وتاری نووسین

تەیفوور بەتحایی: سینەماکار، نووسەر، پەیکەرتاش و وەرگێڕ

کە لە ئەنتەرنێت بۆ ناوەکەی ئەگەڕێی زۆر زوو وێنەیەک ئەکەوێتە سەرەوە کە لەگەڵ ژمارەیەک لە چالاکانی سیاسی و نووسەر و رووناکبیرانی دیاری چەپی ئێرانی لەوانە خوسرەو گوڵسروخی، کەرامەت دانشیان، عەباس سەماکار، مەنووچێهری سەلیمی لە دادگا وەستاون و دادگایی دەکرێن. دیمەنی دادگایی کردنەکە بۆ ئەوە ئەگەڕێتەوە کە تەیفوور بەتحایی و ژمارەیەک لە چالاکانی چەپ دەستگیر و دادگایی کران لەبەر ئەوەی پلانیان هەبوو فەرەح پەهلەوی بە بارمتە بگرن و لە بەرامبەردا ژمارەیەک زیندانی سیاسی ئازاد بکرێن. بەڵام پلانەکەیان شکستی هێنا. ساڵی ١٩٧٢، گرووپێک کە بە گرووپی ١٢ کەسی ناسراوبوون، پلانیان دانابوو بۆ بە بارمتەگرتنی فەرەح پەهلەوی، بەڵام دوای شکستی پلانەکە و دادگاییکردنیان، تەیفوور بەتحایی سزای زیندانی هەتا هەتایی بۆ بڕایەوە. ساڵی ١٩٧٩ و دوای رووخانی رژێمی پاشایەتی لە زیندان ئازاد کرا و گەڕایەوە کوردستان و درێژەی بە خەباتی سیاسی خۆیدا. تا ساڵی ١٩٨٥ لە ریزەکانی حیزبی دیمۆکرات مایەوەو سەرەنجام ساڵی ١٩٨٥ بە ناڕەزایەتی بە شەڕی ناوخۆ لە کوردستانی رۆژهەڵات وازی لە کاری حیزبی هێنا و  روویکردە وڵاتی سوید و لە سوید خەریکی کاری هونەری و نووسین بوو. بەڵام ئەوەی هەبوو لە بێدەنگەدا کاری ئەکرد و نووسین و لێکۆڵینەوەو فیلمەکانی زۆر بە بێدەنگی و لە دەرەوەی هات و هاواری میدیاییەوە بڵاو ئەکرایەوە.

 

ژیاننامەی تەیفوور بەتحایی

تەیفوور بەتحایی، ٨ی ئازاری ١٩٤٧ لە شاری سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە دایکبووە. ئەو مناڵی پێنجەمی بنەماڵەیەکی گەورە بووە کە ٨ مناڵیان بووەو لە گەڕەکی جەوراوا کە گەڕەکێکی هەژار نشینی شاری سنە بووە لە دایک بووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە شاری سنە تەواو کردووە. دوای تەواو کردنی خوێندنی ئامادەیی چۆتە سەربازی و پاش تەواوکردنی ماوەی راهێنان و پەروەردە لە چوارچێوەی گەڵاڵەی سوپا دانشدا بووە بە مامۆستا و ساڵێک مامۆستایی کردووە. ساڵی ١٩٦٩بۆ ١٩٧٢ لە قوتابخانەی سینەما و تەلەفیزیۆنی تاران، بەشی وێنەگری تەواو کرد. پاش تەواوبوونی خوێندن بۆ کار لە تلەڤزیۆندا چووەتە شاری شیراز و لەوێ لەگەڵ «کەرامەتی دانشیان» ئاشنا بووە. کەرامەت کە ئەویش پێشتر بەشی سینەمای خوێندبوو، باوەڕی بە خەباتی چەکداری ھەبووە و ئاشنایەتی تەیفوور لەگەڵ ئەو دەستپێکی قۆناخێکی نوێ لە ژیانیدا بووە. ئاشناییەتییەک وایکرد کە تەیفوورتێکەڵ بە گرووپە چەپەکان و لەوانە چریکی فیدایی بێت و جگە لە کەرامەت دانشیان لەگەڵ حوسرەو گوڵسروخی و عەباس سەماکار و رەزا عەلامەزادە لە چالاکانی هونەری و ئەدەبی و سیاسی ئێرانی کە زۆر ناسراوبوون ئاشنا بێت.

ئاشنا بوون لەگەڵ ئەوان و چوونە ناو ئەم بازنە چەپەوە وایکرد کە روانگەیەکی چەپ بە سەر بەرهەمە هونەرییەکانیدا زاڵ بێت و ئەم روانگەیە لە هەموو بەرهەمە هونەری و نووسینەکانیدا دیارە.

