وتاری وەرگێڕان

ترۆما و وەستانەوە دژ بە كلتووری بێدەنگی

مینا خانلەرزادە

و: مستەفا زاهیدی

” لە بێدەنگیدا ناكرێت كەسێكی تەواو بیت، لەبەر ئەوەی بەشێك لە بوونی تۆ هەیە كە پێویستی بەوە هەیە دەرببڕدرێت و باسی لێوە بكرێت، بە بێ باسكردن لێی و دەربرَِینی بەردەوام توڕەو تووڕەتر و گەرم و گەرمتر ئەبیت و سەرەنجام لە ناوەوە بە مست ئەدات لە دەمت.”

ئەوەی ئێمە لە كەلتوورەوە فێری بووین هەندێ‌ جار وەك سروشتی دووهەم بە شێوەیەكی شاراوە لە دەروونی ئێمەدا ئامادەییان هەیە، بەڵام كاریگەریان هەیە لە بچووكترین پەیوەندییەكانی ئێمە لە سەر دونیا. پرۆسەی دووركەوتنەوە لە نۆرمە كەلتوورییەكان و خۆدوورخستنەوە لەو شێوە ژیانەی كە بە شێوەی “باو و ناسراو” ناوی لێ دەبرێت و هەڵبژرادنی شێوەیەكیتر بۆ ژیان ئیتر زۆر ئاسان نییە. یەكێك لەم نۆرمە جێندەرییە كەلتوورییانە بۆ ئێمە ئەو دەربڕینەیە كە “ژنی باش” ئەوەی كە “قانعە و هیچ ناڵێت”.

قانع بوون و بێدەنگ بوون كۆدێكە بۆ پەسیڤ بوون و بێدەنگە كردن لە بەرامبەر توندووتیژییەكاندا. قانع بوون و هیچ نەوتن خۆ وا دەرخستنە كە لە باری دەروونییەوە هیچ كێشەیەكی نییە، خۆ بە شاد دەرخستنە، هاوكات ئازار بچێژێت لە دەروونەوە لەبەر ئەوەی ناتوانێت ئەوەی لە دڵیدایە دەری ببڕێت.

پەسیڤبوون و بێدەنگە كردن هەندێ‌ جار تەنها بژاردەیەكە لەبەردەستدا بۆ ئەوەی بمێنێتەوە: كە وایە ئەو كەسەی بۆ مانەوەی خۆی بێدەنگەبوون هەڵدەبژێرێت لەبەر ئەوەی لە پێگەیەكدا نییە بتوانێت بوەستێتەوەو هەڵوێست بگرێت بەرامبەر بەو توندووتیژییەی دژی دەكرێت، بۆ ئەوەی نابێت سەركۆنە بكرێت، بەڵام دەكرێت ئەو كەلتوورەی كە وا دەكات بەرامبەر بە ئازار و ئەشكەنجەكان بێدەنگەبوون هەڵبژێرێت و تەنانەت هانیشی ئەدات بەوەی بێدەنگ بێت و بێدەنگە كردن وەك نۆرمێكی كۆمەڵایەتی ئەناسێنێت، بدرێتە بەر رەخنەو گومان و پرسیار.

مینا خانی لەم وتوویژەدا، بەو گێڕانەوەیەی لە ئەزموونەكانی لە ترۆمایەكی تاكەكەسی دەیخاتە بەردەست، دژ بە كەلتوورێك دەوەستێتەوە كە بێدەنگەكردن بەرامبەر بە توندووتیژی بە تەنها پەرچەكردار دەزانێت كە لەگەڵ نۆرمەكاندا دەگونجێت. ئەو فەزایەك دەكاتەوە كە لەو فەزایەدا گێڕانەوەی ترۆما و رووبەڕوو كردنەوەی كۆمەڵگا لەگەڵ سووچە شاراوەو ئازاردەرەكانی، لەبری بێدەنگەكردن و شاردنەوە، ئەبێ بە كارێكی مومكین و دەرفەتی باسكردن لەو دۆخە دەخولقێنێت.

