لە زۆر شوێنی دونیا نووسین شێوەیەکە لە ژیان. بە پێچەوانەی وتەی ئەوانەی کە دەڵێن ئیتر “نووسین” باوی نامێنێت و روو لە لەناوچوونە، ئاماژەو بەڵگەکان ئەوە دەخەنە ڕوو، هێڵ و نووسین، هێشتا بەکار دەهێنێرێت و شتێکە هەموان هەوڵی بۆ ئەدەن و بەکاری دەهێنن. بەم شێوەیەی کە راپۆرتی رۆژنامەکان، ریکلام و بانگەوازەکان کۆمەڵێک بابەتی نووسراوەن و لە نووسین پێک دێن. بەرنامەکانی تەلەفیزیۆن و رادیۆ، وەک شانۆنامەکان، هەواڵەکان، بەرنامە تەنزییەکان و فیلمە دێکۆمێنتارییەکان، بەکەڵک وەرگرتن لە سەرچاوە نووسراوەکان بەرهەم دەهێندرێن و پێشکەش دەکرێن. هەروەها نووسەرەکان بۆ نووسینی چیرۆک، ژیاننامە، بابەتە وەرزشی و تۆمارکردنی رووداوە مێژوویی و تۆمار کردنی دێکۆمێنتەکان و… کەڵک لە نووسین وەردەگرن. هەربۆیە دایکان و باوکان زۆر نیگەرانن لەوەی مناڵەکانیان بچنە دونیای نووسینەوەو بیر لەوە دەکەنەوە یاخۆ “مناڵەکەی منیش حەزی لە نووسین دەبێت؟ ئاخۆ ئەویش دەتوانێت بنووسێت و فێری نووسین دەبێت؟ ئاخۆ دەتوانێت فێربێت بە باشی بنووسێت؟”
بە گشتی دایکان و باوکان ئەو چاوەڕوانییەیان هەیە خوێندنگەگان وەڵامدەرەوەی پرسیارەکانیان بن لەمبارەوە. لێکۆڵینەوەکانی ئەم دواییانە ئەوە دەخەنە ڕوو مناڵان وەک چۆن هەوڵ دەدەن زمانی قسەکردن فێربن، بە هەمانشێوە هەوڵیش ئەدەن زمانی نووسین فێربن. ئەمە زۆر زوو روو دەدات، تەنانەت زۆر زووتر لەوەی مناڵان بچنە باخچەی ساوایانەوە.
لێکۆڵەران دەڵێن، شەقلی پەقلی کردن، یەکەم هەوڵی مناڵانە بۆ نووسین. وەک چۆن ” دە دە، دوو دوو) وتن، دەستپێکردنی قۆناغی سەرەتایی قسەکردنە. ئەو مناڵەی کە هێڵەکان ئەدا بە یەکدا و شەقلی پەقلی دەکات، هەوڵی ئەوەیە شتێک بکێشێتەوە، لەوە تێگەیشتووە کە هێماکان لە سەر کاغەز، ئاماژەن بۆ شتەکان، بابەتەکان یان بیرکردنەوەکان.
ئەو مناڵە ساوایەی شەقلی پەقلی ئەیدا بە یەکدا و هێڵ ئەکێشێتەوە، بەرەبەرە فێر ئەبن شکڵ یان پیتێک لە ناو ئەو هێڵە پێچاوپڵووچ و خەغزییانەدا بکێشنەوە. رەنگە ئەو ، وشەیەک بێنێتە سەر کاغەزەکە کە لە مێشکیدایە و یان ناوی خۆی کە کەسێک فێری کردووە، بنووسێت. لەم قۆناغەدایە فێربوونی ئەلف و بێ دەست پێدەکات. لە حاڵێکدا مناڵان لە تەمەنی پێش چوونە خوێندنگەدان، بەرەبەرە لە ناو پیت و شەقلی پەقلی کێشانەوەکانیدا، وشەی زیاتر بە کار دەهێنێت. ئەگەر کەسێک لە مەبەستی تێ بگات یان خۆی “بیخوێنێتەوە” ئەمە یەکەم داڕشتنی ئەو دەبێت.
