وتووێژ لە گەڵ مارگارێت ئاتوود
مارگارێت ئاتوود (Margaret Eleanor Atwood)
نووسەر، شاعیر و رەخنەگری پڕكار و بەتوانای كەنەدایی تا ئێستا 35 كتێبی رۆمان، چیرۆك، شیعر، رەخنەی ئەدەبی، مێژووی كۆمەڵایەتی و كتێبی منداڵانی نووسیوە كە وەرگێڕدراوەتەوە بۆ 22 زمانی دونیا.
مارگارێت ئاتوود 18 ی نۆڤەمبەری 1939 لە ئاتاوا لە دایكبووە. باوكی مێرووناس و دایكی پسپوری بواری خواردن بوو. بەهۆی پیشەكەی باوكییەوەو لێكۆڵینەوە لە مێرووەكان بنەماڵەكەی هەشت مانگ لە ساڵی لە دارستان بەسەر دەبرد. یانزە ساڵی تەمەن بوو كە چووە قوتابخانە.ساڵی 1959 دواناوەندی تەواو كرد و دەربارەی بڕیاردان بۆ داهاتووی لە كتێبی ساڵی قوتابخانەكەدا نووسی:” نووسین گەورەترین رۆمانی كەنەدا.” ئەو ساڵی 1961 لە ڤیكتۆریا كالێجی زانكۆی تۆرێنتۆ بەكالۆریۆسی تەواو كرد و هەر لەم ساڵەدا یەكەم كتێبی خۆی، كۆمەڵە شیعرێكی بە پارەی خۆی چاپ كرد. ئەم كتێبە بوو بە براوی مەدالیای “ئی .جەی، پرێت”(E.J.prett). لە ساڵەكانی 1962-63 و 1966-67 لە بواری ئەدەبی سەردەمی ڤیكتۆریادا درێژەی بە خوێندندا، بەڵام نەیتوانی نامەكەی دەربارەی “رۆمانە عاشقانە مێتافیزیكییە ئێنگلیزییەكان” تەواو بكات و نەیتوانی دۆكتۆرا وەربگرێت و لە زانكۆ هاتە دەرەوەو زانكۆی بەجێ هێشت. سەرەتای دەیەی 1970 بوو بە ئیدیتۆری ناوەندی بڵاوكردنەوەی ئاتائیس لە تۆرێنتۆ و كتێبی “رزگاری”: رێنوێنییەك لە سەر ناوەرۆكی ئەدەب لە كانادا، بڵاو كردەوە كە كتێبێك بوو مشتومڕ و باسی زۆری لێكەوتەوە. زمانی تەنزئامێزی ئەو لەم كتێبەدا بۆ شارەزایانی ئەو بوارە هەرس نەدەكرا. بەتایبەت كە ئەو هەموو دەم جەختی لەسەر ئەوە دەكردەوە ئەدەب لە كانادا هێشتا زەینییەتی زمانلووسانەی سەردەمی كۆلۆنیالیزمی بەسەرەوەیە. ساڵانی دواتر ئاتوود جارێكیتر گەڕایەوە سەر ئەم بابەتەو كتێبی شتە سەیر و سەمەرەكان: باكووری خراپ لە ئەدەبی كانادادای لە ساڵی 1995 نووسی. ئەو لە گەڕان بەدوای “شوناسی دروستكراویی كەنەدایی”دا دەڵێت:” كەناداییەكان حەزیان لە نەهامەتی باشە. بەتایبەت ئەگەر لەم بەڵاو نەهامەتیانە، ئاو و بەرف و سەهۆڵ رەنگدانەوەیان هەبێت.”
ئاتوود بەدرێژایی هەموو تەمەنی كاركردنی ناو بە ناو پەرژاوەتە سەر شیعر و پەخشان و هەندێ جار لە ساڵێكدا كتێبێكی شیعر و كتێبێكی پەخشان و هەندێ جاریش هەر ساڵەو یەكێك لەو كتێبانەی چاپ كردووە. شیعرەكانی بەزۆری دەرخەری روانگەی تایبەتی ئەوەو زۆرتر رادەربڕینی تاكەكەسییە لەحاڵێكدا رۆمانەكانی گشتیتر و دەربڕی پرسی كۆمەڵایەتین. شیعر و پەخشانی ئەو لێك ئاڵاون و پێوەندییان هەیە لەگەڵ یەكتر. كۆمەڵە كورتە چیرۆكەكەكانی پردێكە لە نێوان شیعر و پەخشانی ئەودا.
ئاتوود چ لە پەخشان و چ لە شیعردا، زمانێكی تەنزی هەیە و ستایلێكی وردی هەیە كە ژیانی رۆژانە تێیدا رەنگی داوەتەوەو بە زۆری بە توندی رەخنە لە ناعەداڵەتی و ئازار و دەرد دەگرێت. رۆمانەكانی نوقرچك لە كۆمەڵگا دەگرێت و پاڵەوانی رۆمانەكانی بە زۆری ژیانی شاری و مۆدێڕن، بە زۆری نووسەر و هونەرمەندن و بەردەوام جۆرێك بەپرسایەتی كۆمەڵایەتی بوونی هەیە. ئەم ژنانە بۆ خۆیان و بۆ رزگاربوونیان لە كۆمەڵگا دەجەنگن، ئەو كۆمەڵگایەی كە پیاوەكان تێیدا دوژمنانێكی بەسۆز و بەروحم و مێهرەبانن و ژنان خۆیان هاوكاریان دەكەن بەوەی بكەونە داویانەوە. ئاتوود لە سەرجەم رۆمانەكانیدا دەنگێكی فێمنیستی هەیە، پاڵەوانە ژنەكەی ئەو نوێنەری هەر ژنێكە كە سیاسەت و جێندەر، ئەو بەكەم دەزانێت و ئازاری ئەدات.
ژمارەیەك خەڵاتی بە بۆنەی چالاكییە فێمنیستی و مافی مرۆڤییەكانییەوە وەرگرت. لەوانە ژنی ساڵی 1988، خەڵاتی مرۆڤدۆستانی ئایدا نۆدێل لە ساڵی 1978، خەڵاتی مرۆڤدۆستی ساڵی 1978. ئەو لە ساڵەكانی 1981-82 بوو بە بەرپرسی ناەندی نووسەرانی كەنەدا و لە 1983ەوە بۆ 1986 ببوو بە بەڕێوەبەری ناوەندی قەڵەمی نێونەتەوەیی كەنەدا و بەرپرسی ئەو ناوەندە بوو. یەكێكە لە لایەنگرانی جیدی یاسای كۆپی رایت و لای وایە مافی نووسەران ئەبێ پارێزراو بێت.
