زۆربەی زۆرمان فەرەیدوون موشیری بە شیعری کۆڵان (کوچە)ەوە دەناسین. شیعرێک کە بەس بوو بۆ ئەوەی ئەم شاعیرە ناوبانگێک دەربکات و وەک شاعیر بناسرێت.
موشیری ٢٢ی سێپتەمبەری ١٩٢٦ ، واتە رێک ئەو کاتەی رەزاشای پەهلەوی تاجی پاشایەتی لەسەرنا لە شەقامی (عەین ئەلدولە)ی تاران و لە بنەماڵەیەکی وڵاتپارێز و لایەنگری شیعر و ئەدەب لە دایکبوو. باوەگەورەی فەرەیدوون لە بەرەی باوکیەوە یەكێک بوو لە سەردارەکانی نادرشای ئەفشار و لە سەردەمی پاشایەتی نادرشادا ئەرکی بەڕێوەبردنی هەمەدانی پێ سپێردرابوو و دوای تەواو کردنی ئەرکەکەی هەر لەو شارە مایەوە. باوەگەورەی لە بەرەی دایکیەوە، میرزا جەوادخان موئتەمەن ئەلمەمالک، یەكێک بوو لە شاعیرەکانی سەردەمی ناسری. باوکی فەرەیدوون، ئیبراهیم موشیری ساڵی ١٨٩٦لە هەمەدان لە دایکبوو. ئیبراهیم موشیری هێشتا گەنج بووە چۆتە تاران و ساڵی ١٩٢٠ لە دایرەی بەرید (پۆستە) دەستی بە کار کردوە و هەر لەوێ ژیانی هاوسەری پێک هێناوە.
فەرەیدوون موشیری لەگەڵ حیکایەتەکانی سەعدی و غەزەڵەکانی حافز و حیماسەکانی فردەوسی گەورە بوو.ساڵی ١٩٣٢کاتی ئەوە هات بینێرنە بەر خوێندن، باوکی لە قوتابخانە ئەدەب لە پشتەوەی مزگەوتی سپەسالار ناوی نووسی و ناردیە مەکتەب ، لەگەڵ سیاوەش کەسرایی هاوپۆل بوو. دوو ساڵ دواتر بەهۆی کاری باوکیەوە روویان کردە مەشهەد. لەو حەوت ساڵەدا کە لە مەشهەد بوون، فەرەیدوون سەرکەوتوانە خوێندنی سەرەتایی تەواو کرد و لە ئامادەیی شاهرەزا وەرگیرا. ساڵی یەکەمی ئامادەیی لە مەشهەد خوێند. ساڵی ١٩٤١ بە هۆی هێرشی هاوپەیمانانەوە (لە سەردەمی جەنگی جیهانی دووهەم) و بشێوییەکانی ئەو سەردەمەوە گەڕانەوە بۆ تاران و فەرەیدوون کە هێشتا ساڵی یەکەمی ئامادەیی تەواو نەکردبوو چووە ئامادەیی ئەدیب و ساڵی دووهەمی ئامادەیی چووە ئامادەیی دارئەلفنوون.
وەک چۆن خۆی دەڵێت:” ساڵی ١٩٤١ ئەو کاتەی ئێران تووشی بشێوی ببوو و هێزە هاوپەیمانەکان لە باکوور و باشوورەوە هێرشیان کردە سەر ئێران، ئێمە گەڕاینەوە بۆ ئێران و من هەمدیسان دەستمکردەوە بە خوێندن. ئامادەییم تەواو کرد و دواتر چوومە زانکۆ. هەرچەند لە سەردەمی منداڵیدا بێزاربووم لەوەی وەک کارمەند لە دایرەی حوکمی کار بکەم بەڵام… لە تەمەنی ١٨ ساڵیدا لە وەزارەتی پۆستەو گەیاندن خەریکی کاربووم و ٣٣ ساڵ بەم کارەوە مەشغووڵ بووم. ”
فەرەیدوون موشیری لە تەمەنی ١٨ ساڵیدا هاوکات لە گەڵ خوێندن ، ئەو کاتەی ساڵی ئاخری ئامادەیی بوو لە دایرەی پۆستە و گەیاندن خەریکی کاربوو و بووە بە کارمەند و هەر ئەم سەردەمە بوو شیعری سبەی ئێمە (فردای ما) لە نووسینی فەرەیدوون موشیری لە رۆژنامەی ئێران چاپ بوو. بەڕۆژا خەریکی کار دەبوو و بەشەودا دەیخوێند. کاری دایرە لە لایەکەوەو کاری راگەیاندن و کار کردن لە رۆژنامە لە لایەکیترەوە، لە درێژەی ژیانیدا کێشەی بۆ دروست کرد.
