چیرۆکی وەرگێڕان

جادووگەری دەرنەچوو

ن: خۆرخە لۆئیس بۆرخس

لە شاری سانتیاگۆ قەشەیەك دەژیا كە هۆگرییەكی زۆری هەبوو بە فێربوونی هونەری جادووگەری. بیستی دۆن ئیلیان خەڵكی تۆڵدۆ زیاتر لە هەموان لە فەننی ساحێری دەزانێ،رویكردە تۆڵدۆ تا بیدۆزێتەوە .

بەیانی هەمان رۆژ كە گەیشتە تۆڵدۆ راستە خۆ چووە ماڵی دۆن ئیلیان و دیتی كە لە  ژوورێكی  بچووكدا لە بن ماڵەكەی خەریكی خۆێندنەوەیە. دۆن ئیلیان بە گەرمی پێشوازی لێكردو،داوای لێكرد قسەكردن دەربارەی ئەو شتەی كە بۆی هاتووە بخاتە پاش نانی نیوەڕۆ. كە خواردنی نیوەڕویان تەواوكرد قەشە هۆی هاتنی خۆی بە دۆن ئیلیان  وت و داوای لێكرد كە فەننی جادووگەری فێربكات . دۆن ئیلیان وتی هەر لە سەرەتاوە دەیزانی كە میوانەكەی  قەشەیە و پێگەیەكی باشی هەیە و داهاتوویەكی باش چاوەڕوانیەتی ،بەڵام ئەگەر  هەموو زانستی خۆی فێری ئەو بكات  رەنگە رۆژێ‌ بێت كە ئەو–وەك  خووی پیاوانی پلە بەرز –جوابی چاكەكانی نەداتەوە. قەشە سوێندی خوارد كە هیچكات چاكەی دۆن ئیلیان لە بیر ناكاو و بەردەوام گوێ‌ رایەڵی فەرمانی ئەوە دەبێ. كە لەسەر ئەمە پێكەوە  رێك كەوتن ،دۆن ئیلیان وتی كەشێوازەكانی جادووگەری لە شوێنێكی زۆر تەریك و خەڵوەتدا فێردەكرێن و دەستی قەشەی گرت و رێنوێنی كرد بۆ ژوورەكەی تەنیشت ئەو ژوورە . دەرگایەكی ئاسنی گەورەی گرد لە ناو ژوورەكەدا بوو. بەڵام ، دۆن ئیلیان پیش لە رۆێشتن فەرمانی دا بە خزمەتكارەكەی كە شۆرباوێ بۆ شەو ساز بكات   بەڵام تا ئەو پێی نەڵێ نەینێتە سەر ئاگر .دۆن ئیلیان‌و میوانەكەی درگا ئاسنەكەیان بەرز كردەوە و لە پێپلیكانێكی پێچەڵاو پێچ و خزەوە هێند چوونە خوارە كە قەشەی لای وابوو كە ئەوەندە هاتونەتەخوارەوە بەستێنی چۆمی تاگووس دەبێ لە سەر سەری ئەوانەوە بێ . ژوورێ لە كۆتایی پێی پلیكانەكەدابوو ، لەوێدا كتێبخانەیەك و رەفەیەكی پڕ لە كەرەسەی جادووگەری .هەركام كتێبێكیان هەڵگرت دەستیان بەلاپەڕە هەڵدانەوەكرد. كوتوپڕ دووپیاو دەركەوتن و نامەیەكیان بۆ قەشە هێنا .نامەكە لە ئۆسقۆف سانتیاگۆ ،مامی قەشەوە بوو ، لە وێدا نووسرابوو كە زۆر نەخۆشە و ئەگەر قەشە دەیهەوێ بە زیندووی بیبێنێ نابێ كات لەدەس بدات .ئەم هەواڵە لە دوولاوە بۆ قەشە ناخۆش بوو ،یەكەم  بە هۆی نەخوشی مامیەوەو ئەوی تر بەوەی كەناچار بوو خوێندنەوەكەی نیوە چڵ بێڵیتەوە .سەرنجام بریاری دا كە بمێنێتەوەە و لە نامەیەكدا داوای لێبوردنی لە ئەسقەف كرد.

سێ رۆژدواتر ،چەن پیاو كە جلی پرسەیان لە بەردابوو هاتن و نامەیەكی تازەیان بۆ قەشە هێنا. لەم نامەیەدا خۆێندیەوە كە ئەسقەف مردووە و دەیانهەوێ جێ نشینی بۆ دیاری كەن و هیوای ئەو دەخوازرا كە بە ئومێدی خودا ئەم پلەیەی پێ بدرێ. لەنامەكەدا نووسرابوو هەر لەوێ بمێنێتەوە و باشتر وایە كە كاتی هەڵبژاردن لەوێ نەبێ.

10رۆژدواتر دوو خاوەن پلە بە جلی رازاوەوە گەشتنە ئەوێ ، كڕنۆشیان بۆ برد و دەستیان ماچ كرد و بە ئەسقەف بانگیان كرد .دوون ئیلیان كە ئەم هەواڵەی بیست رووی لە مێترانی* نوێ كرد وتی سپاسی خودا دەكات  كە وەها هەواڵێكی خۆش گەیشتۆتە ماڵەكەی . ئەو كات خوازیاری ئەوە بوو كە پلەی قەشەیی كە ئێستا چۆڵ بوو بدرێ بە كوڕەكەی. ئەسقەف وڵامی داوە كە ئەو پلەیەی داناوە بۆ برازاكەی خۆی بەڵام بۆ كوڕەكەی كارێكی پەیدا كردووە لە كەنیسە و داوای كرد كە هەر سێكیان بەرەو سانتیاگۆ بەرێ كەون .

