وتووێژ

وتووێژ لە گەڵ ژۆزە ساراماگۆ

 

دوای وەرگرتنی خەڵاتی نۆبێل لە ساڵی ١٩٩٨، ھەستت نەکرد بەرپرسایەتی نوێت کەوتۆتە ئەستۆ؟

بەڵی، ھەر وایە، لە بەر ئەوەی یەکەم نووسەری پورتەگالیم ئەم خەڵاتەم وەرگرتووە. ھەر بۆیە، ئەو ھەستەم ھەبوو کە لە بەرزترین لوتکەی ئەدەبی سەد ساڵەی پورتەگالدا وەستاوم و ھەمووان چاویان لێمە. بۆ ھەر کوێ بانگھێشتیان دەکردم دەچووم. بەڕازیل، موزامبیک و ھەروەھا پورتەگال. کەسانێکم دەدی خوشحاڵ بوون و شانازیان دەکرد بەوەی خەڵاتی نۆبێلم وەرگرتوە، ئەو کەسانەی کە تەنانەت ھیچ بەرھەمێکی منیان نەخوێندبۆوە، بەڵام خۆشحاڵ بوون. ئەرکی سەرشانمم وەک نووسەر و شارۆمەندێ ئەنجام دابوو. بەڵام ئەم خەڵاتە ھیچ شتێکی نەگۆڕی و من ھەر ئەو کەسەم کە بووم و بە تەواوی سەرم سووڕ دەما ھەر کات کەسێک دەیگوت :” تۆ براوەی خەڵاتی نۆبێلی!”

 

ھەر چەن زۆرتر کەڵک لە حیکایەت و چیرۆکەکۆنەکان کەڵک وەردەگری، بەڵام وا دیارە لە دوای “کوێری”یەوە زۆرتر رووت ھێناوەتە واقیع.

دوای “ئینجیل بە گێڕانەوەی عیسی مەسیح” لام وابوو رەوتێکی دیاریکراوم دۆزیوەتەوە، جۆرێ کە زۆر لە چاو نەدات و نەبینرێ. ئێماژێکم ھەبووم و ناوم ناوبوو “پەیکەرەی بەردی”. پەیکەرە رەواڵەتی بوو و بەرد ناوەرۆکەکەی. تا کاتی نووسینی “ئینجیل بە گێڕانەوەی عیسی” تەنھا کارێک کە دەمکرد ئەمە بوو کە رواڵەتی پەیکەرەکە وەسف بکەم. دوای “کوێری” و ئەو رۆمانانەی کە دواتر نووسیم، رووم ھێنایە ناوەوەی پەیکەرەکە، ئەو شوێنەی بەرد نازانێ پەیکەرەیە و ھەوڵم ئەوە بووە لە پرسیارێکدا کە ھەردەم لە خۆمی دەپرسم، شوێنی دوورتر ببینم و پرسیارەکە ئەمەیە :”ژیان یانی چێ؟”

 

وەک ئەوە وایە رۆمانی “بینایی” درێژەی رۆمانی “کوێری ” بێت، پێشتر وەھا بڕیارت دابوو؟

 

بە دڵنیاییەوە نا. لەو کاتەوەی دەستم کرد بە نووسینی “بینایی” ھیچ بیرم لە پێویستی یان رەنگە ئەگەری پێوەندی نێوان ئەم کتێبە و “کوێری” نەدەکردەوە. کە خەریک بووم کتێبەکەم دەنووسی، زانیم ئەم بابەتە شتێکە کە ناکرێت خۆی لێ لا بدەم، چونکە ئەو ھەلوومەرجە ناوازەیەی لە کوێریدا خولقاندبووم و دەرد و ئازارێک کە لەوێدا ھەبوو و ھەموو ئەوانە تەنھا بە یارمەتی وشیاری و زەینی من دەیتوانی بڕواتە پێش. لە کاتی ئەم رووداوەدا، دەبێ لە رواڵەتی شتەکانیش ورد بینەوە، دەبێ تۆزێک بوەستین، بێدەنگە بین، رابمێنین و تەنھا بیر لە ئەنجامەکانی کوێری نەکەینەوە کە ئەمڕۆکە ھاتۆتە پێش، بەڵکوو دەبێ ھۆکارەکانی نووسینیشی لە بەرچاو بگرین.