بەڵام موشیری وازی لە کار کردن لە راگەیاند نەهێنا. لە ساڵی ١٩٥٣ وە تا ساڵی ١٩٧٢ بەرپرسی بەشی شیعر و ئەدەبی گۆڤاری (روشنفکر) بوو. ئەم لاپەڕانە کە دواتر ناویان گۆڕا بۆ (حەوت تاری چەنگ) پەرژایە سەر سەرجەم بوارەکانی ئەدەب و کەلتوور، لەوانە خوێندنەوەی کتێب، فیلم، شانۆ، شێوەکاری، شیعر. بەشێکی زۆر لە شاعیرە ناودارە هاوچەرخەکان، بۆ یەکەمجار لە ڕێگای شیعرەکانیانەوە لەم لاپەڕانەدا ناسێندران. موشیری ساڵانی دواتر ئەرکی سەرپەرەشتی و چاودێری لاپەڕەی شیعر و ئەدبی گۆڤاری رەش و سپی و ژنی ئەمڕۆی بە ئەستۆ بوو.
فەرەیدوون موشیری ساڵی ١٩٧١ گوێزرایەوە بۆ دایرەی تەلەفۆن و بەدالەی ئێران و ساڵی ١٩٧٩ خانەنشین بوو. ساڵی ١٩٩٧ فەرەیدوون لە سەر بانگهێشتی هاوڕێکانی سەفەرێکی ئەورووپا و ئەمریکای کرد و سەردانی هەرکوێی دەکرد لە لایەن ئێرانییەکانی دەرەوەی وڵاتەوە پێشوازی لێدەکرا. سەرەڕای نەخۆشی و کێشەی بینایی و هەرچەند لە ژێر چاودێری دۆکتۆری چاوا بوو، لەو کۆڕە شیعرانەی کە بۆی رێکخرابوو بە بێ ئەوەی هەست بە ماندوویی بکات دوو سەعات و هەندێ جار زیاتر خەریکی شیعر خوێندنەوە دەبوو و تەنها لە ئەمریکا لە ٢٤ شاردا بەشداری کۆڕی شیعر خوێندنەوەی کرد.
موشیری داهاتی دوایین شەوە شیعری لە ئەمریکا پێشکەش کرد بە ریکخراوی یارمەتی بە کەم ئەندامانی کەهریزەک و سەرەڕای نەخۆشی و چوونە سەرەوەی تەمەن ، لەو شەوە شیعرەدا ئامادە بوو کە شەوی ١١ی جێنڤەری ١٩٩٨ لە لۆسانجلس بۆی رێکخرابوو. داهاتی ئەو شەوە نزیک بە ١٢٠٠٠ دۆلار بوو کە نیوەی داهاتەکە لە رێگای فرۆشی ئەو شیعرانەوە بوو کە موشیری خۆی بە خەتی خۆی بۆ هۆگرانی شیعرەکانی دەنووسی. پێتان سەیر دەبێت بزانن ئەو شەوە یەكێک لە شیعرەکانی فەریدون لە لایەن خانمێکەوە بە بڕی ١٠٠٠ دۆلار کڕدرا و شیعرەکانیتر بە جیاوا لە نێوان ٢٥٠ بۆ ٥٠٠ دۆلاردا فرۆشران. فەرەیدوون موشیری هەروەها ساڵی ١٩٩٩ سەردانی سویدی کرد و لە چەند شاری ئەو وڵاتە لەوانە، ستۆکهۆڵم و مالمۆ و گۆتنبێرگدا بەشداری ئەو شەوە شیعرانە بوو کە بۆی رێکخرابوو.
