” مرۆڤ تەنها بوونەوەرێكە كە نایهەوێت ئەوە بێت كە هەیە ” (ئەلبێر كامۆ)
ئەلبێر كامۆ رێكەوتی 7ی نۆڤەمبەری 1913 لەدایكبوو و رۆژی چواری جێنیڤەری 1960 ی زایینی ماڵئاوایی لە ژیان كرد. كامۆ نووسەر، فیلسووف، رۆژنامەنووسی ئەلجەزایری-فەرانسەوی یەكێكە لە فیلسووفە دیارەكانی سەدەی بیستەم و یەكێك لە نووسەر ناودارەكان و خاوەنی كتێبی “بێگانە”یە.
كامۆ ساڵی 1957 لەبەر “بەرهەمە گرینگە ئەدەبییەكانی كە بە روونی باس لە ویژدانی مرۆڤایەتی لەم چەرخەدا دەكات” بوو بە براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبیات.
هەرچەند كامۆ یەكێكە لە بیرمەندانی قوتابخانەی ئێگزیستانسیالیزم و وەك یەكێك لە بیرمەندانی ئەو قوتابخانەیە دەناسرێت بەڵام بەردەوام ئەم ناولێنانەی رەد كردۆتەوە. لە وتووێژێكدا لە ساڵی 1945 كامۆ بە تەواوی ئەوە رەت دەكاتەوە كە سەر بە قوتابخانەیەكی ئایدۆلۆژیك بێت و ئەڵێت :” نە، من ئێگزیستانسیالیست نیم. هەم من و هەم سارتەر بەردەوام پێمان سەیرە كە بۆچی ناومان بەیەكەوە دێنن.”
كامۆ لە ئەلجەزایردا لە دایكبوو كە لە ژێردەسەڵاتی فەرانسەدابوو و لە لایەن فەرانسەوە داگیركرابوو. لە زانكۆی ئەلجەزایر خوێندنی تەواو كرد و تا ساڵی 1930 كە تووشی نەخۆشی “سیل” بوو گوڵچی تیپی دووگۆڵی زانكۆكەی بوو. ساڵی 1949 دوای ئەوەی كامۆ لە بزووتنەوەی “هاووڵاتی جیهانی” گری دیۆیۆس جیابۆوە، دامەزراوەیەكی نێونەتەوەیی دامەزراند و ئاندرێ برێتۆن یەكێك لە ئەندامانی ئەو دامەزراوەیە بوو. دروستبوونی ئەم گرووپە، بە وتەی خودی كامۆ، لەسەر بنەمای “ئیدانە كردن و مەحكووم كردنی هەردوو ئایدلۆژیای شكڵ گرتوو لە ئەمریكا و یەكیەتی سۆڤیەت”بوو.
كامۆ لە كتێبی “مرۆڤی یاخی”دا دەنووسێت كە هەموو ژیانی تەرخان كردووە بۆ خەبات دژی فەلسەفەی نهێلیسم و بەتەواوەتی بڕوای بە ئازادی تاكەكەس هەیە.
سەرەتای كاركردن
ئەلبێركامۆ سەرەتا لە رۆژنامەیەكی ئێواران لە پاریس دەستیكرد بە كاركردن و دواتر بۆ دووركەوتنەوە لە ئەرتەشی نازییەكان لەگەڵ كارمەندەكانیتری رۆژنامەكە سەرەتا رۆیشتە شارۆی كلێرمۆن فران و دواتر بۆ شاری بۆردۆ لە رۆژئاوای فەرانسە.
ساڵی 1942 كامۆ رۆمانی بێگان و كۆمەڵە وتاری فەلسەفی لە ژێر ناوی ئەفسانەی سیزێفدا بڵاو كردەوە.
شانۆنامەی كالیگۆلای ساڵی 1943 چاپ و بڵاوكردەوە. كامۆ ئەم شانۆنامەیەی تا كۆتایی دەیەی 1950 چەند جار نووسیەوەو پێیدا چۆوە. ساڵی 1943 كامۆ كتێبێكی بە ناوی چەند نامە بۆ هاوڕێیەكی ئەڵمانی چاپ و بڵاوكردەوە.
ساڵی 1941 كامۆ بە چاوی خۆی ئێعدامی “گابریل پێری” بینی كە ئەم رووداوە بە وتەی خۆی بوو بە هۆی ئەوەی هەستی وەستانەوەو شۆڕش دژ بە نازییەكان لە دەروونیدا سەرهەڵبدات. ساڵی 1942 بوو بە ئەندامی بەرگری فەرانسە و ئۆكتۆبەری 1943 بە هاوكاری ئەندامانی تری گرووپەكە دەستی دایە دەركردن و چاپ و بڵاوكردنەوەی رۆژنامەیەكی ژێرزەمینی. كامۆ لەم گرووپی بەرگرییەدا لەگەڵ ژان پۆل سارتەر ئاشنا بوو. كامۆ جارێكیان لە حاڵێكدا سەروتاری رۆژنامەی ژێرزەمینی(وەستانەوە)ی بەدەستەوە بوو لە پشكنینێكی گشتی سەرشەقامەكاندا دەستگیركرا.
