وتاری وەرگێڕان

سیمۆن ڤەی، رزگاربووی هۆلۆکۆست و خەباتگێڕی مافی ژنان

ئان شۆمەن

 

 

سیمۆن ڤەی (Simone Veil)، رزگاربووی ئاشۆڤەیس، وەزیری پێشتری تەندروستی، ئەندامی ئاکادێمیای فەرەنسا و یەکەم سەرۆک پەرلەمانی ئەورووپا بوو. رۆژی ٣٠ جوونی ٢٠١٧، لە تەمەنی ٨٩ ساڵیدا ماڵئاوایی لە ژیانکرد. سەرەتای مانگی جوونی ٢٠١٨ و یەکساڵ دوای مردنی، تەرمەکەی بە ئامادەبوونی ئێمانۆئێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا، گوێزرایەوە بۆ “پانتئۆن”، کە گۆڕستانی کەسایەتییە دیارە کەلتووری و  مێژووییەکانی فەرەنسایە. لەم بابەتەدا باس ئەکرێت لە ژیان و چالاکییە کەلتووری و سیاسییەکانی سیمۆن ڤەی.

ژمارەیەکی بەتاتۆ کوتراو لە سەر باڵی چەپ

بۆ سیمۆن ڤەی ( لەدایکبووی ١٣ی جوونی ١٩٢٧، بە نازناوی ژاکووبەوە، لە شاری نیس، لە باشووری فەرەنسا) پرسی جوو بوون هێشتا پرسێکی کەلتووری بوو. بنەماڵەکەی کە چەند سەدە بوو لە فەرەنسا دەژیان، زۆر گرێدراوی رێ و رەسمەکان و کەنیسەی جووەکان نەبوون. سیمۆن ڤەی لە کتێبی ژیاننامەکەی خۆیدا نووسیبووی :” ئەوەی کە باوکم سوور بوو لەسەر ئەوەی مافی ئەندامبوون لە کۆمەڵی جووەکانمان ببێت، لەبەر باوەڕە ئایینییەکەی نەبوو، بەڵکوو هۆکاری کەلتووری بوو. ئەو لای وابوو ئەگەر جووەکان نەتەوەیەکی هەڵبژێردراو ماونەتەوە لەبەر ئەوە بوو کە خەڵکانێک بوون خاوەن کتێب، بیرکردنەوەو نووسین”. ئاندرێ ژاکۆب، دایکی سیمۆن ڤەی، باوکی سیمۆن ڤەی، بیناسازێکی سەرکەوتوو بوو و دووهەمین خەلاتی گەورەی رۆمی بۆ بیناسازی بەدەست هێنابوو. هاوژینەکەی، دایکی سیمۆن ڤەی، کوت و پڕ وازی لە خوێندنی لە بواری کیمیا هێنا و هەموو کاتی خۆی بۆ بەخێوکردنی چوار مناڵەکەی دانا: دۆنیز، میلۆ ( مادلێن)، ژان، سیمۆن کە نازادی دایکی بوو.

لە سەردەمی جەنگی جیهانی دووهەمدا، دەولەتی فەرەنسا بە بنەماڵی ژاکۆبی راگەیاند بنەماڵە جووەکان ناتوانن لەگەڵ بنەماڵەکانیتر خاوەن مافی یەکسان بن. ساڵی ١٩٤٠، یاسای پێداچوونەوە بە ( دۆخی جووەکان) بوو بە هۆی ئەوەی باوکی سیمۆن لە کار دەربکرێت و ئەمەش یاسایەکی زۆر بێبەزەییان بوو: ئەم کۆنە سەربازەی سەردەمی جەنگی یەکەمی جیهانی کوت و پڕ مافی کارکردنی لێ سەندرایەوە. سێ ساڵ دواتر، بنەماڵەی ژاکووبەکان، کە لە نیسی فەرەنسا گیرسابوونەوەو خۆیان شاردبۆوە لە لایەن ئەڵمانییەکانەوە دەستگیرکران. بەرەبەیانی ١٣ی ئاپریلی ١٩٤٤، سیمۆن لەگەڵ دایکی و خوشکەکەی سواری ڤاگۆنێکی باری کران ( کە زیاتر بۆ گواستنەوەی ئاژەڵەکان بەکار ئەهات) و دوای دوو رۆژ و نیو، لە نیوەی شودا، گەیشتنە بەر درگای کەمپی ئاشۆڤەیتس- بێرکناو ( Auschwitz-Birkenau)لە پۆڵەندا. لە ناو ریزی دیلەکاندا و لە ناو سەگەکاندا، یەکێک لە سەربازەکان ئامۆژگاری سیمۆنی ١٦ ساڵ و نیو تەمەن ئەکات ئەگەر دەیهەوێت نەنێردرێتە ژووری گازەوە، بڵێت ١٨ ساڵم تەمەنە.