ئاتوود هەروەها وێنەگر و شێوەكارێكی بەتوانایە. تابلۆكانی وەسفێكی شاعیرانەی تێدایە. هەندێ جار تابلۆی بەرگی كتێبەكانی خۆی دەكێشێتەوە.
مارگارێت ئاتوود زەواجی كردووەو سێ كچی گەورەی هەیە و لە ئێستا لە گەڵ مێردەكەی و یەكێك لە كچەكانی لە تۆرێنتۆ دەژی.
تا ئێستا 35 كتێبی نووسیوە، 55 خەڵات و لەوانە خەڵاتی پارێزگاری گشتی كەنەدای و خەڵاتی بەریتانیایی بۆكێری وەرگرتووە.
ئەوەی لە خوارەوە دەیخوێننەوە وتووێژێكی لیندا، ئەل ، ریچاردز، رۆماننووس و سەرنووسەری یەكێك لە دامەزراوەكانی جێنواری مەگەزین لە ساڵی 2000 بۆ ئەم گۆڤارەی كردووە.
یەكەمجار باڵای سەرنجی راكێشام كە بۆچی باڵای بەرز نییە. ئەم ناودارەی ئەدەب، ئەم لایەنگرەی مافی هونەرمەندان و ئازادی بەیان ئەگەر بەلای باڵایەوە دای بنێین، هێماكە دەكەوێتە سەر خوارترین ئاست، واتە 150 سەنتیمەتر. بەڵام خەڵاتەكان و پێداهەڵادانی لایەنگرانی باڵای ئەو بەرز دەكاتەوە بۆ 210 سەنتیمەتر. ئاتوود ساڵێكی پڕكاری بووە. رۆمانی مرۆڤ كوژی كوێری پاییزی 2000ی دەنگدانەوەی زۆری بووە. لە ژمارەیەكی زۆر لە وڵاتان، تەنانەت بەرلەوەی بگاتە كتێب فرۆشییەكان، بوو بە یەكێك لە پڕفڕۆشترین كتێبەكان. ئەو رەخنە و لێكۆڵینەوانەی دەربارەی كتێبی مرۆڤ كوژی كوێر نووسراوە، بە زۆری لە هەموو دونیادا وەسف كردن و پێداهەڵدان بووە. حەوتوویەك پێش ئەم وتووێژە، ئەم رۆمانە بوو بە براوەی خەڵاتی بۆكێر، ئەو خەڵاتەی هەموو نووسەرێك حەز دەكات بیباتەوە. سێ رۆمانی پێشتری ئاتوود، چیرۆكی خزمەتكار، چاوی پشیلەو ئالیانس گرینس(جەختكردنەوەی خواوەند بە دەربڕێنێكیتر) پاڵێورابوون بۆ ئەم خەڵاتە(خەڵاتی بۆكێر).
ئاتوودی جوان، بەباوەڕ بە خۆبوونەوە، لە تەمەنی 61 ساڵیدا بەرامبەر بە كامێرا دا دەنیشێت. دوای ماوەیەك زۆر كە بە یەك فۆڕم و ژێست دەمێنێتەوە، بە دەنگێكی ئارام بە وێنەگرەكەمان ئەڵێت :”ئیتر بەسە”. پێیەكانی بە ئارامی و بە شێوەیەكی زۆر جوان لە ژێر خۆیدا كۆدەكاتەوەو بۆ كامێراكە پێدەكەنێت و دەلچێت :”ئێستا دەمانهەوێت بڕۆینە سەر باسی ئەمە.”
سەرەنجام سەرەڕای ئەوەی دەنگی مەكینەكان بەرزن هەڵدەستێت و دەگەڕێتەوەو بە زەردەخەنەوە ئەڵێت “تادا”. وێنەگرەكە دەزانێت واتە :”ئەم بەشە لە بەرنامەكە تەواو بووە.” زۆر ئارام ئەمە ئەڵێت، وەك ئەوەی ئاماژەیەكی هێمنانەی كردبێت. پێیەكانی ساف دەكات و جارێكیتر سەرنجی بۆ لای من رادەكێشرێت. ئارامەو لە هەمانكاتدا دڵنیا و باوەڕی بە خۆیەتی. هەموو شتێك بە باشی ئەڕواتە پێش، هەرچی ویستووە بە دەستی هێناوە. پێگەیەكی زۆر باشی هەیە، هەمان ئەو ئاتوودەیە كە لە رێگای بەرهەمەكانییەوە خۆشمان دەوێت.
یاریدەدەرەكەی دەپرسێت :” كارتان بە وتووێژەكە تەواو بوو؟” من خەریكبوو وەڵامی بدەمەوە ئاتوود وتی :”نە دەمانهەوێت بڕێك زیاتر قسە بكەین.” كام هەواڵنێرە ئەمەی پێ ناخۆشە؟
دەڵێت لام وایە بەڕادەی پێویست دەربارەی كتێبە تازەكەم قسەم نەكردووە. دەڵێم:” زۆر كەس دەربارەی قسەی كردوووە، من دەمهەوێت خۆت دەربارەی خۆت قسە بكەیت.”
دواتر چیركێكی كتێبەكەیم بۆ دەگێڕێتەوە. لەوانەی كە هێشتا زۆر دەبارەی نەنووسراوە. لەبەر ئەوەی هەر لەم ماوەی ئەخیردا، واتە لە سەردەمی چاپی “مرۆڤكوژی كوێر”دا روویداوە. ئەو شتەیە كە بە كەڵكی من دێت لە بەر ئەوەی كەس هێشتا زۆر دەربارەی قسەی نەكردوەو رووداوێكی جیاواز و سەرنجڕاكێشە و چیرۆكێكی باشی لێ دەردەچێت. هەڵبەت ئەگەر ئاتوود شتێك بە باشی بزانێت ئەویش چیرۆك گێڕانەوەیە.
هەندێجار دێژوار ئەتوانین دونیای ئەدەب بە بێ ئاتوود وێنا بكەین. وەك ئەوەی ئەو هەموو دەم ناوێكی ئاشنا بووبێت، ناوێك كە لە تێكەڵە بە نهێنی شاراوەو ئاڵۆز، ئەو ناوەی كە هەموو دەم لەگەڵ شتە نوێ و ترسێنەرەكاندا هاتووە.
