وشەی پاریسیا (Parrhesia) بە مانای راستگۆبوون و بێ پەردە قسەکردن، بۆ یەکەمجار لە ئەدەبیاتی یۆنانی لە ئۆریپیبید( ٤٨٤ – ٤٠٧ ی پێش زایین)بەکار هاتووە. پاریسیا لە وشەی ( پاریسازستای) ەوە وەرگیراوە بە مانای وتنی هەموو شت. پاریساستێس ئەو کەسەیە کە راستییەکی لایە و کەڵک لە پاریسیا وەردەگرێت و ئەو راستییە ئەدرکێنێت و باسی ئەکات. پاریسیا ئەگەر وەک ناو (Noun) بەکار بهێنرێت مانای (ئازادی رادەربڕین) ئەدات. واتە پاریساستێس ئەو مافە بۆ خۆی بە ڕەوا ئەبینێت ئەو راستییەی کە لایەتی بدرکێنێت و نەیشارێتەوە. پاریساستێس ئەو کەسەیە هیچی بۆ شاردنەوە نییەو ئەوەی لای وایە راستە، ئەوەی لە دڵ و مێشکیدایە دەری ئەبڕێت .ئەو بەڕوونی ئەوەی بڕوای پێیەتی یان ئەوەی وەک زانیارییەک بوونی هەیە بێ گرێ و گۆڵە و تەنها لە پێناو خێری گشتی و بەرژەوەندی گشتیدا، نەک بەرژەوەندی تاکەکەسی خۆی یان گرووپی تایبەت، دەری ئەبڕێت. ئەوەی باسی ئەکات باوەڕی خودی ئەوە و خۆی لە هەر تەکنیک و فرت و فێڵکی زمان ناسی و بلاغی (Rhetorical) بەدوور ئەگرێت کە وا ئەکات نەتوانێت بە ڕوونی و بە ئاشکرا قسەکانی خۆی باس بکات.
پاریسیا لە بەرامبەر پۆپۆلیزمدا
خاڵی بەرامبەری پاریسیا، پۆپۆلیزمە. پۆپۆلیست نەک لە پێناو بەرژەوەندی گشتی، بەڵکوو لە پێناو هاودەنگبوون لەگەڵ دەنگی زاڵ، راستیییەکان ئەشارێتەوە، پشت لەراستی ئەکات. یان کەڵک لە تەکنیکە بلاغی و زمانناسییەکان وەرئەگرێت و بەو شێوەیە راستییەکان پەردەپۆش ئەکات. پۆپۆلیست نەک خێری گشتی بەڵکوو دەنگی زاڵی بەلاوە گرینگە. ئەو بەردەوام دەمامکی ژن/پیاوی چاک ئەپۆشێت. ئامادەیە خۆی نەبێت، قسەی خۆی نەکات، بەس لە پێناو ئەو دەمامکەی کە پۆشیویەتی. پۆپۆلیست زیاتر دوای قەرەباڵغی ئەکەوێت یان ئەوەیە هەوڵ ئەدات تێکەڵ بێت و ببێت بە بەشێک لەو قەرەباڵغییە، یان ئەوەی بۆی بلوێت رێبەری ئەو قەرەباڵغییە بگرێتە دەست. میدیاکان لە ئێستادا پڕن لەو پۆپۆلیستانەی کە بە دڵی پێشکەشکار و سیاسەتی تەلەفیزیۆنەکان قسە ئەکەن. بازرگانەکانی سیاسەت، ئەوانەی کە هەر ڕۆژەی بە دروشمێکەوە دەرئەکەون، ئەوانەی کە ئامادە نین وەفادار بن بە وەفاداری، ئەوانەی کە بەهاکانیان بە پێی بەرژەوەندییە تاکەکەسییان یان بەرژەوەندی گرووپەکان ئەگۆڕدرێت سیمایەکی دیاری پۆپۆلیستەکانن. سیمایەک کە بە شێوەی جیاواز دژی پاریسیایی ئەوەستنەوە. ئەوان لە پێناو دروستکردنی دوالیزمی خود/ ئەویتر، هەوڵ ئەدەن لە زمانی پاریسیایی و دەربڕینی پاریسیایی بدەن و پاساوی جیاوازی بۆ دەهێننەوە، وەک ئەوەی ئەڵێن:” ئێستە کەی کاتی ئەو قسەیە!” یان ” ئەم قسانە ئاو ئەکاتە ئاشی دوژمنەوە!” یان ” ئەبێ بەرپرسانە هەڵسووکەوت بکەین!” و… وەک ئەوەی شاردنەوەی راستییەکان هەڵسووکەوتی بەرپرسانەبێت. وەک ئەوەی دەمامکی درۆینە کردن بەسەر خوددا سیاسەتی گونجاو بێت.