بەرەبەیانی رۆژی دواتر، لەسەر باڵی چەپی سیمۆن ژمارەیەکیان تاتۆکرد کە جۆر و شوینی کارەکەی، کە پەرەپێدان و گەورە کردنەوەی شوێنی زیندانییە نوێکان بوو، دیاری ئەکرد. سیمۆن لەگەڵ دایک و خوشکەکەی نێردرانە چەند کیلۆمەتر دوورتر لە کەمپی ئاشۆڤەیتس- بێرکناو.، بۆ ئەوەی کاری تاقەت پڕووکێنی ئیش کردن لە سەر زەوی دەست پێ بکەن. دوای ٩ مانگ، رێکەوتی ١٨ی جێنیڤەری ١٩٤٥، ئەڵمانییەکان لەبەر ئەوەی نیگەرانی هێرش و هاتنە پێشەوەی هێزەکانی یەکیەتی سۆڤەیەت بوون، چل هەزار کەس لە زیندانییەکانیان لە ناو کەمپەکە کۆکردەوە: ئەمە سەرەتای ” رێپێوان ( مارش)ی مەرگ”( Death march) بوو. سیمۆن لەگەڵ دایکی و خوشکەکەی ٧٠ کیلۆمەتر لە ناو بەفر و بۆراندا بە پێ رێیان کرد بۆ ئەوەی بگەنە دیلەکانیتر لە شوینی ڤارگۆنەکان، دواتر گوێزرانەوە بۆ کەمپی ماوتهازن ( Mauthausen concentration camp) و دواتر گوێزرانەوە بۆ کەمپی کاری زۆرەملێی بێرگن- بێلزن ( Bergen-Belsen concentration camp).

بیروەرییەکانی هۆلۆکۆست

جەنگ بەرەو کۆتایی ئەچوو، بەڵام بنەماڵەی ژاکۆبەکان کەسێکی وایان لێ نەمابۆوە: سیمۆن ڤەی، لە کەمپی بێرگن- بێلزن بە هۆی نەخۆشی تیفووسەوە دایکی لەدەست دابوو، باوک و،  براکەی، ژان، دوورخرابوونەوە بۆ کەمپەکانیتر. سیمۆن تا چەند ساڵ دواتر نەیزانی چی بە سەر ئەم دوو پیاوەی بنەماڵەکەیدا هاتووە. ساڵی ١٩٧٨، ئەو کاتەی وەزیری تەندروستی فەرەنسا بوو، سێرژ کلارسفێڵد (Serge Klarsfeld) پارێزەری ناوداری فەرەنسی و راوچی نازییەکانئ بینی. کلارسفێڵد ئەگێڕێتەوە:” من ماوەیەک لەوە پێش کتێبێکم بۆ باسکردن و رێزگرتن لە جووە فەرەنسییە دوورخراوەکان بڵاوکردۆتەوە کە ناوی ٧٦٠٠٠ جووی فەرەنسی تێدایە کە دوور خراونەتەوە، ئەم لیستەیە ناو و نازناو، شوێن و رێکەوتی لە دایکبوونی ئەو کەسانەی تێدایە. ئەو رۆژە لە وەزارەتی تەندروستی پێمگوت باوک و براکەی لەگەڵ گرووپی ٧٣ دا  فەرەنسایان بەجێ هێشتووە. نێردراون بۆ کۆناس، لە لیتڤانی و ژمارەیەکی لە دوور خراوەکانیان ناردووە بۆ تالین لە ئێستۆنیا. لە ناو ئەندامانی ئەم گرووپەدا کە نێردراون و ٨٧٨ کەس بوون، تەنها ٢٣ کەس توانیویانە ڕزگاریان بێت و نەمردوون. هیچکامەیان نەیاندەزانی باوک و براکەی سیمۆن -ڤەی لە کوێ و کەی کوژراون”.