ساڵانی دوای جەنگ كامۆ پەیوەستبوو بە تاقمی ژان پۆل سارتەر و سیمۆن دوبۆڤار لە قاوەخانەی (فلۆر) لە بۆلڤاری سێن ژێرمەنی پاریس. كامۆ دوای جەنگ سەفەرێكی كورتی بۆ وڵاتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا كرد و لەوێ دەربارەی ئێگزێستانسیالیزم وتاری پێشكەش كرد.
ساڵی 1947 رۆمانی تاعوونی چاپ و بڵاو كردەوە كە ئەوكات یەكێك بوو لە پڕفرۆشترین كتێبەكانی فەرانسە.
ساڵی 1947 كامۆ رۆژنامەی (وەستانەوە)ی بەجێ هێشت و لەو رۆژنامە هاتە دەرەوە.
شانۆنامەی عادڵەكانی لە ساڵی 1949 چاپ و بڵاو كردەوەو كتێبی مرۆڤی سەركەشی ساڵی 1951 چاپ و بڵاو كردەوە.
ساڵی 1952 مشت و مڕێك لە نێوان كامۆ و سارتەر سەریهەڵدا دوای ئەوەی وتارێك لە گۆڤارێكدا دەربارەی كامۆ بڵاو بۆوە كە سارتەر سەرنووسەری ئەو گۆڤارە بوو.
ساڵی 1952 وازی لە كاركردن لەگەڵ رێكخراوی یۆنسكۆ هێنا لەبەر ئەوەی نەتەوە یەكگرتووەكان ئەندامیەتی ئیسپانیای بە رێبەری ژێنراڵ فرانكۆ قبووڵ كردبوو. ساڵی 1953 كامۆ یەكێك لە دەگمەن كەسایەتییە چەپەكان بوو كە دژ بە تێك شكانی مانگرتنی كرێكاران لە ئەڵمانیای رۆژهەڵات هەڵوێستی گرت.
مەرگ
كامۆ لە دوای نیوەڕۆی چواری جێنیڤەری 1960 لە تەمەنی 46 ساڵی و بە هۆی رووداوی هاتوچۆوە نزیك “سێن” لە شاری “ویل بلۆیل” گیانی لە دەستدا. لە گیرفانی كۆتەكەیدا بلیتێكی شەمەندەفەڕ بینرا كە بەكار نەهێنرابوو. سەرەتا ئەو بڕیاربوو بە شەمەندەفەڕ و لەگەڵ هاوسەرەكەی و منداڵەكانیدا بڕوات بۆ سەفەر، بەڵام لەدوایین ساتەكاندا پێشنیاری هاوڕێكەی لە چاپ و بڵاوكەرەوەی گالیمار قبووڵ كرد بەوەی كە بە سەیارەكەی ئەو سەفەر بكەن. شۆفێری سەیارەكە و میشێل گالیمار، هاوڕێی نزیكی و بڵاوكەرەوەی بەرهەمەكانی كامۆ، لەم رووداوەدا گیانیان لە دەست دا.
كتێبەكانی كامۆ
1- بێگانە (نامۆ)
نامۆ ناوی كتێبێكە كە ساڵی 1942 لە لایەن بڵاوكراوەی گالیمارەوە چاپ و بڵاو كرایەوە. كامۆ لە پێشەكی ئەم رۆمانەدا دەنووسێت :” لەمێژی رۆمانی “نامۆ”م لە یەك رستەدا كە لام وا نییە دژی عورف بێت كورت كردۆتەوە: ( لە كۆمەڵگای ئێمەدا هەر كەس لە ناشتنی دایكیدا نەگری، مەترسی ئەوەی لەسەرە ئێعدامی بكرێت.) تەنها مەبەستم ئەوەیە كە بلێم قارەمانی چیرۆك لەو رووەوە مەحكووم بە ئیعدامە كە لەو یارییەدا كە بەڵێنە بەشدار بێت بەشداری ناكات. بەم دەربڕینە لەكۆمەڵگای خۆی نامۆیە و دەكەوێتە پەراوێزەوە.
كورتەی چیرۆكەكە.
ئەم كتێبە چیرۆكی پیاوێكی دەرونگەرا بە ناوی “مێرسۆ” دەگێڕێتەوە كە كەسێكی كوشتووەو لە زیندان چاوەڕوانی ئەوەیە ئیعدامی بكەن. چیرۆكەكە لە دەیەی 1930 لە ئەلجەزایر روویداوە.
چیرۆكەكە بە دوو بەش دابەش دەكرێت. لە بەشی یەكەمدا “مێرسۆ” لە رێ و رەسمی ناشتنی دایكیدا بەشداری دەكات لە هەمانكاتدا هیچ هەستێكی تایبەت لەخۆی دەرنابڕێت. چیرۆكەكە رۆژانی دوایتری ژیانی كەسایەتییەكە بەوێنا دەكێشێت. مێرسۆ هەست بە هیچ پەیوەندییەك لە باری هەست و سۆزەوە ناكات لەگەڵ كەسانی دەورووبەری خۆی و لەوپەڕی كەمتەرخەمیدا ژیانی بەسەر دەبات. مێرسۆ لەوەی كە ژیانی بە بێ گۆڕان بەڕێ دەچێت و دەگوزەرێت رازییە.