پاریسیایی بەرامبەر دێماگۆژی (Demagogue)
سیاسەتی دێماگۆژی، یان زمانی دێماگۆژی، زمان و سیاسەتێکە کار لە سەر فریودانی خەڵک ئەکات. دێماگۆگەکان بە پێچەوانەی پاریساستێستەکان کەڵک لە تەکنیکی بەلاغە و زمان وەرئەگرن بۆ ئەوەی بتوانن سەرنجی بەشی زۆری کۆمەڵگا بۆخۆیان رابکێشن. ئەوان زۆرجار وتاردەری باشن، دەست ئەخەنە سەرباوەڕی خەڵک، قامک ئەنێنە سەر ئەو شتانەی خەڵک پێیان هەستیارن و ئەتوانن بەو شتانە لە پێناو بەرژەوەندی خۆیان قەرەباڵغی لە دەوری خۆیان کۆبکەنەوە، فتوا بدەن و تەنانەت وەک هیتلەریش کۆمەڵکوژی بکەن. لە فیلمی دیکتاتۆری گەورەدا، چارلی چاپلین دەوری تێدا دەبینێت، ( ڕابەری گەورە!) بەکەڵک وەرگرتن لە تەکنیکی وتاردان خەڵک جۆش ئەدات. هاندانێک کە رەنگە خۆشی زۆرجار سەر و بەری قسەکانی بۆ نەیەتەوە یەک، بەڵام ئەتوانێت لە پێناو بەرژەوەندی خۆیدا، خەڵک هان بدات.
ئەوەی لای پاریسیاستێست و دیماگۆگەکان جیاوازە چەمکی خێر و خێری گشتییە. پاریساستێستەکان خێری گشتی لە دەربڕینی راستییەکان و وتنی راستییەکاندا ئەبینن، دێماگۆگەکان لایان وایە هەموان شایستەی ئەوە نین لە راستییەکان ئاگادار بن. زمان کەرەستەی هەردوولایانە، پاریساستێستەکان بە زمان هەوڵ ئەدەن نەوتراوەکان بڵێن، ئەوەی هەیە ئاشکرای کەن، ئەگەر تەنانەت وەک سوقراتیش بەردەباران بکرێن، ئەگەر شاربەدەریش بکرێن یان لە ئەمڕۆدا ئەگەر کەمپەینیان دژ رێک بخرێت. دێماگۆگەکان بە کەڵک وەرگرتن لە تەکنیکە زمانییەکان راستی و زانینی راستی بە مافی خۆیان ئەزانن و لە خەڵکی ئەشارنەوە.
مەلەکە وەک پاریسیاستێست
دونیای ئەمڕۆی ئێمە دونیای قەرەباڵغییە، دونیایەک کە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و کڵاب هاوس و تەلەفیزیۆنەکان تێیدا دەستی باڵایان هەیە و خەریکی دروستکردنی ئەم قەرەباڵغییەن. لە دەرەوەی ئەم قەرەباڵغییەوە بوون، لە دەرەوەی ئەم زمانە زاڵەوە بوون ئەتوانێت زیانی لێ بکەوێتەوە. هێرشی بەکۆمەڵی قەرەباڵغییەکەی لێ بکەوێتەوە.
لە ماوەی رابڕدوودا وتووێژی مەلەکە مستەفا سوڵتانی، وەک ژنێکی شۆڕشگێڕ، وەک کەسێک کە قوربانی زۆری لە پێناو بزووتنەوەی کوردستان داوە لەکەناڵی (رووداو) بڵاو کرایەوە. دوای ئەوەی مەلەکە باس لە ڕووداوی کوژرانی ( گوردانی ٢٢ی ورمێ) لە جەنگی ناوخۆی کوردستانی رۆژهەڵات و شەڕی کۆمەڵە و دیمۆکرات ئەکات، لە لایەن ژمارەیەکی زۆر لە لایەنگران و ئەندامانی حیزبی دیمۆکراتەوە هێرشێکی زۆری کراوەتە سەر.