هەر لە كاتی چاپی یەكەم رۆمانییەوە (The Edible Woman (1969)) ئاتۆد دەنگێكی بەهێز، روون و جیاوازی بووە. ئەو خۆی ویستوویەتی ببێت بە نووسەر، ئەو نووسەرەی چیرۆكەكانی بە ستایلی خۆی دەگێڕێتەوە. دەڵێت ئەو كاتەی بیری لەوە كردەوە ببێت بە نووسەر، ژنێكی گەنجی كەنەدایی بژاردەی زۆری لەبەردەستدا نەبوو بۆ كاركردن.
مرۆڤكوژی كوێر وادیارە لوتكەی ساڵەكانی حیكایەت بێژی ئەوە. ئەو ساڵانەی كە چالاكانەی لە بوارە جیاوازەكاندا نووسیویەتی: چیرۆك، دەقی جیاواز لە چیرۆك، وتاری ئەدەبی، لێكدانەوەی كتێب و هەڵبەت شیعر كە لەم بوارەشدا ناسراوە. مرۆڤكوژی كوێر رۆمانێكی تێكەڵە و چەندلایەنەیە كە لە پەیوەندییە مرۆڤانەكان و تێگەیشتنی بەرامبەر ، دەگاتە لایەنی حەماسە. حیكایەتبێژی سەرەكی مرۆڤكوژی كوێر، ئایریس چیس گرین، ژنێكە كە لە كۆتاییەكانی تەمەنیدا شێتانە هەوڵدەدات بەرلەوەی زۆر درەنگ بێت، گێڕانەوەی خۆی لە چیرۆكی ژیانی بەدەست بێنێت.
ئێمە یەكترمان لە ژوورێك لە هۆتێلێك لە ڤانكۆڤەر بینی. ئەو بۆ بەرنامەیەكی تایبەت:” فێستیڤاڵی نووسەرانی ڤەنكۆڤەر” هاتبووە ئەم شارە. حەزی دەكرد دەربارەی توانا نووسین و شاعیری و لێهاتوویەكانی و ئەو رێگاییەی كە بڕیویەتی بۆ ئەوەی ببێت بە یەكێك لەو نووسەرانەی كە رێزی لێدەگیرێت و كارەكانی پەسەند دەكرێت.
لیندال، ریچاردز— جێنڤاری مەگەزێن 2000
من تا ئەم دواییانەی لام وابوو توش یەكێك بووی لە كچانی رادكلیف.
- بەڕاستی وانەبوو، تا رادەیەك رادكلیفی بووم. تەماشاكە چی روویدا. من ساڵی 1961 بۆ ماستەرەكەم چوومە زانكۆی هاروارد. ئەوكات ماستەری رادكلیف هێشتا لە كۆلیجی خوێندنی باڵای هاروارد جیابوو، بەڵام پۆلەكانیان هەر یەك بوو. رێك ئەو ساڵە، ئەو دوو كۆلێجەیان لەباری تەكنیكییەوە تێكەڵ كرد، من بڕوانامەكەم لە رادكلیف وەرگرت، بەڵام بەتەواوەتی وەك بڕوانامەی هاروارد بوو و ساڵی دواتر بەفەرمی بوون بە یەك. دواتر من سێ ساڵیتر لە هاروارد مامەوە. رادكلێف وەك كۆلێجی كچانەی بەكالۆریۆس مایەوە، بەڵام بۆ خوێندنی باڵا لە گەڵ هاروارد تێكەڵ كرا. كەوایە لەباری تەكنیكییەوە راستە كە رادكلیفیم، بەڵام لەراستییدا هیچ جیاوازییەك نەبوو.
تۆ زۆر بەختەوەر بووی و شانست لەگەڵ بوو لەبەر ئەوەی 1961 ساڵێكی سەیرە. ئەوكاتەی چاو لە پێشینەی تۆ دەكەم دەكەومەوە یادی شتێك كە هەموو كات خۆم دەیڵێم: نەود لە سەدی بەخت یان ئێقباڵ، هەوڵدانە. تۆ بە شێوەی جیاواز كارت كردووە كە بەشێكی لەرووی هەوڵدان و ماندوو نەناسییە. چما وەك ئەوەی بەڕاست هەربۆ ئەم كارە سەرنجڕاكێشە دەستت بە كار كردبێت.
- (پێدەكەنێت) لام وایە دژوارترین كارێك كە بەهەموو تەمەنم كردبێتم، تەواو كردنی پۆلی 13 بوو لە ساڵی 1957 لە ئۆنتاریۆ. لام وایە ئێستا ئیتر وەك رابردوو نییە، بەڵام ئەو كاتە تاقیكردنەوەكان لە ئاستی ئەیالەتیدا بەڕێوە دەچوو، بەبێ لەبەرچاوگرتنی پێشینە، بێئەوەی ئەو ئیشانەی ئەو ساڵە كراوە لەبەرچاو بگیردرێت بە چاوی قوچاوەوە نمرەیان دەدا، یان ئەوەیە دەردەچووی یان دەرنەدەچووی. تاقیكردنەوەیەك. هەموو تاقیكردنەوەكان لەماوەی دوو حەوتوودا لە هۆڵی ژێمناستیكی دواناوەندی بەڕێوە دەچوو كە هەواگۆڕكێ(ساحیبە)ی نەبوو، لە كەشوهەوایەكدا كە ئێستا كەس باوەڕ ناكات. بەم تاقیكردنەوە تێدەگەیشتی كە ئاخۆ دەچیتە زانكۆ یان ناو ئەگەر دەڕۆیت لەكام زانكۆ و شتی لەمجۆرە. گوشارێكی زۆرم لەسەر بوو، شووشەیەكی كرێمی “نۆگزێما”م خستبووە ناو فریزەرەوە. كە دەگیشتمە ماڵەوە، دەرم دەهێناو هەربەو شێوەیە بەو ساردی و بەستووییە دەمدا لەم دەم و چاوم بۆ ئەوەی زەینم ئارام بێتەوە و جارێكتر دانیشم و خۆم ئامادە بكەم بۆ تاقیكردنەوەكان. دوو ئیمتحانی زیاترم دا لەبەر ئەوەی لام وابوو نمرەی لاتینم زۆر باش نابێت.
لاتینیش؟
- واای، دەبایە لاتینت تەواو كردبا بۆ ئەوەی لە ئینگلیزی نمرەی بەرز بگریت. لاتینەكەم خراپ نەبوو،بەڵام بەراورد لە گەڵ نمرەی زانست، نە، بەرزترین نمرەم لە گیاناسی و ئاژەڵناسی بەدەست هێنا. ئەو كات بۆ هەڵەی نووسین (لەهەموو وانەیەكدا) نمرەیان كەم دەكردەوە. نیو نمرە بۆ هەر هەڵەیەك و من هەموو دەم گوێ، هیجام هەبوو.