لە بەشتی دووهەمدا دادگایی كردنی مێرسۆ دەست پێدەكات. لێرەدا كەسایەتی سەرەكی چیرۆكەكە بۆ یەكەمجار ئەوە دەبینێت كە كەمتەرخەمی و گوێ نەدان بە كەسانیتر چ كاریگەرییەكی هەیە لە سەری.
رووخان
رووخان، رۆمانێكە فەلسەفی كە لە زمانی ژان باتیست كلێمانس، كە پارێزەر بوو و ئێستا خۆی بە “قازی تۆبەكار” دەزانێت دەگێردرێتەوە. ئەو چیرۆكی ژیانی بۆ كەسێكی بێگانە دەگێرێتەوەو دان بە تاوانەكانیدا دەنێت.
كورتەی چیرۆكەكە
ژان باتیست كلێمانس لە رێستۆرانتێك بەناوی “مێكزیكۆ سیتی” لە گەڵ كەسێكی نەناسراو- كە لە راستییدا خوێنەری كتێبەكەیە- ئاشنا دەبێت و چیرۆكی ژیانی خۆی بۆ دەگێڕێتەوە. ئەو دەیگێڕێتەوە كە پارێزەرێكی پلەیەك بوەو ژیانێكی زۆر سەركەوتووانەی بووە. بەڵام شەوێك كە لەسەر پردێكەوە رەت دەبێت لە پاریس، ژنێك دەبینێت كە بە شێوەیەكی نائاسایی لە لێواری پردەكە نزیك بۆتەوە. ژان باتیست كەمتەرخەمانە لە لایەوە رەت دەبێت. دوای چەند هەنگاو كە دوور دەكەوێتەوە دەبیستێك كە شتێك دەكەوێتە ئاوەكەوە. بەڵام بە پێچەوانەی هەموو ئەو بەهایانەوە كە باوەڕی پێی هەیە هیچ كارێك ناكات. ئەم رووداوە كاریگەری هەیە لەسەر ژیانی ئەو وەك پارێزەرێك.
مرۆڤی یەكەم.
مرۆڤی یەكەم یان پیاوی یەكەم، رۆمانی ناتەوای ئەلبێر كامۆ. رۆژی 4 جێنیڤەری 1960 كە كامۆ بەهۆی رووداوی هاتوچۆوە گیانی لە دەستدا، دەستنووسی ناتەواوی مرۆڤی یەكەم، ئۆتۆبیۆگرافییەك كە ئەلبێر كامۆ كاری لەسەر دەكرد پاش خۆی بە جێ ما. كچەكەی كامۆ، كاترین كامۆ، دواتر دەستنووسەكانی سالی 1994 چاپ و بڵاوكردەوە. كامۆ هیوادار بوو ئەم نووسراوەیە شاكار بێت و هەندێ لە رەخنەگران لەم رووەوە لەگەڵی هاوڕابوون .
كورتەی چیرۆك.
رۆمانەكە دەربارەی ژاك كۆرمێری لە كاتی لە دایكبوونییەوە تا قۆناغی دواناوەندی لە ئەلجەزایرە. ئەم رۆمانە باس لە سەردەمی منداڵی دەكات، چوونە قوتابخانەو عەشقی كوڕێك بۆ دایكی و گەڕان بە دوای باوكی ون بوویدا. لەهەمانكاتدا ئەم رۆمانە چیرۆكێكە دەربارەی گرووپە جیاوازەكانی جوگرافیایەكی بەرفراوان لە ئەفریقا.
تاعوون.
رۆمانی تاعوون كە ساڵی 1947 چاپ و بڵاوكرایەوە بە بەرهەمێكی ئێگزێستانسیالیستی دەزانرێت.
كورتەی چیرۆك.
رووداوەكانی ئەم رۆمانە لە شارێك لە ئەلجەزایر بە ناوی “ئۆران” روو دەدات و لە زمانی بگێڕەوەوە كە خۆی بە دۆكتۆر ریۆ دەناسێنێت دەگێڕدرێتەوە. كتێبەكە بە باسكردن و وەسفی خەڵك و شارەكە دەست پێدەكات و دواتر باس لە زیاتربوونی ژمارەی مشكەكان لەشار و مەرگی مرۆڤەكان دەكات. زۆر كەس لایان وایە رۆمانی تاعوون كاریگەری بووە لە سەر زۆر نووسەری دوای كامۆ و تەنانەت زۆر كەسیش لەسەر ئەو باوەڕەن رۆمانی “كوێری” لە نووسینی ساراماگۆ بە شێوەیەك لاسایی كردنەوەی هەمان رەوتی تاعوونە.