ئەوەی لە سەرلەبەری ئەم وتووێژەدا باسکراوە، ئەتوانین بە بەشێکی کەمی کتێبی ( سێبەری قەلەبەرد) ناوی ببەین. بەڵام ئەم قەرەباڵغییە کتێبەکەی نەخوێندۆتەوە. سەرەڕای ئەوەی کە ئەم کتێبە هەم لە ئەورووپا و هەم لە کوردستان چاپ بووە، بەڵام ئەوانەی کە رێبەرە دێماگۆگەکان هانیان ئەدەن رەنگە نەشیانزانیبێت وەها کتێبێک هەیە. ئەوان دوای نزیک بە ساڵێک لە چاپبوونی کتێبەکە، دوای ئەوەی ( رووداو) لەگەڵ مەلەکە مستەفا سوڵتانی لە چوارچێوەی کتێبی ( سێبەری قەلەبەرد)دا وتووێژ ئەکات، ئەکەونە هێرش بۆ سەر مەلەکە. زبرترین وناشیرینترین زمان بەکارئەبەن.
بەڵام مەلەکە چ لە کتێبی ( سێبەری قەلەبەرد) و چ لەو وتووێژەدا پرەنسیبی پاریسایی ئەپارێزێت. پاریسا بڕیار ئەدات راستی نەشارێتەوە. بە توندترین شێوە رەخنە لە کۆمەڵە و ڕێبەری کۆمەڵە ئەگرێت. لە حاڵێکدا لە کەناڵی (رووداو)ی سەر بە پارتی دیمۆکراتی کوردستانەوە دەرئەکەوێت ، هەوڵ نادات ئەوە بشارێتەوە ( قیادە موەقەت) چەند دەورێکی خراپیان هەبووە لە دەیەی ١٩٨٠ دژی بزووتنەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان. نایشارێتەوە قیادە موەقەت هاوپەیمانی کۆماری ئیسلامی بوون دژی کۆمەڵەو دیمۆکرات. پرەنسیپی پاریسایی دەپارێزێت. راستی و حەقیقەت ناشارێتەوە.
ڕووداوەکان وەک ئەوەی بووە، وەک ئەوەی ئاگاداری بووە ئەگێڕێتەوە. خۆی بە ئەرکدارئەزانێت ئەم ڕووداوانە بگێڕێتەوە، رابردوو بکات بە چرایەک بۆ داهاتوو، ئەو ئەترسێت، ئەترسێت لەوەی جارێکیتر ئەم مێژوە تاڵە دووبارە ببێتەوە. لە پێناو ئەو بەهایەدا کە باسکردنی راستییەکانە لە پێناو خێری گشتییدا ئەکەوێتە بەر نفرەتی ئەوانەی قەرەباڵغی کۆی کردوونەتەوە.ئەوانەی دێماگۆگەکان کۆی کردوونەتەوە، دێماگۆگەکان بە رێکخستنی دار و دەستە دەیانهەوێ بەر بە هەر دەنگێکی جیاواز، هەر قسەیەکی جیاواز بگرن، بەڵام مەلەکە ناترسێت و ئاگاداری ئەوانەشە کە هەیە.
سەرەنجام:
ئەرکی پاریسیاستێس بەرگرییە لە حەقیقەت، بەرگرییە لە ئازادی. ئەو حەقیقەت و ئازادی وەک دوو خێری گشتی ئەزانێت و بەرگری لێ ئەکات. دێماگۆگ و پۆپۆلیستەکان لەم بەهایە ئەترسن، مەلەکە چ لە کتێبی ( سێبەری قەلەبەرد) و چ لە وتووێژی رووداوا، وەفادارە بەم بەهایە و لەبیری ناکات ڕووداوەکان چۆن ڕوویانداوەو دەیانگێڕێتەوە. با ئەوانەش لە نزیکەوە ئاگاداری رووداوەکە بوون، ئەوانەی یەکەمجار چوونە سەر تەرمەکانی گوردانی ٢٢ی ورمێ، ئەوانەی کە ڕووداوەکەیان بینی، بێنە زمان. ئەوانەی ئاگادارن رووداوەکە بگێڕنەوە، راستییەکان باس بکەن. شاردنەوەی راستییەکان بە هەر بیانوویەک نە لە بەرژەوەندی ئێستایە و نە داهاتوو.