چیرۆکی وەرگێڕان

سزادان

ن: ستیڤان لانکەر

قورسترین سزایەک کە خواوەندەکانی یۆنانی کۆن دەیانتوانی بۆ “سیزیف” دیاری بکەن، ئەوە بوو کە کارێکی بێ مانای پێ بسپێرن.

سیزیف بەوە سزا درا کە گاشەبەردێک لە سەرولێژاییەکەوە بباتە سەر. ساڵانێک تێپەڕی و سیزیف لەم ماوەیەدا سەرقاڵی بردنە سەرەوەی گاشەبەردەکە بوو لە سەروالێژە توندەکەوە. بەڵام هەرکە دەگەیشتە سەرەوە، بەردەکە خلۆر ئەبۆوەو دەکەوتە ناو دۆڵەکە.

خواوەندەکان لەبیریان چبۆوە کە گاشەبەردەکە بە تێپەڕبوونی کات و بە هۆی بەرکەوتنی لەگەڵ شتەکان ئەسوێت.

 

لە سەد ساڵی یەکەمدا، لێوارە تیژەکانی کە دەستی سیزیفی بڕیبوو و برینداری کردبوو ساف بوو. لە پێنسەدساڵی دواتردا، بەرزی و نزمی بەردەکە وەها ساف بۆوە سیزیف دەیتوانی بەردەکە تل بدات و بیباتە سەرەوە. لە هەزار ساڵی دواتردا، تا دەهات گاشەبەردەکە بچووک و بچووکتر دەبۆوەو سەروالێژییەکە ساف و لەبارتر…

لەم رۆژانەدا سیزیف وردەبەردێکی بچووک کە سەردەمانێک گاشەبەردێک بوو، لەگەڵ حەبە ئازار شکێنەکانی و کارتی بانکییەکەی ئەخاتە ناو جانتاکەی و لەگەڵ خۆی دەیگوازێتەوە. بەیانیان سواری ئاسانسۆر ئەبێت و ئەڕواتە نهۆی بیست و هەشتەمی ئەو بینایەی نووسینگەکەی ئەوی لێیە کە وەک شوێنی سزادانی دەناسرێت. دوای نیوەڕوان جارێکیتر دەگەڕێتەوە بۆ خوارەوە!

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button