وتاری نووسین

جەنگی ئیسرائیل- ئێران و کوردی رۆژهەڵات

ن: مستەفا زاهیدی

 

لە ٧ ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ەوە دوای هێرشی حەماس، وەک هێزێکی پرۆکسی سەر بە ئێران، کێشە و ململانێکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل زیاتر لە هەمووکات پەرەی سەندووەو ئەگەری رووبەڕوو بوونەوەی سەربازی زیاتر بووە. بە شێوەیەک کە ئێران ٢ جار بە فەرمی هێرشی مووشەکی کردۆتە سەر ئیسرائیل. ئیسرائیل ژمارەیەکی بەرچاو لە فەرماندە باڵاکانی سوپای پاسدارانی لە سوریا و لوبنان کوشتووە. لە تاران ئیسماعیل هەنیە لە لایەن ئیسرائیلەوە تیرۆر کرا و ئەمەش لێدانێکی گەورە بوو لە سیستەمی ئەمنی ئێران و بە شێوەیەک کە باس لەوە ئەکرێت ئیسرائیل لە ئاستی باڵای سوپای پاسداراندا کەسی هەیە. حەسەن نەسروڵڵا کەسی یەکەمی حیزبوڵڵای لوبنان، گەورەترین هێزی پرۆکسی ئێران لە ناوچەکە، لە لایەن ئیسرائیلەوە کوژرا. چەند رۆژ دواتر هاشم صفی الدین، جێگری حەسەن نەسروڵڵا لە نزیک بەیرووت کوژرا. هەروەها عەباس نیلوفروشان،  فەرماندەیەکی باڵای سوپای پاسداران و جێگری ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای پاسداران وێڕای هاشم صفی الدین لە بەیرووت کوژرا و چەند رۆژ دواتر تەرمەکەی گەیەنرایەوە ئێران.

هەروەها یەحیا سێنوار، کەسی یەکەمی حەماس دوای ئیسماعیل هەنیە، رۆژی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤ لە لایەن ئیسرائیلەوە کوژرا و بەرپرسانی ئیسرائیلی کوژرانی یەحیا سێنواریان بە دەستکەتێکی گەورە ناوبردو  یەحیا سێنواریان بە پلانداڕێژەری سەرەکی هێرشی ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ بۆ سەر ئیسرائیل ناوبرد.

لە دوای ٧ی ئۆکتۆبەر کە زیاتر لە ١٢٠٠ هاوڵاتی ئیسرائیلی کوژران و سەدان کەس بە دیل گیران، ئیسرائیل بە فەرمی هێرشی کردە سەر کەرتی غەزە بە مەبەستی لەناوبردنی تەواوەتی حەماس. بە هۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە تا ئێستا نزیک بە ٥٠ هەزار کەس کوژران و بەشی زۆریان ژن و منداڵن. ئیسرائیل حەماس و فەرماندەکانی حەماس بەوە تۆمەتبار ئەکات کە خەڵکی مەدەنی غەزە وەک قەڵغانی مرۆیی بەکار ئەهێنن. لەگەڵ دەستپێکی جەنگی غەزە، هێرشی تاوناتاوی حیزبوڵڵای لوبنان بۆ سەر ئیسرائیل هەر بەردەوام بووە، زۆر جار ئیسرائیل و حیزبوڵڵا هێرشیان کردۆتە سەر یەکتر.

هەروەها لەم چەند مانگەی دواییدا هێرشەکان لە لایەن ئیسرائیلەوە بۆ سەر حیزبوڵڵا چڕتر بۆتەوە کە بووە بە هۆی لەناوچوونی ژمارەیەکی زۆر لە فەرماندە باڵاکانی حیزبوڵڵای لوبنان و هەروەها ٢ رێبەری ئەم رەوتەی سەر بە ئێران لە هێرشەکاندا کوژراون. ژێرخانی سەربازی حیزبوڵڵا زەربەی زۆری بەرکەوتووە. بە شێوەیەک کە حیزبوڵڵا لە لێواری لەناوچووندایە بە هەمانشێوەی حەماس کە تەواو لاواز بووەو لاوازبوونی حیزبوڵڵا و حەماس پەڕوباڵکردنی ئێرانە لەو ناوچەیە.

کوشتنی یەحیا سێنوار بۆ ئیسرائیل دەستکەوتێکی گەورەی سەربازی بووەو فەرماندەکانی ئیسرائیل و لە سەرووی هەموویانەوە بێنیامین نتانیاهۆ باس لەوە ئەکەن تەنها بە لەناوچوونی حەماس و حیزوڵڵا ئارامی بۆ ناوچەکە ئەگەڕێتەوە.

کۆماری ئیسلامی لە ساڵی ٢٠٢٤ دا ، دووجار هێرشی مووشەکی کردۆتە سەر ئیسرائیل. جاری یەکەم لە ئاپریلی ٢٠٢٤ و دوای کوژرانی ژمارەیەک لە فەرماندە باڵاکانی سوپای پاسداران بە دەست ئیسرائیل و لەوانە محەممەد رەزا زاهیدی فەرماندەی باڵای سوپای قودس کە لە سوریا کوژران، ئێران هێرشی مووشەکی کردە سەر ئیسرائیل و بەرپرسانی ئیسرائیلی رایانگەیاند زیاتر لە ٩٠٪ مووشەکەکانیان تەقاندۆتەوە.