واتە باش هێجات دەكرد یان خراپ؟
- نە زۆر خراپ هێجام دەكرد. ئێستا نووسینم باشتر بووە بەڵام هێشتا…(شانی هەڵدەتەكێنێت) هەموو نووسەرەكان وەهان. وشەكان دەبیستن بەڵام ئەوە نییە سەداسەد بیان بینن. ئیملا و نووسینم زۆر خراپ نەبوو بەڵام ئەوەندە خراپ بوو كە نمرەكەم بێنێتە خوار. ئەزانی، خۆش ئەوەیە خەڵك توانای ئیملا نووسین زۆر گرێ دەدەنەوە بە نووسەرەوە. كە منداڵ بووم دایكم دەیگوت:” بەم ئیملا خراپەتەوە، چۆن ئەتوانیت ببیت بە نووسەر؟” بەڕاست نەیدەزانی ئەم دوانە لەیەك جیان و پەیوەندییان بەیەكەوە نییە. دایكم دەیگوت:” ئەگەر ئەتهەوێت ببیت بە نووسەر، خراپ نییە هێجی كردن (حونجە كردن) فێر بیت.” (پێدەكەنێت) منیش دەمگوت :”كەسانیتر ئەم كارەم بۆ دەكەن.” ئێستا هەڵەچنیم بۆ دەكەن، یان هەڵەچنە كە كەسێكی حەقیقییە یان مرۆڤێكی بچووكە لەناو كۆمپیۆتەردا خۆی شاردۆتەوە، دێتە دەرەوەو دەستت بۆ رادەوەشێنێت و هێڵ دەكێشێت بە ژێر وشە هەڵەكەدا.
هەموو دەم دەتزانی دەتهەوێت ببیت بە نووسەر؟
- نە، نەمدەزانی، لەشازدە ساڵییەوە زانیم ئەبم بە نووسەر، بەرلەوە نەمدەزانی. منیش وەك هەموو منداڵەكان دەمنووسی. هەر زۆر منداڵ بووم دەمنووسی. دواتر نەمنووسی. چەند ساڵ نەمنووسی. ئیتر حەزم نەدەكرد بنووسم. كتێبی زۆرم دەخوێندەوەو لام وانەبوو ئەبم بە نووسەر. لاموایە لە 7 بۆ 16 ساڵییەوە خووم بە هەندێ شتی تر گرتبوو. لە شازدە ساڵییەوە دەستم كرد بە نووسین. مەپرسە بۆچی. نازانم. ئەگەر بگەڕێیتەوە بۆرابردووم و چاو لە رابردووم بكەیت دەمبینی بەردەوام خەریكی خوێندنەوە بووم. بە حەزەوە خەریكی خوێندنەوە بووم. بەڵام ئەو خوێندنەوە چاوبرسیانەیەم نەدەكرد بە نووسین.
دواتر لە شازدە ساڵیدا كەوتیتە بەر هێرشی زەوق و هەست؟
- (پێدەكەنێت) چیرۆكی من بەو شێوەیە قامكێكی ئاماژەی گەورە لە ئاسمانەوە دەركەوت و تی:تۆ. ساڵی 1956 بوو، لە تۆرێنتۆ، ئەو كات وەك ئێستا فرەكلتوور نەبوو. بەڵكوو شارێكی بچووك بوو. لەوشارەدا من لە بێزاركەرترین و وشكترین دواناوەندی دەمخوێند. هەرچەن خوێندنگەیەكی باش بوو، بەڵام نەیدەتوانی وزەیەكی داهێنەرانە قبووڵ بكات. هەمووان وایان دەزانی من گێلم.
لەبەر ئەوەی دەتویست ببیت بە نووسەر؟
- چی بڵێم، بەڕواڵەت ئەو شتەم لەخۆمدا رانەدەبینی لە كافتریای خوێندنگە بە هاوڕێكانم بڵێم دەمهەوێت ببم بە نووسەر. یەكێك لە هاوڕێیانی سەردەمی دواناوەندیم ئەڵێت وەها شتێكم وتووە. بەڵام خۆم لەبیرم نایە، بەڵام ئەو دەڵێت هەموومان دانیشتبووین نانی نیوەڕۆمان دەخوارد و سێو و لەفە(سەندویج)ەكانمان لە ناو پاكەت دەردەهێنا و من ئەو شتەم وتوووە كە خۆم لەبیرم نایە.
هەمووان تۆ بە كلاوێكی پەشمینی بەرخییەوە دێننەوە یاد و…
- هەمووان لایان وایە من یاخییەكی تەواوم. بەرخیش بە هیچ كوێ نەگەیشت. ئێمە لە هەموو شوێن بێ ئاگا بووین. تەنها ئینسانە مردووەكانمان بەگرینگ دەزانی. بەزۆری نووسەرە مردووە بەریتانیاییەكان. وەك چۆن هەمووان دەزانن تەنها یەك نووسەری كەنەدایی بوونی هەیە، ئەویش سیڤەن لی لۆك بوو. كەوایە شتێكی نائاساییە بڕیار بدەیت ببیت بە نووسەر، ئێستاش نازانم بۆچی ئەم كارەم كرد.
دواتر ژیانی خۆت بۆ نووسەربوون تەرخان كرد.
- دواتر ژیانم خۆم بۆ نووسین تەرخان كرد. كوت و پڕ رەوتی ژیانم گۆڕی. لە زەمینێكی فووتباڵدا ئەم گۆڕانەم بینی- لە زەمینەكەدا یاری نەدەكرا.(پێدەكەنێت) رێگای چوونم بۆ قوتابخانە دەیخواردە ناو ئەو زەمینی دوو گوڵییە. كوتوپڕ روویدا و من هەوڵمدا ژیانم وەها رێك بخەم كە ببم بە نووسەر.
دواتر رێكت خست.
- بەڵێ، زۆریش ئاسان نەبوو، لەبەر ئەوەی كارێكی تایبەت نەبوو كە بیكەم. ئەو كات كۆرسی نووسەری داهێنەرانە نەبوو یان من ئاگام لێ نەبوو. سەردەمی كەونینە بوو.
سەرچەشنێكیشت نەبوو.