سەرەنجام موشیری بە هۆی نەخۆشیەوە بەرەبەیانی رۆژی هەینی ٢٤ی ئۆکتۆبەری ٢٠٠٠ لە تەمەنی ٧٤ ساڵیدا لە تاران ماڵئاوایی لە ژیان کرد.
سەرەتای شاعیری فەرەیدوون موشیری
.موشیری لە تەمەنی ١٥ ساڵیەوە دەستیکرد بە هۆنینەوەی شیعر. باوک و دایکی هەردووکیان کەسانێکی خوێندەوار بوون و دایکی هەندێجار شیعری دەنووسی. فۆڕمی غەزەڵی لەو سەردەمەدا بۆ شیعرەکانی هەلبژاردبوو و غەزەڵی دەهۆنیەوە. غەزەڵە عاشقانەکان و خۆی وتەنی ئەو شیعرانە شێتێکیان دروست کردبوو. سەرنج بدەنە چەند بەیتی غەزەڵێک کە لە تەمەنی ١٦ ساڵیدا نووسیویەتی:
بیا که تیر نگاهت هنوز در پر ماست
(وەرە تیری نیگاهت هێشتە لە سەر پەڕی ئێمەیە)
گواه ما پر خونین و دیده تر ماست
(شاهیدی ئێمە پەڕی خوێنین و دەیدەی تەڕی ئێمەیە)
دلی که رام محبت نمی شود دل تست
(ئەو دڵەی دەستەمۆی موحیبەت نابێ دڵی تۆیە)
سری که در ره مهر و وفا رود سر ماست
( ئەو سەرەی لە رێی مێهر و وەفادا دەچێت سەری ئێمەیە)
به پادشاهی عالم نظر نیندازیم
( چاوم لە پادشاهی عالەم نییە)
گدای درگه عشقیم و عشق افسر ماست
(گەدای درگای عەشقین و عەشق ئەفسەری ئێمەیە)
هاندەری نووسینی ئەم شیعرە رووداوەکانی خەرمانای (١٣٢٠)ە. لە کۆتاییەکانی دەیەی ٢٠ی هەتاوی (١٩٤٠ زایینی)دا شیعرەکانی موشیری لە تەنیشت شیعری شاعیرانی ناوداری ئەو کاتی ئێران لە رۆژنامەکان چاپ دەبوو. هاوڕێیەتی موشیری لەگەڵ شاعیرانێکی وەک ئوستاد موحەممەد شەهریار، نادر نادرپوور و هووشەنگ ئیبتهاج دەگەڕێتەوە بۆ ئەم ساڵانە. ساڵی ١٣٣٢ (١٩٥٣) بوو بە بەرپرسی لاپەڕەی ئەدەبی گۆڤاری (روشنفکر). هەر لەم ساڵانەدا بوو کە شیعرەکانی لە گۆڤاری (سخن) چاپ دەبوو. فەرەیدوون دواتر باسی لە کاریگەری هاندانی دوکتۆر خانلەری، بەڕیوەبەری گۆڤاری (سخن) و دوکتۆر رەحیم مستەفەوی بەڕێوەبەری گۆڤاری (روشنفکر)، لە سەرکەوتنی خۆیدا دەکات لە بواری شیعر و ئەدەبدا. فەرەیدوون موشیری ساڵی ١٩٥٥ لە تەمەنی ٢٨ ساڵیدا یەکەم کۆمەڵە شیعری خۆی بەناوی (تینووی تۆفان) بڵاو کردەوە کە محەمەد حوسەین شەهریار و عەلی دەشتی پێشەکیان بۆ نووسیبوو، بەشێک لە شیعرەکان کلاسیک و نیوەی تریان نوێ بوو. بەڵام رەنگە بکرێت بڵێین گەورەترین جیاوازی شیعری نوێی فەرەیدوون لە گەڵ کەسانیتر ئەوە بوو کە شیعری فەرەیدوون تێگەیشتن لێی ئاسانتر بوو.