 

بینایی سیاسی ترین و ورووژێنەرترین کتێبی ئێوەیە؟

 

ھەموو کات روانگەیەکی سیاسیم لە رۆمانەکانمدا ھەبووە و ھەڵبەت “بینایی” سیاسی ترینیانە، چونکە لەم کتێبەدا دەربارەی دەنگی سپی قسە دەکەم و لەم رووەوە ورووژێنەرترین و شۆڕشی ترین رۆمانمە. لە پورتەگالدا بابەتەکان ھات و ھاواری زۆریان لێ دەکەوێتەوە، ئەو بابەتانەی کە چاویان ھەڵنایە بە بوونیان. من بەوە تاوانبار دەکەن دەمھەوآ دیمۆکراسی وێران بکەم. چون دەمھەویست لە کتێبەکەدا بەو ئەنجامە بگەم دەنگی سپی ترس دەخولقێنێ. لە دیمەنێک لە کتێبەکەدا، ماریۆ سوئارز سەرۆک کۆماری پێشتری کۆماری پورتەگال دەڵێ :” بۆ تێ ناگەن؟ رێژەی ١١ لە سەدی دەنگی سپی بە مانای شکەستی دیمۆکراسییە.” شکستی راستەقینە بەشداری نەکردنی ئەو پەنجا لە سەدەیە کە لە ھەڵبژاردندا بەشداریان نەکردوە، چونکە ئەو کەسەی دەنگی سپی دەدات لانیکەم کارێکی کردووە ، بۆ دەنگی سپی پڕووپاگەندەی ھەڵبژاردنمان نەکردووەـ، تەنھا لە ناو شارۆمەندەکاندام و دەڵێم :” ئەو شتەی ئێوە دەیدەن بە ئێمە بەس نییە، دەبێ شتێکی تازە دابھێنن، یان لانیکەم دەبێ دیمۆکراسی رزگار بکەن.”

ھەڵبەت دەزانم ئەم وتەیەم پاڕادۆکس و ناتەبایە، چونکە کۆمۆنیستێک خەریکە ئەم قسەیە دەکات. ھێشتاکە ئەم وتەیە دەبیستم کە دەڵێن :” کۆمۆنیسم ھەموو کات مەبەستی ئەوە بووە دیمۆکراسی وێران بکات و دژ بە دیمۆکراسیە.” لە حاڵێکدا بە پێچەوانەوە ھیچ کات بەو شیوەیە نەبووەو ئەمە راست نییە.

 

ئەم پەرچە کردارە چۆن دەبینن؟

 

لە سەردەمێکدا دەژین کە دەتوانین لە سەر ھەر بابەتێک دیالۆگ بکەین، بەڵام سەیر لەوەدایە کە کۆمەڵێک بابەتێش ھەن کە کەس دەربارەیان قسە و گفتووگۆ ناکات، وەک دیمۆکراسی. زۆر سەیرە کەس ئامادە نییە تۆزێ لە چییەتی دیمۆکراسی رابمێنآ، ئەوەی لە بەرژوەندی کێ و چ شتێکدایە؟ وەک “سێنت ویرژ” (مریەمی پاکیزە) وایە کە کەس ناوێری دەستی لێ بدات. ھەمووان لایان وایە دیمۆکراسی شتێکی پیرۆزە. من لام وایە دەبێ دەربارەی ئەم بابەتە لە ئاستی نێونەتەوەییدا گفتوو گۆ بکرێ و دڵنیام ئەنجامەکەی دەبێ بەوەی کە لە دیمۆکراسی دا ناژین، چون دیمۆکراسی شتێکی رواڵەتییەو بەس.

 

بۆچی؟

 

دیارە لە وەڵامی مندا دەڵێن، تا ئەو کاتەی شارۆمەندێکی و بۆت ھەیە دەنگ بدەی، دەتوانی دەوڵەت یان سەرۆک کۆماری بگۆڕی، ئەمە بابەتێک نییە تەنھا تایبەت بێت بە ئێرە. بەڵام جگە لەم کارە ھیچ کارێکی ترم لە دەست نایە، چونکە ھێزی سەرەکی ئەمڕۆ ھێزی ئابووریە و دامەزراوە و رێکخراوەکانی وەک “رێکخراوی ئابووری جیھانی” و “رێکخراوی پارەی جیھانی” ھێزی سەرەکیان لە دەستدایەو ئەو دوو رێکخراوەیەش نادیمۆکراتیکن. ئێمە لە پلۆتوکراتییەکدا دەژین. رستەی کۆنی “دیمۆکراسی ، دەسەڵاتێ لە خەڵکەوە بۆ خەڵک” ئەمڕۆکە گۆڕاوە بە ” دەسەڵاتی لە سەرمایەدارەکانەوە، بۆ سەرمایەدارەکان”.