 

وەک بەشێکی زۆر لە رزگاربووەکانی کەمپەکانی مەرگ، سیمۆن -ڤەی هیچکات ئەوەی نەشاردۆتەوە کە ئەو چەند مانگە زۆرەی کە لە ئاشۆڤەیتس- بێرکناو دیل بووە، زۆرترین کاریگەری لەسەر هەموو تەمەنی داناوە. لە ژیاننامەکەیدا کە سالی ٢٠٠٩ بڵاو کراوەتە نووسیبووی :” لام وایە ئەو دەمەی لە سەرەمەرگدام و کاتی مردنم دێت، تەنها شتێک لە مێشکمدا دەمێنێتەوە بیرەوەرییەکانی هۆلۆکۆستە”. بە پێچەوانەی ژمارەیەک لە رزگاربووەکان، سیمۆن-ڤەی پێی باش بوو تاتۆیەک کە بیرەوەری ئاشۆڤەیتس بوو لە سەر باڵی چەپی ( ژمارەی ٧٨٦٥١) بهێڵێتەوە. پییەر فرانسوا، کوڕی سیمۆن -ڤەی ئەڵیت :” ژمارەیەک لە رزگاربووەکان پێیان باشە ئەو تاتۆیەی کە نازییەکان لە سەر باڵیان کوتاون بسڕنەوە، بۆ ئەوەی بتوانن ژیانێکی نوێ دەست پێ بکەنەوە. بەڵام هەندێکیان وایان پێ باشە هەموو رۆژێک بەرامبەر بە بیرەوەرییەکانیان بوەستنەوەو لەبیری نەکەن. دایکم لەو تاقمەی دووهەم بوو. بە هاویناندا کە باڵی لە ژێر کراسدا نەدەشاردراویەوە، ئاسانتر لە هەموو کات ئەمانتوانی ژمارە تاتۆکراوەکە ببینین”.

سیمۆن بەردەوام هەوڵی ئەدا بۆ ئەوەی بیرەوەرییەکانی هۆلۆکۆست زیندوو بهێڵێتەوە. ئەو بوو بە سەرۆکی فەخری ” دامەزراوەی بیرەوەرییەکانی هۆلۆکۆست” و ساڵی ١٩٩٥، پێشوازی کرد لە ریالیست بوونی ژاک شیراک کرد، لەبەر ئەوەی شیراک وەک سەرۆککۆمار بۆ یەکەمجار بەرپرسایەتی وڵاتەکەی بەرامبەر بەو خەڵکە جووەی کە دوور خرابوونەوە بۆ ئاشۆڤەیتس گرتە ئەستۆ و بە فەرمی ناسی. هۆلۆکاست برینێک بوو کە هێشتا دەبوایە ساڕێژ بکرایەت. سێرژ کلارسفێڵد لە لێکدانەوەکەی خۆیدا ئەڵێت:” دوای کۆتایی هاتنی جەنگ، رزگاربووەکان دەیانزانی لە رووداوێکی زۆر تراژێک، رووداوێک کە وێنەی نەبوو، رزگاریان بووە: هەوڵدان بۆ لەناوبردنی یەکێک لە کۆنترین نەتەوە مێژووییەکان. هەندێکیان برینەکانی ئەم کارەساتە گەورەیە لە سەر رۆح و دەروونیان مایەوەو تا ئەو کاتەی زیندوون لەگەڵ ئەو ئازارانەدا ئەژین. ژمارەیەکیان بەڵام جۆرێک بەهێز دەرکەوتن و توانیان خۆیان بگرنەوە کە تەنانەت مناڵ خستنەوەو سەرکەوتن لە کارەکانیان، وەک سەرکەوتن بە سەر نازییەکان دەبینی، وەک ئەوەی بیانهەوێت ببن بە هۆی شانازی بنەماڵەیەک کە لەدەستیان چبوو. بێگومان سیمۆن -ڤەی یەکێک بوو لەو کەسانە”.