دایک و باوکان و راهێنەرەکان، زۆر کاریان لە دەست دێت بە مەبەستی خولقاندنی حەز و ویست لە مناڵاندا بۆ ئەوەی فێری نووسین بێت. ئەگەر بڕیارە نووسین رەوتی گەشەی خۆی بە سادەیی و بە شێوەی سروشتی ببڕن، ئەگەر بڕیارە مناڵان دەورێکی گرینگیان هەبێت لە ژیاندا، دەبێت یەکەم نووسینیان وەک یەکەم وشەی بە هەند وەربگیردرێت و هانی بدەن و بەم شێوەیە پەروەردەی بکەن. تەنها کاتێک نووسین بەلای مناڵەکەوە گرینگ دەردەکەوێت، کە لە لایەن دایک و باوک و راهێنەرەکانەوە بە هەند وەر بگیردرێت و گرینگی پێ بدرێت. هەربۆیە باشتر وایە چواردەوری مناڵەکە پڕبێت لە نووسین، وەک چۆن پێش ئەوەی فێری قسەکردن بێت، بە وشەو قسەکان گەمارۆ دەدرێت. ئەزموونی نووسین لە ماڵێکدا کە پڕە لە رۆژنامە، کتێب و گۆڤار و بەکار دەهێنرێن، زۆر باشتر شکڵ دەگرێت. لە قۆناغی دواتردا گرینگیدانی مناڵان نووسراوەی سەر پاکەتەکان، سەر دەرمانەکان، رێنمایی بەکارهێنانی کەرەسەکانی یاریکردن، نووسراوەی سەر پارە و… بەکەڵک و گونجاون، لەبەر ئەوەی هەموو ئەمانە بەشێکن لە دونیای نوسیاری.
لە خوێندنگەش کتێبە دەرسییەکان، رۆژنامەی دیواری[1]، کتێبەکانی کتێبخانە، لەزگەی سەر شتەکان یان بەرنامەی رۆژانە، پەرە بە ئەزموونەکانی مناڵان ئەدەن لە باری نووسین و خوێندنەوەی نووسراوەکانەوە. بە مەبەستی داڕشتن و بونیادنانی تەکنیکی نووسین، دایک و باوکان و راهێنەرەکان دەبێ هەوڵی ئەوە بدەن مناڵان پەیوەندی دروست بکەن لە نێوان ئەو وشانەی نووسراوەو ئەو وشانەی دەوترێن. ئەو دەمەی مناڵ لەم پەیوەندییە تێ دەگات و لە هەندێ لە ئاماژە و هێما دەنگییەکان دەگات، قۆناغی نووسین دەست پێ دەکات.
شێوازەکانی پەروەردەکردن و پێشکەوتن لە نووسیندا
١: مناڵان هان بدەن وشەی نوێ بەکار بهێنن، ئیزن بدەن قسەکردنی باشتر بێت.
٢: کۆمەڵێک بابەت بۆ مناڵان بخوێننەوەو داوای لێ بکەن وەڵامی پرسیارەکانتان بداتەوە لەو بارەوە.
٣: لە بەردەم مناڵاندا هەندێ بابەت بنووسن، بۆ ئەوەی ببێت بە سەرچەشن بۆی بۆ لاساییکردنەوەو نووسین.
٤: دەرفەتی گونجاو بخەنە بەردەم مناڵان بۆ ئەوەی فێری نووسین بن.
ئەم پێشنیارانە بە پێچەوانەی پەروەردە و فێرکاری فەرمی و زۆرەملێ، کە هیچ دەور و نەخشێکیان نییە لە فێربوونی سەرەتایی زمان لای مناڵان، گەرەنتین بۆ پێشکەوتنی مناڵان و بە دەست هێنانی توانایی و لێهاتوویی بەکەڵک لەو بوارەدا.
هاندانی مناڵان بۆ ئەوەی وشەی نوێ بەکار بهێنن
قسەکردن لەگەڵ مناڵ و گوێگرتن بۆ قسەکانی، کاریگەرییەکی زۆری هەیە بەوەی ئەو مناڵە فێری قسەکردن بێت. سەردانکردنی شوێنە جیاوازەکان و گفتوگۆ کردن لە بارەیانەوە وا دەکات وشەی زیاتر فێر ببێت. لەبەر ئەوەی هەر ئەزموونێکی نوێ، بابەتێکی نوێ بۆ قسەکردن و گفتوگۆ دێنێتە پێش. بەم شێوەیە مناڵ زاراوەو وشەی نوێ فێر ئەبێت. ئەوەی کە مناڵ باس لە سەردانەکەی و ئەو شتانەی کە بینیوییە، بیستوییەتی یان جێبەجێی کردووە، دەبێت بە سەرەتایەک بۆ دەربڕین بە شێوەی نووسین. ئەو مناڵانەی فێربوون بیرکردنەوەکانیان رێک بخەن بۆ ئەوەی بە شێوەی رێک و پێک بیخەنەڕوو، بەشێکی گرینگ لە داڕشتن نووسین فێربوون. دایکان و باوکان و راهێنەر و مامۆستاکان لە رێگای ئەزموونەکانیانەوە بەوەی کە مناڵان چۆن دەتوانن باشتر قسە بکەن و بنووسن، دەتوانن باشتر یارمەتیان بدەن بۆ فێربوون.