 

لە کتێبی “مێژووی گەمارۆی لیسبۆن”دا یەکێک لە کەسایەتیەکان دەڵێ :” سپاس بۆ ئەو کەسەی (نا) دەڵێت، چونکە پادشای زەوی دەبێ فیری (نا) بێت(…) پادشایی زەوی ھی ئەو کەسانەیە کە تێگەیشتن و وریایی ئەویان ھەیە “نا” ئەو کاتەی کارکردی “بەڵێ”یان ھەیە بە کار ببەن.” ئەمە ھەر ئەو شتەیە کە لێرەدا باسی لێوە دەکرێت؟

 

“نا” بۆ من وشەیەکی زۆر گرینگە. ھەروەھا ھەر شۆڕشێک جۆرێک “نا” وتنە ئیتر. بەڵام کێشەی سرشتی مرۆڤ ئەوەیە “نا” ھێدی ھێدی دەگۆڕدرێت و دەبێ بە “بەڵێ” و ئەمە سەردەمێک روو دەدا کە رووحی شۆرش و نیاز پاکییەک کە ھەیەتی لە ماوەی بیست یان سی ساڵدا دەگۆڕدرێت و واقیع بە جۆرێکیتر دەردەکەوآ. بە ھەموو ئەمانەشەوە، ھەمووان دەربارەی ئەو شۆڕشانە قسە دەکەن کە ئیتر بوونیان نییە. ئەم بەسەرھاتە وەک “ئازادی” وایە: تاوانێکی کە خۆی لە خۆیدا ئەنجامی داوە….

 

بە دڵنیاییەوە رازین لە ھەڵوێستی نێگەتیڤی دەوڵەتی فەرانسە بەرامبەر بە یەکیەتی ئەورووپا و ئەم ھەڵوێستە پەسەند دەکەن؟

راستی ئەوەیە نازانم فەرانسە چ دەنگێکی داوە، بەڵام پێشوازی لەم رووداوە دەکەم. کەلتووری فەرانسە بۆ من زۆر گرینگە، بەڵام لام وایە ئیتر فەرانسە ئەو چرا کەلتوورییەی کە پێشتر پێی بوو، نەیماوە. ئەگەر بتوانێت ئاوڕ لە رابردووی بداتەوەو بگەڕێتەوە بۆ ھەمان کەلتوور ھەم بۆ ئوروپا و ھەم بۆ جیھان بە کەڵک دەبێ.

 

لە بیناییدا باسێک دینیتە گۆڕ کە لەودا بەشێک لە دەوڵەتەکان لە تیرۆریسم و ترس وەک ئامرازێ کەڵک وەردەگرن.

کەڵک وەرگرتنێکی نادروستی وەھا ھەموو دەم بوونی بووە. دوای یازدەی سێپتامبر باشتر دەکرێت ئەم بابەتە ببینین و لێی بگەین. وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە بەرامبەر تیرۆریسمی ئیسلامییدا ئەو شێوەکارانەی بۆ ئەم مەبەستە بە کاری دەبات، خۆی تووشی تیرۆریسم بووە. وڵاتە یەکگرتووەکان خۆی بە باشی ئەمە دەزانآ. کێشە لەوەدایە تیرۆریسمی ئەمریکایی زۆر عاددی دەبیندرێت و ھیچ کەس سەری سووڕ نامێنآ. ھەر کات دەوڵەتێک تووشی جۆڕێ جیاواز لە تیرۆریسم دەبێ، بە شێوەیەکی تر رووبەڕووی تیرۆریسم دەبێتەوە.

 

بەم کتێبە وا دیارە زیاتر پێ بەندن بەم قسەیەی خۆتان کە دەڵێن :” ھەرچی پیرتر دەبین ئازادترین و ھەر چەن ئازادتر بین توندڕەو ترین”

 

بە پێچەوانەوە، پیری ھیچ پێوەندییەکی بە ئازادییەوە نییە. بە ھەر حاڵ، من بۆ خوم، کاتێ لە گەڵ ئەم بابەتەدا رووبەڕوو بوومەوە، جگە لە ئازادی رووبەڕووی ھەندێ شتی تریش بوومەوە و وەک چۆن لەم کتێبەدا دیارە، توندڕەوتر بووم. لە شوێنی لە کتێبەکەدا ھاتووە :” سەگ وتی : دەی” ئەم سەگە من، تۆ و ھەموو ئێمەین. تا ئەمڕۆکە زۆرمان قسە کردووەو دەربارەی زۆر شت دواوین، بێ ئەوەی ھیچ ببیستین، ھەر بۆیەی دەبێ دەنگ ھەڵبڕین، بەڵێ من لام وایە کاتی ئەوە ھاتووە دەنگ ھەڵبڕین و ھاوار بکەین.

 

 

 

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button