لە گێڕانەوەی ترۆمادایە كە ئەكرێت لە چنگی رزگارمان بێت و دەرمان بكرێین. ئەو كەسەی بووە بە قوربانی توندووتیژی بە گێڕانەوەی ئەو شتەی بەسەریدا هاتووە لە ئێستادا جارێكیتر رابردوو بەرهەم دەهێنێتەوەو كۆتایی بەو بێدەنگییە نەخوازراوەی خۆی لە رابردوودا دێنێت. مەبەست لەم شاهیدی دان و گێڕانەوەیە بەوێنا كێشانی وێنایەكی ورد و تەواو لە رابردوو نییە.

باسكردن لە رابردوو لە ئێستاداو زاڵبوون بەسەر بێدەنگی مێژووییدا، بۆ ئەوەیە بەرگری لە عەداڵەت بكرێت لە رابردوودا (كە ترۆما تێیدا روویداوەو) و هەروەها لە ئێستاشدا ( كە ترۆما دەگێڕدرێتەوە)، وەك مێژوونووسێك كە ئەركی خۆی بەوە دەزانێت كە بانگ لە مردووەكان بكات، شكست خواردووەكان و ئەو شتانەی نەنووسراون، ئەو ئەزانێت كە مێژووی ئەمانەی بێدەنگ كردووەو خستوویانیەتە پەراوێزەوە، لەبەر ئەوەی وەها مێژوو نووسێك ئەزانێت ئەگەر مردووەكانیش سەركەوتوو بن، دوژمن پارێزراو نابێت و مەترسی لە سەرە.

یەكێك لە دژوارییەكانی كەوتنەبەر توندووتیژیی، ئەزموونی “نامومكین”بوونە بۆ قوربانی. بابەتێك كە روودانی بەلای قوربانییەوە شتێكی نامومكین و بێ ئەگەرە لەبەر ئەوەی بڕوای بە خێرخوازبوونی كۆمەڵگا و تاكەكانی كۆمەڵگا هەیە( وەك هۆلۆكاست كە بەشێوەی بەكۆمەڵ روو دەدەن یان فۆڕمە جیاوازەكانی توندووتیژی خێزانی)، واتە ئەو بڕوا بەوە ناكات كەسانێك هەبن لە كۆمەڵگا و هێزێك هەبێت لە كۆمەڵگا كە كاری وەها بكەن. قوربانی ئاگاداری لایەنێك لە كلتوور، كۆمەڵگا و پەیوەندییەكانی نێوان كەسەكان دەبێتەوە كە بەرلەو دەستدرێژی كردنە هیچ شتێكی دەربارەی نەدەزانی، یان لانیكەم لای وا بووە قەت وەها شتێك روو نادات. كە وایە دوای ئەزموون كردنی ترۆما قوربانی زۆر بە ئەستەم ئەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ ناو كۆمەڵگا و دووبارەی بڕوای پێ بكات. قوربانی ئەبێت بە دوو لەتەوە. بەر لە ئەزموون كردنی ترۆماو دوای ئەزموون كردنی ترۆما. مومكین نییە بگەڕێتەوە بۆ خودی پێش ئەزموون كردنی ترۆما، خودی پێش ئەزموون كردنی ترۆما دەمرێت و گەڕانەوە بۆی مومكین نییە.

لە وەسفی ژیانی مۆدێڕندا باس لەوە دەكرێت كە مرۆڤەكان پێشتر لە پەراوێزی شارەكاندا بە شەمەنەفەڕە ئەسپییەكان هات‌وچۆیان دەكرد،لە چاخی مۆدێڕن سەرجەم پێكهاتەو بونیادی ژیان و ژینگەی دەورووبەری جگە لە هەورەكان گۆڕابوون و لە خوارەوەی هەوەركان ئەوەی لە بەردەم هێرشی هێزی وێرانگەری تەقینەوەو لافاودا وەستابوو، جەستەی لاوازی مرۆڤ بوو. دەربارەی ئەو كەسەی كە ئەزموونی ترۆمای هەیە ئەم شتەش هەر بەو شێوەیە. رۆژی دوای ترۆما هەموو شت بۆ ئەو دەگۆڕدرێت، لەو خودەوە كە دەبێ بە دوو لەتی پێش ترۆما و پاش ترۆماوە بگرە تا جۆری روانینی قوربانی بۆ كۆمەڵگا و كەسەكانی كۆمەڵ.

