزیکیان دەبینی لە نێوان شۆکی ئابووری کە بە میلیۆن کەسی تووشی ھەژاری کرد و دیاردەی گشتگیری ئەشکەنجەکان کە سەدان ھەزار کەس سزادران.

لە شوێنێکیتردا دەربارەی وێرانکردنی پرۆژە ناتەواوەکانی قوتابخانەی دەوڵەتی لە ئەیالەتی نئۆئۆرلئانی ئەمریکا دەڵێت:” ئایدیای گۆڕانی بنەڕەتی کە مەبەستی فریدەن بوو ئەوە بوو بە لە بری ئەوەی پارەیەکی خەیاڵی ھەزاران میلیارد دۆلار سەرفی بونیادنانەوەی قوتابخانە دەوڵەتییەکان بکرێت، دەوڵەت کۆپن(فۆڕمی بایەعی) بنێڕیتە خزمەت بنەماڵەکان بۆ ئەوەی لە قوتابخانە تایبەتییە نادەوڵەتییەکان کە لە لایەن دەوڵەتەوە یارمەتی دەدرێن سەرف بکەن. بە گشتی ئەم تیۆرییە بە تیۆری دێکترینی شۆک ناودەبڕێت.

دێکترینی شۆک بە گشتی دەرخەری ھەڵسووکەوتی سیستەمی بۆرژوازییە بەرامبەر بە تاک، ھەڵبەت لێرەدا دەکرآ بە سیستەمی دەسەڵاتداری تۆتالیتەر یان دیکتاتۆر بابەتەکە پەرە پێبدەین. لە دێکترینی شۆکدا، ئەوەی گرنگە سڕینەوەی شوناسی راستەقینەی تاکە و پێبەخشینی شوناسێکیترە لەو جۆرەی کە دەسەڵات و ئایدۆلۆژیا و سیستەم دەیھەوآ. ئەو تاکانەی کە بە کارەبا و بە شۆک مێشکیان دەشۆردرێتەوە، دوای ماوەیەک ئیتر ھیچیان لە رابردوو لە بیر نییە، ئەوان مرۆڤێکیترن، لەو جۆرە مرۆڤانەی کە دەسەڵات دەیھەوآ. جا ئەم دەسەڵاتە دەسەڵاتێکی تۆتالیتەری بێت یان دەسەڵاتێکی دیکتاتۆری یان ھەر چەشنە دەسەڵاتێکیتری رەھا. بە لای ئەمجۆرە دەسەڵاتانەوە، مێژوو ئەو کاتە دەست پێدەکات کە ئەوان بە دەسەڵات دەگەن.

راستە ئەم کتێبەی نوومی کلاین تایبەت بە دەسەڵاتی بۆرژوازی ء ئەمریکا وەک گەورەترین زلھێزی بۆرژوازی، بەڵام ئەمە بە جۆرێک لە جۆرەکان خواستی سەرجەم دەسەڵاتە ئایدۆلۆژیاییەکانە کە دەیانھەوآ مرۆڤەکان بەو رەنگە دەربێن ئەوان دەیانھەوآ. شۆردنەوەی مێشکی کچە گەنجێکی نەخۆشی وەک “گییل” کە دواتر ھەموو بیرەوەرییەکانی خۆی لە بیر دەکات، ھەوڵدانە بۆ شۆردنەوەی مێشکی ھەموو کۆمەڵگا و سەر لە نوآ درووست کردنی مرۆڤەکان، لە بەشێک لە فیلمە ھۆلیوودییەکاندا و بە تایبەت ئەو فیلمانەی کە زیاتر بە فیلمی “بازاڕآ”یان “بازرگانی” دەناسرێن، ئێمە زۆر نموونەی لەم جۆرە دەبینین کە تاقم یان گرووپ یان دەسەڵاتێک دەیھەوآ بە گۆڕان لە ژێنیتکی کەسەکان، سەر لە نوآ مرۆڤێکی نوآ و جیاواز لەو مرۆڤەی ئێستا بخولقێنن. ئەمە حەزی شێتانەی دەسەڵاتەکان و بە تایبەت دەسەڵاتی بۆرژوازییە بۆ سەر لە نوآ بونیات نانەوەی جیھان بەو شێوەی خۆی حەز دەکات نەک ئەو شێوەی ھەیە.

•بۆ ئامادە کردنی ئەم بابەتە کەڵکم لە کتێبی ” دکترین شوک: ظھور سرمایەداری فاجعە” وەرگرتووە لە نووسینی خاتوو نوومی کلاین کە کە لە لایەن مێھرداد شەھابی و میر مەحموود نەبەوییەوە کراوە بە فارسی و چاپ و بلاوکردنەوەی ئاگە بڵاوی کردۆتەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button