خودی خۆی دەربارەی ئەم کۆمەڵە شیعرە دەڵیت:” چوار بەیتی بوو کە هەندێ جار سێ نیودێڕ لە گەڵ پارچەیەکی کورت، هاو کێشیش بوون، هەم سەروا و هەم مانا، ئەو کات چەندین کەس لەوانە نادر نادرپوور، هووشەنگ ئیبتهاج، سیاوەش کەسرایی، مەهدی ئەخوان سالس، محەممەد زوهری بەو شێوە شیعریان دەنووسی و هەموویان بوون بە شاعیرانێکی ناودار، لە بەر ئەوەی بە تەواوی پشتیان لە شیعری رابردوو نەدەکرد. ئەخەوان سالس و نادرپوور و من بەتەواوەتی بە سەر شیعری رابردوودا زاڵ بووین، واتە بەرهەمەکانی سەعدی و حافز و فردەوسی مان خوێندبۆوە، لەبارەیانەوە قسەمان دەکرد و پشتمان پێ دەبەستن. ناودارترین شیعر و بەرهەمی موشیری شیعری (کوچە) یە مانگی گوڵانی ١٣٣٩ (ئاپریل ١٩٦٠) لە گۆڤاری (روشنفکر)دا چاپ بوو. لە بەر ئەوەی موشیری زۆر هۆگری عیرفان و تەسەوفی ئێرانی بوو، ساڵی ١٩٦١ کۆمەڵێک کە پێک هاتبوو لە ١٠٠ بەسەرهات کە دەوترا بۆ شێخ ئەبوو سەعید ئەبولخەیر روویداوە بە ناوی ( بۆ یەک لا روانین و یەکسان بینین) بڵاو کردەوە و دوکتۆر جەواد نووربەخش پێشەکی بۆ نووسی.
موشیری ساڵی ١٩٥٦ دووهەم کۆمەڵە شیعری بە ناوی (گوناهی دەریا) چاپ و بڵاو کردەوە کە دەنگدانەوەی زۆری هەبوو لە ناو خەڵکدا. بەڵام پاش ماوەیەک، عەبدولحەمید ئایەتی نووسەر و رەخنەگر، بە توندی رەخنەی لە شیعر و ستایلی فەرەیدوون موشیری گرت و شاعیری هەست ناسک دڵی رەنجا و هەر ئەمە بوو بە هۆی ئەوەی بۆ ماوەی ٥ ساڵ هیچ بەرهەمێک چاپ نەکات. دوای ٥ ساڵ ساڵی ١٩٦١ فەرەیدوون موشیری سێهەم کۆمەڵە شیعری بە ناوی (هەور) چاپ کرد. شیعری (کوچە) لەم کاتەدا ناوبانگێکی زۆری دەرکرد و کەوتە سەر زاران. ئەم بەرهەمە چەند جار چاپ کرا و ئەم شیعرە بوو بە هۆی ئەوەی ناوی ئەو کۆمەڵە شیعرە بگۆڕدرێت بۆ (هەور و کوچە).
