فێمێنیزمی کەلتووری
فێمێنیزمی کەلتووری (Cultural feminism) جۆرە روانینێکی فێمێنیستانەیە و لایەنگرانی فێمێنیزمی کەلتووری باوەڕیان بەوەیە کە ژنان خاوەنی جۆرێک جەوهەرە یان سروشتی دیاریکراوی ژنان کە ئەوان لە پیاوەکان جیا ئەکاتەوەو ئەکرێت وەک خاڵێکی بەهێزی کۆمەڵایەتی ببینرێت. فێمنیستە کەلتوورییەکان لەسەر ئەو باوەڕەن پێویستە گرینگی زیاتر بە بیروبۆچوون و روانگەکانی ژنان بدرێت و ئەو شتانەی کە پێشتر وەک خاڵی لاوازی ژنانە دەبینران لە راستییدا کۆمەڵێک خاڵی بەهێزن کە ئەوان وەک کەسانێکی پێگەیشتوو ئەخاتەڕوو.
ئایدیای فێمێنیزمی کەلتووری
ئەم ئایدیایە لە بە فەرمی لە دەیەی ١٩٧٠وەک بزووتنەوەیەک دەرکەوت. فێمێنیزمی کەلتووری بە زۆری جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە ژنان ئەتوانن ئەو رۆڵە جێندەرییانەی کە پێیان دراوە لەبەرژەوەندی خۆیاندا بەکاری بهێنن وئەبێ واش بکەن. مێری دالی، بیرمەندی ناسراوی ڕادیکاڵ فێمنیست ، لە بەرهەمەکانی خۆیدا بۆ باسکردن لە فێمێنیزمی کەلتووری هەندێ دەستەواژەی وەک :” بایۆلۆژی، مێتا ئەتکێتی فێمێنیزمی رادیکاڵ” (“Biology: The Metaethics of Radical Feminism ) ی بەکار هێنا بۆ ئەوەی ئاماژە بە وزەی ژنانە بکات کە ژنان هەیانە. ژنان جۆرێک ئەخلاق و ئاکاری تایبەتی چاودێریکردن و ئاگالێبوونن کە وادەکات ئەوان وەک کەسانێکی ئاشتیخواز پێناسە بکرێن و ئەم تایبەتمەندییە وا ئەکات ژنان بتوانن دونیایەکی باشتر بخولقێنن.چیرۆکی ( بکوژی بابانۆئێلەکان) یەکێکە لەو چیرۆکانەی کە باس لەوە ئەکات ئەگەر ژنان دەسەڵات بگرنە دەست ئیتر هیچ جەنگێک روونادا و کەس ناکوژرێت و ئاشتی سەقامگیر ئەبێت.
ئادرین ریچ، نووسەری فێمنیست لەسەر ئەو باوەڕەیە تواناکانی داهێنانی ژنان بە تەواوەتی لە لایەن کۆمەڵگای پیاوسالارییەوە کۆنتڕۆڵ کراوە.
ڕەگ و ریشەی فێمێنیزمی کەلتووری
فێمێنیزمی کەلتووری لە فێمێنیزمی ڕادیکاڵای دەیەکانی ١٩٧٠ بەوە سەرچاوەی گرتووە. بەڵام ئەتوانین بڵێین پاشخانی ئەم چەمکە و بناغەکانی ئەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٨٤٣. مارگرێت فۆلەر رۆژنامەنووس، ئێدیتەر و چالاکی بواری ژنان، لە کتێبی ” ژن لە سەدەی نۆزدەیەم”دا روانگەیەکی هێنایە بەرباس و باسی لەوە کرد کە ” پیاوەکان ئەتوانن ببن بە میراتگری زەوی” ئەگەر بێتۆ ئاستی سۆزداری خۆیان ببەنە سەرەوەو زیاتر وەک بوونەوەرێکی سۆزدار دەربکەون.