 

 

 

تواناکانی رزگاربوویەک

 

دوای ماوەیەک لە گەڕانەوەی بۆ فەرەنسا، سیمۆن -ڤەی خەڵک و سەردەمەکی خۆی بە هێزە بێ وێنە و تایبەتەکەی خۆی، وەک کەسێک کە رزگاربووی ئاشۆڤەیتس بوو، بردە ژێر پرسیارەوە. فرانسوا دو پانافیو، نوێنەری پێشتری پەرلەمانی فەرەنسا ئەڵێت:” سیمۆن  غەریزەی مانەوەی زۆر بەهێز بوو، دەیویست بۆ تا هەتایە ناوی بمێنێتەوە. ئەو دەمەی کە دەبین بە رزگاربووی گەورەترین کارەساتی سەدەی بیستەم، رەنگە نەتوانین ئیتر وەک کەسانیتر ژیان ببینین و دونیا وەک ئەوان نابینین. مناڵەکان، کار و سیاسەت بۆ ئێمە مانایەکیتریان ئەبێت. سیمۆن هەموو کارێکی کردووە شکست بە مەرگ بهێنێت. ئەو دەیویست بەلای مناڵەکانی، خزمەکانی و بەتایبەت ئەوانەی لە دەستی چووبوون وەک نموونە و سەرچەشنێک بمێنێتەوە.” سیمۆن – ڤەی دەستبەجێ و دوای رزگاربوون لە کەمپی ئاشۆڤەیتس، لە زانکۆی زانستە سیاسییەکانی پاریس (Sciences Po) ناوی نووسی، دواتر ژیانی هاوسەری پێک هێنا، بوو بە دایکی سێ مناڵ، بڕیاریدا ئەو وانانەی لە دایکیەوە فێری ببوو جێبەجێی بکات:  ژنێک بۆ ئەوەی سەربەخۆ بێت پێویستە کار بکات و خاوەنی ئیش و پیشەی خۆی بێت. دوای مشت و مڕێکی زۆری بنەماڵەیی، سیمۆن توانی ئانتوان -ڤەی هاوژینی رازی بکات بەوەی رازی بێت ئەو لە دادگا کار بکات.

سیمۆن – ڤەی بەشداری چالاکانەی هەبوو لە کۆڕ و کۆبوونەوەکانی ” بزووتنەوەی کۆماریخوازی خەڵکی)، حیزبێک کە هاوژینەکەی ئەندامی بوو. بەمەشەوە هەندێجار هەستی ئەکرد زیاتر لە بزووتنەوەی چەپ نزیکە: زۆر   شەیدا و عاشقی پییەر مێندس – فرانس (Pierre Mendès France) رێبەری “حیزبی ڕادیکاڵ” بوو، چەندجار لە هەڵبژاردنەکان دەنگی بە سۆسیالیستەکان دابوو، پەیوەست ببوو بە سەندیکای یەکیەتییە کرێکارییەکانەوە. سیمۆن-ڤەی رێزی لە بوێری خوێندکارەکان لە سەردەمی شۆڕشی مانگی مەی ١٩٦٨ دەگرت و بەڕێزەوە باسی ئەکردن. لەم بارەوە نووسیبووی :” بەپێچەوانەی کەسانیتر من لام وا نەبوو ئەم گەنجانە هەڵە ئەکەن. ئێمە بە ڕواڵەت ژیانمان باش بوو و لەخۆشیدا ئەژیاین، بەڵام لە کۆمەڵگایەکی چەقبەستوودا ئەژیاین”.