هەموو شتێك بەلای قوربانییەوە دەگۆڕدرێت جگە لە هەورەكانی سەر سەری و لە خوارەوەی ئەم هەورانە جەستەی لاواز و بێ هێزی قوربانی دەوەستێت ، پێویستی بەوەیە باس لەو رووداوە بكات كە بۆی روویداوەو بە هاوسۆزی كردنی كۆمەڵ بتوانێت بگەڕێتەوە بۆ ناو كۆمەڵگا، ئامادە بێت كۆمەڵگا وەربگرێتەوەو بڕوای پێ بكات، هەروەها خودی دوای ترۆماكە لە لایەن كۆمەڵگاوە وەربگیدرێت.

خودی دوای ترۆما پێویستی بەوە هەیە كە لێی تێ بگەن و وەری بگرن ئەو كاتەی باس لە بابەتی ، شاهیدی دان، وەسف كردن و قسەكردن لە ترۆما لە لایەن قوربانییەوەو گوێگرتن لەو ئازارانە لە لایەن گوێگر و بەردەنگەوە دەكرێت, قوربانی بۆ پەیوەندی گرتن لەگەڵ كۆمەڵگا دوای روودانی ترۆما، ئەوەی بەسەریدا هاتووە بە شێوەی جیاواز دەردەبڕێت.

بەڵام ناتوانێت و نازانێت چۆن ئەوەی بەسەریدا هاتووە دەرببڕێت. لە لایەكیترەوە گوێگر و بەردەنگ توانا و تاقەتی ئەوەی نییە كە گوێ لەو شتانە بگرێت كە قەت بە بیریدا نایەت روو بدات و لایەنی ناشیرینی كەلتووری كۆمەڵگا دەخاتەڕوو، بۆیە ئامادە نییە گوێ لەو بەسەرهاتە بگرێت. هەربۆیە ژمارەیەكی زۆر لە بەردەنگەكانی ئەو وتووێژەی پێشتر لەگەڵ میناخانی (كە هەر لەم بارەوە بوو) ئامادە نەبوون ئەو شتە قبووڵ بكەن و وتبوویان لەخۆیەوە شتێكی دروست كردووە بۆ ئەوەی ناوبانگی دەربكات.

بە دەربڕینێكی تر كۆمەڵگا پێی باشە وا بنوێنێت ئەم شتە “نامومكین”نانە روویان نەداوەو دروستكراون و هیچكات روونادەن، لەبەر ئەوەی لە بەشێكی زۆر لە تێڕوانینە كەلتوورییەكاندا، بڕیاروایە بنەماڵە شوێنێكی پیرۆز بێت و بڕیار وایە كەلتوور لایەن توندووتیژ و گەشەنەسەندووی نەبێت و شوێنێك بێت متمانەی پێ بكرێت و دڵنیایی ببەخشێت. هەربۆیە ترۆمای تاكەكەسی( جەستەیی یان دەروونیی) و كەلتووری (بەكۆمەڵ) لە یەكتر جیا نین لەبەر ئەوەی لانیكەم كۆمەڵێك توخم لە كەلتووردا بوونی هەیە كە رێگەخۆشكەرە بۆ ترۆما یان تەنانەت لە هەندێ‌ نموونەدا پاساوی بۆ دەهێنێتەوە یان بێدەنگە لێكردن بە باش دەزانیت و وا لە قوربانی دەكات بێدەنگ بێت و بەر بە دەرمانكردنی دەگرێت.

كەلتووری ئەشكەنجە، كەلتوورێكە ئەشكەنجەو ئازاردان بە شتێكی ئاسایی دەزانرێت و قوربانی ناچار دەكرێت خۆی لە پلەیەكی نزمتردا ببینێت و ئەوەی كە دەكەوێتە بەر ئازار و ئەشكەنجە بە ئەنجامی لۆژیكی هەڵوێستی كۆمەڵایەتی خۆی یان لە هەندێ نموونەدا “تایبەتمەندی دەروونی و زاتی ئینسان” بزانێت.

باسكردن لە ئەزموونی توندووتیژی بۆ ئەو قوربانییەی كە ترۆما ئەوی كردووە بە ئۆبژە، بۆ بەدەست هێنانەوەی ئەو سووژە بوونەی كە بریندار و خەوشدار كراوە، بۆ توانای گەڕانەوەی دووبارەی قوربانی بۆ كۆمەڵگاو جارێكیتر متمانە كردنەوە شتێكی پێویستە. ئەو كەلتوورەی بێدەنگە كردن بەرامبەر بە توندووتیژی وەك نۆرمێكی كۆمەڵایەتی پێناسە دەكات و پەرە بە بڵاوكردنەوەی ئەدات، بەر بەوە دەگرێت قوربانی جارێكیتر بگەڕێتەوە كۆمەڵگا و هیواكانی بۆ گەڕانەوە بۆ كۆمەڵگا كەم دەكاتەوە یان بڵێن لە ناوی ئەبات.

