وتاری نووسین

سروودێ بۆ مەرگ، وەسییەتێک بۆ ژیان

سروودێ بۆ مەرگ، وەسییەتێک بۆ ژیان

 

لە قەندیلی سەربەرزەوە هەواڵت بۆ ئەنێرمەوە

شەهیدبوونمان شانازییە، هاوڕێ رەنگە نەتبینمەوە

 

کەم کەسمان هەیە ئەم سروودەمان یان لانیکەم بەشێک لەم سروودەمان لەبەر نەبێت. رەنگە هەبن کەسانێک نەزانن ئەو سروودە کێ وتوویەتی،بەڵام کەمن ئەوانەی ئەو سروودەیان نەبیستبێ. سروودێک کە ئەوپەڕی لەخۆبردوویی و گیانبازی ئینسانێکی تێدایە لە پێناو نیشتمان. خاوەنی سروودەکە لە وتووێژێکدا ئەڵێت سەرەتا سروودەکە ” لەتەرەغەی سەربەرزەوە” بووە، بەڵام کە قەندیل و گەورەیی قەندیلی بینیوە گۆڕیویەتی بە “لە قەندیلی سەربەرزەوە”. وشەکانی ناو ئەم سروودە سادەن، وەک سادەیی ئەو پێشمەرگەی بە خۆی و کڵاشینکۆفێک و ٦ مەخزەن و ٢ نارنجۆکەوە خۆی ئامادە کردووە بچێت بە قورگی دوژمنا و پێی بڵێت :

هێزی پێشمەرگە نابەزن، هەموو شۆڕشگێڕن ئەمڕۆ

ئەمە هاوارێکە بەرامبەر بە دوژمن، لە شیعری،  ئەسپسواری بڕۆنزی (The Bronze Horseman)  لە نووسینی پووشکین، قارەمان بەرامبەر بە پەیکەرەی پێترا ئەوەستێتەوەو پێی دەڵێت :” وەستابێ بە سەرتەوە… هێشتا حسێبمان ماوە” ، ئەمە هاوارێکە سەرتاپای بزووتنەوەی مۆدێرنیتی گرتۆتەوە. هاواری قارەمانە بەرامبەر بە پێترای مەزن. لەم سروودەدا، بە سادەترین وشەکان، ئەو هاوارەی کە سەرتاپای مۆدێرنیتی گرتۆتەوە، دەوترێتەوە، قارەمانەکان نەک لە گۆڕەپانی سەرەکی شار، لە لوتکەی قەندیلی سەربەرزەوە هاوار ئەکەن” ژێنراڵ وەستابێ بە سەرتەوە. ئێمە ماوین، ئێمە شۆڕشگێڕین”، لە مەرگ باکمان نییە، شەهیدبوونمان شانازییە، دایکان بۆمان مەکەن ڕۆڕۆ.

لە بەشێکیتری سواری برۆنزیدا هاتووە:

جخار هەموو شت لەناو ئەچێت

پەناگە و خواردنیش

ئێتر لە کوێ بێنم؟

لای خەلیلی ئەم هاوارە ئەبێت بە :

زۆر لە مێژە ژانی گەلم، دەسووتێنێ جەرگ و دڵم

بەگیان، بە خوێن دەیپارێزم، ئاو و خاک و مەتەرێزم

خەلیلی شیوەن ناکات، پێشتریش داوایکردووە لە دایکان شیوەن نەکەن. هاواری قارەمان (پێشمەرگە) وەستانەوەیە، تا ئەو دەمەی نووکی رمەکەی ئەکات بە سینگ دوژمندا، یان ئەوەیە خۆی لەناو دەچێ و بە گیان و خوێن، پارێزگاری لە مەتەرێزی خۆی ئەکات، یان ئەوەیە نووکی رمی ئەم قارەمانە ئەچێت بە سینگی دوژمنا. لەم دێڕە سادانەدا، قارەمان (پێشمەرگە) دەستەوەستان نیە، قەندیلی لە پشتە و هاوارێکی لە قوڕگدایە لەرزە ئەخاتە گیانی دوژمنەوە.

پووشکین لە سواری برۆنزیدا، لایەنگری تێزارە کە لە لایەن (پپوتەر) یان (پێترا)وە دەسەڵاتەکەی رووخاوە. ئەو وەفادارە بە تێزار و بەداخەوە ئەڕوانێت بۆ مەرگی تێزار، بەڵام وەفاداری لە دێڕ بە دێڕی رستەکاندا ئەبینرێت.

لە سروودی ” لە قەندیلی سەربەرزەوە”، هەمان ئەو وەفاردارییە ئەبینرێت. وەفاداری بۆ هاوڕێی شەهید، قازی/ ئارام/ شوان و هەموو شەهیدەکان. هاواری تۆڵە سەندنەوە ئەکات، تۆڵە سەندنەوەیەک لە رۆژی هیمەتتدا، تێکدانی سەفی دوژمن.

هاوڕێی شەهید لەبیر مەکەن، رێگای قازی قەت ون مەکەن

هاوڕێیان رۆژی هیمەتە، سەفی دوژمن لەت لەتە

رۆژی تۆڵە ئەستاندنە، بەیداخی کورد هەڵکردنە

بەیداخ هەڵکردن، نیشانەی سەرکەوتنە، لە سواری برۆنزیدا، قارەمان نێزەکەی خۆی لە زەوی ئەکوتێت، نەیزەکەی بەیداخی لەسەرە، روو بە پەیکەرەی دوژمن ئەڵێت، ئێمە هەین. لە سروودی قەندیلدا، روو لە هاوڕێیان ئەکرێت، داوا ئەکات بەیداخی خۆیان هەڵبکەن. بەیداخ هەڵکردن رەنگە هێماییترین نیشانەی سەرکەوتن بێت لە مەیدانی جەنگدا، قارەمان لەم سروودەدا داوا ئەکات بەیداخێک کە ئیزنی هەڵکردنی پێنەدراوە، بە تۆڵە سەندنەوە هەڵی بکەن.

قارەمان (پێشمەرگە) لەم سروودەدا لەگەڵ ئەوەی بەرامبەر بە دوژمن وەستاوەتەوەو بە دەنگی بەرز دەنرکێنێ، وەسیەت ئەکات، وەسیەتێک نەک لە رووی دەستەوەستانییەوە، وەسیەتێک کە نرکەی شێرانەی پێشمەرگەی پێوەدیارە بەرامبەر بە دوژمن. وەسیەتێك کە مەرگدۆست نیە، ژیاندۆستە، بۆ ژیان ئەمرێ نەک بۆ مردن بژی.

ئەو سروودەی کە هەموومان گوێمان لێبووە، هەموومان لەم رۆژانەدا و دوایی ژیانئاوایی (تاهیر خەلیلی) ئەیڵێینەوە، سروودی، (لەقەندیلی سەربەرزەوە) یەکێکە لەو دەیان بەرهەمە هونەرییەی تاهیر خەلیلی، کە بەداخەوە رۆژی یەکشەممە ٢٦ی تشرینی دووهەم، لە شاری سلێمانی،  ماڵئاوایی لە ژیانکرد، بەڵام بێگومان خەلیلی بە سروودەکانی، بە گۆرانییەکانی زیندووەو ورەمان پێ ئەدات بۆ ژیان، بۆ خەبات، بۆ خۆشوێستن. لەبەر ئەوەی هەر دەنگە دەمێنێتەوە…

 

 

 

 

 

 

 

 

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button