سیمۆن لە هەڵبژارندەکانی سەرۆککۆماری ١٩٦٩ دا دەنگ دا بە ژۆرژ پۆمپێدۆ (Georges Pompidou) ، بێئەوەی بزانێت بڕیار وایە خۆی ببێت بە یەکێک لە ئەندامانی کابینەکەی. سیمۆن یەکەم ژنبوو بوو بە سەرۆکی ” ئەنجومەنی باڵای دادوەری”، دوای ئەوەش یەکەم ژن بوو وەک دەستەی بەڕێوبەری  ” نووسینگەی رادیۆ و تەلەفیزیۆنی فەرەنسا ” (ORTF) هەڵبژێردرا. ژان ئەڵیت:” باوک و دایکی ئێمە، باوک و دایکێکی ئاسایی نەبوون. ئەو کاتەی دایکی هاوڕێکانم لە ماڵەوە خەریکی یاری کۆنکەن و وەرەق بوون، یان کاری ماڵەوەیان ئەکرد، دایکم شەو و رۆژی ئەخستە سەر یەک و کاری ئەکرد”. پییەر فرانسوا ئەڵێت:” ئەو کاتەی دایکم لە دادگا کاری ئەکرد، ئێمە لە نزیکی گۆڕەپانی ” سێنت ئاندرێ- دیزار” دەژیاین. دایکم نیوەڕوان بە پەلە دەهاتەوە بۆ مالەوە بۆ ئەوەی لەگەڵ ئێمە نان بخوات، بەڵام زۆربەی کاتەکان خواردنەکەمان لە وێستگەی پاس تەواو ئەکرد، لەبەر ئەوەی درەنگ کەوتبووین!” ژان – ڤەی ئەڵێت:” دایکمان ئەوەندەی گرینگی بە ئاکار و هەڵسووکەوتمان ئەدا، گرینگی بە وانەکان و ئەرک نووسینەوەمان نەئەدا. ئەو شتەی دایکم لێی ئەترسا و ئازاری ئەدا ئەوە بوو کە ئێمە کاتمان و ژیانمان بەفیڕۆ بدەین و کارێک نەکەین”.

سیمۆن- ڤەی وەک چۆن سوور بوو لە سەر ئەوەی کارەکانی خۆی جێبەجێ بکات، بە هەمان شێوە دەیوست کات دابنێت بۆ مناڵەکانیشی، هەربۆیە زۆر خێراتر کارە ئیدارییەکانی خۆی تەواو ئەکرد. بەڵام ساڵی ١٩٧٤، کاتێک بنەماڵەی (ڤەی) لەگەڵ هاوڕێکانیان خەریکی خواردنی نانی ئێوارە بوون، خزمەتکارەکە داوای لە سیمۆن کرد مێزی نان خواردنەکە جێ بهێڵێت ، بە تەلەفۆن کاریان پێی بوو: ژاک شیراک، سەرۆک وەزیرانی فەرەنسا دەیویست قسەی لەگەڵ بکات. سیمۆن لە کتێبی بیرەوەرییەکانیدا کە ساڵی ٢٠٠٩ چاپ بوو ئەڵێت:” داوای لێکردم ئەگەر حەز ئەکەم وەک وەزیری تەندروستی بچمە ناو کابینەکەیەوە. من دادوەر بووم،  تا ئەو کاتە تەندوستی و بواری تەندروستی ئەو شتە نەبوو کە بووبێت بە گرینگترین کارەکانی ژیانم. بەمەشەوە، دوای دوو دڵییەکی زۆر، سەرەنجام رازی بووم بە پێشنیارەکەی. لەبەر خۆمەوە وتم: ئااای خوایە، خۆم خستۆتە چ گێژاوێکەوە!”

ئەرکەکانی وەزیری تەندروستی زۆر قورس بوون: ئەنجومەنی ” رێکخستنی بنەماڵە” بڕیاری بوو پرسی لەبار بردنی کۆرپەلە بە شێوەی شاراوەو نایاسایی تاوتوێ بکات. میشێل پۆنیاتۆسکی، وەزیری پێشتری تەندروستی، سیمۆنی ئاگادار کردبۆوە کە ئەبێ زۆر زوو بپەرژێتە سەر ئەو بابەتەو کاری لەسەر بکات. سیمۆن -ڤەی زۆر زوو رەشنووسێکی بۆ یاسایی کردنی لەبار بردنی کۆرپەلە داڕشت، ئەمە وایکرد هەر لە سەرەتای کارەکەوە هێرش بکرێتە سەری و هەزاران نامەی سووکایەتی ئامێزی بۆ بچێت. فرانسوا پانافیو ( کەسێک کە دایکی ، هێلێن میسۆڤ، جێگری وەزیری تەندروستی لەو حکوومەتەدا) ئەگێڕێتەوە :” لەم سەردەمەدا، ژمارەیەکی زۆر لە هاوڕێکانی سیمۆن- ڤەی خۆیان ئەبوار لەوەی کە بیبینن، ئەوانیتریش تا ئەو شوێنەی بۆیان ئەکرا، تەنانەت ناویشیان نەدەهێنا. ئەمڕۆکە زۆر ئەستەمە بتوانیت باس لەو ئاستە لە توندووتیژی و مشت و مڕەکانی ئەو سەردەمە بکەیت و وێنای بکەیت کە دۆخەکە چەند قورس بوو”.

