وتاری وەرگێڕان

دەور وپێگەی ژنان لە شۆڕشی دیمۆکراتیک و جەماوەریدا

تۆماس سانکارا

دەور وپێگەی ژنان لە شۆڕشی دیمۆکراتیک و جەماوەریدا

 

 

 

دووی ئۆکتۆبەری ١٩٨٣

 

 

 

” ئەوەی لە خوارەوە دەیخوێننەوە، کورتکراوەی ” وتاردانێکی سیاسییە، کە سانکارا[1] لە ” ئەنجومەنی نەتەوەیی شۆڕش” دا پێشکەشی کرد.

 

قورسایی نەریتێک کە بە درێژایی چەندین سەدە بە سەر کۆمەڵگای ئێمەدا زاڵبووە، پێگەی و جێگەی ژنانی تا ئاستی ئاژەڵێکی بارهەڵگر دابەزاندووە. ژنان لە کۆمەڵگا و وڵاتانی جیهانی سێهەمدا، بە دوو قامچی لێیان دەدرێت. یەکەم ئەوەی وەک پیاوان ڕووبەڕووی کۆمەڵێک ئازاری هاوبەش دەبنەوە، دووهەم ئەوەی بەدەر لەو ئازار و ئەشکەنجەیە، لە لایەن پیاوانیشەوە ئازار دەدرێن و دەچەوسێنەوە.

شۆڕشی ئێمە لە خزمەت بەرژەوەندی چەوساوەکاندایە، هەموو ئەوانەی لە کۆمەڵگادا و لە ئێستادا دەچەوسێنەوە. کەوایە شۆڕشەکەی ئێمە هاوتەریب لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ژنان ئەچێتە پێشەوە، لەبەر ئەوەی دەسەڵاتی پیاوەکان بە سەر ژناندا لە سیستەمی سیاسی و ئابووری زاڵەوە سەرچاوە دەگرێت. شۆڕش لە رێگای گۆڕانی بنەڕەتی سیستەمی زاڵی کۆمەڵگا، کە ژنان دەچەوسێنێتەوەو چەوسانەوەیان بە ڕەوا ئەزانێت، هەل و مەرجی پێویست بۆ ئازادی راستەقینەی ژنان دەڕەخسێنێت. هەموو ژنەکانی کۆمەڵگای ئێمە قوربانی دەسەڵات و زڵم و زۆری سیستەمی ئێمپریالیستین. هەربۆیە شۆڕشێکی هاوبەشمان لەبەردەمە. شۆڕش و ئازادی ژنان، شان بە شانی یەکتر و لەگەڵ یەکتر ئەچنە پێشەوە. ئەوەی کە وا ئەکات دەربارەی ژنان لێرەدا قسە بکەین، بەزەیی پێدا هاتنەوە یان جۆشدانی هەستەکان نییە. بەڵکوو ئازادی ژنان مەرجی سەرەکی و بنەڕەتی سەرکەوتنی شۆڕشە. ژنان نیوەکەی تری ئاسمانیان راگرتووە.

یەکێک لەو خاڵانەی کە بەلای شۆڕشەوە زۆر گرینگە و گرینگی پێدەدات ، پەروەدەکردنی جۆری بیرکردنەوەی ژنانی ڤۆڵتا[2]یە. بە شێوەیەک کە کاریگەرییان هەبێت لە سەر دیاریکردنی چارەنووسی وڵاتەکەیان و بەرپرسایەتی و ئەرک بگرنە ئەستۆ. هاوکات لەگەڵ ئەوەش پێویستە جۆری روانینی پیاوان بۆ ژنان بگۆڕدرێت.