دوای ٧ ساڵ لە چاپی سەرکەوتوانەی (هەور و کوچە) موشیری ساڵی ١٩٦٨ کۆمەڵە شیعری (بڕوا بە بەهار بکە)ی چاپ کرد و دواتر ساڵی ١٩٧٧ کۆمەڵە شیعری (مرواری) و ساڵی ١٩٧٩ کۆمەڵە شیعری (لە بێدەنگیەوە)ی چاپ کرد. موشیری لە دەیەی ١٩٧٠ بوو بە ئەندامی شۆرای مۆسیقا و شیعری رادیۆی دەوڵەتی ئێران و لەم بوارەدا خەریکی کار کردن بوو. موشیری گرنگییەکی تایبەتی بە مۆسیقای ئێرانی ئەدا و هەر بۆیە رازی بوو ببێت بە ئەندامی شۆرای مۆسیقا و شیعر. موشیری لە سالی ١٩٧١ ەوە تا ١٩٧٨، وێڕای کەسانێکی وەک هوشەنگ ئیبتهاج، سیمین بەهبەهانی، عیماد خوراسانی ، دەورێکی بەرچاویان هەبوو لە گرێدانەوەی شیعر مۆسیقا پێکەوەو دەوڵەمەند کردنی بەرنامەکانی (گوڵە نوێکان) ی رادیۆ ئێران لەو ساڵانەدا.
موشیری دوای شۆڕشی ١٩٧٩ و هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی، لە بەر ئەوەی خانەنشین ببوو کاتی زۆرتر بوو بۆ شیعر و ئەدەب و توانی کۆمەڵێک بەرهەمی ناوازە و نوێ بخولقێنێت. لە ١٠ ساڵی کۆتایی تەمەنیدا ئەوەندە پڕکار بوو کە لە کۆی ١٢ کۆمەڵە شیعر کە چاپی کردوە ، ٦ کۆمەڵە شیعری لەم ١٠ ساڵەدا بووە لەوانە : لە سەرزەمینی ئاشتیەوە ١٩٩٢، هەناسەی باران ١٩٩٢ لەگەڵ پێنج قسەزاندا ١٩٩٣ ساتەکان و هەستەکان ١٩٩٧ ، ئاوازی ئەو باڵندە غەمبارە ١٩٩٨ و تا بەرەبەیانی ئەهوورایی ٢٠٠٠.
ئاشنایی فەرەیدوون موشیری لەگەڵ موسیقا
ئاشنابوون و حەزی موشیری بۆ مۆسیقا دەبێت بگەڕێنینەوە بۆ ساڵانی زووتر. ساڵەکانی تازەلاوی. فەزوڵڵا بایگان، خاڵۆی فەرەیدوون ئەکتەری شانۆ بوو و ماڵی لە شەقامی لالەزار بوو. ئەو ساڵانەی کە لە مەشهەدەوە هاتبوونە تاران هەموو شەوێک گوێیان لە مۆسیقا دەگرت. (ئیسماعیل مهرتاش) دامەزرێنەری کۆمەڵی (باربد) و ئەبولحەسەنی سەبا، هاوڕێی (فەزوڵڵا بایگان) خاڵی موشیری بوون و بە شەودا لە دەوری یەک کۆدەبوونەوە تار و کەمانچەیان دەژەند و فەرەیدوون کە ئەوکات لە تەمەنی ١٤-١٥ ساڵیدا بوو، بە وردی گوێی لە مۆسیقا دەگرت. موش موشیری گرنگییەکی تایبەتی بە مۆسیقای ئێرانی ئەدا و هەر بۆیە رازی بوو ببێت بە ئەندامی شۆرای مۆسیقا و شیعر. موشیری لە سالی ١٩٧١ ەوە تا ١٩٧٨، وێڕای کەسانێکی وەک هوشەنگ ئیبتهاج، سیمین بەهبەهانی، عیماد خوراسانی ، دەورێکی بەرچاویان هەبوو لە گرێدانەوەی شیعر مۆسیقا پێکەوەو دەوڵەمەند کردنی بەرنامەکانی (گوڵە نوێکان) ی رادیۆ ئێران لەو ساڵانەدا.