 هەر سێكیان بەرەو شاری سانتیاگۆ بەرێ كەوتن و لە وێدا بە شێوەیەكی شكۆدار و رازاوە پێشوازیان لێكرا .شەش مانگی دواتر ،نامەیەكی لە لایەن پاپەوە پێگەیشت ، هەواڵیان هێنا كە ئەو بووە بە ئۆسقۆف گەورەی تولۆز و هەڵبژاردنی جێگر بەو سپێردراوە . دوون ئیلیان كە ئەم هەواڵەی بیست بەڵێنە كۆنەكەی ئۆسقۆف گەورەی هێناوە بیری و داوای كرد ئەو شوێنە بداتە كوڕەكەی ، ئۆسقۆف گەورە وتی كە پێشتر پلەی موترانی بۆ مامەكەی تری داناوە،  بەڵام چوونكە قەولی داوە بە ئیلیان كە چاكەیەكی دەرهەق بكات ،باشتروایە كە ئەو و كوڕەكەی بەرەو توڵۆز بەری كەون . دۆن ئیلیان ناچار بوو بەوەی كە ملكەچی ئەم بریارە بێت .

هەر سێكیان بەرەو تۆلۆز بەرێ كەوتن، بە شێوەیەكی شكۆدار پێشوازیان لێكراو ئاهەنگی دۆعا خوێندن لە كەنیسە بەرێوە چوو .دووساڵ دواتر چەن پەیكێك لە لایەن پاپەوە هاتنە لای ئۆسقۆفی گەورە و پیێان راگەیاند كە پلەی چۆتە سەرەوە بووە بە كاردیناڵ و پێویستە جێگر بۆ خۆی دیاری بكات . دۆن ئیلیان كە ئەم هەواڵەی بیست قەولەكەی پێشتری هێنایەوەیادی . كاردیناڵ وتی كە پلەی ئۆسقۆف گەورەی بۆ خاڵی داناوە =كە پیاوێكی چاكە –بەڵام ئەگەر دۆن ئیلیان وكوڕەكەی لە گەڵ ئەو بڕۆنە رۆم ،ٍٍ بە دڵنیایەوە پلەیەكی باشیان دەبێ، دۆن ئیلیان ناڕازی بوو  بەڵام سەرەنجام ناچار بوو كە رازی بێ بە رۆێشتن .

ئەو جار هەرسێكیان بەرەو رۆم بەڕێكەوتن ، لەوێ بەشێوەی شیاو پێشوازییان لێكرا. ئاهەنگی دۆعا خوێندن لە كەنیسە بەرێوە چووو تاقمە مەزهەبییەكان  بە ڕێ كەوتن. چوارساڵ دواتر، پاپ مردوو كاردیناڵەكان بە تێكرا، كاردیناڵەكەی ئێمەیان بە پاپی هەڵبژارد. دۆن ئیلیان بە بیستنی ئەم هەواڵە، كەوت بە سەردەست‌و پای ئەم پڵەدارە بەرزە ئیلاهییەداو ماچی كردو بەڵێنە كۆنەكەی هێناوە یاد، داوای كرد كە پلەی كاردیناڵی، كە چۆڵ بوو، بدرێ بە كوڕەكەی. پاپ وتی بە دۆن ئیلیان كە ئیتر لە داخوازییە یەك لە دوای یەكەكانی ماندوو بووە و ئەگەر درێژەی پێبدا دەیخاتە زیندانەوە، چونكە ئەو چاك دەزانێ كە دۆن ئیلیان جگە لە جادووگەری هیچ پلەیەكی تری نییە و لە تۆلدۆ مامۆستای فەننی ساحیری بووە.  

دۆن ئیلیانی چارەرەش تەنیا توانی پێی بڵێت كە دەیهەوێ بەرەو ئیسپانیا بەرێ كەوێ و داوای خواردنی لە پاپ كرد تا بەشی ئەم سەفەرە درێژە دەریاییەی بكات. پاپ جارێكی تر پێویستیەكەی بۆ بە جێ نەهێناو، دۆن ئیلیان -كە ئێستا ر‌وخساری بە شێوەیەكی سەیر گۆڕابوو- بە دەنگیك ساف و بێ گرێ وتی:”كەوایە، پێیان دەڵێم ئەو شۆرباوەمان بۆ بێنن كە پێم گوتبوو بۆ شەو بۆمان ساز بكەن”

ژنە خزمەتكارەكە هاتە پێشەوە دۆن ئیلیان دەستووری دا كە شۆرباوەكە گەرم كاتەوە لە گەڵ ئەم وتانەدا، پاپ خۆی دی لە ژورێكە لە ژێرزەمینی شاری تۆلدۆ، هەر قەشەكەی شاری سانتیاگۆ بوو وەها شەرمەزاربوو كە نەیدەزانی چ بڵێ. دۆن ئیلیان وتی كە ئەمە تاقیكردنەوەیەكی باش بوو بۆ ئەو، لە شۆرباوەكە بەشی قەشەی نەدا، تا بەر دركە بەرێی كردو لەوێدا لە كاتی ماڵئاوایی كردندا،بە ئەو پەڕی رێزەوە ئاواتی خواست كە قەشەكە بە ساغی بگاتەوە شوێنی خۆی.

*مێتران: پلەیەكی مەسیحییەتە

سەرچاوە: كتێبی هزار توهای بورخس

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button