- نە، هیچ سەرچەشنێكی زیندووم نەبوو. بەختەوەرانە لە پرۆگرامی خوێندندا، زمانی ئینگلیزیمان هەبوو، ئەوە بوو زانیم كەسانێكی وەك جین ئاستێن و برۆنتەكان و جۆرج ئیلیوت بوونیان هەیە. دواتر چوومە سەر چیرۆكە كورتە مۆدێرنەكان كە چیرۆكی كاترین ئان پۆرتێر و كەسانیتری دەگرتەوە، ژنانی شاعیر، كە هەندێ شتم دەربارەیان دەزانی لەوانە ئەلیزابێت بارت براونینگ .
شتێك هەیە كە ئێستا زانیاریت هەبێت دەربارەی؟ هەرئەوەی كە ئەو كات، ئەوەندە سەرچەشن و ئۆلگووت كەم بووەو ئێستا تۆ بووی بە سەرچەشن و ئولگووی نووسەرانیكی گەنج؟
- بەڵێ، تۆزێك زیاتر لەوەی دەبا ئاوت تێكرد. من هیچكات حەزم نەكردووە ببم بە سەرچەشن و ئولگوو. لەبەر ئەوەی ئولگوو و ئەم وشەیەی كە تۆ بەكاری دەهێنێت راست هی سەردەمی رادكلیف/هارواردە. مانا روونەكەی ئەوەیە تۆ دەبێت قات لەبەر بكەیت و تا رادەیەكی كەم رواڵەتێكی ژنانەت هەبێت(رەنگە تەنها دەسڕەیەك بە دەوری ملتەوە) بۆ ئەوەی نیشانی بدات كچیت. دەبێ هەڵسووكەوتێكی باشت هەبێت و لەباری زەینییەوە خۆت بە تەواوی ئامادە بكەیت. مەبەستم ئەوەیە ئەمانە هەموویان باشن بەڵام بە كەڵكی نووسەرەكان نایەن. خۆ دەزانیت چی ئەڵێم.
رەنگە زۆریش بەكەڵكی ژیان نەیەت.
- لام وایە ئەگەر كەسێك بیهەوێت ببێت بە بەرپرسی زانكو یان سەرچەشن و ئولگووی گەنجەكان بێت، باشە. لام وایە ئەو كارانەی من لەژیانمدا كردوومە ، كەسانێكیتر كە راست بیانهەوێت بە شێوەیەكی تایبەت بژین، پێویست ناكات ئەنجامی بدەن.
ئەی ئێستا؟
- ئێستا بە خەڵك ناڵێم ئەگەر بە شوێن خانەنشینی و داهاتێكی گەرەنتی كراوەوەن، وەك پیشەیەك بكەونە شوێن نووسەری، كارێكی مەترسیدار و ریسكە. نووسەربوون، پیشەیەك نییە بە خانەنشینییەوە یان ئەوەی ببیت بەبەرپرس یان داهاتێكی گەرەنتی كراوت هەبێت كە هەموو دەم روو لە زیاد بوون بێت. قەت وا نییە، “ئەو سەروكەتنە كوت وپڕە”ی كە وێنای دەكەن، بەبۆنەی هەوڵ و كۆششی زۆرەوە بەدەست دێت.”سەركەوتنی كوتوپڕ”ی من كوت و پڕ بە دەست نەهات! (پێدەكەنێت) شازدە ساڵ نووسیم هەتا توانیم بە نووسین خۆم بژیەنم. هەربۆیە، كارم دەكرد، خوێندكاری زانكۆبووم، بۆرسەی خوێندنم وەردەگرت و لە كافی شاپێك خەزنەدار بووم.
ئەی پلەی زانكۆیی. ئەزانم لە زانكۆش كارت دەكرد.
- بەڵێ، دەگەڕێتەوە بۆ ماوەیەك دواتر. یەكەم پیشەم لە زانكۆی ڤانكۆڤەر بوو لە ساڵی (1964-65). وەك نووسەرێك نەدەناسرام، پلەكەم زۆر لەخوارەوە بوو. وانەگەلێكم دەگوتەوە كە كەسانی پلەبەرز نەیاندویست بیڵێنەوە، وەك گرامەر وتنەوە بە خوێندكارانی ئەندازیاری سەعات هەشت و نیوی بەیانی.(پێدەكەنێت) زۆر باش لەگەڵ یەكتر راهاتبووین، هەموومان خەواڵوو بووین. دواتر هەندێ وانەم دەگوتەوە دەربارەی ئەدەب لە چاوسەر ەوە تا تی ئێس ئلیوت . دواتر دوای چەند ساڵ گەڕامەوە بۆ هاروارد بۆ ئەوەی وانەكانم تەواو بكەم و تاقیكردنەوەی زارەكی بدەم. لە زانكۆی سێر جۆرج ویلیامز، كە ئەوكات لە مۆنتراڵ بوو وانەم دەگوتەوە: دوو وانەی تایبەت، یەكیان ئەدەبی سەردەمی ڤیكتۆریا و ئەویتریان رۆمانتیكەكان ئەمریكا. زۆر باش بوو، ئەو ساڵە ساڵێكی خۆش بوو بۆم. كێشم زۆر دابەزی. بۆچی؟ لەبەر ئەوەی هەر هیچم نەدەخوارد. لەبەر ئەوەی ئەو دوو وانەیەم بەرۆژا دەوتەوە بە خوێندكارانی گەنج و شەوانەش هەر هەمان ئەو وانەیەم بەو خوێندكارانە دەگوتەوە كە جارێكیتر گەڕابوونەوە بۆ زانكۆ. هەر ئەو كاتە خەریكبووم رۆمانی (The Edible Woman) بۆچاپ ئامادە دەكرد. بیرەوەرییەكانی رۆژانەی “سوزانا مودی”شم كۆ دەكردەوە. خورادنیشم دروست دەكرد و دەچوومە بازاڕ و كاری بازاڕیشم دەكرد. لەبەر ئەوەی چووبوومە ژیانی هاوسەرێتییەوە. زۆرم قاوە دەخواردەوە. تەواو لەڕ ببووم. جەستەیەكی باریكم هەبوو، نزیك بە 50 كیلۆ كێشم هەبوو. نیگەران مەبە نەخۆشی “ئانەركسیا”م نەبوو. زۆرم بیر لە خواردن نەدەكردەوە. دەمزانی سەرقاڵم و خورادنم لە بیر دەكرد. واتە لەبیرم نەدەچوو(پێدەكەنێت) كاتم نەبوو. زیاتر لەوەی دەمخوارد، كالەریم دەسووتاند. بەڵێ ئیتر، هۆی ئەوەی كە كێشم كەم دەبوو ئەمە بوو.
چ كاتێك؟
- ئەبێ ساڵی 1967-1968 بێت.
