دەربارە

ناوم (مستەفا زاهیدی)ە، ساڵی ١٩٨١ لە گوندی ئاوبارە، لە ناوچەی خوڕخوڕەی سەقز لە دایکبووم. خوێندنی سەرەتاییم لە گوندەکەی خۆمان تەواو کردووە. خوێندنی ناوەندیم لە سەقز و لە قوتابخانەی سەلاحەدین ئەیووبی تەواو کرد. دواناوەندیم لە خوێندنگەی مەولەوی کورد تەواو کرد.
خوێندنەوە بۆ من لە قۆناغی سەرەتاییەوە دەستی پێکرد. شیعرەکانی قانع، فایەق بێکەس، شەریف، هێمن و هەژار سەرەتای خوێندنەوەی منن. هەر لە سەرەتاییەوە زۆربەی زۆری شیعرەکانی قانع و هێمن و فایەق بێکەسم لەبەر بوو.
لە کۆتاییەکانی ناوەندی و سەرەتای دواناوەندییەوە، دەستم کرد بە هاتوچۆ کردنی ئەنجومەن ئەدەبییەکان و ئەنجومەنی مەولەوی و دواتر پەیڤی سەقز. سەرەتا هەندێ شتم دەنووسی و وام دەزانی شیعرە و زیاتر لاسایی کردنەوەی فایەق بێکەس، پیرەمێرد ، عەبدوڵڵا پەشێو بوون.
سەرەتای پاییزی ٢٠٠١ روومکردە کوردستانی باشوور و بووم بە پێشمەرگەی کۆمەڵە. چەند ساڵ لە رادیۆ کۆمەڵە وەک ئامادەکار، هەواڵساز و بێژەر کارم کرد. لە ٢٠٠٣ لەگەڵ هاوڕێیان گۆڤاری (سپی تر)مان چاپ کرد کە ٧ ژمارەی لێ بڵاو بۆوە. لەم گۆڤارەدا بەرپرسی بەشی چیرۆک بووم.
هەر ئەو دەمانە لە بڵاوکراوەکانی (شۆڕش) و دواتر (ئاسۆی رۆژهەڵات) دەستم کرد بە کارکردن. هاوکات لە ژمارەیەک لە بڵاوکراوەکانی باشووری کوردستان بابەتم بڵاو دەکردەوە. لەبیرمە یەکەم بابەتم لە بڵاوکراوەکانی باشووری کوردستان، لە گۆڤاری (ئایندە) ژمارە ٣٦ بڵاو کردەوە . بابەتێک بوو لە سەر شیعر بەناوی (گەڕان بەدوای نەناسراوەکاندا) لە نووسینی (جەیمز تەیت). دواتر لە بلاوەکراوەکانی (کوردستانی نوێ، رێوان، تەوار، ژیانەوە، پێگە، گۆڤاری سەردەم، گۆڤاری رەوشنگەری، نۆژەن، رۆژنامەی رۆژنامە، رۆژنامەی دەستوور و… ) بابەتم بڵاو کردۆتەوە چ بە نووسین و چ بە وەرگێڕان.

ساڵی ٢٠٠٣ خەڵاتی یەکەمم لە فێستیڤاڵی (رۆشنبیری) بۆ چیرۆک بە دەست هێنا. ئەو کاتە چیرۆکی (مانیفێستی شێتی) زۆر دەنگی دایەوەو لە ژمارە ٣ی گۆڤاری سپی تر بڵاو کرایەوە. ساڵی دواتر خەڵاتی سێهەمی هەمان فێستیڤاڵم بە دەست هێنا بۆ چیرۆکی (حەوتەکانی حەوتوو).
لەگەڵ دەستپێکی تەلەفیزیۆنی رۆژهەڵات وەک ئامادەکار و پێشکەشکار کارم کرد تا ئەو کاتەی ئەم تەلەفیزیۆنە داخرا. کۆمەڵێک بەرنامەی فیکری، ئەدەبی، هونەریم ئامادەکرد و بڵاوکردەوە.

لە ساڵی ٢٠١٠ ەوە لە بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوەی سلێمانی کار دەکەم.

ساڵی ٢٠١١ بۆ درێژەدان بە خوێندن چوومە زانکۆی جیهانی سلێمانی و بەکالۆریۆسی ژمێریاریم بە دەست هێناوە.

تا ئێستە کۆمەڵێک بەرهەمم بڵاوبۆتەوەو چەند بەرهەمێکیشم ئامادەی چاپە.

Back to top button