ستایل و فۆڕمی شیعری موشیری
فەرەیدوون موشیری هەر لە مناڵیەوە هۆگری شیعر بوو و حەزی لە شیعر بوو، لە سەردەمی خوێندنی ئامادەیی و ساڵەکانی یەکەمی زانکۆدا، کۆمەڵێک غەزەل و مەسنەوی ئامادە کرد. ئاشنا بوون لە گەڵ فۆڕم و ستایلەکانی شیعری نوێ، وای کرد دەستبەرداری ستایلی کۆن و شیعری کلاسیک بێت، بەڵام رێگایەکی هەڵبژارد لەو ناوەڕاستەدا. موشیری شاعێرێکە سادە و راستگۆ و شیعرەکانی ئاوێنەی باڵا نوێنی رەفتار و سیفەتی ئەوە. زمانی موشیری، زمانێکی پاک و بێگەرد و بەئەدەبانەی هەیە. موشیری شاعیر و ئەدیبێکە کە هەموو کات رێز لە زمان و ئەو کەسانەی کە کار بە زمان دەکەن دەگرێت. رێز لە مرۆڤایەتی دەگرێت و ئایدیای ئینسانی هەیە و بۆ دەربرڕینی هەست و سۆز و عەشق ، ناسکترین و خوانترین وشەکانی هەڵبژارد و بەکاری هێنان.
موشیری نە ئەسیری دەمارگرژی نەریتخوازانە بوو، نە ئەوە بوو شێت و شەیدای نوێخوازی. ئەو رێگای ئەو هەڵیبژارد هەمان ئەو ڕێگایە کە دامەزرێنەرانی شیعری نوێی فارسی هەڵیانبژارد. بەو مانایەی ئەو شکاندنی فۆڕمە عورووزییەکانو کورت و درێژ بوونەوەی نیوەدێڕوکان و کەڵکی بەجێ لە سەروای هەڵبژاردوەو لە باری ناوەڕۆک و ماناشەوە بە ڕوانینێکی نوێ بۆ سروشت، شتەکانی دەورووبەر، کەسەکان و تێکەڵکردنیان لە گەڵ هەست ناسکی و جوانینیناسی تایبەتی خۆی، تایبەتمەندییەکی تایبەتی بەخشیوە بە شیعری خۆی. موشیری لە کاتی شیعر نووسینیدا هیچکات نەوەستاوە، شیعری موشیری رەنگدانەوەی سەرجەم لایەنەکانی ژیان و رووداوەکانی دەوروبەری تێدا دەبینرێت. ستایشی چاکە و پاکی و جوانی دەکات و دەربڕی هەموو هەست و سۆزە ئینسانیەکانە و زیاتر لە هەر شتێک لە خزمەتی مرۆڤایەتیدا بووە.
دوکتۆر عەبدولحسێن زەرین کووب، دەربارەی فەرەیدوون موشیری وتوویەتی:” بەم زمانە سادە، روون و درەوشاوەیە کە فەرەیدوون وشە بە وشە لەگەڵمان قسە دەکات و دەدوێت، ئەو قسانەی کە قسەی دڵی خۆین، نەک ئەوەی بە شێوەی زیرەکانە بیهەوێت شتەکان لێڵ و ناڕوون بڵێت، شیعری فەرەیدوون قسەی شاعیرێکە کە نایهەوێت و حەز ناکات لە پشت بەرەیەکی تایبەتەوە، قوتابخانەیەکی تایبەت و روانینێکی تایبەتەوە، خۆی لە کەسانی هاوچەرخی جیا بکاتەوە. ئەو راستگۆیانە ستایشی عەشق دەکات، ستایشی ئینسان دەکات و وڵاتەکەی خۆی کە بەستراوەتەوە بە کەلتوورەکەیەوە خۆش دەوێت.
.
سەرچاوەکان
٢
فریدون مشیری ، شاعر معاصر نوشتە: محمدرضا فرامرزی
٣
نگاهی بە شعرهای ترانە شدە فریدون مشیری، محمد خوشنام
http://www.bbc.com/persian/arts/2010/10/101026_l41_poetry_moshiri_anniversary
٤
بازتاب عواطف انسانی در شعر فریدون مشیری : سهیلا مراد قاسمی، دکتر ابوالقاسم قوام
http://jllr.usb.ac.ir/article_2576_5a8a3d1c0233bf6c4669bb9a0f1c8612.pdf