دوایین وانە وتنەوەی تۆ لە زانكۆی تێگزاس بوو؟ 1989؟
- تەگزاس؟ نە.لەوێ پڕۆگرامی نووسەران بوو بۆ یەك یان دوو حەوتوو. تەنها بۆ سەرگەرم بوون. دوایین ساڵی وانە وتنەوەم لە زانكۆ ساڵی 1971 بوو لە نیۆیۆرك. لەو كاتە بە دواوە ئیتر تەواو كات لە زانكۆ وانەم نەگوتووەتەوە.
كە چاو لە ژیاننامەكەت ئەكەین، دەبینین زانكۆكانی ترینیتی، سێن ئانتۆنیۆ، تەگزاس لە ساڵی 1989دا بووەو زانیم لە دەیەی 1990دا بەرهەمی زۆرت بووە بە تایبەت ساڵی 1995.
- چیم كردبوو؟
كتێب بۆ منداڵان، شازادە خاتوون پرۆنلا و عەلی بابای وەنەوشەیی.
- بەڵام لەراستییدا ئەم كتێبانەم پێشتر نووسیبوو.
بەرهەمی زۆرت ساڵی 1995 چاپ كرد. ئالیانس گریس لە ساڵی 1996 و شتە سەیر و سەمەرەكان…
- مەلزەمەی خوێندنمە لە زانكۆی ئۆكسفۆرد.
كتێبی نوێی ئۆكسفۆرد دەربارەی چیرۆكە كورتەكانی كەنەدا لە…
- بەڵام ئەمانە شتێك نییە ئینسان بینووسێت. ئەمانە كۆ دەكەنەوە.
بەڵام هەر كارت كردبوو.
- بەڵێ كارم كردبوو.
كە وایە دەبینی ۆزر مەشغوول بووی. لە دەیەی 1990دا وا دیارە زۆر مەشغووڵ بووی.
- زۆرم كار هەبوو، بەڵام هەموو دەم وا دیارم كە زۆر مەشغووڵم. لام وایە دژوارترین سەردەم ئەو كاتەبوو كەتەواو وەخت خوێندكار بووم و دەمنووسی، یان بە درێژایی رۆژ كارم دەكرد و دەمنووسی. مەشغووڵ بوون یانی ئەمە. كارێكی لێكۆڵینەوەی مەیدانیم هەبوو و یەكەم رۆمانم نووسیبوو هێشتا چاپ نەببوو. دەورووبەری ساڵی 1936 بوو. ئەو سەردەم زۆرم كار دەكرد.
منداڵەكانیش لە شوێنێكیتر بوون.
- 1976 ، زۆر دواتر. واز بێنە لەم باسە. رێزۆمە و پێشنەی كاری من زۆر ئاڵۆزە و بە شوێن كەوتنی دژوارە. لەبەر ئەوەی ئەملاو ئەولای زۆرم كردووەو پیشەی جیاوازم بووە، لە شاری جۆراوجۆردا كارم كردووە تەنها وەك كار. واتە وەها نەبووە كە بڵێم كەوایە ئەڕۆم بۆ مۆنتراڵ، زۆر باشە بابڕۆین بۆ ئێدمۆنتۆن. ئەڕۆشتم بۆ شوێنێك كاری لێ بێت.
كەوایە بۆیە كە تەماشای پێشێنەكەت دەكەین وەهایە. مرۆڤ كە تەماشای پێشینەو رێزۆمەتان دەكات دەڵێت: زۆر باشە، چەنە بە بەرنامە كارت كردووە.
- بەڵێ، ئیتر وابوو. لەملاوە بۆ ئەولا. دواتر ساڵی 1972 بووم بە نووسەری دانیشتووی زانكۆی تۆرێنتۆ و كۆتایی ئەو ساڵە بەرەو وڵات رۆشتمەوەو لەو كاتە بەدواوە، لە رێگای جیاوازەوە، لە رێگای نووسینەوە بژیوی ژیانم بە دەست دێنم. (پێدەكەنێت) لەم رێگاوە واتە لە رێگای نووسینەوەو لەو رێگاوە واتە واتە لەم شوێ، ئەو شوێنەوە بەرنامەی خوێندنەوەم هەبوو، ئەو كات بەقەد ئێستا پارەیان نەدەدا- فیلمنامەی تەلەفیزیۆنی و سینەماییم دەنووسی و هیچكامیان دروست نەكرا، كاری لەم جۆرە. بەكورتی و نووسین و نووسین و نووسین كە بوو بە كاری من.
لە ئێستادا هیچ كارێكت بەدەستەوەیە؟
- بەڵێ/ ئاپریل/مای ئەمساڵ-كە ساڵی 2000ە- بەشداری شەش كۆنفرانس بووم لە زانكۆی كەمبرێج و لەوێ وتارم پێشكەش كرد. ناوی وتاردانەكان ویلیام ئیپسۆنە ، بۆ رێزگرتن لەو پیاوەی كە كتیبی (Seven Types of Ambiguity)یە. ئەو كاتەی كتێبی(Seven Types of Ambiguity) دەنووسی لە زانكۆی كەمبرێج دەریان كرد لەبەر ئەوەی لە ژوورەكەیدا شت و مەكی بەرگرتن بە منداڵ بوونیان پەیدا كرد. زۆر خۆشحاڵم لە بەرنامەی وتاردانەكانی “ویلیام ئێپسۆن”دا بەشداربووم، بۆرێزگرتن لەو پیاوەی كە ئەوەندە تێگەیشتوو بوو و زۆر باش داهاتووی پێش بینی دەكرد. لەبەر ئەوەی ئەمڕۆ ئەگەر ئینسان شت و مەكی پێشگرتنی نەبێت لە زانكۆ دەری دەكەن(پێدەكەنێت) ئەو پیاوێك بوو سەر بە داهاتوو.
من شەش وتارم پێشكەش كرد و بەشێك لەم وتارانە چاپ و بڵاوكردنەوەی زانكۆ دەیكات بە كتێب. لەو كتێبانەی كە ناوی دەنێن، چیرۆك نییە، یان شیعر نییە، و ناوەكەی؟ ناوەكەی “وتووێژە لە گەڵ مردوودا”. لە چ بوارێكدا؟ لە بواری نووسەربوونەوە. نەك ئەوەی چۆن بنووسیت، نەك دەربارەی نووسراوەكانی من، بەڵكوو دەربارەی ئەوەی نووسەرەكان ئەنجامی دەدەن، چۆنە كارەكەیان لە شێوەكاری، سەما، گۆرانیبێژی، دەرهێنانی فیلم و ئەم شتانە ناچێت. هەموو نووسەرەكان، بە هەر ستایلێك بنووسن، چ شتێكی هاوبەشیان هەیە؟ تەنها وەك نووسەر. وەڵامی هەموو ئەم پرسیارانە ئەو كاتەی كتێبەكە چاپ بوو وەردەگریتەوە.(پێدەكەنێت)
(پێدەكەنم) نە، نابێت، شتێك لەو بارەوە بڵێن.