خوێندنەوەی بابەت بۆ مناڵ
کتێب خوێندنەوە بۆ مناڵ، بەو مەبەستەی کە دڵنیا بیت لەوەی ئەویش لە داهاتوودا دەتوانێت وشە نووسراوەکان بخوێنێتەوە، رێگایەکی باشە. ژمارەیەک لە پسپۆڕان و شارەزاکان لەسەر ئەو باوەڕەن خوێندنەوەی کتێبی چیرۆک بە شێوەی رۆژانە، دەورێکی بەرچاوی هەیە لە پەرەسەندنی توانا زمانییەکانی مناڵان. بەتایبەت ئەگەر لەگەڵ ئەم خوێندنەوانەدا، چاو لە فیلم و شانۆی بووکەڵە بکەن و باس و گفتووگۆ دەربارەیان بوونی هەبێت.
نووسین لە بەردەم مناڵدا.
کاتێک لە بەردەم مناڵاندا بابەتێک دەنووسیت، ئەو دەم ئەوان لەوە تێدەگەن کە “نووسین” چالاکییەکی گرینگ و بەکەڵکە لە ژیانی رۆژانەی مرۆڤەکاندا. ئەم بابەتە دەکرێت نووسین و تۆمار کردنی ئەو کارانە بێت کە دەبێت جێبەجێی بکەن، کاتی دیدارەکان، نووسینی بیرەوەری، نامە بۆ هاوڕێکان، پڕکردنەوەی فۆڕمی پرسیار و وەڵام، دەربڕینی هەستەکان ( وەک نووسینی شیعر)، نامە ئیدارییەکان و شتگەلێکی لەمجۆرە.
خولقانی دەرفەت بۆ ئەوەی مناڵان بتوانن بنووسن
ئەو گەورانەی کە گرینگی دەدەن بە مناڵ و نووسینەکانی، دەتوانن وا بکەن ئەو مناڵە لە بواری نووسیندا هەندێ ئەزموون بە دەست بهێنێت. ئەم چالاکیانەی خوارەوە، دەرخەری ئەو هەل و دەرفەتانەیە کە وا لە مناڵ دەکات حەزی لە نووسینی راستەقینە و ئامانجدار بێت.
جیاکردنەوەی وشەکان و لکاندنیان بە دیوارەوە، نووسینی نامە بۆ خزم و کەس و کار، باسکردن و وەسف کردنی ئاژەلە ماڵییەکان، حیکایەت بێژی دەربارەی کەرەسەی یارییەکان، ئامادە کردنی لیستی کڕین، نووسینی بەرنامەی سەفەر، یاری کردن بە وشە سادەکان، وەسفی باخ و خانوو، خوێندنەوەی نووسینی سەر کەرەسەکانی ماڵەوە، نووسینی پۆست کارت، شیعر هۆنینەوە، نووسینی چیرۆکی خەیاڵی و ئاواتەکان و…
هەموو ئەو پێشنیارانەی سەرەوە بۆ ئەوەیە کە قۆناغی نووسین ، رەوتی سروشتی خۆی ببڕێت و گەشە بکات. وەک چۆن قسەکردن چەند ساڵ پێشتر ئەم رەوتەی بڕیوە. هەموو ئەمانە لەبەر ئەوەیە مناڵ پێویستی بەوە هەیە و ئاواتی ئەوەیە کە پەیوەندی بگرێت بە کەسانیترەوە. مناڵ بە درێژایی ئەو مانگ و ساڵانەی کە سەرقاڵی بینین، ئەزموون کردن، فێربوونی زمان، پێشکەوتن لە رێکخستنی وشەکانە ( سەرەتا لە دەربڕینی زارەکی و دواتر نووسیندا) ، بەرە بەرە فێر دەبێت بنووسێت. ئێستا دایک و باوکان ئەم پرسیارەی خۆیان کە ” کەی مناڵەکەم فێری نووسین دەبێت؟” یان ” ئاخۆ مناڵەکەم فێری نووسین دەبێت؟” بەم شێوەیە دێننە پێش :” چۆن دەکرێت مناڵان فێری نووسین بکرێن و مناڵەکەم چۆن ئەو دەرفەتەی دەکەوێتە بەردەم؟”
وەک وتمان ئەو دەرفەتانە فرەچەن و جۆراوجۆرن. بەڵام خاڵی گرینگ ئەوەیە لە ئێستادا “نووسین” بناغە و بنەمای ژیانە و شێوەیەکە بۆ ژیان کردن.
Eileen Tway/ when will my child write? – Chidhood Education, May/june 1983.
[1] – نەشرە