دواتر کەسانیکی وەک ” جەین ئادامز” و ” شارلۆت پێرکێنز گێلمان” زیاتر باسیان لەم ئایدیایە کرد و وتیان ئەوەی کە ژنان لە زات و جەوهەری خۆیاندا کەسانێکی مێهرەبان و بەسۆزن وەک خاڵێکی پۆزەتیڤی ژنان ئەبێ ببینێت و وا ئەکات ئەگەر ژنان دەسەڵاتیان بەدەست بێت توندووتیژی کەمتر بێتەوە.
فێمێنیزمی کەلتووری لە بەرامبەر ڕادیکاڵ فێمێنیزمدا
لە کاتێکدا کە ڕادیکاڵ فێمێنیزم ڕێگەخۆشکەر بوو بۆ دەرکەوتنی فێمێنیزمی کەلتووری، هەروەها فێمێنیزمی کەلتووری ئەکرێت وەک لقێکی ڕادیکاڵ فێمێنیزم ببینرێت، بەڵام ئەم دوو ڕەوتە فێمنیستییە جیاوازی بەرچاویان هەیە. ڕادیکاڵ فێمنیستەکان لەسەر ئەو باوەڕە بوون کە دونیا لە سەر بنەمای ئەزموونی پیاوانە بونیاد نراوەو ناکرێت ڕۆڵە رەگەزییەکان Gender roles)) بگۆڕدرێن لەبەر ئەوەی بە قوولی لە ژناندا دەروونی بۆتەوەو ژنان بڕوایان بەو رۆڵە رەگەزییە کردووە کە پێیان دراوە. ئەوان لەسەر ئەو باوەڕە بوون کە پێویستە سیستەمی کۆمەڵایەتی بگۆڕدرێت و تەنها لە رێگای گۆڕینی سیستەمی کۆمەڵایەتییەوەیە پێشکەوتنی راستەقینە مسۆگەر ئەبێت.
لە بەرامبەردا فێمنیستە کەلتوورییەکان لەسەر ئەو باوەڕە بوون کە پێویستە جیاوازییەکان بە هەند وەربگیردرێن و ژنان شانازی بە جیاوازییەکانی خۆیانەوە بکەن و وەک خاڵی پۆزەتیڤ بیان بینن و بیکەن بە هەوێنی سەرکەوتن.
چوار ئایدیای سەرەکی فێمێنیزمی کەلتووری
بیرۆکە و ئایدیای سەرەکی فێمێنیزمی کەلتووری ئەوەیە ژنان هان ئەدات بەوەی خەخت لەسەر ئەو تایبەتمەندیانە بکەنەوە کە وەک تایبەتمەندی گریمانەکراوی ژنان ئەبینرێتن. هەندێ لە خاڵە سەرەکییەکانی فێمێنیزمی کەلتووری بریتین لە:
- جەوهەرگەرایی (Essentialism:): ئەم بزووتنەوە فێمنیستییە جەخت لە سەر ئایدۆلۆژیای جەوهەرگەرایی ئەکاتەوە، بەو مانایەی ژنان و پیاوان لە راستییدا یەکسان نین، بەڵام کۆمەڵێک جیاوازی لە نێوانیاندا هەیە کە وا ئەکات هەر کامەیان لەویتریان جیا بێتەوە. سروشت و جەوهەرەی ژنانە بوون وا ئەکات کە ژنان تایبەت و جیاواز بن، بەڵام سەرکوتگەری پیاوان و ئەوەی کە پیاوان ژنان ئەچەوسێننەوە بووە بە هۆی ئەوەی تواناکانی ئەوان دەرنەکەون و تواناکانیان زیاتر سەرکوت بکرێن.