- شتێك، زۆرباشە. شتێك ئەڵێم. من گەڕام و ئەم پرسیارانەم لە نووسەرەكان پرسی- زۆربەیان رۆماننووس بوون. چۆن دەست دەكەیت بە رۆماننووسین؟ هەموو وتیان، تاریك. وەك تاریكخانە. وەك ژوورێكی تاریكی پڕلە كەرەسە كە ناتوانیت هیچ ببینیت. وەك تۆنێلێك. وەك ئەشكەوتێك. وەك چوونە خوارەوە لە قاڵدرمەوە بەرەو شوێنێكی تاریك. وەك رەتبوون لە رووبارێكەوە. وەك چوونە ناو توناوتوونێك. سەیر نییە؟ كە نەیگوت وەك راكردنە بە سەر هەورەكاندا. كەس.
تۆش هاوڕایت؟ تۆش لات وایە تاریكە؟
- بەڵێ تاریكە. شتێكم لە هاوڕێكەم هێنری سێنگەر هاتەوە یاد كە لە كۆتاییەكانی دەیەی 1950دا دەمناسی. خوێندكاری پزیشكی بوو. پێی وتم، دوكتۆربوون واتە چەنە ئەوێ تاریكە.(پێدەكەنێت) نووسەربوونیش هەر بەم شێوەیە، ئەوێ چەنە تاریكە.
شتێكم لە شوێنێك خوێندەوە كە وێنایەكی گشتی لە ژیان دابوو بە دەستەوە، نووسیبووی: ژیان وەك سوار بونە لە تاریكیدا.
- بەڵێ، بەڵام دەربارەی نووسەربوون تۆ سوار نیت، پیادەی.(پێدەكەنێت) لام وایە ڤیرجینیا ڤۆڵف وتوویەتی: نووسینی رۆمانێك وەك رێ كردنە بە چرایەكەوە لە هۆڵێكی تاریكدا. رووناكی ئەو چرایە ئەو شتانەی كە هەموو دەم لەوێ بوون رووناك دەكاتەوە. شتێكی لەم جۆرەی وتووە. دەبێ بڕۆم و قسەكەی بە تەواوەتی بدۆزمەوە.
ناوێكی زۆر جوانە: وتووێژ لە گەڵ مردوودا. زۆر جوانە.
- منیش هەروا بیردەكەمەوە. بۆچی وتووێژ لەگەڵ مردوودا؟ لەبەر ئەوەی لە بەشی كۆتاییدا، نە ئیتر باسی ناكەم. باشە، دەربارەی ئەوەیە كە چەنە تاریكە.
كەوتمە یادی كاریگەری نووسەرانی مردوو.
- ئەوەش هەیە. بەڵام بابەتەكە ئەوەیە نووسەر چی دەكات؟ چ شتێك جیایان دەكاتەوە لە گۆرانیبێژەكان یان سەماكەرەكان. پێت بڵێم جیاوازییەكەی ئەوەیە ئەو كاتەی خوێنەر لەكاتی خوێندنەوەی كتێبدایە، نووسەر لە هیچ كوێ نییە. لە راستییدا نووسەر لەوێ نییە. تەنها كتێبەكە لەوێیە. لە حاڵێكدا دەربارەی گۆڕانیبێژ یان سەماكەر، ئامادەبووان بوونیان هەیە. دەربارەی حیكایەتبیژی نەریتی، هەموو ئامادەبووان، لەوێ ئامادەن. كەسێك چیرۆك دەگێڕێتەوە. گوێگران لەوێن و گوێ دەگرن. بەڵام ئەگەر چیرۆك بنووسیت، پێوەندییەكی زۆر جیاواز دروست ئەبێت. ئیتر بەسە نامهەوێت هەرلێرەدا هەموو كتێبەكەت بۆ بگێڕمەوە. كەڵكی نییە. لەئێستادا كەس ناتوانێت كتێبەكە بخوێنێتەوە.
دیارە زۆرت بیرلە نووسین كردۆتەوە. لە بەرهەمەكانیشتدا دەبیندرێت. لە “مرۆڤكوژی كوێر”دا ئایریس نووسەرە…
- بەڵێ، بەشێوەی جیاواز، بەڵام بڕیارنییە باس لە كۆتاییەكەی بكەم. ئەو بە نووسینی چیرۆكی ژیانی دەستی پێدەكات. كۆمەڵێك شتی هەیە كە ئەبێ لە سندووقەكەی دەریبێنێت. بە كورتی لەو شتانەی كە بەستوویەتی و ئامادەیە بۆ ناردن، ئەبێت هەندێكیان بكاتەوە، لەگەڵ كات لە پێشبڕكێدایە بەرلەوەی بكەوێتە رێ بەڕاستی دەتوانێت رێگایەك بدۆزێتەوە و بڵێت لەرابردوودا چی كردووە.
پریاسەكەكانی دەكاتەوە. وایە.
- سندووقێكی هەیە لە لە ناوەڕاستی چێشتخانەدا.
خەڵاتی بۆكێرت پیرۆز بێت.
- زۆر سپاس.
ئیزن بدە بەشێك بەم لە هەزار كەسی یەكەم كە پیرۆزبایی وەرگرتنی ئەم خەڵاتەت پێدەڵێن. لام وایە وڵاتەكەت شانازیت پێوەدەكات.
- لام وایە وڵاتەكەم زۆر خۆشحاڵ بوو و ماندووی حەسایەوە، لەبەر ئەوەی ئیتر چاوەڕوانی كۆتایی هات. (پێدەكەنێت) لاموایە زۆربەی خەڵك خۆشحاڵ بوون و پێیان خۆش بوو. دوو سێ كەسێكیش هەن كە زۆریان پێناخۆش بوو.
وتت شتێكی سەیرمان دەربارەی بەرگی “مرۆڤكوژی كوێر” بۆ دەگێڕیتەوە.