 

بەرهەمە سینەماییەکان

یەکەم بەرهەمی سینەمایی ئەم دەرهێنەرە کوردە سالی ١٩٧٠ بڵاو بۆتەوە، درامایەکە بە ناوی ( ئیمتحان) . ساڵی دواتر و ساڵی ١٩٧١ فیلمی گەڕانەوەی بڵاو کردەوە کە درامایە. ساڵی ١٩٧٢ یەکەم فیلمی دێکۆمێنتاری خۆی بە ناوی ” کێ خۆڵەمێشی خۆی بۆ کوێستان دەبا” بڵاو کردەوە. دەستگیرکردنی و مانەوەی لە زیندان بوو بە هۆی ئەوەی ماوەیەک لە کاری هونەری داببڕێت. دوای رووخانی رژێمی پاشایەتی لەگەڵ ئازادبوونی دەستی بە کاری هونەری کردووەو ساڵی ١٩٧٩ فیلمی دێکۆمێنتاری ( ئاو)ی بەرهەم هێناوە. هەر لەو ساڵەدا فیلمی دێکۆمێنتاری ” ئازار”ی بەرهەم هێناوە.

ساڵی ١٩٩٠ فێلمی (گەلەگورگ)ی بەرهەم هێناوە. ئەم فیلمە کە ژانری درامایە، تەیفوور بەتحایی دەرهێنەری بووە لە نووسین و بەرهەمهێنانی ” مەهدی ئومێد”. ماوەی فیلمەکە ٤٥ خولەکە و فیلمەکە لە رۆمانی “گەلەگورگ”ی نووسەر و رۆماننووسی ناوداری کورد ” حسێن عارف”ەوە وەرگیراوە، هەڵبەت دەستکاری زۆری کراوە. ئەم فیلمە لە ئەڵماتیای کازاخستان بەرهەم هاتووە.

چیرۆکی فیلمەکە بەم شێوەیە: ژن و پیاوێک لەگەڵ دوو کچەکەیان لە ناوچەیەکی چۆڵکراودا دەژین و لە ھەوڵی ئەوەدان خۆیان لەو چۆڵەوانییە ڕزگار بکەن؛ لە شەوێکی ساردی زستان، لەناو بەفر و بۆراندا گەلەگورگ گەمارۆی ماڵەکەیان دەدەن و ھێرش دەکەنە سەریان و…

لەم فیلمەدا ” ئانا سامۆخینا” دەوری رووناک ئەگێڕێت و بۆ ئەوەی دەنگەکان بە کوردی دەربکەون، دەنگی ” مەرزییە فەریقی” هونەرمەندی ناسراوی کورد لە سەر دەنگی ” ئانا سامۆخینا” دانراوە.

 

وەک ئاماژەی پێدرا بە هۆی روانگەی چەپی ” تەیفوور بەتحایی”ەوە نووسین و بەرهەمەکانی ئەچنە چوارچێوەی هونەری دەربەستەوە، هونەرێک کە بڕیاری داوە بەرامبەر بە کۆمەڵگا و ئازارەکانی بێدەنگ نەبێت، ژیانی کۆمەڵگاکەی بگوازێتەوە. هونەرمەند لە گۆشەیەکەوە دانانیشێت و خەریکی کاری دەرهێنان یان نووسین بێت، بەڵکوو لە چەقی رووداوەکاندایە و بە دیدێکی هونەرییەوە رووداوەکان ئەبینێت و هەوڵ ئەدات بیانگوازێتەوە.

ساڵی ١٩٨١ بۆ ١٩٨٣ و لە سەردەمێکدا کە پێشمەرگە بووەو ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران بووە، ٤ بەڵگە فیلمی بەرهەم هێناوەو ناوەرۆکی بەرهەمەکان ژیان و خەباتی خەڵکی کوردستانی رۆژهەڵات بووە. فیلمەکان بریتین لە :

نان و ئازادی: ئەم فیلمە باس لە ژیانی پێشمەرگە و خەڵک دەکات لەو ناوچانەی کە بە دەست پێشمەرگەوە بووە لە ساڵەکانی سەرەتای دەیەی ١٩٨٠ و ئەم فیلمە لە فەرەنسا نیشان دراوە.

ناوەرۆکی فیلمەکە ژیان و کار و شەڕ و بەرگرییە و تەیفوور بەتحایی ھەوڵی داوە لە ڕێگەی نان و ئازادییەوە بەشێکی بەرفراوانی ڕەوشی ژیانی ڕۆژانەی ئەو شوێنانە پیشان بدات کە لەبەر دەستی پێشمەرگەدا بوون.

هەوار: فیلمێکی کورتە و باس لە چوونە هەواری کۆچبەران ئەکات.

شاخە سەربەرزەکان: باسی ژیانی پێشمەرگە دەکات.

رووناکایی مۆمەکان: باسی ژیانی خەڵکی ئاساییە لە ژێر تەوژمی گەمارۆی ئابووریدا کە لە سەردەمی شەڕدا هەبووە.

بەتحایی ساڵی ٢٠٠٥، کاری مۆنتاژی فیلمی بەڵگە فیلمی ” پیرەمێرد و باخی بەردینە”ی کردووە کە لە وڵاتی سوید بەرهەم هاتووە.