دووهەمین هێرشی مووشەکی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل لە مانگی ئۆکتۆبەردا بوو. دوو مانگ دوای کوژرانی ئیسماعیل هەنیە کەسی یەکەمی حەماس لە تاران بە دەست ئیسرائیل و هەروەها دوای کوژرانی حەسەن نەسروڵڵا کەسی یەکەمی حیزبوڵڵای لوبنان ئەم هێرشانە ئەنجام دران. باس لەوە ئەکرێت زیانی ماددی لێکەوتۆتەوە ، بەڵام زیانی گیانی بۆ ئیسرائیل نەبووە.

ئیسرائیل سوورە لە سەر ئەوەی وەڵامی ئەم هێرشە مووشەکییەی ئێران ئەداتەوە. تەنانەت باس لەوە ئەکرێت پێش ٥ی نۆڤەمبەر ئەم هێرشە مووشەکیانە ئەنجام ئەدرێن. ئەوەی کە ئاستی هێرشەکان چۆنن زۆر روون نییە. باس لەوە ئەکرێت ئەم هێرشانە ئامانجدار و بۆ سەر بنکە سەربازی و نەوتی و ناوەکییەکانی ئێران ئەکرێت. لە هەمانکاتدا ئیسرائیل خۆی ئامادە کردووە بۆ هەرچەشنە وەڵامدانەوەیەکی کۆماری ئیسلامی.

کابینەی دەوڵەتی ئیسرائیل بە کۆی دەنگ سوورن لە سەر ئەوەی کە ئەبێ کۆماری ئیسلامی بڕووخێت. بەڵام ئایا ئامانجی هێرشەکانی ئیسرائیل ڕووخانی کۆماری ئیسلامی ئەبێت؟ گومان هەیە لەوەی کە ئیسرائیل هێرشی بەربڵاو بکاتە سەر ئێران مەگەر ئەوەی کۆماری ئیسلامی وەڵامدانەوەکەی بە جۆرێک بێت کە جەنگەکە پەرە پێ بدات. لە ئەگەری پەرەسەندنی ئەم جەنگەش ئیسرائیل تەنها نییە، ئەمریکا و وڵاتانی هاوپەیمان پشتیوانی ئەکەن. وەک چۆن ئێران هێزە پرۆکسییەکانی خۆی لە ناوچەکە ، بە تایبەت لە عێراق، لوبنان، سووریا و یەمەن بەکار ئەهێنێت بۆ پەرەپێدانی ئەم جەنگە و وەک کارتی جەنگی بەکاریان ئەهێنێت.

 

کورد وئامادەبوون بۆ ئەگەرەکان

کورد لە کوردستانی رۆژهەڵات ئەبێ بۆ هەموو ئەگەرەکان خۆی ئامادە بکات. تا ئێستاش هیچ نیشانەیەک نابیندرێت بەوەی کورد خۆی ئامادە کردووە بۆ ئەگەرەکان. کورد و بزووتنەوەکەی پرژ و بڵاون. بێدەنگن. لە ئاستی میدیایی کز و لاوازن. نائامادەن بۆ هەر ئەگەرێک. نائامادەبوون بۆ ئەگەرەکان بە مانای سووتاندنی دەرفەتە. دەرکەوتنی هێزە نادیمۆکرات و سەنتەرگەراکانە وەک هێزی ئەڵتەرناتیڤ. پێویستە کورد یەکدەنگ بن. ژوورێکی فیکریان هەبێت و هێزەکان لەوێ کۆدەنگانە بڕیار بدەن بۆ خۆئامادەکردن بۆ ئەگەرەکان. میدیایەکی بەهێز ئەتوانێت زۆر بۆشایی پڕ بکاتەوە.

لە ئەگەری هەر دەرفەتێک کورد لە کوردستانی رۆژهەڵات، وەک کۆمەڵگا نەک وەک حیزبەکان، ئامادەیی هەموو شتێکیان هەیە. لە رابردووشدا و بە تایبەت لە سەردەمی شۆڕشی ژینا نیشانیاندا خەڵک ئامادەیی خۆ رێکخستن و بەرەنگاربوونەوەیان هەیە. ئەوان بە شوێن رێبەردا ناگەڕێن و خۆیان بە ڕێبەر و رزگاریدەر ئەزانن. ئایا ئەم دەرفەتە ئەکەوێتە دەست خەڵک جارێکیتر هەستنەوە، رووداوەکان دیاری ئەکات. بەڵام بێگومان حیزبەکان و لایەنە سیاسییەکان ئەبێ بۆ هەموو دەرفەتێک ئامادە بن. لە سەردەمی شۆڕشی ژینادا، حیزبەکان بێ بەرنامە بوون. ئەوەش بوو هیچیان نەکرد. دەستەوەستان بوون. ئەم دەستەوەستان بوونە زیانی گەورەی بووەو ئەبێت.

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button