- بەڵێ. بەرگەكەی. سەرقاڵی گەڕان بووین بە شێون رەسمێكی هونەرەی دەیەی 1920 یان 1930 یان شتێكی لەو جۆرە. شتێكی وامان نەدۆزییەوە كە زۆر زەق و بەرچاو نەبێت و كارێكی باشیش بێت. سارا(سكرتێرەكەم) وتی لە ریكلامەكاندا بەشوێنیدا بگەڕێین. ئەوە بوو بڵاوكەرەوە بەریتانیاییەكە رۆشتە سەر ئەرشیڤی وینەكان و ئەمەی دۆزیەوە( ئاماژە دەكات بۆ بەرگی كتێبی مرۆڤكوژی كوێر كە پۆرترەی ژنێكە) و بە ئیمەیل بۆی ناردین. هەردووكمان هەرئەو كاتە پێمان خۆش بوو. لامان وابوو ریكلامی سابوون یان كرێمی دەم و چاو یان شتێكی لەوجۆرەیە. هەرئەوەمان لەسەر بەرگ دانا. دواتر ئەو كاتەی كتێبەكە چاپ بوو، نامەیەكمان لە سێنت ئانتۆنی تێگزاسەوە پێگەیشت كە نووسیبووی: رۆشتمە كتێبفرۆشی گەڕەكەكەمان، كتێب فرۆشیییەكە پڕبوو لە رەسمی دایكم. ئەمە رەسمی دایكی ئەو خاتوونەیە. ساڵی 1934 شاجان بووەو بۆ بەرگی گۆڤاری “سێتردی ئیڤینینگ” ئەو رەسمەی گرتبوو. ئەو خاتوونە چەند رستەیەكیشی دەربارەی دایكی نوسیبوو و لە كۆتاییدا نووسیبووی: ئەم رەسمە لە هەموو وڵاتەكان بینرا!(پیدەكەنێت) بەختەوەرانە دایكی خۆش دەویست، زۆر خۆشحاڵ ببوو، ئەگەر دایكی خۆش نەویستبا ئەو هەموو رەسمە دەبوو بە مۆتەكەیەك دەبوو.(پێدەكەنێت)
دەتوانیت بزانێت چەنە تووشی سەرسووڕمان ببوو.
- زۆر خۆشحاڵ ببوو. بەراست، وتی ئیتر دایكم بوو بە هەرمان و نەمر. ژنێكی زۆر باش بوو. ماڵپەڕێكی تایبەت بەم رۆمانە هەیە كە دەتوانیت بەرگی ئەم كتێبە لەهەموو شوێنێكی دونیا ببینیت. هەموو بڵاوكەرەوەكان ئەو وێنەیان هەڵبژاردوە، بەڵام بووە بەرگی جیاوازیش بەكار بێنێت، لێتۆنیا بەكاری نەهێناوە بەڵام ئەوانیتر هەر ئەو رەسمەیان بەكارهێناوە.
مرۆڤكوژی كوێرم زۆر بەدڵ بوو، ئەو چوارچیرۆكەم پێخۆشبوو كە لەراستییدا یەك چیرۆكیشە. تەنانەت دەربارەی رێكخستنی نووسینی ئەم كتێبە بیر بكەمەوە. زۆر شتی جیاواز دەبێت پێكەوە یەكبگرن.
- راستە. لەلایەكیتروە هەنگاوێك بچنە دواوەو تەماشا بكەن، زۆریش سادەیە. هەموو چیرۆكەكان بەدەوری چیرۆكێكدا دەسووڕێنەوە. هەمووان دەكرێنەوە بۆ ئەوەی ناوەرۆكەكەی خۆیان بەو شێوەی كە هەیە بخەنەڕوو.
زۆر باش كاركراوە. وەك تۆكمەترین و جوانترین كاری تۆ كاریگەری لەسەر دانام. نەك ئەوەی بڵێم كارەكەی ترت جوان نەبوو، بەڵام وەك رەوتی كامڵبوونی كارەكانتان كاریگەری لەسەر دانام.
دركاندت!(پێدەكەنین)
- نە، بەڵام راستە. ئەمە تەنها كتێبێكە كە دەربارەی خوشكەكانەو تەنها كتێبێكە لە كۆتاییدا، حیكایەتبێژ لەگەڵ ئێمەدا نییە.
لەم رووەوە كۆتاییەكەی زۆر جێگای سەرنج نییە و سەیر نییە. ئەو پیرەو بەرەو هەمان شوێن دەڕوات.
- (سەری دەجووڵێنێت) دەتوانین وەك هاتن بیبینین.
ئاخۆ ئەوە گرینگە ئەو تەنها حیكایەتبێژ بێت.
- بۆ من گرینگە.
بۆچی؟
- رەنگە بڵێی بەكۆتایی نەگەیشتوون بەڵكوو كۆتاییەكە لە پێشەوە دەبینن. كۆتایی لە بەرجەوەنەكەدایە.
لە زۆربەی شوێنی كتێبەكەدا، ئایرێس تەماشای ئەو بەرجەوەنە دەكات.
- نە مەبەستم ئەوەیە بۆم گرینگە لە بەر ئەوەی ئێستا لە تەمەنێكدا كە هێشتا كۆتایی نییە بەڵام دەكرێت كۆتایی ببینین. كۆتایی لە بەرجەوەنەكەدایە.
تەماشاكە، بەگشتی لەبیرم چووبوو، من بەو شێوە دەربارەی تۆ بیر ناكەمەوە. شەست ساڵت تەمەنە؟
- 18ی نۆڤەمبەر ئەبم بە شەست و یەك ساڵە. لەبەر ئەوەی نۆڤەمبەر لە دایكبووم هەموو دەنووسن كە ساڵێك گەورەترم.
كەوایە ئەو كۆتاییە بۆت لەم نزیكانەدا نییە، وا نییە؟
- لەناوچوون بەرەبەرە بەرەو من دێت. ئەبێ بڵێم حەز ناكەم سەد ساڵ بژیم. مەگەر ئەوەی بەو پەڕی تەندروستییەوە بژیم، ئەگەر ئەوەندە سالم و تەندروست بم، زۆر خراپ نییە، بەڵام لەوكاتەشدا، هاوڕێیانم هەموویان مردوون. زۆر سەیر نییە. ئایریس(لە مرۆڤكوژی كوێر) دا كۆگایەكی خاك و خۆڵە. (پێدەكەنێت.
نووسەریش.
- بەڵێ وایە. بڕبڕەی پشتی مرۆڤ دەلەرزێت. وا نییە؟ (پێدەكەنێت)
سەرچاوە: كتێبی “گفتگو با یازدە زن نویسندە”
انتخاب و ترجمە: مهرشید متولی