رێکەوتی ٢٦ی نۆڤەمبەری ١٩٧٤، کاتێک کە چالاکانی بواری مافەکانی ژنان بۆ پشتیوانیکردن لە سیمۆن و رەشنووسی یاساکە، لەبەردەم کۆشکی بۆربۆن (Palais Bourbon) کۆببوونەوە، سیمۆن بۆ بەرگری کردن لە رەشنووسی یاسای پێشنیارکراو لە پەرلەمان ئامادە بوو و قسەی کرد:” ئیتر ناتوانین ئەوە لە بەرچاو نەگرین کە هەموو ساڵێک سێسەد هەزار کۆرپەلە لەبار ئەبرێن و ژیان و تەندروستی ژنانی ئەم وڵاتە ئەخرێتە مەترسییەوە، رووداوێک کە دژی یاساکانی ئێمەیە و ئەوانەی ئەم کارە ئەکەن بە چاوی سووک دەبیندرێن و هەست بە سووکایەتی ئەکەن و دەروون و رۆحیان بریندار ئەبیت… من یەکێک نیم لەو تاقمەی لە داهاتوو ئەترسن. جیلی نوێ و گەنجەکان زۆرجار ئێمە شۆک ئەکەن، لەبەر ئەوەی زۆر جیاوازییان هەیە لەگەڵ جیلی ئێمە. ئێمەش مناڵەکانی خۆمان جیاواز لە بەرەو جیلی خۆمان پێ گەیاندووە. بەڵام ئەمانە گەنجانێکی نەترس و بوێرن، ئەوان بەو پەڕی وزەوە ئامادەی هەرجۆرە لە خۆبردوویەکن. با متمانە بەم جیل و بەرەیە بکەین بۆ ئەوەی بەها بەرزەکانی خۆی لە ژیاندا بپارێزێت.”

لە وەڵامی سیمۆن-ڤەی دا، رێنە فیت، یەکێک لە نوێنەرەکانی پەرلەمان وتبووی :” گوێ بگرن لە دەنگی لێدانی دڵی کۆرپەلەکان!” ژان فوایە، نوێنەرێکیتر،  ” دروستکردنی ” کوشتارگەکان”ی شەرمەزار کردبوو کە ” جەستەی کۆرپەلەکانی تێدا لەناو ئەبرێت.” ژان – ماری دایە، یەکێکتر لە نوێنەرەکان وتبووی :” رابردووی سیمۆن-ڤەی وەک یەکێک لە رزگاربووەکانی ئاشۆڤەیتس لەبیر بکەن، ئەو کۆرپەلانە بێننە بەرچاوی خۆتان کە فڕێ دەدرێنە ناو ( کورەی مرۆڤ سووتاندنەوە) ! ” زۆر قورس بوو ئەم ” تاقیکردنەوەی ئاگرە” تێپەڕێنیت. بەڵام لە هەموو مشت و مڕەکاندا، سیمۆن-ڤەی وەک ژنێکی سیاسەتمەداری بەهێز و بە توانا دەرکەوت و سەرەنجام سەرکەوت.

سەرۆکی پەرلەمانی ئەورووپا

سیمۆن-ڤەی پێنج سال وەک وەزیری تەندروستی کاری کرد، ئەمە ئەو پۆست و پلەیە بوو کە جارێکیتر لە ساڵی ١٩٩٣ بۆ ١٩٩٥ لە سەردەمی حکوومەتی ئێدوارد بالادۆر (Edouard Balladur) بەدەستی هێنایەوە. ڤەی لەم ساڵانەدا ناوبانگی زۆری پەیدا کردبوو و زۆر خۆشەویست بوو. ساڵی ١٩٧٧، ئەو کاتەی ئانتوان-ڤەی، خۆی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پاریس هەڵبژاردبوو، دەنگدەرەکان بەردەوام لێیان دەپرسی ئاخۆ ئەو ” مێردی سیمۆن-ڤەی”ە، ئەویش بە پێکەنینەوە وەڵامی ئەدایەوە، نا، سیمۆن- ڤەی هاوژینی ئەوە!