- جیاوازگەرایی(Separatism): ژنان پێویستیان بە شوێنێک هەیە کە تایبەت بێت بە خۆیان بتوانن لە شوێنێکدا کە تایبەتە بە خۆیان و پیاوان دەستیان پێی ناگات بەردەوام بن لە کاری داهێنانی خۆیان و دەربکەون. رەنگە بکرێت کتێبە دیارەکەی ڤێرجینیا وۆلف بە یەکێک لە سەرچاوە سەرەکییەکانی ئەم جۆرە ئایدیایە بزانریت کە باس لەوە ئەکات ژنان پێویستە شوێنی تایبەت بە خۆیان هەبێت بۆ نووسین و بەرهەمهێنان و داهێنان. برۆک ویلیامز، یەکێک لە ئەندامانی بزووتنەوەی رزگاری ژنان چەمکی ( فێمێنیزمی کەلتووری) لە ساڵی ١٩٧٥ بۆ ئەوە بەکار هێنا کە رادیکاڵ فێمێنیزم رەوتێکی ناسیاسییە و وەک جیاوازییەکانی نێوان دوو بزووتنەوە ئەم چەمکەی بەکار هێنا و لەسەر ئەو باوەڕە بوو کەلتووری ژنانە کە زیاتر لە لایەن فێمنیستە کەلتوورییەکانەوە زەق ئەکرێتەوە ، ئامانجەکانی فێمێنیزم تێک ئەشکێنێت. برۆک ویلیامز بەم شێوەیە رەخنە لە فێمنیستە کەلتوورییەکان ئەگرێت و لای وایە فێمێنیزم لە زاتی خۆیدا بزووتنەوەیەکی سیاسییە و نابێ لە تایبەتمەندییە سیاسییەکانی دابماڵڕێت.
- سروشتی ژنانە لە روانگەی فێمنیستە کەلتوورییەکانەوە: فێمنیستە کەلتوورییەکان لە سەر ئەو باوەڕەن ئەکرێت کەلتووری ژنانە لە بایۆلۆژی یان کۆمەڵگاوە سەرچاوەی گرتبێت. بۆ وێنە ژنان وەک بوونەوەرگەلێکی بەسۆزتر و ئاشتیخوازتر دەناسرێن، بەم مانایە ئەوان ئەکرێت کەسانێکی شیاوتر بن بۆ رێبەریکردن و بەڕێوەبردنی وڵات. یان ئەوەی کە ئەوترێت ژنان پەیوەندییەکی نزیکتریان لەگەڵ زەوی هەیە، کەوایە سروشتیان خۆش ئەوێت و ئەیپارێزن، بڕیارەکانیان خزمەت بە ژینگە ئەکات و داهاتوویەکی باشتر بۆ مرۆڤایەتی دەخولقێنن.
- خاڵی لاواز بە نیشانە هێز: فێمێنیزمی کەلتووری هەوڵ ئەدات جۆری روانین بۆ دەسەڵات و هێز بگۆڕێت و جارێکیتر هێز پێناسە بکاتەوە. بۆ وێنە، هەندێ تایبەتمەندی وەک زیرەکی سۆزداری و بەهستبوون یان هەستیاربوون وەک تایبەتمەندی کۆمەڵایەتی بەسوود پێناسەئەکات. ئەوان لەسەر ئەو باوەڕەن ئەوەی کە ژنان کەسانێکی بەسۆز و هەستەوەرن نیشانەی لاوازی ئەوان نییە، ئەبێ وەک نیشانە و هێمای بەهێزیان ببینرێت. ئەمجۆرە روانینەی ئەوان زیاتر وەک وەستانەوە دژی ئەو بۆچوونە پیاوسالارییە پێناسە ئەکریت کە ژنان نابێ لە ناوەندەکانی دەسەڵات یان یاسادانان دا بن لەبەر ئەوەی ژنان بوونەوەرگەلێکی هەستەوەرن و کەمتر لۆژیکین. تەنانەت مۆنتیسکیۆ لە کتێبی ( رۆحی یاساکان) دا زۆر بە ئاشکرا باس لەوە ئەکات ژنان ناتوانن دادوەر بن یان لە ناوەندی بڕیارداندا بن لەبەر ئەوەی هەستەوەرن . فێمنیستە کەلتوورییەکان هەستەوەربوون نەک بەخاڵی لاواز بەڵکوو بە نیشانەی هێزی دەبینن. لە بەرامبەردا فێمنیستە رادیکاڵەکان رەخنە لەم هەڵوێستەی فێمنیستە کەلتوورییەکان ئەگرن و لایان وایە ئەوان ڕازین بەو جۆرە پێناسەیەی کە پیاوسالاری بە ژنانی بەخشیوە.