مەبەستم لە بێدەنگە كردن، بێدەنگە كردنێك نییە بە ویستی خۆت بێت، بێدەنگە كردنێك كە برینەكە ساڕێژ بكات، یان بێدەنگە كردنی پرسە و سەرەخۆشی، یان بێدەنگە كردنێك بۆ خۆ نۆژەن كردنەوەو دۆزینەوەی دەنگێك كە لە دەرووندا بەهۆكاری بێدەنگە نەكردن سەركوت كراوە، نییە.

مەبەستم ئەو بێدەنگە كردنەیە كە لە رێگای خودسانسۆریەوە، سانسۆر كردن لە لایەن بەها كۆمەڵایەتی-سیاسییەكانەوە كە هەستی شەرم كردن و سووك بوون لە نووسەردا دەخولقێنن و بەسەریدا دادەسەپێنن. ئەوە دەزانرێت نووسەر یان بگێڕەوە بە وەسف كردن و باسكردنی بەشێك لەو واقعە تاڵەی بۆی روویداوە لە لایەن كۆمەڵگاوە دادوەری لەسەر دەكرێت و ئەم شتە بۆ نووسەرە ژنەكان زۆر روو دەدەن. لە لایەكیترەوە بە نەبینینی نووسەر ئەگەری ئەوە دەبێت كە دەنگی كپ بكرێت و هەر بۆیە ئەو دەنگەی كە بەهۆی شكانی بێدەنگیەوە بەرز دەبێتەوە كپ دەكرێت و كەس گوێی لێ نابێت.

هیچ ترۆمایەك بە تەواوەتی ترۆمایەكی تاكەكەسی و تایبەتی نییە و هەموو ترۆماكان ترۆمای بەكۆمەڵ و گشتین. میناخانی لەبری سەرجەم ئەو كەسانەی كە ئەزموونی هاوشێوەیان بووە، بەڵام توانای دەربڕین و قسەكردن لەو ئەزموونەیان نییە قسە دەكات و بێدەنگییەكەی بە گێڕانەوەكەی خۆی دەشكێنێت. دەربڕینی ئەزموونی ئازار و ئەشكەنجە لە نموونەی لەمجۆرەدا رەخنەگرتن لەو كەلتوورەیە كە لەناو ئەو كەلتوورەدا ئەم توندووتیژییە روو دەدات.

لەبەر ئەوەی ئادرە لۆرد وتەنی كە لە وتاری “گۆڕینی بێدەنگی بۆ دەربڕین و كاركردن” لە زمانی كچەكەیەوە دەگێڕێتەوە: لە بێدەنگیدا ناكرێت كەسێكی تەواو بیت، لەبەر ئەوەی بەشێك لە بوونی تۆ هەیە كە پێویستی بەوە هەیە دەرببڕدرێت و باسی لێوە بكرێت، بە بێ باسكردن لێی و دەربرَِینی بەردەوام توڕەو تووڕەتر و گەرم و گەرمتر ئەبیت و سەرەنجام لە ناوەوە بە مست ئەدات لە دەمت.”لەم نموونە تایبەتەدا دەربڕینی ئەزموون و باسكردن لێی، لەبری بێدەنگەكردن، یەكێك لەو رێگایانەیە كە بەو شێوەیە لە لایەكەوە ئەو كەسەی كە ترۆمای ئەزموون كردووە ئەتوانێت درێژە بە ژیانی خۆی بدات و ئەو دەرەفەتە بۆ خۆی بخولقێنێت كە درێژە بە ژیانی خۆی بدات و لە لایەكیترەوە وا لە كۆمەڵگایەی كە ئەو ترۆمایەی لە دەروونی خۆیدا پەروەردە كردووە دەكات كە بە نۆرمەكانی خۆیدا بچێتەوە.

سەرچاوە:

http://www.akhbar-rooz.com/article.jsp?essayId=61423

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button