ساڵی ١٩٧٩، والیری ژێسکار دێستن (Valéry Giscard d’Estaing)، سەرۆککۆماری ئەو کاتی فەرەنسا، کە عاشقی کارە سیمبۆلیک و گرینگەکانی سیمۆن بوو، بڕیاریدا سیمۆن-ڤەی، کە ماوەیەک بوو ببوو بە جێگری ئەورووپایی دەوڵەت، بۆ یەکەم سەرۆکی پەرلەمانی ئەورووپا بپاڵێویت، سیمۆن-ڤەی بە زۆرینەی دەنگ وەک سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژێردرا. ئەو لە بیرەوەرییەکانیدا نووسیبووی :” ئەوەی کە دوورخراوەیەک و کەسێک کە پێشتر لە ئاشۆڤەیتس لە زیندان بووە وەک سەرۆکی پەرلەمانی نوێی ئەورووپا لە ستراسبۆرگ هەڵدەبژێردریت رووداوێکی هیوابەخش بوو بۆ داهاتوو.” ژاک دیلۆرز (Jacques Delors) ( سیاسەتمەداری فەرەنسی و سەرۆکی پێشتری کۆمیسیۆنی ئەورووپا) کە باس لەو ساڵانە ئەکرێت ئەڵیت :” پەرلەمانی ئەورووپا یەکەم هەنگاوەکانی هەڵدەگرت، هەموو شتێک نوێ و تازە بوو و ئامادە بوو بۆ ئەوەی دروست بکریت و بونیاد بنرێت. ئێمە لە سەرەتای رێگەدا بووین و دەمانویست ئەورووپایەکی نوێ و زیندوو بونیاد بنێین، بەڵام سیمۆن-ڤەی لە سەردەمی سەرۆکایەتی خۆیدا، توانا بێ هاوتاکانی خۆی خستبووە روو و سەلماندبووی چەن کەسێکی بەتوانایە، ئەو توانای بڕیاردانی هەبوو. ئەو (سیمۆن-ڤەی) لە وتەکانیدا بە بۆنەی وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان زۆر بە وردی و بە باشی باسی لە کێشەکانی بەردەم دروستبوونی ئەورووپایەکی یەکگرتوو کردبوو”.

لە ساڵەکانی ١٩٩٠، سیمۆن-ڤەی لە دونیای سیاسەت دوور کەوتەوە بۆ ئەوەی هەموو توانا و کاتی خۆی بۆ ” ئەنجومەنی یاسای بنەڕەتی” دابنیت. لە دوایین ساڵەکانی دەیەی ٢٠٠٠ ( ٢٠٠٠ بۆ ٢٠١٠) بەرە بەرە چالاکییە کۆمەڵایەتییەکانی خۆی کەم کردەوە: ڤەی ساڵی ٢٠٠٧ وازی لە ” ئەنجومەنی یاسای بنەڕەتی” هێنا و دواتر لە سەرۆکایەتی ” دامەزراوەی یادکردنەوەی هۆلۆکۆست” کشایەوە. لەم ساڵانەدا ( ڤەی) مێرد و خوشکەکەی مردبوون، ئێستا ئەگەڕایەوە بۆ لای بیرەوەرییەکانی خۆی :” بیرەوەری  بنەماڵە و خزمانی، هەڵبەت یادکردنەوەی قوربانییەکانی هۆلۆکۆست. ئەو وتبووی :” زۆر باش ئەزانم کاری ئێمە لەگەڵ ئەوان هیچکات کۆتایی نایەت، بۆ هەر کوێ بڕۆین ئەوان لەگەڵمانن، زنجیرەیەکی گەورە دروست دەکەن کە ئەوان بە ئێمە، رزگاربووەکانەوە، گرێ ئەدەنەوە”.

 

سەرچاوە:

https://www.aasoo.org/fa/articles/%D8%B3%DB%8C%D9%85%D9%88%D9%86-%D9%88%DB%8C%D8%8C-%D8%A8%D8%A7%D8%B2%D9%85%D8%A7%D9%86%D8%AF%D9%87%E2%80%8C%DB%8C-%D9%87%D9%88%D9%84%D9%88%DA%A9%D8%A7%D8%B3%D8%AA-%D9%88-%D9%85%D8%A8%D8%A7%D8%B1%D8%B2-%D8%AD%D9%82%D9%88%D9%82-%D8%B2%D9%86%D8%A7%D9%86

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button