 

نووسینەکانی بەتحایی:

تەیفوور بەتحایی جگە لەوە دەرهێنەر و سینەماکارێکی سەرکەوتوو بووە، نووسەرێکی بەتواناش بووەو لە نووسینەکانیدا هەوڵیداوە بە شێوەی ریالیستی ئازارەکانی کۆمەڵگا  بگێڕێتەوە. بەتحایی بە هەردوو زمانی کوردی و فارسی نووسیویەتی. بەرهەمەکانی بە زمانی کوردی بریتین لە:

  • گەلاوێژ: چیرۆک- سێناریۆی فیلم ساڵی ١٩٩٢
  • ژیان بە دەم زریانەوە: رۆمان
  • مافی ژن لە کۆمەڵگەی کوردەوارییدا: توێژینەوەیەکی هاوبەشە لەگەڵ (ژیلا فەرەجی) دەربارەی پرسی ژن لە کۆمەڵگەی کوردیدا .ئەم بەرهەمە ساڵی ٢٠٠٠ بڵاو کراوەتەوە.
  • رۆژنە، فیلمگرتن : بەرهەمێکی فێرکارییە بۆ ئەوانەی کاری سینەمایی و تەلەفیزیۆنی بکەن. ئەم بەرهەمە زیاتر ئەکرێت لە فێرگەکانی راهێنان و پەروەردەکردنی کادێری سینەمایی و تەلەفیزیۆنی بخوێندرێت یان ئەوەی لە زانکۆ بەشی تەلەفیزیۆن و سینەما کەڵکی لێ وەربگیردرێت. ساڵی ٢٠٠٨ بڵاو کراوەتەوە.
  • سەفەری خەیاڵ لە کورسانەوە هەتا کوردستان ( ژیاننامە). لە شێوەزاری سنەییدا بە سنە ئەڵێن ( کورسان). ئەم بەرهەمە ساڵی ٢٠١٣ بڵاو کراوەتەوە.
  • ژیان وەکوو خۆی: چیرۆک ( ٢٠١٥)
  • سەدساڵ گەشەی کۆمەڵایەتی سوید ( لێکۆڵینەوە) ٢٠١٨
  • ئەسپەنجیر: رۆمان، بەشی دووهەمی رۆمانی ژیان بە دەم زریانەوە.
  • رۆژنامەگەری تەلەفیزیۆنی ( راهێنانی تەلەفیزیۆنی)
  • کوێستان بێ هەڵۆ: سێناریۆ

 

وەرگێڕان بۆ زمانی کوردی:

  • باخە نەمامە (وەرگێڕان لە فارسییەوە-چیرۆک)
  • تۆماری شێخ شەرزین (وەرگێڕان لە فارسییەوە-شانۆ) ١٩٩١
  • ئەوەی گوتی ئەرێ، ئەوەی گوتی نە (وەرگێڕان لە فارسییەوە-شانۆ)
  • نووسینی سێناریۆ بۆ فیلم (وەرگێڕان لە سویدییەوە-ڕاهێنانی درامایی)  ٢٠١٢

 

 

 

نووسینەکانی ئەم نووسەرە کوردە بە زمانی فارسی.

  • آقای چوخ بخت یوخ ١٩٩٠
  • از آنچە برما گذشت (چوار وتووێژ) ١٩٩٨
  • داراها وندارها در دنیا (وەرگێڕان لە سویدییەوە) ٢٠٠١
  • سفر خیال از کرسان تا کردستان ٢٠١٣ ( ژیاننامە)
  • زندگی همچون خودش
  • سایە، روی پردە پشت پنجرە
  • واقعیت مسلم ( وەرگێڕان)

بەتحایی و هونەری پەیکەری تاشین

بەتحایی جگە لە بواری سینەما و هەروەها نووسین رۆمان و چیرۆک، توانایەکی باشی بووە لە پەیکەرسازیدا و ژمارەیەک پەیکەری تاشیوە. لێرەدا ئاماژە بە ژمارەیەک لە پەیکەرەکانی ئەدرێت. بەڵام بە داخەوە ئاماژە بەوە نەدراوە کە پەیکەرەکانی لە کوێ دانراون.

  • دایک
  • پاندۆرا
  • مەم و زین
  • ئازادی
  • نان
  • گەڕان
  • مرۆڤ و کرۆنا
  • کوردێک
  • سانسۆر
  • دەستاڕ

 

مەرگ:

ئەم هونەرمەند و نووسەرە بە تواناییەی کورد، ئەو کەسەی کە هونەر و نووسینەکانی هەڵگری خەمی مرۆڤ و مرۆڤایەتی بوون و بەتایبەت خەمی کوردبوون لە بەرهەمەکانیدا رەنگی داوەتەوە رۆژی ١٠ی ئەیلوولی و٢٠٢٠ لە وڵاتی سوید و لە شاری یۆتۆبۆری لە تەمەنی ٧٣ ساڵیدا ماڵئاوایی لە ژیانکرد.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button