تا هەنووکە، ژنان ئیزنیان پێنەدراوە بەشدار بن لە بڕیارداندا و گرینگی بە داواکارییەکانیان نەدراوە. شۆڕش لە رێگای ئەرکدار کردنی ژنانەوەو بەرپرسایەتی سپاردن پێیانەوە، ئەو دەرفەتەیان بۆ دەڕەخسێنێت کە خەبات بکەن بۆ پساندن و پچراندنی ئەم کۆت و بەندانەی کە هەن. ئەنجومەنی نەتەوەیی شۆڕش، وەک بەشێک لە سیاسەتە شۆڕشگێڕانەکانی هەوڵ دەدات هەموو هێزە چالاکەکانی نەتەوەکەمان رێک بخات و هانیان بدات رێکخراویان بکات و ژنان لەم رێگایەدا نابن بە شوێنکەوتووی پیاوان و دوا ناکەون. لە شۆڕشـەکەماندا دژ بە لەمپەرە جیاوازەکانی کۆمەڵگای کۆلۆنیالیستی نوێ، لە خەباتمان بۆ بونیادنانی کۆمەڵگایەکی نوێ، ژنان بەشێکی جیانەکراوەی شۆڕشەکەمانن. ژنان لە هەموو ئاستەکانی رێکخستنی ژیانی وڵاتەکەدا ئامادەییان دەبێت، لە قۆناغەکانی هەڵسەنگاندنی پرۆژەکانەوە بگرە تا قۆناغەکانی بڕیاردان و جێبەجێکردنیان. ئامانجی ئەم هەوڵە گەورەیە، بونیادنانی کۆمەڵگایەکی ئازاد و خۆش بژیوە، کە ژنان لە هەموو روویەکەوە مافی یەکسانیان هەبێت لەگەڵ پیاوان.

بەڵام پێویستە تێگەیشتنی دروستمان بۆ پرسی ئازادی ژنان هەبێت. مەبەستی ئێمە ئەوە نییە ژنان لە باری جەستەییەوە لەگەڵ پیاوان یەکسان ئەبن. مەبەستمان ئەوە نییە ژنان هەڵسووکەوت و ئاکاری هاوشێوەی پیاوانیان هەبێت، وەک خواردنەوە ئەلکۆلییەکان، جگەرە کێشان و لەبەرکردنی جلی کورتی وێنەدار. ئەوەی کە ئاستەکانی خوێندن ببڕن و بڕوانامەی بەرز خۆی لە خۆیدا نابێت  بە هۆی ئەوەی ژنان لەگەڵ پیاوان یەکسان بن هەروەها ناشبێت بەوەی سەرتر بن.

هەستانەوەی راستەقینەی ژنان بەو مانایە کە ئەرکی زیاتریان پێ بسپێردرێت و دەرفەتیان بۆ بخولقێت بۆ ئەوەی لە چالاکییە بونیادنەر و خەباتە جۆراوجۆرەکانی خەڵکدا بەشدار بن. هەستانەوەی راستەقینەی ژنان بەو شێوەیە کە وا دەکات لە لایەن پیاوانەوە پێشوازیان لێبکرێت و سەرنجیان رابکێشێت.
هەستانەوەی ژنان و گەیشتن بە  مافە سیاسییەکانیان و ئازادبوونیان شتێک نییە پێیان ببەخشرێت. بەڵکوو شتێکە ئەبێ خەباتی بۆ بکەن بۆ ئەوەی بەدەستی بهێنن. ئەوە خودی ژنانن کە دەبێ خواستەکان خۆیان بهێننە گۆڕ و بۆ گەیشتن بە خواستەکانیان خەبات بکەن.

هەربۆیە، شۆڕشی جەماوەری و دیمۆکراتیک هەل و مەرجێک دەڕەخسێنێت بۆ ئەوەی ژنانی (ڤۆڵتا) گەشە بگەن و بە بەرزترین پلەکان بگەن. سەرەڕای هەموو ئەمانەش، ئاخۆ دەتوانن بیر لە نەمانی سیستەمی چەوسانەوە بکەن، لە حاڵێکدا هیشتا نیوەی کۆمەڵگا دەچەوسێتەوە. ئایا وەها شتێک دەبێت؟

[1] – تۆماس سانکارا، یەکێک لە رێبەرانی مارکسیست- لێننیست لە ئەفریقای رۆژئاوا، کە بوو بە هۆی سەرکەوتنی ” کۆماری ڤۆڵتای گەورە” بەرامبەر ئێمپریالیسمی فەرەنسی و دواتر لە سەردەمی سەرۆک کۆماریدا ناوی وڵاتەکەی گۆڕی بۆ “بۆرکینافاسۆ”

[2] –               République de Haute-Volta، کۆماری ڤۆڵتای گەورە، کە دواتر گۆڕا بە بۆرکینا فاسۆ. وڵاتێک لە رۆژئاوای ئەفریقا.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button